كورد بەم پەرتەوازەییە لە بەردم كۆكتێلی عەرەبی و هاوپەیمانیەتییە بەهێزەكانی بەغدا چی پێدەكریت؟
July 11, 2018
وتار و بیروڕا
لە چوار خولی رابردووی حوكمڕانیی عێراق كە كورد بەشدارییەكی تا رادەیەك جددی هەبووە لە پەرلەمان و حكومەتدا، تا ئێستا ماف و دەستكەوتەكانی لە دەستووردا نەپچڕاندووەو مافە نەتەوەیی و ناوچە جێناكۆكەكان و مەسەلە چارەنووسسازەكان هیچ هەنگاوێكی بەرەوپێشچوونی نەناوە و جێگیر نەبووە. لە ئێستایەكی سەردەمی هاوپەیمانیەتی و كۆكتێلی عەرەبی كە تەجاوزی ئایدیۆلۆژی و مەزهەبی هەموو جیاكارییەكانی تری كردووە، كوردیش بەم پەرتەوازەییە كە نە حزبەكانی دەسەڵات، نە ئۆپۆزسیۆن لەناو خۆیاندا، تەنانەت پارتە ئیسلامییەكانیش ناتوانن هاوپەیمانیەتییەك رابگەیەنن، ئایا دەتوانن لەبەرامبەر ئەو مۆدیلە نوێیەی هاوپەیمانیەتی عەرەبی هیچ پێگەیەكی بەهێز بۆخۆیان دروست بكەن، یان كار لەسەر كێشە دەستوورییەكان بكەن؟ بەدڵنیاییەوە، نا! چونكە هێشتا بیری تەسكی حزبی و ئایدیۆلۆژی و هەڵپەی ئیمتیازات و گلەیی و گازندەی پارتەكان لەیەك چ لەسەر ناڕەزایەتییەكان لە دەرنجامەكانی هەڵبژاردن و چ لە بەر مانەوەی كاریگەری و بوونی ناكۆكییەكانی نێوانیان لە سەردەمەكانی رابردوودا، ئەمانە هەموو رێگرن لەوەی كە كەورد نەتوانێت هاوپەیمانیەتییەكی بەهێز دروست بكات و لەوانەیە جارێكی دی خراپتر لە جارا ن و بە پەرتەوازەیی بچێتەوە بەغدا و ئەوەشی هەمان بووە، رەنگە كەمی بكاتەوە، یان لە دەستی بدات.
بە بڕوای من رەنگە ئەم هاوپەیمانیەتییە بەهێزەی عەرەبی بەغدا ببێتە بەربەستێك و مەترسییەكی گەورە بۆ كورد و بچووككردنەوەی كورد لە پێگە سیاسی و دەستوورییەكەیدا. بەتایبەتی كە ئەوان بە كۆكتیل و گەلەكۆمەكی دێنە كوردستان و ئێمەش حزب حزب سەردانیان دەكەینەوە، هەر ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەوەی حكومەت بە ئاسانی پێك نایەت لە عێراقدا و كوردیش مەحاڵە لە ئایندەی ئەم حوكمڕانییەدا هیچی بۆ بكرێت. تاكە چارەسەر و رێگەی دەربازبوون لەم قەیرانەی كوردی تێكەوتووە، نزیكبوونەوەی لایەنەكان و جاڕدانی ئاشتەواییەكی نیشتمانی و هاتنەوە سەرمێزی لایەنەكان و وەلانانی بەرژەوەندییە كەسی و حزبییەكان و دووركەوتنەوە لە كای كۆن بە باكردنە، ئەگینا وردە وردە ناڕەزاییەكانی شەقام گەورە دەبن، ئەو كات كورد نەك شەڕی بەرامبەرەكانی خۆی پێناكرێت، دەبێت سەرقاڵی دامركاندنەوەی شەقام بێت، ماڵی كوردی وەك ماڵی جاڵجاڵووكەكان بە دەم باوە دەڕوات و دەبێت لە سفرەوە و لە ئەی رەقیبەوە دەست پێ بكەین. پێ دەچێت ئەم كۆكتێلەی عەرەبی مۆدێلێكی نوێ لە گەلەكۆمەكی بێت لە دژی كورد و كود هێشتا بە ئاگا نەهاتبێتەوە...