چاككردنی ژینگەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم دوای قۆناغی داعش
January 30, 2017
وتار و بیروڕا
یەكەم: ژیان لە ژینگەیەكی سەلامەت و بێ زیاندا مافێكی دەستووری هەر مرۆڤێكە.
دووەم: ئاشتی پارێزەری ژینگەیەو جەنگ و شەڕیش دوژمنی ژینگە و پێكهاتەكانیەتی.
سێیەم: ئاسایشی ژینگەیی بەشێكە لەئاسایشی نیشتمانی.
چوارەم: ژینگە موڵكی نەوەكانی داهاتووشە، پێویستە بەخاوێنی ڕادەستیان بكەین.
بۆیە لەم ڕووانگەیەوە دەتوانین بڵێین كە رێكخراوی تیرۆریستی داعش وێڕای زیانە فیكری و سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و ئایینی و دەروونییەكان، زیانێكی گەورەشی بە ژینگەی ئەو ناوچانە گەیاند كە كردیە مەیدانی شەڕی خۆی، لەو ناوچانەش ناوچەكوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمە.
بۆیە لەپێناوی چاككردنی ژینگەی ئەو ناوچانە لەقۆناغی دوای داعشدا پێویستیمان بە داڕشتنی ستراتیژیەتێكی درێژخایەن هەیە بۆ:
1- پاراستن و چاككردنی ئەو ژینگەیەو گەشەپێدان بە كوالێتی ژیانی دانیشتووان.
2- كاركردن بە چەمكی گەشەپێدانی بەردەوام.
3- نەخشەكێشان بۆدانانی سیاسەت و پلانێكی ژینگەیی بە هاریكاری لەگەڵ دامەزراوەكانی نێودەوڵەتی.
4- بەكارهێنانی سەرچاوەكانی وزەی خاوێن و نوێبووەوە.
5- پشتبەستن بەچەمكی ئابووریی سەوز و تەكنۆلۆژیای هاوڕێی ژینگە.
6- كاركردن بە سیستمی ریسایكلینگ بۆ رزگاربوون لە پاشەڕۆ و خاشاك و دووبارە بەكارهێنانەوەیان.
7- ئەنجامدانی (هەڵسەنگاندنی كاریگەریی ژینگەیی EIA) بۆ گشت پڕۆژەكان.
8- ئەنجامدانی ڕووپێوێكی ژینگەیی بۆدامەزراندنی بنكەیەكی زانیاریی ژینگەیی و دیاركردنی نەخشەی شوێنە پیسبووەكان و پاشماوە مەترسیدارەكان.
9- بایەخدان بە بەرنامەی هەڵگرتنەوەی مین و پاشماوەی تەقەمەنییەكانی جەنگ و هەوڵدان بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو زیانانەی كەلەو ژینگەیە كەوتوون.
10- پاراستنی زیندە جۆرەكان (بایۆدایڤێرسیتی)و دامەزراندنی ناوچە پارێزراوەكان و پاوانە سروشتییەكان.
11- هاوكاریكردن لەگەڵ دامەزراوە ژینگەییە جیهانی و هەرێمایەتییەكان.
12- هەوڵدان بۆ پاراستنی ناوچە سروشتییەكان و شوێنەوارە كەلتوورییەكان لەچوارچێوەی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان و یاساو رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان.
لەم پێناوەشدا پێویستیمان بەزۆر میكانیزم دەبێت لەوانە:
یەكەم: لە قوتابخانەو خوێندنگا و پەیمانگا و زانكۆكان
1- بایەخدان بە چەمكی پەروەردەی ژینگەیی و وەك وانە لە باخچەی ساوایان و ناوەندكانی خوێندن و خوێندنی باڵادا بخوێنرێت.
2- داهێنانی پێشبڕكێی ژینگەیی و كردنەوەی یانەی ژینگەیی لە قوتابخانەكاندا و پەیڕەوكردنی سیستەمی خەڵاتكردن بۆ قوتابیان لە بواری ژینگەپارێزیدا.
3- ئامادەكردنی باس و توێژینەوەی تایبەت بە ژینگە لەلایەن زانكۆ و پەیمانگاكان و بایەخدانی زیاتر بە ماستەرنامە و دكتۆرانامەی بەدەستهێنراو لە بواری ژینگەدا.
دووەم: میدیاو هۆكارەكانی راگەیاندن
1- ئامادەكردن و پێشكەشكردنی زیاتری بەرنامە ژینگەییەكان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی ژینگەیی.
2- بایەخدان بە دەستخستن و دەرخستنی زیاتری زانیاری لەبارەی ژینگەوە.
3- هاوكاریكردن لەگەڵ زانایانی ئایینیدا بۆ تێهەڵكێشكردنی بابەتی ژینگەپارێزی لەگەڵ وتارە ئایینییەكاندا.
سێیەم: رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی تایبەت بە ژینگە
1- كۆكردنەوەی تواناكانی گشت رێكخراو و كەسایەتییەكانی بواری ژینگە لەو ناوچانەدا.
2- چەسپاندنی چەمكی كاری خۆبەخشی لەبواری ژینگەپارێزیدا.
3- رێكخستنی كەمپینی ژینگەیی بۆ بیرخستنەوە بە كێشەكانی ژینگە.
4- هەوڵدان بۆ بەخۆماڵیكردنی ئەزموونە جیهانییەكان.
5- كردنەوەو كاراكردنی پەیج و سایتی ئەلكترۆنی بۆ پاراستن و چاككردنی ژینگە.
چوارەم : كەرتی تایبەت
1- بەخشینی ئارەزوومەندانەی بەشێك لە یارمەتییە داراییەكانیان وەك سپۆنسەر بە رێكخراوە ژینگەییەكان.
2- هەوڵدان بۆدامەزراندنی كارگەی تایبەت بە ریسایكڵینگ و پڕۆژەكانی دۆست بە ژینگە.
پێنجەم: پەرلەمانتاران
1- پشتگیریكردنی ئەو یاساو بڕیارانەی كە لە بەرژەوەندی پاراستن و چاككردنی ژینگەی ئەو ناوچانەدان.
2- چاودێریكردنی وردی چالاكییەكانی هەردوو كەرتی گشتیی و تایبەت لە ڕووی ژینگەوە.
3- هەوڵدان بۆ تەرخانكردنی بڕێكی باش لە بودجەی ساڵانە بۆ بواری ژینگەپارێزی.
شەشەم: حكومەت
1- باشترجێبەجێكردنی یاساكانی پەیوەست بە پاراستن و چاككردنی ژینگە.
2- تەرخانكردنی بودجەی تایبەت بەچاككردنی پێكهاتەكانی ژینگەی ئەو ناوچانە.
3- داواكردنی تواناو هاوكاری لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە ژینگە.