لەم ساڵەدا موسڵ بۆ ئێمە هەڕەشەیە یان دەرفەتە؟
January 16, 2017
وتار و بیروڕا
راستە هاوپەیمانان و وڵاتانی زلهێزو توركیاو ئێران و هەندێك وڵاتانی عەرەبیی و عێراق پلانی خۆیان هەیە بۆ ئایندەی موسڵ، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین كە:
ئایا پلانی ئێمە چییە بۆ ئایندەی ئەم پارێزگا گەورەو كاریگەرەی دراوسێمان؟
یان كامە پلانی كامە دەوڵەت نزیكە لەبەرژەوەندییەكانی ئێمەی كوردەوە سەبارەت بەئایندەی موسڵ؟
سەرەتا ئەوە راستە كە ئێمەی كورد وەك كاریگەرییەكی ژینگەیی لەدێر زەمانەوە، سەردەمانێكی زۆر تەنها چیاكان دۆستمان بوون و، تاشەبەردەكانیش پەناگە و، كونە شاخەكانیش حەشارگەمان بوون، دیارە كە ئەم شتانەش شتی سروشتین و خۆمان بەدەستی خۆمان دروستمان نەكردوون، ئیدی لێرەوە لە ژینگەوە وەك هۆكاری سەرەكی بۆ دروستبوونی كەسایەتیمان، ئێمە فێر بووین زیاتر پشت بەدەرەوەی تواناكانی خۆمان ببەستین.
بۆیە مێژووشمان پێمان دەڵێت كە ئێمە زیاد لە پێویست هیوا و ئاواتی گەورەمان بەدەرەوە ی خۆمان و، دەرەوەی تواناكانمان دەبەستین، بە رادەیەك كە زۆبەی كات ئەم خەسڵەتە وای لێ كردووین كە وزە و توانا ناوخۆییەكانی خۆمان پشتگوێ بخەین .
فاكتەری دەرەكیی چەند گرنگە فاكتەری نێوخۆییش گرنگتر، بۆیە لەساڵی نوێدا پێویستە:
بیر لە كاری جیددی و، هەنگاوی وردبین و، بڕیاری دووربینانە بكەینەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانمان و، زیاد لە ئەگەرێك و، زیاتر لە بەدیلێكمان هەبێت بۆ چارەسەركردنی هەر كێشەیەك و، رێگە بدەین تواناكانی ناوخۆی خۆمان كۆ بكەینەوە و پشت بە ئیرادەی خۆشمان ببەستین، پاشان سوود لە فاكتەری دەرەكی ببینین.
چونكە ئەنجامی كۆتایی ساڵی (2017)و هەر ساڵێكی دیكەش هەر بریتی دەبێت لەو هەوڵە بەردەوام و، بچوكانەی كەخۆمان رۆژانە دەیدەین بە هەماهەنگیی تەواوی نێوان هەموو دام و دەزگا و رێكخراوەكانماندا و، بە گیانی كوردانە و بە نەفەسی نیشتمانیی و، بە پاڵپشتی جەماوەرو خەڵكی دڵخۆشكراو و مافپێدراوی خۆمان، هەر ئەوساش دەرەوەی نزیك و دوور حیسابی زیاتر بۆ قسە و بڕیارمان دەكەن .
بۆیە سەبارەت بەئایندەی موسڵ زۆر گرنگە ئاگاداری ئەم چەند خاڵەی لای خوارەوە بین :
یەكەم: ئاگاداربوون لەئەگەرەكانی هەڵپەساردن یان هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەواو، دانانی پارێزگارێكی سەربازیی بۆ ماوەیەكی دیاریكراو.
دووەم: دیراسەكردنی باشترین حاڵەت بۆ كوردستان لەدابەشكردنی نەینەوا بۆ چەند پارێزگایەك.
سێیەم: دیراسەكردنی ئەگەرە نەخوازراوەكان لە حاڵەتی كەمبوونەوە یان رۆیشتنی هێزی هاوپەیمانان دوای نەمانی داعش.
چوارەم: هەوڵدان بۆ دامەزراندنی بنكەی سەربازیی ئەمریكا لە كوردستان.
پێنجەم: هەوڵدان بۆ ئاشتكردنەوەی عەشیرەتە كوردەكانی نێو پارێزگای نەینەواو یەكخستنی نێوماڵی كوردی لەو پارێزگایەدا.
شەشەم: كردنەوەی چەند خولێكی پێكەوەژیانی ئایینیی لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە بۆ زانایانی ئایینە جیاوازەكانی ئەو ناوچانەو، باسكردنی تێگەیشتنی كوردانە لەئایین و، ئەزموونی زۆر جوانی پێكەوە ژیان و تەساموحی ئاینیی لەكوردستاندا.
حەوتەم: ئیلزامیكردنی خوێندنی مناڵان و مێردمناڵان لەقوتابخانەكانی ئەو ناوچانەدا بۆ سڕینەوەی ئەو هەموو بیرە توندڕەوەی داعش لەمێشكیاندا چاندوویەتی لەو دوو ساڵەدا.
هەشتەم: گێڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان.
نۆیەم: رێكخستنەوەی جۆری حوكمڕانیی لە پارێزگای نەینەوا بەجۆرێك كە رۆڵی گەورەو مەزنی كوردستان لەبەرچاو بگیرێت لەماوەی ئەم سێ ساڵەدا.
دەیەم: دیاریكردنی سنووری كوردستان بەڕەچاوكردنی خەباتی پێشمەرگەی كوردستان و، ویستیی نەتەوەو خاوەن ئایینەكانی ناوچەكە بۆ پێكەوەژیانێكی كوردستانیانەی نموونەیی كە خەڵكی كوردستانی پێ ناسراوە.