چیرۆكی چارەسەری یەكلاییكەرەوەی مێژوویی لەعێراقدا
December 27, 2016
وتار و بیروڕا
ئەوەی پەیوەستە بە كوردەوە، مالیكی چارەسەری یەكلاییكەرەوە لەگەڵ ئەوانە رەتدەكاتەوە كە دژی پڕۆژەكەی ئەون یان دژی مەرامەكانی و سیاسەتە ستەمكارەكانی دەرحەق كوردستان وەستاون، بە دیاریكراویش لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام زۆر جار رایگەیاندووە كە چارەسەری یەكلاییكەرەوە لەگەڵ ئەوانە قبوڵدەكات كە دژی دابەشكردنی عێراقن و پابەندن بە یەكێتیی ئەو وڵاتەوە، ئەوانیش ئەو كوردانەن كە هاتوونەتە پاڵ پڕۆژەو هاوپەیمانییەكەی، من خودی خۆم بە كوردانی مالیكی ناوزەدیان دەكەم، هەروەها ئەوانەی نایانەوێت یان رازی نین یان لە پێناو سەربەخۆیی كوردستان كارناكەن ئەوانە خائینن بەرامبەر نیشتمان و گەل و مێژوو و ویژدانی خۆیان و لەهەمبەر خوێنی شەهیدانی پێشمەرگە.
لەبەرئەوە چارەسەری یەكلاییكەرەوە بەم مەرجانە سەرناگرێت و ئەگەر چارەسەری یەكلایكردنەوەی راستەقینەمان بوێت، ئەوەیە كە هەروەك سەرۆك بارزانی دوای راپەڕین دووپاتی كردۆتەوە، بۆیە دەبینین هەموو سەربازانی عێراقی ئازادكردو بە بێ زیان گەڕانەوە ناو ماڵی خۆیان، ئەم هەڵوێستە مرۆییە مایەی شەرەفمەندییە بۆ هەموو هاووڵاتییەكی كورد، دواتر كردنەوەی لاپەڕەیەكی تازەیە لەنێوان رۆڵەكانی گەلی كوردستاندا، ئەمەش هەڵوێستی پێغەمبەر(د.خ) مان دێنێتەوە یاد، كاتێ چووە ناو مەككەوە دوای ئەوەی بۆ چەند ساڵێك دەریانكردبوو، كافرانی ئەو شارەش وایانزانی پێغەمبەری خوا تۆڵەیان لێدەكاتەوە، بەڵام بە قسەیەكی نەرم و جوان فەرمووی: بڕۆن ئێوە ئازادن، بۆیە ئەگەر سەرۆك بارزانی وەك مالیكی مەرجی دانابوایە، ئەوا كوردستان دەبووە گۆڕەپانی شەڕی ناوخۆ، بەم عەقڵییەتە كراوەو شارستانییە سەرۆك بارزانی توانی وڵات بەرەو كەناری ئارامی بەرێت و كوردستان لە شەڕەوە بكاتە ئاشتی، بەم بیركردنەوە ساغڵەمە هەڵبژاردنی پاكی دیموكراسی ئەنجامدرا، یەكەم پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان دامەزران، بۆیە ئێمە لە كوردستاندا لە قۆناخی دوای چارەسەری یەكلاییكەرەوەی مێژووییدا دەژین و ئەو ناكۆكییانەی نێوان حزبە كوردییەكان دیاردەیەكی سرووشتییە و حاڵەتێكی دیموكراسییە و تەنیا بە گفتوگۆی جیددی و بنیاتنەرانە چارەسەری یەكلاییكەرەوە دەكرێت. دانانی مەرج بۆ چارەسەری یەكلاییكەرەوە واتە شكستهێنانی پڕۆژەكە، بۆیە ئەگەر چارەسەری یەكلاییكەرەوەمان بوێت دەبێت پێشمەرج رەتبكەینەوە، ئەگەر بمانەوێت وڵاتەكەمان لە رووی سیاسییەوە سەقامگیربێت، پێویستە لەگەڵ هەموو لایەك بێ جیاوازی دیالۆگ بكەین، چارەسەری یەكلاییكەرەوە بە بێ مەرج دەست پێدەكات، دوای چارەسەری یەكلاییكەرەوە ئینجا مەرجەكان دێن بۆ چۆنێتیی چوونە نێو پڕۆسەی سیاسییەوە، ناكرێت چارەسەری یەكلاییكەرەوە لەگەڵ سوونەدا ئەنجام بدرێت لەكاتێكدا كە سەرانی سووننە داواكراوی دادگا بن، وەكو تاریق هاشمی و رافع عیساوی و ئەسیل نجێفی و هەندێ كەسی ناحەزی وەك خەمیس خەنجەر و دەستەی زانایانی موسڵمانان، كاتێ عەممار حەكیم دەركی بەو ناكۆكی و هەڵوێستە جیاوازانە كرد لە هاوپەیمانیی نیشتمانیدا رایگەیاند كە ناكرێ چارەسەری یەكلاییكەرەوە لەگەڵ تاوانباران ئەنجام بدرێت، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە، تاوانباران كێن؟ رەنگە ئەوانەی تاوانبارن لای شیعە پاڵەوان بن لای سوننە، بۆیە پێویستە بە وردی ئەو راستییانە بناسرێن، بە شێوەیەك كە هەموو پێكهاتەكانی عێراق لەسەر پێناسەی تاوانباران رێكبكەون.
هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعە بە سەرۆكایەتیی عەمار حەكیم بەپەلە ئەم پڕۆژەی پێشكەشكرد، قەناعەتی وابوو كە ئایندەی سیاسیی شیعە لە عێراق لە مەترسیدایە، بۆ ئەوەی ببێتە چارەسەری یەكلاییكەرەوەیەكی گونجاو بۆ هەموو توێژەكانی كۆمەڵگەی عێراقی بەتایبەتیش سوننە، واتا پێش رزگاركردنی موسڵ، چونكە بە تەواوی دەزانێت كە قۆناخی دوای داعش، زۆر سەخت دەبێت، بۆیە ئەگەر هاوپەیمانیی نیشتمانی پڕۆژەیەك یان كارنامە یان پێشنیارێك بۆ لایەنەكانی دیكە پێشكەش نەكات، ئەوا بەرپرسیارێتیی ئاییندەی عێراقی دەكەوێتە ئەستۆ، چونكە لەوەتەی رووخانی رژێمی بەعس حوكمڕانیی عێراق دەكەن، بۆیە خەڵكەكە قەناعەتیان وایە كە چینی سیاسیی شیعە هۆكاری ئەو بارودۆخەی ئێستای وڵاتە، بەتایبەتیش حزبی دەعوە، چونكە لەسەردەمی ئەواندا ئابووری هەرەسی هێنا، داعش ناوچە سوننەنشینەكانی داگیركرد، بێكاری سەریهەڵدا، گەندەڵی تەشەنەی كرد، فیتنە لەنێوان شیعەو سوننە قوڵتربۆوە، پەیوەندییەكانی نێوان بەغداو هەولێر گرژیان تێكەوت و دیبلۆماسییەتی عێراق بە هۆی دەستتێوەردان و هەژموونی وڵاتانی دراوسێ كەوتە قەیرانەوە، ئەمانە هەموو ئاماژەی روونن بەوەی كە ئاییندەی سیاسیی شیعە لە مەترسیدایە، رەنگە لەناوبچن و ئەگەر فریای خۆیان نەكەون بە تەواوی بنبڕبن.
دیارە عەمار حەكیم سوورە لەسەر سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە ئەگەر بەم شێوەش بێت، چونكە دەزانێت كە بەدیهێنانی لە عێراق ئەستەمە، بۆیە چاكتر وا بوو سەردانی دەوڵەتان نەكات بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دۆسێی چارەسەری یەكلاییكەرەوە لەگەڵ سەرانی ئەو دەوڵەتانە، چونكە ئەمە كێشەیەكی ناوخۆی عێراقییە و پەیوەندیی بە دەوڵەتانەوە نییە.
رۆژ لە دوای رۆژ عەمار حەكیم قەناعەتی زیاتردەبێت بەوەی كە ئەم چارەسەری یەكلاییكەرەوە ئەستەمە لە عێراق، چونكە لە سەردەمی مالیكیدا شكستی پێهێنرا، بەڵام دەیەوێت لەماوەی سەرۆكایەتیدا پەیامێكی دڵنیاكەرەوە بدات بە گەلی عێراق كە وڵات هێشتا لە خۆشیدایە، هەروەها دەكرێ كێشەكانمان بە شێوەیەكی شارستانیانە چارەسەری یەكلاییكەرەوە بكەین، بەڵام لێرەدا حەكیم كەوتە هاودژییەوە، لەلایەك داوای چارەسەری یەكلاییكەرەوەی مێژوویی دەكات و لەلایەكی دیكەوە هاتە نێو پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی پشتگیریی لە یاسای حەشدی شەعبی بكات، ئەو یاسایەی كە سوننە دەنگی بۆ نەدا جگە لە سوننەكانی مالیكی، چونكە ئەم یاسایە هەرەس بە چارەسەری یەكلاییكەرەوەی مێژوویی دەهێنێت، چۆن دەبێ داوای چارەسەری یەكلاییكەرەوە ی مێژوویی بكەین و لە هەمان كاتیشدا یاسایەك دەربكەین دژی چارەسەری یەكلاییكەرەوە بێت، یاسای حەشدی شەعبی دەوڵەتی ئایینی و مەزهەبی دەچەسپێنێت، دامەزراوە سەربازییەكان كورتەباڵا دەكات، دەوڵەتی مەدەنی لەگۆڕدەنێت، لەوەش خراپتر ئەم یاسایە بە زۆرینەی شیعە تێپەڕێنرا. دواتر كاتێ دەنگ بە یاسای حەشدی شەعبی درا هاوپەیمانیی نیشتمانی زاراوەیەكی دیكەی دەرحەق بە سوننە بەكارهێنا، سوننەی میانڕەو، بێگومان ئەم زاراوەیە دروستكراوی شیعەو داڕێژراوی تایبەت بەخۆیانە، بەدیدی ئەوان سوننەی میانڕەو خائینە بەدیدی تایفەكەی، ئەوەی دەنگی بۆ یاسای حەشدی شەعبی دا ئەوە بەدیدی هاوپەیمانیی نیشتمانی، مرۆڤێكی نیشتمانپەروەری دڵسۆزە، بە پێچەوانەوەش ئەوەی دەنگی نەدابێت، پێموایە كە چارەسەری یەكلاییكەرەوەی مێژوویی یان نیشتمانی یان سیاسی یان كۆمەڵگەیی دوای دەركردنی یاسای حەشدی شەعبی كۆتایی هاتووە، چونكە ئێمە بەتەواوی دەرك بەوە دەكەین كە دەركردنی ئەم یاسایە بە شێوەیەكی خێرا پێش رزگاركردنی موسڵ بەڵگەو هێمای نهێنی هەڵدەگرێت، زانراویشە كە حەشدی شەعبی حەشدی شیعەیە، بە فتوای سیستانی دامەزراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسیی داعش، ئەمە پێكهاتەیەكی كاتییە بۆ دۆخێكی پێویست، دوای تەواوكردنی ئەركەكانی هەڵدەوەشێتەوە، بەتایبەتیش دوای رزگاركردنی موسڵ، كەس نكوڵی لە قوربانییەكانی حەشد ناكات لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا، ئەوانە یان دەخرێنە نێو سوپاوە، یان بە هەموو دەستكەوت و مافەكانیانەوە دەگەڕێنەوە ماڵەكانیان، هاوپەیمانیی نیشتمانی بەتایبەتی حەكیم دەیزانی كە رزگاركردنی موسڵ واتا كۆتایی حەشدی شەعبی، بۆیە پەلەیان لە دەركردنی یاسا كرد، بە فشاری ئاشكرای ئێران، بە بەڵگەی ئەوەی كە كاتێ حەكیم سەردانی رابەری باڵا خامنەیی كرد لە تاران، قسەكان زیاتر تایبەت بوون بە حەشدی شەعبی، خامنەیی بە شاندەكەی گوتبوو: حەشدی شەعبی سامان و سەرمایەیەكی گەورەی ئێستاو ئاییندەی عێراقە و پێویستە پشتگیریی لێ بكرێت و بەهێزبكرێت.
ئەوەی مایەی پێكەنینە كە ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق، لەجیاتی ئەوە وەزیری دەرەوەی هەموو عێراقییەكان بێت، بووە بە وەزیری حەشدی شەعبی، هیچ موحازەرەیەك نادات یان كۆنگرەیەك نابەستێت و چاوی بە بەرپرسان ناكەوێت لە وڵاتان، ئەگەر ستایشی حەشدی شەعبی نەكات بە رێگایەكی ناسرووشتی، زۆرجار گوتوویەتی كە ئەگەر حەشدی شەعبی نەبوایە عێراق دەڕووخا، وەك بڵێی پێشمەرگە تەماتەیان لە بازاڕدا فرۆشتبێت، سەختترین كاتیش لای جەعفەری ئەوەیە كە باس لە ئازایەتیی پێشمەرگە بكات، وەك بڵێی ژەهر بنۆشێت، فیكریی تایفیی جەعفەری گەیشتە قۆناخێك كە نەهێڵێت نوێنەرانی هەرێمی كوردستان بەشداریی لە كۆنگرە جیهانییەكاندا بكەن دەربارەی داعش، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ئەم رەفتارە ناشارستانییەی سەركۆنەكردووە، چۆن دەبێ چارەسەری یەكلاییكەرەوەی مێژوویی بێتەئاراوە، كەچی وەزیری دەرەوەی عێراق و یەكێك لە سەرانی هاوپەیمانیی نیشتمانیی و سەرۆكی حزبێكی سیاسی بەم شێوەیە بیربكاتەوە؟ چۆن چارەسەری یەكلاییكەرەوە بێتە ئاراوە كە كەسێك هەبێت دژی مافەكانی پێشمەرگە دەنگبدات؟ چۆن چارەسەری یەكلاییكەرەوە بێنینە ئاراوە كە لەوەتەی ساڵی 2014 وە بوودجە بڕاوە؟ چۆن چارەسەری یەكلاییكەرەوە ئەنجام دەدرێت لە بەغدا پیلانێكی چەپەڵ دژی پێكهاتەی كورد لەئارادا بێت؟
ناكرێ چارەسەری یەكلاییكەرەوە بێتە ئاراوە و ئێمەش بڕوامان بە دەوڵەتی مەدەنی نەبێت، یان كەسانێك هەبن هەوڵی تۆڵەسەندنەوە لە خەڵكی موسڵ بدەن گوایە رۆڵەی یەزیدو مەعاویەن، پێموایە كە دەوڵەتی مەدەنی لە عێراق هەتاهەتایە كۆتایی هاتووە لەسایەی دەركردنی ئەو یاسایانەی كە مۆركی تایفەگەرییان پێوەیە، ناكرێ، چونكە بەراستی عێراق بەرەو گۆڕانكاریی ریشەیی و جوگرافیای تازەیە، بەتایبەتی دوای كۆتایی رزگاركردنی موسڵ، هەموو ئەگەرێك لەئارادایە، وەك دابەشبوون یان كۆنفدڕالی یان فیدڕاڵی، عێراقیش ناگەڕێتەوە سەردەمی پێشووی، مەگەر بە كودەتایەكی سەربازیی خوێناوی، چونكە مێژووی عێراق خوێناوی و ترسناكە، هەرچەندە ئەم ئەگەرە لە واقیعەوە دوورە.
* پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق