ژینگەو هەلی كاری نوێ، پیشە سەوزەكان
June 11, 2018
وتار و بیروڕا
پێشبینیی دەكرێت كە ئەم (دە) پیشەیەی خوارەوە ببنە باشترین پیشەی ژینگەیی لە ساڵانی داهاتوودا:
یەكەم: كشتیاریی نوێ
كشتوكاڵ و كشتیاری بە شێوازی سەردەمییانەو بە سوودوەرگرتن لە تەكنۆلۆژیای سەوز و بە بەكارهێنانی سەرچاوەكانی وزەی جێگرەوە و بە بوونی رووبەرێكی فراوان و بە ئیدارەیەكی فرە پسپۆڕێتی لە بوارەكانی پەیوەست بە كشتیارییەوە.
دووەم: پەرچكردنی درەخت
لە جیهاندا نزیكەی 1.6 ملیار مرۆڤ پیشەی (دارەوانی)یان هەیە، بۆیە لەم پیشەیەدا شارەزایانی درەخت پەرچكردن، یارمەتی داربڕەكان دەدەن بۆ ئەوەی پیشەی دارەوانی لە بڕین و سووتاندنی درەختەوە بگۆڕن بۆ پەرچكردن و لێكردنەوەی لق و چڵ و پۆپە زیادەكان، هەروەها فێری چاندنی ئەو درەختانەیان دەكەن كە خێرا گەشە دەكەن و، بەریان زۆرە و دەكرێت دەرمانیان لێ بەرهەم بهێنرێت، چونكە رنینەوەی دارستانەكان نزیكەی چوار یەكی هۆكاری گەرمبوونی گۆی زەوییە. بۆیە لەوانەیە خاوەندارێتیكردنی دارستان لە داهاتوودا ملیۆنەها دۆلار قازانج بە خاوەنەكانی بگەیەنێت، چونكە هۆكارێكە بۆ هەڵمژینی گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن.
سێیەم: تەكنیككاری دەزگاكانی وزەی خۆر
دانانی سیستمی وزەی خۆر، نزیكەی سەدان هەزار هەلی كار بۆ بێكاران لە جیهاندا دابین دەكات، هەروەها دانانی دەزگای ئاو گەرمكردن بە وزەی خۆر لە سەربانەكان نزیكەی دەیان دۆلار لە سەعاتێكدا بۆ كرێكار دابین دەكات، لەو شوێنانەی كە هەتاویان هەیە.
لە ئەمریكادا نزیكەی (35) هەزار كرێكار لە زیاتر لە (3400) كۆمپانیا لە بواری وزەی خۆردا كاردەكەن، یەكێتی پیشەسازییەكانی وزەی خۆریش پێشبینیی دەكات ئەو ژمارەیە لە ساڵی (2016)دا بگاتە نزیكەی (110) هەزار هەلی كار.
چوارەم: وەستای خانووە كەم وزەكان
خانووبەرە رێژەیەكی یەكجار زۆری وزە بەكار دەبات، بۆیە ئێستا ئەو وەستا و كرێكارانە داواكراون كە دەزانن نێوبڕی دیوارەكان و پەنجەرەكان بە جۆرێك دروست بكەن كە هاوسەنگیی نێوان گەرما و سەرمای ناوەوە و دەرەوەی خانووەكان رابگرن، خانووبەرەی سەوزیش ئەمڕۆ هێمایە بۆ ئەو باڵەخانە و خانووانەی كە مەرجە ژینگەییەكانی تێدا رەچاو بكرێت.
پێنجەم: دروستكارانی تۆربیدی (با)
(با) سەرچاوەیەكی سەرەكیی وزە جێگرەوەكانە لە جیهاندا و تا ئێستا نزیكەی (300) هەزار هەلی كاری دابین كردووە. بەپێی ئامارەكانی كۆمەڵەی ئەمریكی بۆ وزەی (با)، ئێستا نزیكەی (60) هەزار كەس ئەم پیشەیەیان هەیە.
شەشەم: بایۆلۆژیای پاراستن
خاوەنی ئەم پیشەیە بایەخ دەدات بەو توێژینەوەو كارانەی كە دەبنە هۆی پاراستنی سیستمی ئیكۆلۆژی لەسەرتاسەری جیهاندا و زۆرێك لەزانكۆكانی جیهانیش ئێستا بڕوانامە لەم بوارەدا دەدەن، وەك بەشێكی ژینگەیی لە زانستی بایۆلۆژی.
حەوتەم: بەڕێوەبەری كارە سەوزەكان
مەبەست لەكارە سەوزەكان، لەبەرچاوگرتنی هەر سێ چەمكی (بەرژەوەندیی خەڵك) و (قازانجی خۆت) و (بەرژەوەندیی هەسارەی زەوی)یە لە یەك كاتدا و لە گشت پڕۆژەكاندا، واتە شارەزابوون لە بواری گەشەپێدانی بەردەوامدا، گەشەیەكی ئابووریی كە نەبێتە هۆی پیسكردنی ژینگە، بۆیە ئێستا زۆرێك لە زانكۆكانی جیهانیش بڕوانامەی ماستەر لە كارگێڕیی سەوزدا بە دەرچووانیان دەدەن.
هەشتەم: بەكارهێنەرەوەی خاشاك
ئەمەش كاری ئەو كەس و خاوەن كارگانەی دووبارە بەكارهێنانەوەی كاغەز و پلاستیك و شووشە و ئاسنی كۆن و ئەلەمنیۆم و ماددە ئۆرگانییەكانە، كە پارەیەكی یەكجار زۆر دەگێڕنەوە بۆ تاك و خەزێنەی دەوڵەت و هەلی كاری نوێش بۆ زۆرێك لە بێكاران دابین دەكەن.
نۆیەم: پەرەپێدەری سیستمی بەردەوامی
ئابووریی سەوز، پێویستیی زۆری بە پسپۆڕ هەیە لە بواری پەرەپێدانی پڕۆگرامەكانی كۆمپیوتەر و ئەو ئەندازیارانەش كە دیزاینی تۆڕ و ئامێرەكانی هەستپێكردن لە دوورەوە و، پێوەرە زیرەكەكانی كارەبا و ئاو و هەر پێوەرێكی زیرەكی دی دەكەن، كە دەبێتە هۆی زوو ئاگاداركردنەوە لە روودانی كارەساتە ژینگەییەكان و دەبێتە مایەی پاراستنی دەرامەتە سروشتییەكان.
دەیەم: پلاندانەری مەدەنی
پلاندانانی مەدەنی دەبێتە هۆی بەهێزكردنی سیستمی گواستنەوەی گشتیی و رێگرتن لە فراوانبوونی هەڕەمەكیی شارەكان و هاندان بۆ بەكارهێنانی پایسكل و هۆكاری گواستنەوەی گشتی و پلاندانانیش بۆ حاڵەتی كتوپڕی وەك لافاو و شەپۆلی گەرما و زۆربوونی خاشاك لە حاڵەتی مانگرتنی كارمەندانی شارەوانی و، پێكداچوونی هۆكارەكانی گواستنەوە بەهۆی تێكچوونی سیستمی هاتوچۆوە، لەحاڵەتی بچڕانی تەزووی كارەبا، یان هەر تێكچوونێكی تەكنیكی.