هۆلاند، میوانە قەدرگرانەكەی بارزانی
January 3, 2017
وتار و بیروڕا
هۆلاند واتا فەرەنسا، فەرەنساش واتا مێژوو، كولتور، بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی، واتا پاریس، واتا پایتەختی مرۆڤایەتی، دڵی زیندووی شارستانیەت، رۆشنگەری، نوێگەری، فكر و فەلسەفە و هونەر و جوانی. واتا ئەو چرا رۆشنەی فیكر كە دەتوانێ پێشڕەویی مرۆڤایەتی بكات لە شەڕی سەختی بەزاندن و رەواندنەوەی تاریكی و توندرۆیی و هەمەجییەتدا.
شەڕی تیرۆر بە فكر و ئەندێشە دەكرێ نەك تەنیا بە چەك و تانك و تۆپ، ئەوەی دواجار (باستیل)ی داعش و داعشفكران لەنێو دەبات، فكر و بیر و هۆش و كولتورە كە لە پاریس و لە پایتەختەكەی شۆرشی فەرەنساوە سەرچاوەدەگرێ. دواجار ئەو نورەی دەتوانێ چاوی تاریكپەرستان كوێر بكات، لە ئاڵا سێ رەنگەكەی شۆڕشی (ئازادی، برایەتی، یەكسانی)یەوە تیشك دەهاوێ. ئەو شۆڕشەی چاوی مرۆڤایەتی لەسەر دنیا و چەمكە مەزنەكانی لیبرالیزم و سوسیالیزم و هاولاتییبوون و مافی مرۆڤ و عەلمانیەت و یەكسانیی كۆمەڵایەتی و ئازادی ژن و ئازادییەكانی تاك كردەوە و ئێستاش توندرۆ و تاریكپەرستان ئەو چەمك و بەهایانەیان بە ئامانج گرتووە و هەر ئەوان بە دوژمنی سەرسەختی خۆیان دەزانن.
فەرەنسا گەر بۆ مرۆڤایەتی ئەو مەنار و چرایە بێت، بۆ كورد جگە لەوە دۆست و پشتیوان و خەمخۆرێكی راستەقینەشە . ئەو ووڵاتەیە كە لە تەنگانەترین تەنگانەدا بەهانای كوردەوە هات، لە مەرگەساتی كۆڕەو و ئەو دەمەی كورد رووی لە چیاو چۆڵ كرد و پشتی لە دونیای سەردەم كرد كە تا ئەو ساتە وەختە جگە لە ئەنفال و كیمیایی هیچی بۆ بەدیاری نەهێنابوو، فەرەنسا ئومێد و بڕوای بۆ كورد گێڕایەوە، بووە فریادرەس و بە پشتی ئەو، نەوای ئارام و ناوچەی دژەفڕین بۆ گەلی كوردی بێ دیفاع رەخسا و جارێكی تر گەڕاینەوە سەر خاك و وێرانەماڵی خۆمان و هەر لەسەرینی ئەوەشەوە بەمڕۆ گەیشتین.
هۆلاند لە هەولێر، واتا شانازی بەخۆوەكردنی كورد. واتا ئێمە لەسەر رێی راستین و بەها و ئاكار و دنیابینییمان جێی پشتیوانی و پەسەند و هاوشانی بەها بەرز و ئینسانی و راقییەكانی مرۆڤایەتییە كە سەدان ساڵە پاریس داهێنەر و مەشخەڵبەدەست و پێشڕەویەتی.
سڵاو لە فەرەنسای مەزن. لە پاریسی جوان . لە هۆڵاندی دۆست