لێكترازان و هەرەسهێنانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
July 17, 2018
وتار و بیروڕا
كاتێ لە ساڵی 2014 بۆ خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان كاندید كرام، تا رادەیەكی زۆر دڵخۆش بووم، هیچ شتێك دەربارەی ئەو پەرلەمانە لە ناخ و مێشكمدا نەبوو، چونكە بە بەرزترین دامەزراوەی دەوڵەت دادەنرێت، بۆ خۆم زۆر پڕۆژەی فیكری و رۆشنبیری و سیاسی و یاساییم ئامادەكردبوو، كە خزمەت بە هەموو پێكهاتەكان بكات، بەتایبەتیش بە گەلی كوردستان.
هەڵبژاردن كۆتایی هات و دەرچووم، چووینە بەغداو لەنێو هۆڵی پەرلەمان بۆ سوێندخواردن، لەناكاو غەڵبەغەڵب پەیدا بوو، لە یەكەم رۆژەوە موزایەدات هاتەگۆڕێ وەك دەستپێكێك بۆ هەڵبژاردنەكانی چوار ساڵی داهاتوو، بووە شەڕە مست و، دەنگی عەقڵ و دانایی نەما، كاتێ ئەو دیمەنە ناشارستانییەم بینی، لەناخەوە بە ئاواتەوە بووم لەو هەراو ئاژاوەیەدا نەبوومایە بە پەرلەمانتار، بەهەرحاڵ گەڕاینەوە كوردستان و دواتر گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلە دەستیان پێكرد، رۆژێك بۆ یەكەم دانیشتنی پەرلەمان دەستنیشان كرا، سەلیم جبوری بە سەرۆك هەڵبژێردرا، سوننە سەركەوتوو نەبوون لە هەڵبژاردنی ئەو پیاوە لاوازەی سیاسی و بەهێزەی ئیداری، چونكە كێشەو سەرشۆڕی بۆ سوننە هێنا، لە هەڵبژاردنەكەی ئەم دواییەش لەلایەن قەومەكەیەوە سزادرا، ئەو لە حزبی ئیسلامیی ئیخوانی جیابووەوەو حزبێكی دیكەی بۆ خۆی پێكهێنا، بەڵام نەیتوانی لەم هەڵبژاردنەی دواییدا هیچ كورسییەك بهێنێت، بەڵام حەیدەر عەبادی بۆ یەكەم جێگری سەرۆكی پەرلەمان كاندید كرا و دەنگێكی كەمی هێنا، ئەو پیاوە لەلای سوننەو كورد و تەنانەت هەندێ شیعەش پەسند نەكرا، دواتر كرا بە سەرۆك وەزیران بە لابردنی مالیكی، عەبادی بڕوای نەدەكرد بكرێتە پەرلەمانتار و جێگری سەرۆك، چ بگا بەوەی كە سەرۆك وەزیران بێت؟ ئەمە بۆ ئەو خەون بوو، بۆیە ئەو پیاوە دواتر لەخۆبایی بوو، هاوپەیمانەكەی (نەسر) بەقەد هاوپەیمانیی(ساسیرون)ی نەهێنا لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانیی ساڵی 2018، لەگەڵ ئەوەی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانیش بوو، بەخۆی دەنازی كە داعشی لەناو بردووەو ئابووریی عێراقی لە هەرەس رزگاركردووە و پارێزگاری لە یەكێتیی عێراق كردووە.
دوای هەڵبژاردنی عەبادی بۆ سەرۆك وەزیران، هومام حەمودی سەركردە لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بۆ جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان كاندید كرا، ئەو خۆی زۆر لە پەرلەمان و سەلیم جبوری بە گەورەتر دەبینی، لەبەر ئەوەی شێخ و جەمسەرێكی شیعەیە، پەیوەندیی بە ئێرانەوە بەهێز بوو، بۆیە پەرلەمانتارانی شیعە لێی دەترسان، لەگەڵ جودابوونەوەی عەمار حەكیم سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و پێكهێنانی رەوتی حیكمەی نیشتمانی، هومام حەمودی لە پۆستەكەی خۆی مایەوەو بە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی هەڵبژێردرا، بە دەرچوونی حەكیم ئەو ئەنجومەنە شكستی هێنا، بەتایبەتیش لە هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەدا، هەوڵیاندا ناوی حزبەكە چاك بكەن و وشەی (شۆڕش)یان لێ لابرد، تا گومانی شۆڕشی خومەینی لێ دووربخەنەوە، بەڵام ئەمە بەس نەبوو، لە ئایدیۆلۆجییەتی ئێران رزگاری بوو، نەك لە دەوڵەتی ئێران، بەپێچەوانەی موقتەدا سەدر كە پێش ئەوان بڕیاری دا لە ئایدیۆلۆجیاو دەوڵەت رزگاری بێت، بەڵام ئەویش نەیتوانی، لە كۆتاییدا لەلایەن ئێرانی شۆڕش، ناچاری هاوپەیمانی كرا لەگەڵ ئەوانەی بە تایفەگەری چەقاوەسوو ناوی دەبردن، بۆیە ئاسانە لە ئێرانی شۆڕش رزگاریان بێت، بەڵام شێتایەتییە لە ئێرانی دەوڵەت رزگاریان بێت، بۆیە تائێستا ئێران كاریگەریی زۆری لەسەر گۆڕەپانی عێراق هەیە، بەتایبەتیش ماڵی شیعە.
جێگری دووەم كە دیارە پشكی كوردە، بەتایبەتیش پشكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئێمە كاندیدمان ئامادەبوو، بەڵام نەوشیروان مستەفای رێكخەری گۆڕان داوای لە سەرۆك مسعود بارزانی كرد ئەم پۆستە بەوان بدات، دیارە جەنابی سەرۆك بارزانی رەتی نەكردەوە، بەتایبەتیش كە ئەو بەدوای سازانی كوردستانیدا دەگەڕێت، فەلسەفەی بارزانی روونە كە بریتییە لە یەكخستنی گوتارو نێوماڵی كورد پێش دیالۆگ لەگەڵ بەغدا، ئەم پۆستە درا بە ئارام شێح محەمەد، لە راستیدا ناوبراو سەركەوتوو نەبوو، چونكە لە رووی سیاسی و رۆشنبیری كامڵ نەبوو، ئەزموونی سیاسی كەم بوو، ئەو پیاوە شتێكی خراپی بەسەر پەرلەماندا هێنا و بۆ كوردیش زۆر هەڵوێستی تەسكی حزبایەتی هەبوو، ئێمە لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان داكۆكیمان لێدەكرد، نەك لە خۆی، بەڵكو لەبەر ئەوەی كە نوێنەری كوردە لەو پۆستەدا، مایەی سەرسوڕمانە فراكسیۆنی گۆڕان بەردەوام دەیگوت ئەم پۆستە پشكی ئێمەیە، بڕیارەكەی پارتی نیشتمانی بوو، نەك حزبی، بەڵام چ لە بزووتنەوەیەك بكەین كە نرخی هەڵوێستە نیشتمانییەكان نەزانێت؟
كەسایەتییەكی دیكەی سیاسیی كوردستانی كە كوردی شەرمەزار كرد، ئەویش فوئاد مەعسومە، كە بڕوای نەدەكرد ببێتە سەرۆك كۆماری عێراق، بۆیە وەك سەرۆك كۆمار رەفتاری نەدەكرد، بەڵكو وەك فەرمانبەرێك لە بەغدا كە شیعە بە گرێبەستی چوار ساڵ دایمەزراندبێت، ئەو وەك چارەسەری مامناوەند دانرا بۆ وەلانانی ململانێی نێوان بەرهەم ساڵح و نەجمەدین كەریم كە كێبڕكێیان لەسەر ئەم پۆستە هەبوو، لە راستیدا ئێمە لە فراكسیۆنەكەماندا دەمانویست بەرهەم ساڵح سەربكەوێت، بەڵام ناكۆكییەكانی ناوخۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر ئاستی باڵا بەسەریاندا سەپاندین كە فوئاد مەعسوم كاندید بكرێت، چونكە ئەگەر هەڵنەبژێردرایە ئەو پۆستەمان لەدەست دەچوو، كەواتە ئێمە هەمیشە مەبەستمان یەكڕیزی و یەكگوتاریی كوردی و بەرژەوەندیی گەلی كوردستان بووە. كەواتە هاوكێشە سیاسییەكە ناسرووشتی و ناهاوسەنگ بوو، سەرۆكی پەرلەمان سوننەیەكی لاواز و جێگری دووەمی كوردێكی لاوازو سەرۆك وەزیران شیعیەكی لاوازو سەرۆك كۆماریش كوردێكی لاواز، لە كۆتاییدا دامەزراوەیەكی رووخاو و هەرەسهێناو و حكومەتێكی لاواز و سوپایەكی بە ئایدیۆلۆجیكراو، چەتە و میلیشیای تایفەگەر و دەستتێوەردانی ئیقلیمی لێكەوتەوە.
بەڵام پەرلەمانی عێراق وەك گەورەترین و ناودارترین ئەنجومەن، بوو بە شوێنی پرسەو خوێندنەوەی بەیاننامەی بێزراو و موزایەدەی سیاسی و خۆدەرخستن، هەندێكیان ركابەریی هاوڕێكانی خۆیان دەكرد لە خوێندنەوەی بەیاننامەكان، هەرچەندە زمانەكانیشیان پڕ لە هەڵە بوو، لە هەمووی سەیرتر ئەو یاسایانەی كە لەلایەن حكومەتەوە دەنێردران، یان ئەو پێشنیارانەی پەرلەمانتاران دەیانهێنان، دووربوون لە داخوازییەكانی گەلی عێراق، ئەو یاساو پێشنیارانە زۆربەیان تایفەگەری بوون، وەك یاسای حەشدی شەعبی كە گەورەترین ئابڕووچوونی پەرلەمان بوو، كە تاهەتایە بووەتە پەڵە بە نێوچەوانی پەرلەمانی عێراقەوە، یانیش پێشنیاری كەسێتیی وەك یاسای جووت پەساپۆرت، یاخود بڕیاری رەگەزپەرستانە كە هەموو فراكسیۆنەكانی شیعەو سوننەو توركمان بەشدارییان تێدا دەكرد، وەك بڕیاری قەدەغەكردنی بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان لە كەركووك، یان پێشنیاری یاسای پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن هەندێ پەرلەمانتاری گۆڕانەوە، هەندێ بڕیاری سیاسی لەپشت پەردەوەو بە فیتی دەوڵەتانی ئیقلیمی لەوانە دژی ریفراندۆمی كوردستان و داخستنی دەروازە سنوورییەكان، تەنانەت پەڕگیریی سیاسی لای هەندێ پەرلەمانتاری شیعە گەیشتە ئەوەی كە سكاڵا دژی ئەو پەرلەمانتارانە تۆمار بكرێت كە دەنگیان بە ریفراندۆم داوە، تاكو دادگایی بكرێن، بەوەی خیانەتی باڵایان كردووە، منیش لەنێو ئەو لیستەدا بووم، لەگەڵ ئەوەی كە ریفراندۆم پرۆسەیەكی دیموكراسییە، ئەوان گوایە لەسەر یەكێتیی عێراق دەترسن، كەچی خۆشیان هۆكاری هەرەسهێنانین، لە بۆشایی دەستووری دەترسن و لەوە ناترسن كە 15 ساڵە ئەو دەستوورە پێشێل دەكرێت، باسی برایەتیی عەرەب و كورد دەكەن، خۆشیان سیاسەتی تەعریب لە كەركووك و شوێنەكانی دیكە پەیڕەو دەكەن، بەڵام ئەوەی پەیوەستە بە ریفراندۆم لەكاتی دیدارم لەگەڵ ئەو بەرپرسانە بۆم روون بووەوە كە چەند فشاری نێودەوڵەتی و ئیقلیمییان لەسەرە، نابێ لەبیرمان بچێت كە زۆربەی سیاسەتوانانی عێراق دوژمنایەتیی ریفراندۆمیان كرد، چونكە رێكەوت بوو لەگەڵ قۆناخی پێش هەڵبژاردن، ئەوەیان قۆستەوە تا دەنگی دەنگدەران بەدەست بهێنن، بەڵام روون بووەوە كە گەلی عێراق لە سیاسەتوانانی هۆشیارترە، من دیدارم لەگەڵ عەمار حەكیم كرد، شتی سەیرم لێی دیت، ئامادەبووان كۆتاییان بە مشتومڕی توندی نێوانمان هێنا دەربارەی ریفراندۆم، لەگەڵ هومام حەمودی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی كە سەرسەختترین دوژمنی ریفراندۆم بوو، بەڵام لەگەڵ ئیبراهیم جەعفەری باش بوو، ئەو بابەتەكەی بە هێمنی و قەناعەتەوە باسكرد، لەگەڵ هادی عامریش هەر بەم شێوەیە، بەڵام موقتەدا سەدر زۆر راشكاوانە قسەی كرد كاتێ لە نەجەف بینیم، ئەو گلەیی لە ریفراندۆم نەبوو، بەڵام دەیگوت كاتەكە گونجاو نییە، هەڵوێستی ئەوانەی بینیمن رەنگدانەوەی بۆسەر پەرلەمانتاران هەبوو، پەرلەمانی عێراق بوو بە ئامرازێكی حزبی و تایفەگەری و سیاسی، لایەنێكی دیاریكراو یاسا بۆ بەرژەوەندیی خۆی دەردەكات، یەكێكی دیكە بە پاڵپشتی پەرلەمان بڕیاری بۆ خۆی دەركرد، هەموو حزبەكان لە پەرلەمانی عێراق سوودمەند بوون، جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان كە زەرەرمەندی گەورە بوو لە هاوكێشەكە، نەك لەبەر لاوازی، بەڵكو لەبەر پیلانی بە گەلەكۆمەكی لە دژی پارتی، چونكە بەدیدی ئەوان لاوازیی پارتی، لاوازیی كوردستانە، نكوڵیش ناكەم كە فراكسیۆنەكەمان لە ئاستی پێویستدا نەبوو، ئامادەبوونی سەرۆكی فراكسیۆنمان لە پەرلەمان و كۆبوونەوەكان لاواز بوو، توانای یەكلاكردنەوەی هەندێ ناكۆكیی نێوان پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكانی نەبوو، بەم هۆیەوە لیژنەی ئاوەدانكردنەوەو خزمەتگوزاریمان لەدەست چوو، لەگەڵ ئەو یارمەتییە ماددی و مانەوییەی كە سەرۆكی فراكسیۆن لەلایەن سەركردایەتییەوە پێی دەدرا، تا دواتر منیان راسپارد بۆ سەرۆكایەتیكردنی فراكسیۆنەكە، بەڵام ماوەكە كەم بوو، لەگەڵ ئەوەش ئەركی خۆم بەپێی توانا بەڕێوەبرد، كە شەرەفێكی گەورەیە بۆ من وەك سەرۆك فراكسیۆنی حزبێكی دێرین كە سەركردەیەكی مەزنی وەك رێزدار مسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكات.
كاتێ تەمەنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بەرەو كۆتایی چوو، زۆربەی حزبە سیاسییەكانی عێراق ویستیان كۆمسیۆنێكی تازە هەڵبژێرن، مەبەست لەمە نەك بۆ رێزگرتن بوو لە وادەی دەستووری، چونكە زۆربەی ئەو حزبانە دەستووریان پێشێل كردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی نوێنەریان تێدا نەبوو، بە دیدی ئەوان ئەگەر نوێنەریان تێدا بێت، دەتوانن ساختەكاریی لە هەڵبژاردنەكاندا بكەن، بۆ مێژوو دەیڵێم: كاتێ كۆمسیۆن بە سەرۆكایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، هەموو هەڵبژاردنەكانمان پاك و بێگەرد بوون ودیموكراسییانە بەڕێوەدەچوون و كەس گلەیی لێیان نەبوو، كاتێكیش پەرلەمانی عێراق كۆمسیۆنی تازەی پێكهێنا بە ئارەزووی هەندێ لایەنی سیاسی تاكو كورسیی زیاتر بەدەست بهێنن و ئەوانەی مەبەستیانە نزیك بكەنەوەو ئەوانی دیكە دووربخەنەوە، كارەساتەكە رووی دا، هەوڵمان دا كۆمسیۆنە كۆنەكە بمێنێتەوە، چونكە كاتەكە رێگەنادات، كۆمسیۆنە تازەكە شارەزایی و ئەزموونی تەواوی نییە و ساوایە، بەڵام بێسوود بوو، ئامانجەكە دیاربوو، هەندێ لایەنی كوردی شەو و رۆژ خەریكی ئەوە بوون نوێنەرەكەی ئێمە لابەرن، بۆیە كاتێ ئێمە بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمانمان كرد، بەهۆی سیاسەتە ستەمكارییەكانی لەهەمبەر مافی گەلی كوردستان، ئەوان ئەو دەرفەتەیان قۆستەوە بۆ گۆڕینی نوێنەری ئێمە، بەڵام چونكە مەرامی ئەوان ساختەكاری بوو و نوێنەرەكەیان بە نوێنەری خۆیان گۆڕی، بۆیە بەسەر خۆیاندا شكایەوە، فەلسەفەی فراكسیۆنی گۆڕان لەسەر ئەوە دامەزرابوو كە پۆست لە مافەكانی گەلی كوردستان چاكترە، دیارە ئەمەشیان بە كردەیی سەلماند.
كۆمسیۆنی تازە پێكهات و هەڵبژاردن ئەنجامدرا، بۆ هەموو لایەك ئاشكرا بوو كە ساختەكاری لە زۆربەی پارێزگاكانی عێراقدا كراوە، بۆیە نرخی یەك كورسی لە پەرلەمان بەپێی موداخەلەی یەكێك لە ئافرەتانی كاندیدی پێشوو گەیشتە دوو ملیۆن دۆلار، ئەمەش شتێكی ئاساییە كە ئەوەی دوو ملیۆن خەرج بكات تا لە هەڵبژاردنەكاندا بباتەوە، ئامادەیشە هەر پارەیەك بدات تا كورسییەك لە پەرلەمان بهێنێت، بە راستیش هەندێ كاندیدی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەم هەڵبژاردنانەی دواییدا كردیان، بۆیە ئەو پارەیەی دەیدەن بۆ ئەوە نییە كە هەمان پارە لە مووچەی پەرلەمان وەردەگرێتەوە، بەڵكو تا پارێزبەندیی دیپلۆماسی و دادوەری بەدەست بهێنێت و گرێبەستی بازرگانی و كڕین و فرۆشتن بكات، هەروەها لێپرسینەوە لە وەزیر و بەرپرسان بكات، دەزانن پەرلەمانتارێكی لێپێچەرەوە لەو خولەی ئێمەدا دوو ملیۆن دۆلاری لە وەزیرێكی لێپێچراوە وەرگرتبوو تا واز لە لێپرسینەوەكەی بهێنێت، بەڵام وازی نەهێناو سزاكەی ئەوە بوو كە متمانەی لێوەرگیرایەوە و لایان برد، لە راستیدا ئەو وەزیرانەی لەم خولە لادران، بەهۆی گەندەڵییەوە نەبوو، بەڵكو بەئامانجگرتنی سیاسی و شەخسی و حزبی بووە، ئامانج دۆزینەوەی گەندەڵكار نەبوو، چۆن گەندەڵكار دەتوانێت لێپرسینەوە لە گەندەڵكار بكات، بەداخەوە دەڵێم گەندەڵكارترین كەس لە عێراق پەرلەمانتارانن، ژمارەیەكی كەمێكیان نەبێت كە دەستیان بە گەندەڵی پیس نەبووە. ئەو دامەزراوەیە داڵدەدەری گەندەڵكارانە، بۆیە ئەو ململانێیەو ناكۆكییانە لەسەر كورسییەكانی پەرلەمان هەیە، كاتی هاتووە ئەم دامەزراوەیە هەڵوەشێتەوە، ئەنجومەنێكی دیكەی یاسادانان شوێنی بگرێتەوەو پەرلەمانتارانیش لەسەر بنەمای زانستی و رۆشنبیری و فیكریی سیاسی هەڵبژێردرێن، دوور لە چوارچێوەی عەشایری و ئایدیۆلۆجی و تایفەگەری و نەتەوەیی و حزبی و بە ژمارەیەكی كەم بەپێی دانیشتووانی هەر پارێزگایەك، بوونی هەر ئەنجومەنێك كە لە 328 پەرلەمانتار پێكبێت، تەنیا ئاژاوەو گەندەڵی بۆ وڵات بەرهەم دێنێت، پەرلەمانتارانی وا دەناسم لە هەموو فراكسیۆنەكان قسەیەكیان لە پەرلەمان نەكردووە و بەشداریی دیداری میدیاییان نەكردووە، ئایا ئەوانە نەبوونیان لە بوونیان باشتر نییە؟
ئەگەر پەرلەمانێكی راستەقینەمان بوێت، پێویستە كەسانی شیاو هەڵبژێرین، نەك پەرلەمان ببێتە داڵدەدەری قاچاخچی و بێكارو گەندەڵ و تیرۆریست و قەومچی و بەكرێگیراو و میلیشیا و تایفەگەران، بوونی پەرلەمانێكی لەم شێوەیە و كاركردن بە زۆرینەی سیاسی لە زۆر یاساو پێشنیارو بڕیارەكان پرۆسەی سیاسی هەرەس پێ دەهێنێت، پشت لە سازانی سیاسی و هاوسەنگی دەكات، بۆیە ئەگەر بەغدا چەندین پۆستمان بەسەردا ببارێنێت كە شایستەی دەستووری خۆمان بێت، هەتا ئەگەر ژمارەی پەرلەمانتارانمان لە 100 یش زیاتر بێت، هیچ لە دۆخەكە ناگۆڕێت، چونكە هیچ پەرلەمانێك نەبووە وەك نەتەوەیەك و بەپێی ژمارەی كورسییەكان مامەڵە لەگەڵ كوردستاندا بكات، بۆیە هەر بە كەمینە دەمینێینەوە بەپێی كورسییەكانمان، ناتوانین هیچ بۆ نەتەوەكەمان بكەین، ئەگەر عێراق ببوایە بە دەوڵەتێكی راستەقینەی فیدڕاڵی ئەم كێشانە روویان نەدەدا، بە واتایەكی دیكە ئەگەر عێراق ببوایە بە سێ، یان شەش هەرێم رەوشەكە باشتر دەبوو، دەمانتوانی لەباتی پەرلەمان، ئەنجومەنی هەرێمەكان پێكبهێنین، ئەو كاتە هەر هەرێمێك پەرلەمان و یاساو دەستووری خۆی دەبوو، لە زۆرینەی سیاسی و تایفەگەری و بڕیارە سیاسییەكان رزگارمان دەبوو، ئەگەر لە سەرەتادا ئۆپۆزسیۆنی سوننە نەبوایەتە بەرامبەر بە سیستەمی فیدڕاڵی، ئەوا عێراق دەبووە دەوڵەتێكی پێشكەوتوو، هەر سیاسەتوانانی سوننە خۆیان بوونە هۆكاری كاولبوونی ناوچەكانیان، هەندێ لەو سیاسەتوانانەی سوننە فیدڕاڵییان رەتكردەوە، چونكە خەونیان بە گەڕانەوەی عێراقی سەنتڕاڵەوە دەبینی، وەك سەردەمی سەدام حوسێن و لەلایەن دەوڵەتانی ئیقلیمییەوە بە بەرژەوەندیی حزبی رازیكران، لەبیرمە سەركردەیەكی سوننە پێی گوتم: جورئەتمان نەبوو باسی فیدڕاڵییەت بكەین، بەهۆی هەڵوێستی سیاسەتوانانمان، باسی كۆچكردوو عەدنان دلێمی كرد كە دوژمنی فیدڕاڵییەت بوو، نەیدەزانی فیدڕاڵییەت بە واتای یەكێتییە، لەسەر ئەو حاڵەش پەنای بردە بەر هەرێمێكی فیدڕاڵی و لە نەخۆشخانەیەكی ئەو هەرێمە لە ساڵی 2017 كۆچی دوایی كرد.
خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق لە 30-6-2018 كۆتایی هات و خولی چوارەمی دوای جیاكردنەوەی دەستیی دەنگەكان و بڕیاردان لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە دەست پێ دەكات، بۆیە ئەگەر جیاوازییەكان لە جیاكردنەوەی دەستی زۆر بوو، ئەوا رەنگە دادگای فیدڕاڵی هەڵبژاردن لەگەڵ هەڵبژاردنی پارێزگاكان دووبارە بكاتەوە، ئەم خولەش وەك ئەوانی پێشتر هیچی پێ ناكرێت، تەنیا قسە دەبیستین نەك كردار، پێموایە پەرلەمانی عێراق بەپێچەوانەی هەموو دەوڵەتانی دیموكراسیی جیهان كێشەی بۆ وڵات زیاتر كردووە، بۆیە پەرلەمانی داهاتووش دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم پێشكەوتنی عێراق و چارەسەركردنی كێشەكان و گێڕانەوەی هاوسەنگیدا، لەوانەیە لە یەك حاڵەتدا كەمێك پەرلەمان كاریگەریی هەبێت، ئەویش رێككەوتنی هەموو فراكسیۆنەكان لەسەر هەر یاسایەك، یان بڕیارو پێشنیارو هەڵوێستێك پێش چوونە نێو هۆڵی پەرلەمان وەكو پێشان، بەڵام ئەمە لەم قۆناخەدا زۆر ئەستەمە، چونكە پرۆسەی سیاسی گەیشتۆتە قۆناخی بەستەڵەك و بێ چارەسەری، ئەگەر لە كۆتاییشدا نەگاتە رێگەیەكی داخراو.