نابێت قازانجی گەشتیاری بە زیانی ژینگە تەواو بێت

نابێت قازانجی گەشتیاری  بە زیانی ژینگە تەواو بێت
جاران گەشتوگوزار وا پێناسە دەكرا كە بریتییە لە چوونە دەرەوەی مرۆڤ ء دەرچوون لە رۆتینیی كاری رۆژانی ئاسایی، ئیدی ئەو دەرچوونە بۆ هەر مەبەستێك بێت، بەڵام ئەمڕۆ گەشتوگوزار بریتییە لە چالاكییەكی (مرۆیی - كۆمەڵایەتی)ی پشتبەستوو بە مەبەست ء زیادكردنی زانیاری ء جوانتركردنی رەفتار و هەڵسوكەوت، هەروەها گەشتوگوزار لە روانگەیەكی ئابوورییشەوە بریتییە لە كارێكی بەرهەمێنەر و لە رووانگەیەكی كرداری ء پراكتیكیشەوە بریتییە لە هونەری پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری ء لە رووانگەی فەلسەفەشەوە بریتییە لە رەگەزێك لە رەگەزە بنەڕەتییەكانی ئازادیی مرۆڤ.
بۆیە ئێستا گەشتوگوزار چۆتە بواری پەرەپێدانەوەو، ناوەڕۆكی پەرەپێدانی گەشتوگوزار یەكسان بووە بە پاراستنی هاوسەنگیی ژینگە و چەمكی گەشتیاریی ژینگەییش هاتۆتە ئاراوە، وەك گەشتوگوزاریی هاوڕێی ژینگە و گەشتیاریی رەوشتی ژینگەیی، چونكە گەشتیاران لە هەر گەشتوگوزارێكیاندا ئەگەر ئاگادار نەكرێنەوە، زیانی زۆر بە ژینگە دەگەیەنن، لە بوارەكانی پیسكردنی ئاو و هەواو خاك ء زیانگەیاندن بە ئاسەوارەكانء زۆر بەكارهێنانی وزە و دروستكردنی ژاوەژاو و.. هتد.
بۆیە راستە وەك ژینگە بڕبڕەی پشتی گەشتوگوزارە، بەڵام لە هەمانكاتیشدا زۆرێك لە گەشتیاران زیانی زۆر بە ژینگە دەگەیەنن، بۆیە پێویستە بەشێكی زۆری ئەو پارەو سەرمایەیەی كە لە كەرتی گەشتوگوزاردا دێنە دەست، جارێكی دی لە چاككردنی ژینگەی ئەو شوێنە گەشتیارییانەدا خەرج بكرێنەوە، بەتایبەت كەرتی گەشتوگوزار كە ساڵ لەدوای ساڵ بڕێكی گەورەی سەرمایە دەخاتە سەر داهاتی ساڵانەی زۆربەی وڵات و هەرێمەكان، چونكە وەك دەركەوتووە كە تەنیا یەك گەشتیار دەبێتە مایەی جووڵاندنی (23) پیشەی ئابووری وەك گواستنەوە، گەیاندن، چێشتخانە، هۆتیل، شانۆ، مۆزەخانە، پێشانگا، جۆرەكانی وەرزش، پارك، راوی ماسیء بەكارهێنانی كەشتی، ئەسپسواری ء.. هتد.
كەواتە ئێمە لە كوردستان چی بكەین بۆ داهێنانی گەشتیارییەكی تەبا لەگەڵ ژینگە؟
گەشتیاریی ژینگەیی جۆرێكی نوێ بوو لە گەشتیاری كە لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی بیستەمدا لە ئەنجامی چەندین هۆكاری سیاسی و ئابووری و كەلتووری هاتەئاراوە، تا ئەو رادەیەی بووە یەكێك لە گرنگترین جۆرەكانی گەشتیاری لەجیهاندا لەماوەی ساڵانی رابردوو.
گەشتیاریی ژینگەیی دیەوێت وا لە گەشتیار بكات، هاوڕێی ژینگە بێت، چونكە زۆرێك لە چالاكییە گەشتیارییەكان دەبنە بەرپرس لە تێكدان و بەهەدەردانی دەرامەتە سرووشتییەكان لەلایەن گەشتیارانەوە، ئەگەر رۆشنبیریی ژینگەیی و یاسا ژینگەییەكان پیادە نەكرێن.
بۆیە گەشتیاریی ژینگەیی زاراوەیەكی نوێ بوو لە هەشتاكاندا كە لەلایەن چالاك و شارەزای ژینگەیی (هێكتۆر لاسكۆرین)ـەوە پێشنیار كرا، بۆ ئاشتكردنەوەی چالاكییە گەشتیارییەكان لەگەڵ ژینگەدا لە رێگەی دوورخستنەوەی هۆكارەكانی گواستنەوەی قورس و ئامێرە زیانبەخشەكان لە شوێنە گەشتیارییەكان، ئەم پێشنیارەش لەلایەن یەكێتیی جیهانیی بۆ پاراستنی سرووشتەوە لەساڵی 1983پەسەند كرا.
گەشتیاریی ژینگەیی زۆر بنەمای گرنگیی هەیە، وەك: پیادەكردنی شێوازە كلاسیكییەكان لە هاتۆچۆدا، وەك بەپێ رۆیشتن، یان بەكارهێنانی پایسكل بەپێی تواناو رێزگرتن لە كەلتووری ناوچە گەشتیارییەكان و دانیشتووانەكەی و پاراستنی هاوسەنگیی ژینگەیی.
بۆیە پێویستە هەردوو دەستەی ژینگەو گەشتوگوزار لەسەر چەند خاڵێكی هاوبەش كار بكەن، كە چەندین خاڵ لەخۆ دەگرێت، وەك :
1- پەرەپێدان بە چەمكی گەشتیاریی ژینگەیی، چونكە زۆربەی زۆری گەشتیاری هاتوو بۆ كوردستان گەشتیاری ژینگەیین و بۆ بینینی سرووشت و ژینگەی خۆڕسك دێن.
2- دانان و تەرخانكردنی بڕێك لە داهاتی گەشتوگوزار بۆ چاككردنی ژینگە، چونكە گەشتیاری ئێمە بەهۆی كەمیی هۆشیاریی ژینگەیی و نەبوونی سزای دارایی بۆ سەرپێچییەكانی، زیانی زۆر بە ژینگە دەگەیەنێت.
3- هەماهەنگیی لەگەڵ فەرمانگەی شوێنەوار، چونكە دەكرێت كۆی شوێنەوارەكانیش ببنە قاكتەرێكی هاوپشت بۆ گەشتیاریی زیاتر لە كوردستان.
4- دابەشكردنی رێبەری گەشتیار و تەرخانكردنی پۆلیسی گەشتوگوزار، وەك دوو فاكتەری پێویست، یەكەمیان بۆ هۆشیاری و دووەمیشیان بۆ پێبژاردن.
5- دانانی مەرجەكانی پاراستن و چاككردنی ژینگە لەسەر وەبەرهێنان لە بواری گەشتوگوزاردا.
6- كاركردن بە رێنماییە نێودەوڵەتییەكان لە بواری گەشتوگوزار و ژینگەدا.
7- یادكردنەوەی باشتری بۆنە جیهانییەكانی وەك ساڵڕۆژی جیهانیی ژینگەو ساڵڕۆژی جیهانیی گەشتوگوزار.
Top