تێگەیشتنی كوردانە لەئایین
December 26, 2016
وتار و بیروڕا
نموونەی دی، (ویگرام) كە قەشەیەكی سكۆتلەندیی بوو لەخەمی مەسیحییەكانی كوردستاندا بوو، بەڵام كاتێك شێخ عەبدولسەلامی بارزانی بینی، ئەو زیاتر لەخەمی مەسیحییەكانە، بۆیە ئەڵێ: یاشێخ ئەم خزمەتەی كە بە تۆ ئەكرێ بۆ مەسیحییەكان، بەمن ناكرێ، بۆیە لەبەرئەوە من دەڕۆمەوەو دڵنیام مەسیحییەكان لای ئێوە پارێزراو دەبن.
نموونەیەكی دیكە، شێخ سالاری حەفیدی نەوەی كاك ئەحمەدی شێخ، خوا تەمەنی درێژبكات، لەبۆردی مافی چارەنووس لەیەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان پێكەوە هاوكارین، بۆی گێڕامەوە دەیگوت: جارێكیان كۆمەڵێك لەدانیشتووانی شاری سلێمانی هاتن بۆلای كاك ئەحمەدی شێخ و گوتیان: یاشێخ موسڵمانان لەناو بازاڕدا بە ئێمەی مەسیحی ئەڵێن گاور، بەڵكو لە وەعزەكانتدا هەندێك ئامۆژگارییان بكەی.
شێخ چەندجار وەعزیان بۆ دەدات، سەیردەكات كاریگەری كەمە، بۆیە كە كوڕێكی هەیە بەناوی شێخ محەمەدی بچووك كاك ئەحمەدی شێخ دێت بۆ ئەو كوڕەی خۆی كچێكی مەسیحی دەخوازێـت، ئەوجا بەو خەڵكە دەڵێت: خەڵكینە ئەوە من ئەو كچەم مەسیحییەم خواستوە بۆ ئەم كوڕەی خۆم كە ئێوە پێیان دەڵێن گاور، ئیتر ئەگەر قسەی خراپ بەوان بڵێن، وەك ئەوە وایە بەئێمەتان وتبێ.
هەر بۆ زانیاریی زیاتر كاتێك كوڕەكەی كاك ئەحمەدی شێخ لەم هاوسەرە مەسیحییەی كوڕێكی دەبێت، دەیەوێت ناوی بنێت (محەمەد)، بەڵام كاك ئەحمەدی شێخ دەڵێت: ئەو ژنەش بەشی هەیە لەم منداڵەدا، بۆی دەبێت ناوێكی لێ بنێیت كە بۆ هەردوولاتان ئاسایی بێت، ئەوسا ناوی دەنێن عیسا.
نموونەیەكی دیكە، كەخودی شێخ سالاری حەفید بۆی گێڕامەوە، دەیگوت: لەساڵی 1991هەتا1999 یەكێك هەبوو بەرپرسی لیژنەی مافی مرۆڤ بوو لەعێراق، وەزیری پێشووی دەرەوەی هۆڵەندا بوو، ناوی (ماكس ڤاندەرشتول) بوو. ماكس ڤاندەرشتول كاتێك كە شێخ سالاری حەفید دەبینێ، دەڵێ: یاشێخ هەندێك ئاگاتان لەكەمینە ئایینییەكانی كوردستان بێت، چونكە من لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بەرپرسی ئەو دۆسیەیەم، شێخ سالاری حەفید دەڵێ، پێمگوت: باپیری من كە كاك ئەحمەدی شێخە لە سلێمانییەوە هەتا مەهاباد چووە لەسەر داوای جوویەك، ئەویش ئەڵێ چۆن؟ شێخ ئەڵێ: لەمەهابادی ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا شەڕێك لەنێوان ماڵێكی موسڵمان و ماڵێكی جوودا دروست دەبێت، موسڵمانەكان لەسەر ماڵە موسڵمانەكەیان كردۆتەوەو ئازاری جووەكەیان داوە، جووەكە لەمەهابادەوە هاتووە بۆ سلێمانی بۆ لای كاك ئەحمەدی شێخ و گوتوویەتی: یاشێخ موریدێكی تۆ لە مەهاباد شەڕی لەگەڵدا كردووم، گەلەكۆمەكیشیان لێكردووم.
كاك ئەحمەدی شێخ لە سلێمانییەوە دەچێ بۆ مەهاباد، كاتێك ئەو هەموو موریدەی شێخ دێن بەپیریەوە لە مەهاباد هەر یەكەیان دەڵێت: فەرموو یاشێخ بۆ ماڵی ئێمە، شێخ دەڵێ : بۆ ماڵی كەستان نایەم، دەچم بۆ ماڵی ئەو جووە، لای ئەو دەبم، ئێوە ئەوتان ئازار داوە.
پاشان ئاشتیان دەكاتەوەو پێیان دەڵێ: ئەمانە لەگەڵ ئێمەدان لە وڵاتی خۆیاندان، هەموومان هاووڵاتی یەك وڵاتین.
بەم جۆرە لەمزگەوتی سووردا كاك ئەحمەدی شێخ یەك مانگ دەمێنێتەوە، یەك مانگ وەعزو ئیرشادیان دەكات كە چۆن بن لەگەڵ پێكهاتە ئایینییەكاندا.
جا بۆ ئەوەی نەوەی ئێستامان بەم شێوەیە بەردەوام بن لەسەر ئەو تێگەیشتنە كوردانەیە لە ئایین، سێ خاڵی زۆر سـەرەكی و پێویست دەخەینەڕوو:
یەكەم: لەنیشتمانی ئیسلامییەوە بێینەوە بۆ ئیسلامێكی نیشتمانیی، واتە زیاتر لەخەمی ئیسلامێكی نیشتمانیی خۆمان بین، بەتێگەیشتنی كوردانەی خۆمان بەزمانی خۆمان، لەزەمین و زەمانی خۆماندا.
دووەم: لە بەئیسلامیكردنی كوردەوە بێینەوە بۆ بەكوردیكردنی ئیسلام، واتە واز لەوە بێنین كە خەڵكێك هێشتا لایان وایە ئێمە لەئیسلام نەگەیشتووین و، دێن بۆ ئەوەی ئیسلاممان پێ بناسێنن. با لەمەودوا لەخەمی بەكوردیكردنی ئیسلامدا بین، واتە تێگەیشتنی خۆماڵیی خۆمان هەبێت، نەك هاوردە.
سێیەم: لەگڵۆبالەوە بێینەوە بۆ لۆكاڵ، وەك ئەڵێن جیهانییانە بیربكەرەوە، بەڵام لۆكاڵییانە پیادەی بكە.
زاناو عاریفانی كورد كاری زۆر باشیان لەبواری تێگەیشتنی كوردانە لەئایین كردووە، بۆیە ئێستا ئێمەی كورد ئەگەر كەمتەرخەم بین لەبواری پێشكەوتنی ماددیداو شتەكان هاوردە دەكەین ئەوە ڕاستییەكی تێدایە، بەڵام لەمەعریفەی ئایینیدا عاریفانی كورد مەعریفەیان هەناردە كردووە.
كەواتە پێویستە مەلاو شێخ و ئایینپەروەری كورد بەدەوروبەری بڵێ ئێمە قوتابیی كەس نین، ئێمە فەقێی كەس نین، ئێمە مامۆستای خەڵك بووین لە تێگەشتنی ئایین و ئەمەش بەرهەمەكەمانەو بەرهەمی تێگەشتنەكەی ئێمە لەئایین لەهەموو تێگەیشتنی ئەم ناوچەیە جوانترە. كەواتە ئێمە ئەبێ متمانەمان بەخۆ بێت، نەك ببینە فەقێی خەڵكی دی. ئێمە مامۆستاین، ئەگەر لەشتی دیكەدا هاوردەكار بین، ئەوا لەتێگەیشتنی مرۆڤدۆستانەی ئایینیدا ئێمە دەتوانین ببەخشین.