لە رۆژی ژینگەی كوردستاندا

لە رۆژی ژینگەی كوردستاندا

بەپێی بڕیاری پەرلەمانی كوردستان، رۆژی (16)ی نیسانی هەموو ساڵێك كرایە رۆژی ژینگە لە هەرێمی كوردستاندا، كە هاوكاتە لەگەڵ رۆژی كیمیابارانكردنی (بالیسان) و (شێخ وەسانان) لە (16/4/1987)دا.
ژینگە وەك دیاردەیەكی بابەتی و پەیوەست بە مرۆڤ و ژیان و چالاكییە بەردەوامەكانی مرۆڤەوە، پێویستیی بەچاودێریكردن وچاككردنی بەردەوام هەیە، چونكە مرۆڤ بەردەوام لە چالاكیدایەو بە چالاكییەكانیشی زۆربەی كات پیسبوونێك لە ژینگەدا بەجێدەهێڵێت.
ژینگە سیستمێكی تایبەت بەخۆی هەیەو، بە شێوازێكی رێكوپێك و بە پێی یاساو رێسایەكی گەردوونی كاردەكات، بەڵام بە زیادبوونی رۆڵی مرۆڤ و فشاری زۆری كۆمەڵگە بە بەردەوامی لەسەر پێكهاتەكانی ژینگەو زیادەڕەویی لە بەكاربردنی دەرامەتەكانیدا، گرفتی زۆری ژینگەیی هاتۆتەئاراوە.
كاركردن بۆ ژینگەیەكی سەلامەت، لە پێش هەموو شتێكدا هەوڵدانە بۆ پاراستنی باڵانس و هاوسەنگیی ژینگەیی، كە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە هەتا ئەمڕۆ بەشێوازێكی زۆر توند ئەو هاوسەنگییە روو لە تێكچوونە. سەبارەت بە رۆژی ژینگەش لە هەرێمی كوردستاندا، پێویستە ئەم رۆژە بۆنەیەك بێت بۆ هۆشیاریی زیاتر لە بواری ژینگەداو، بۆ سەرنجڕاكێشانی سیاسەتمەدارو بڕیاربەدەستانی كوردستان بەلای ژینگەداو، دروستكردنی بایەخپێدانێكی جیهانی بە ژینگە و پێكهێنەرەكانی. هەروەها ئاماژەیەكیش بێت بۆ برەودان بە رۆڵی كۆمەڵگەی كوردستانی لە گۆڕینی هەڵوێستەكانیان بە ئاراستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەو دروستكردنی رۆشنبیرییەكی یاساپارێزی لەلایان.
لە رۆژی ژینگەی هەرێمی كوردستاندا، پێویستە لە بیری ئەوەدا بین كە دابینكردنی پێداویستییەكانی مرۆڤ لە رووی ژینگەییەوە لە مافە سەرەكییەكانی خۆیەتی، وەك بەشێك لە مافەكانی مرۆڤ بەگشتی. هەروەها پێویستە ئەو راستییەش بزانین كە بەسەربردنی ژیان و گوزەران لە ژینگەیەكی سەلامەتدا مافێكی دەستووریی هەموو تاكێكی ئەم وڵاتەیە بەپێی ماددەی (33)ی دەستووری عێراقی فیدڕاڵ. ئەوەش گرنگە بزانرێت كە دەستكەوتنی ئاوی خاوێنی خواردنەوەو بوونی سیستمێكی گونجاو بۆ ئاوەڕۆكان و بوونی میكانیزمێكی بێ زیان بۆ رزگاربوون لە پاشماوەو پاشەڕۆكان و زیادكردنی رووبەری سەوزایی و دووبارە داڕشتنەوەی دیزاینی شارەكان بە ئاراستەی كەمكردنەوەی قەرەباڵغی و، پاراستنی زیندە جۆرەكان و هەڵگرتنەوەی مینی چێنراو و.. هتد لە مافە سەرەكیی و بنچینەییەكانی هەر مرۆڤێكن. دیارە بۆ زامنكردن و دەستەبەركردنی هەموو ئەمانەش، هەبوونی ئیرادەیەكی بەهێزی سیاسی و ئیدارەیەكی زانستییانەی ژینگەیی زۆر گرنگن بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە ژینگەو هەماهەنگی و هاوكاریی نێودەوڵەتی و كەمكردنەوەی رێژەی هەژاری و پەیڕەوكردنی سیاسەتی پەرەپێدانی هەمیشەیی و بەردەوام، هەموو ئەمانە هەنگاوی زۆر گرنگن كە كاردەكەنە سەر گۆڕینی چالاكییەكان لە وشەوە بۆ كردار، لە دروشمەوە بۆ پڕۆژە.
رۆژی (16)ی نیسانی هەموو ساڵێك كە رۆژی ژینگەیە لە هەرێمی كوردستاندا، پێویسستە لەو رۆژەدا گرنگیی ژینگە زیاتر و باشتر بۆ كاربەدەستانی حكومەت و كەرتی تایبەت و هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان روون بكرێتەوە.
لەم رۆژەداو لەم هەرێمەی ئێمەشداو لەسایەی دەستكردن بە پەرەپێدانی فراوان وا چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی ساڵانی داهاتوودا بە شێوەیەكی بەرچاو گرفتەكانی پیسبوونی تێدا دەربكەوێت، پاش گۆڕانی بەرەو ژینگەیەكی نزیك لە پیشەسازیی و پڕبوونی شارەكانی بە دانیشتووان و، شەقامەكانیش بە هۆكارەكانی گواستنەوە، زیادەڕەوی لە بەكارهێنانی سامانی سروشتی، بەكاربردنی بێ پلانی زانستی و ئاستێكی بەرزی هۆشیاریی ژینگەیی و ژینگەی رۆشنبیریدا.
بۆیە ئەركی پاراستنی ژینگەو چاككردنی، ئەركێكی نیشتمانی و مرۆییە، لە هەمانكاتیشدا ئەركێكی ناوخۆیی و جیهانییە، هەروەك ئەركی تاك و كۆمەڵگەشە لە هەمان كاتدا. ئێمەش كە بەشێكین لەم دنیایەو لەسەر یەك خاك دەژین و یەك چارەنووس لەگەڵ تەواوی جیهاندا كۆمان دەكاتەوە، ئەركی سەرشانی هەریەكێكمانە لە پێگەی بەرپرسیارێتی خۆیداو لەبەرنامەی ژیانیدا جێگەی شیاو بۆ ژینگە تەرخان بكات.
هەروەها پێویستە لە رۆژی ژینگەی كوردستاندا، میكانیزمی گۆڕینی دروشمەكان بۆ كردار، ببێتە هەنگاوێكی گرنگ لە رێگەی دوور و درێژی پاراستن و چاككردنی ژینگەدا.
بۆیە نەتەوە یەكگرتووەكان داوا لە دەوڵەت و هەرێمەكانی جیهان دەكات كە رۆژی نیشتمانی و هەرێمایەتیش دیار بكەن بۆ ژینگە، لەپاڵ هەبوونی رۆژی جیهانیی بۆ ژینگە، بۆ ئەوەی تیایدا لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نیشتمانی، لە پێناوی پاراستن و چاككردنی ژینگەدا چالاكیی جۆراوجۆر ئەنجام بدەن.

Top