لە پای چی شەرعیەت بدەینەوە بە بەغدا ؟

لە پای چی شەرعیەت بدەینەوە بە بەغدا ؟
عێراقی دوای سەدام لەسەر بنەمای شەعییەتی شۆڕشگێڕی و شەرعییەەتی زۆرینەیی مەزهەبی و زۆرینەیی نەتەوەیی دانەمەزراوە و لەو روانگایەوە نییە كە جیهان وەك دەسەڵاتی شەرعیی تەماشای حكومڕانیی بەغدا دەكات، بەڵكو شەرعییەتەكەی لە موشارەكەی پێكهاتەكان و لە نوێنەرایەتی كردنی هەموان و بەرمەبنای بەشداریی هەموان لە هەڵبژاردنەكانەوە سەرچاوەدەگرێ. بۆیەش بەغدا دەبوا بە راستی گوزارشتی لە خواست و ماف و ئیرادەی هەمووان بكردبایە تا ئەو سەرچاوەی شەرعییەتە بپارێزێ و لەدەستی نەدا. چونكە هەركات پێكهاتەكانی غەیرە شیعەی عەرەب لەو پرۆسە سیاسییە و لە بەشداری هەڵبژاردنەكان و موشارەكەی حوكم بكشێنەوە، كۆڵەكەی شەرعییەتی دەسەڵاتی بەغدا دەروخێ.
حاڵی حازر كە عێراق بەرەو هەڵبژاردنێكی نوێ دەچێ، دەبێ پێكهاتەی كورد بە دیققەت لە خۆی بپرسێ: لەبەرامبەر ئەو شەرعییەتەی سیازدە ساڵە بە بەغدای داوە و بە بەشداریی لە سي
هەڵبژاردنی گشتیدا بۆی نوێكردۆتەوە، چی بەدەستهێناوە؟ ئایا ئەوە هەر دەسەڵاتدارانی بەغدا بوون كە پەیمانشكێنییان كرد و مافی كوردیان پێشێل كرد و قوتی كوردییان بڕی، تەنیا بەهێز و ملهوڕی ئەمەیان كرد، یاخود كورد خۆی بەشدار بوو لەوەی چەكی غەدرلەخۆكردنی دایەدەست بەغدا و شەرعییەتی پێدا و بەدەستی خۆی دەسەڵاتی بەغدای شەرعییانە بەسەر خۆیدا سەپاند؟
ئەم قسانە نادیدەگرتنی ئەو راستییە نییە كە كورد ئەوكات نە دەرفەت و بژاردەی دیكەی لە پێش بوو، نە وەك ئێستاش نائومێد بوو لە بەغدا و عێراقی شەراكەتی راستەقینە، نە خواستی سەربەخۆییش وەك ئێستا كامڵ و پشت وپەنادار بوو. بەڵام پرسیار ئەوەیە : ئەی ئێستا بۆچی و لە پای چی و بەچ ئومێدێك دەبێ كورد سێ بارە بەشداری هەڵبژاردنەكان بكات و شەرعییەت بۆ دەسەڵاتی بەغدا نوێ بكاتەوە، لە كاتێكدا بژاردەی دیكەی لە پێشە و هیچ ئومێدێكیشی بە بەغدا و پرۆسە سیاسییەكەی ئەوێندەر نەماوە!. تەنانەت ئەو دۆستانەش كە ئەوكات هاندەری كوردبوون بۆ موشارەكە و ئومێدیان بە لەدایكبونی عێراقێكی نوێ هەبوو، پێدەچێ لە هەمان روانگای كورد نزیكبووبنەوە و وەك كورد نائومێدیبووبن. خۆ ئەگەر بە نائومێدیش نەگەیشتبن، لانی كەم بەو قەناعەتە گەیشتوون كە كورد بۆ رێزگرتن لە خواست و هاندانەكەی ئەوان و بۆ ئەوەی كاتی پێویست بە هەموو دەرفەت و هەوڵەكان بدرێ، هیچ درێغی و كەللە رەقییەكی سیاسیی نەنواند و هەرچی لەدەستهات بۆ هێشتنەوەی عێراق بە یەكپارچەیی، لە سیازە ساڵی رابردوودا، بە زیادەوە كردی.
هەفتەی رابردوو بانك و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی كە بڕیار بوو قەرد بە عێراق بدات، بڕیارەكەی خۆی مەرجدار كرد بەوەی حكومەتی بەغدا نوێنەرایەتی پێكهاتنەوەیەكی ئارەزومەندانەی هەموو پێكهاتەكان بكات دەنا قەردی ناداتێ و ناتوانێ دڵنیا بێت كە ئەو قەردە هەموو خەڵكی عێراق لێی سودمەند دەبن. ئەمە ئاماژەیەكی پڕ مەغزای سیاسییە، پێمان دەڵێت: دەسەڵات و دامەزراوەكانی بەغدا كاتێ شەرعییەتی نێودەوڵەتییان هەیە كە تێكڕای پێكهاتەكان شەرعییەتیان دابنێ و حكومەتی نوێنەرایەتی هەمووان بێت.
كەواتە ئەوە ئێمەین لەبەردەم دوڕیانێكی هەستیار و چارەنووسسازدا، ئایا ئەمجارەش لە بەرامبەر نكۆڵی مافەكانمان و بڕینی نان و ئابڵوقە و چاوسوركردنەوەی میلیشیایی و مەزهەبیدا، جارێكی دیكە شەرعیەت بۆ دەسەڵاتی بەغدا نوێدەكەینەوە و جارێكی دیكە چارەنوسی خۆمان بە ئومێدێكی دیكەی بێ جەدواوە دەبەستینەوە، یان بە كۆی دەنگ و پێكەوە بایكۆتی ئەو هەڵبژاردنە دەكەین و لە بری ئەوە خەریكی پرۆسەی نیشتمانسازیی خۆمان دەبین!.
Top