هێرشێکی پڕوپاگەندەی خراپ بەڵام بێ ئەنجام!

هێرشێکی پڕوپاگەندەی خراپ بەڵام بێ ئەنجام!

hêrşêkî prrupagendeyi xirap bellam bê encam!

لەم ڕۆژانەدا لە تۆڕێکی بەرفراوانی ناوچەیی دەرەوەی کوردستان و هەندێکیش لە ناوەوەدا، دەستیان داوەتە دروستکردنی هەواڵ و لێدوان و نامە و لێکۆڵینەوەی ناڕاست کە ڕوویان لە تێکدان و شێواندنی ڕای گشتی کوردستان دایە. دیارە دەیانەوەێ ئیرادەی هاوڵاتیان تێکبشکێنن و ترس بخەنە دڵیان و بڕیاری ڕیفڕاندۆمیان لە چاواندا بشێوینن. لە پشت ئەم کارە تێکدەرانەدا دەوڵەتی وەک ئێران، عێڕاق، تورکیا و هەندێک کاربەدەستی ناخۆیی هەن کە بوونە پردی دوژمن. وەک دیارە دوژمنەکانی کوردستان چونکە لاوازن ناتوانن بە سوپا هێرش بکەنە سەری بۆیە هەموو هەوڵی خۆیان داوەتە تێکدانی مێشکی خەڵک، دەیانەوێ خەڵک باوەڕ بکات کە ڕیفڕاندۆم خراپە و عێڕاق باشە. هەڵبەت چەند دەزگایەکی میدیایی ناوخۆ نانی خۆیان خستۆتە گرەوی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندی دوژمنان( کە جێی داخە).
دەبێ خۆمان ئاوبدەینەوە و هیچ هەڕەشەیەک و دەنگۆیەک بە هەند وەرنەگرین، چونکە دوژمن هێزی هەبا ئیستا ئەنفالی بۆ دادەناینەوە. کەواتە تەنیا زمانی چەواشەی هەیە. نابێ گوێی بدەینێ. هەروەها پێویستە ئەو ڕۆژنامە و تەلەفزیۆنانەی تەماشا نەکەین کە بازاڕی خۆیان بە کالای دوژمن گەرم کردوە. پێویستە چاوی خۆمانیان لێ ببەستین. هەروەها پێویستە بزانین لەم دوو مانگەدا (تا 25/9) زۆر دەوڵەت بۆ دابینکردنی ڕۆلی خۆیان داب و نەرێتە باوەکەی نێودەوڵەتی پەیڕەو دەکەن و دەڵێن: لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی عێڕاق داین. با ئەو قسانەمان بەلاوە زۆر ئاسایی بێت، کەس نایەت دەستمان بگرێ و بڵێ نایەڵم ڕیفڕاندۆم بکەن. ڕاستیتان بوێت نەک هەر ئەوە نابێت بەڵکو تەفاهومێکی نێودەوڵەتیش بۆ سەربەخۆیی کوردستان هەیە. وەختی خۆی ئەم بەزمەیان بەسەر ئیسڕائیلیش هێنا بەڵام ئەوان گویێان نەدایە و دەوڵەتی خۆیان ڕاگەیاند. هەر هەوالێکی دژی ڕیفڕاندۆم بە گومانەوە سەیر بکەن و بە پشوی درێژ چاوەڕوانی سپی کردنەوەی ناڕاستیەکەبن. ئەوە باشترین بەرەیە بۆ دیفاع لە بەرژەوەندی نیشتمان ئایندەیەکی پڕ لە کامەرانی.
Top