با لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا بانگەشەمان ژینگەدۆستانە بێت
April 15, 2018
وتار و بیروڕا
یەكەم: هەموو كەسێك مافی ژیانی هەیە لە ژینگەیەكی سەلامەتدا.
دووەم: دەوڵەت پاراستنی ژینگە و زیندە جۆرەكان لەئەستۆ دەگرێت.
كەواتە بۆ راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان دوو مافی دەستووریدا كە یەكەمیان دەنگدانە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و دووەمیشیان مافی هەموو كەسێكە بۆ ژیان لە ژینگەیەكی سەلامەتدا، پێویستە لایەن و قەوارە سیاسییەكان لەكاتی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا پابەندی ئەم بابەتە ژینگەییانە بن:
یەكەم: لەبەرنامەی هەڵبژاردندا:
1. پێویستە بابەتی پاراستن و چاككردنی ژینگە لە پەیڕەو و پڕۆگرامی هەڵبژاردنیاندا هەبێت.
2. بەڵێن بدەن كە بەشێك لە چالاكییەكانی ساڵیادو بۆنەكانیان بۆ هۆشیاریی ژینگەیی تەرخان بكەن.
3. پشتگیریی ئەو یاسا و بڕیارانە بكەن كە لە بەرژەوەندی پاراستن و چاككردنی ژینگەدان.
4. چاودێریی وردی چالاكییەكانی هەردوو كەرتی گشتیی و تایبەت بكەن لە رووی ژینگەوە.
5. هەوڵ بدەن بۆ تەرخانكردنی بڕێكی باش لە بودجەی ساڵانە بۆ بواری ژینگەپارێزی.
دووەم: لەشێوازی هەڵمەتی هەڵبژاردندا
1. لافیتەو نووسینەكانیان لەسەر پەڕۆ و كاغەز بن، نەك لەسەر فلیكس نایلۆن، كە دواجار بەئاسانی شی نابنەوە و زیان بە زۆرێك لە گیانەوەران و رووەك و خاكمان دەگەیەنن.
2. بزمار بەكارنەهێنن بۆ داكوتینی لافیتە لەسەر درەختەكان، بەلافیتەش درەختەكان دانەپۆشرێن، چونكە بەم كارە زیان بە درەختەكان دەگات، كرداری رۆشنەپێكهاتنیشی كێشەی بۆ دروست دەبێت.
3. جوانبینی و پاراستنی هەستی بینین رەچاو بكەن لەهەڵبژاردنی شوێنی هەڵواسینی لافیتەكانیان، چونكە بەهەڕەمەكی هەڵواسین دەبێتە هۆی تێكدانی هەستی بینین.
4. زیادەڕەویی نەكەن لە بەهەدەردانی كاغەز و كارتۆن، چونكە بە شێوەی سەرەكی كاغەز و كارتۆن بەرهەمی بڕینەوەی درەختەكانن.
5. ماددەی پلاستیكی و نایلۆنی نەدرێتە دەنگدەر وەك بانگەشە، لەحاڵەتی گردبوونەوەی جەماوەرییشدا پێویستە هەڵسووڕاوانی هەمان لیست دەبەی ئاو و پاشماوەی شتەكان كۆبكەنەوە، چونكە خاشاك زیان بە ژینگە و مرۆڤ دەگەیەنێت.
جا بۆ خۆبواردن لەم دیاردانەو هی دیكەش ئەم پێشنیازانەی لای خوارەوە پێویستن:
1. دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە، بە هاریكاری لەگەڵ وەزارەتی شارەوانیدا بەردەوام بەدواداچوون بكەن بۆ زانینی رادەی كاركردنی لیستەكان بە رێنماییەكانی نێو یاسای ژمارە (8)ی ساڵی (2008)ی پاراستن و چاككردنی ژینگە.
2. بە بەردەوامی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، حزبە سیاسییەكان ئاگادار بكاتەوە لەو سزا داراییانەی كە رووبەڕوویان دەبێتەوە لە حاڵەتی سەرپێچیكردنی یاساكانی ژینگە و شارەوانی.
3. هاندانی لیستەكان بۆ زیاتر بەكارهێنانی سایتە ئەلیكتڕۆنی و پەیجەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا.
4. بەكارهێنانی شاشەی گەورەی ئەلیكترۆنی و تەلەفزیۆنی لە شوێنە گونجاوەكاندا.
5. كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ناوی ئەو لایەن و قەوارە سیاسییانە ئاشكرا بكات كە پابەندی یاسا و رێنماییە ژینگەییەكان نابن.
6. گەڕانی لیژنەیەكی چاودێریی هاوبەش لەلایەنە پەیوەندیدارەكان بە سەر ئامرازەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن و لابردن و لێكردنەوەی لافیتەی پاڵێوراوە پابەندنەبووەكان بە رێنماییەكانەوە.
7. خۆ دوورگرتن لە بەكارهێنانی قافڵەی ئۆتۆمۆبێل وەك شێوازێكی بانگەشە، چونكە بەكارهێنانی هۆڕن زیان بە هەستی بیستن و باری دەروونیی هاووڵاتیان دەگەیەنێت، دووكەڵی ئەگزۆزیش زیان بە كۆئەندامی هەناسەی مرۆڤەكان دەگەیەنێت.
سێیەم: ئەركی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی:
1. تۆڕی ژینگەیی سەرتاسەری رێكخراوەكان بەدواداچوون بۆ پێشێلكارییە ژینگەییكان بكەن.
2. هەوڵدان بۆ بەخۆماڵیكردنی ئەزموونە جیهانییەكان لە بواری هەڵبژاردن و هۆشیاریی ژینگەییدا .
3. هاریكاری میدیاكاندا بكەن بۆ تێهەڵكێشكردنی بابەتەكانی ژینگەپارێزی لەگەڵ هەڵمەتی هەڵبژاردندا.