بزووتنەوەی گۆڕان لەئاژاوەدا دەبووژێتەوەو لەسەقامگیریدا دەپووكێتەوە

بزووتنەوەی گۆڕان  لەئاژاوەدا دەبووژێتەوەو لەسەقامگیریدا دەپووكێتەوە
هەر پێنج فراكسیۆنە كوردستانییەكان (پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، كۆمەڵی ئیسلامی) لەپەرلەمانی عێراقدا سەرەتا كارو چالاكییەكانیان باش بوون و لەنێوان خۆیاندا یەكگرتوو بوون و هەڵوێستیان یەك بووە، بەتایبەتیش لەپرسە ستراتیژی و نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا، هەموویان بەڵێنیان دابوو بە جیددی كار لەپێناو كوردستاندا بكەن، لێرەوە پارتی دیموكراتی كوردستان بیرۆكەی هاوپەیمانیی كوردستانی تازەكردەوە و هەمووشیان پێشوازییان لەم بیرۆكەیە كرد، جگە لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانی، كە دوودڵ و راڕا بوو، بەتایبەتیش پەرلەمانتار ئاڵا تاڵەبانی سەرۆكی فراكسیۆنەكە كە دەیویست خۆی ببێتە سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە، بەڵام فراكسیۆنی پارتی ئەمەی رەتكردەوە، چونكە مافی پارتی بوو، بەتایبەتیش دوای ئەوەی كە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی بە فراكسیۆنی گۆڕان بەخشی، كە ئەم هەڵوێستەش تووڕەبوونی لەنێو پەرلەمانتارانی پارتی لێكەوتەوە، دواتر قەناعەتیان هات كە بەرژەوەندیی نیشتمان و نێوماڵی كوردو یەكخستنی گوتاری سیاسیی كورد لە هەموو پۆستێك چاكترە.
كاندیدكردنی پەرلەمانتار ئارام بۆ ئەو پۆستە گرنگ و هەستیارە هەڵەیەكی ستراتیژی بوو، پێش هەموو شتێك كەسایەتییەكی لاوازو هەلپەرستەو لە پاشخانێكی فیكری وشكەوە هاتووەو زمانی عەرەبیش نازانێت، هەندێ جار دەبێتە مایەی گاڵتەپێكردن كاتێ كە سەرۆكایەتیی دانیشتنێكی پەرلەمان دەكات، پاشان ئەومان بینی لە خۆپیشاندانەكانی سلێمانی چۆن مامەڵەی لەگەڵ پرسەكاندا دەكرد و چۆن بیری دەكردەوەو پلانی دادەڕشت بۆ ئەوەی سلێمانی بچێتەوە سەر بەغدا، ئەوەی بە ئەرێنی و نەرێنی لە هەرێمی كوردستان روودەدات، بە دڵنیاییەوە رەنگدانەوەی بۆسەر واقیعی بەغدا دەبێت، ئەو خۆپیشاندانە ئاشتییانەی لە پارێزگای سلێمانی روویاندا و دواتر ئاژاوەو ئاشووبی لێكەوتەوەو بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستانیان كردە ئامانج، لە ئاكامدا چەندین كادیر شەهید و برینداربوون، ئەمانە هەموویان پیلانی گۆڕان بوون، لە راستیدا بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر كەلتووری رق و كینەو دوژمنكاریی درووست بووە و چارەنووسیشی هەر شكست و هەرەسهێنانە.
دوای ئەوەی هەوڵەكانی گۆڕان لە رێی توندوتیژی و تیرۆرو پەڕگیری لە سلێمانی شكستیان هێنا، ئەم جارە هەوڵی دا ئاژاوەكە بگوازێتەوە بۆ هەولێر، ئەویش لە رێی یوسف محەمەدی سەرۆكی پەرلەمان، لە دانیشتنێكی پەرلەمانی كوردستاندا ئەوان سووربوون لەسەر سەپاندنی رای خۆیان بەسەر پارتی دیموكراتی كوردستان تایبەت بە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم، لە راستیدا تەنانەت پارتیش لاریی لەم یاسایە نەبوو، بەڵكو لاریی لە شێوازی خستنەڕووەكەی هەبوو، زانراویشە كە كوردستان و تەنانەت عێراقیش سیستەمە سیاسییەكانیان لەسەر بنەمای رێككەوتن وسازانی سیاسی دامەزراون، نەك لەسەر شایستەی هەڵبژاردن، هەموو شتەكان بەپێی رێكەوتنە سیاسییەكان رێكخراون، دیارە دوای كۆتایی هەڵبژاردنەكان لەگەڵ هەموو حزبە بەشداربووەكان لە حكومەت بەتایبەت لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان رێككەوتن كرا سەبارەت بە بەڕێوەبردنی وڵات، ئەو چوار ساڵە كە ساڵانی سەقامگیری دەبێت، بەڵام دوای ماوەیەك گۆڕان هەستی كرد كە ناتوانێت جەماوەری خۆیان رازی بكات، بۆیە دەستی كرد بە پێشێلكردنی رێككەوتنەكەو پەنای بردەبەر ئەم هەنگاوە، دیارە گۆڕان بە سرووشتی خۆی لە ئاژاوەدا دەبووژێتەوەو لە سەقامگیریدا دەپووكێتەوە، بۆیە دوای ماوەیەك لە سەقامگیریی سیاسی هەستی بە پووكانەوە كرد، ئەگەر بەردەوام بووایە رەنگە كۆتایی بهاتایە، بۆیە گەڕایەوە بۆ شێوازەكەی جارانی بە ئاژاوەنانەوە و پشێوی تاكو سەرلەنوێ ببووژێتەوە، گۆڕان هەموو رێكەوتننامە سیاسییەكانی بەلاوە نا، وەك بڵێی یوسف محەمەد بە حەق و شایستەی هەڵبژاردنی خۆی بووبێتە سەرۆكی پەرلەمان، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانیش لە بەغدا بە هەمان شێوە، زانراویشە كە پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەموو حزبە كوردستانییەكان كەمتر پۆستی هەیە ئەگەر پشت بە پێوانەی شایستە و مافی هەڵبژاردن ببەستین، بەڵام نەریتی سیاسیی لە عێراق و كوردستان بەم شێوەیەیە كە رێككەوتنی سیاسی بناغەی پرۆسەی دیموكراسییە، بۆیە دەبینین كە پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەموو حزبە سیاسییەكانی عێراق و كوردستان زیاتر بەم پرەنسییپەوە پابەندە، مەبەست سازان و رێككەوتنی سیاسییە، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات دەركەوت كە بزووتنەوەی گۆڕان سوورە لەسەر پێشێلكردنی رێككەوتنی سیاسی واتا چاوخشاندنەوە بە هەموو جومگەكانی دامەزراوە دەستوورییەكان.
چەند بەزەییمان پێداهاتنەوەو ئامۆژگاریمان كردن كە چی دیكە لە میدیا عەرەبییەكان باسی كێشەكانی كوردستان نەكەن، با لە كەناڵە كوردییەكان باسی كێشەكان بكەین، بەڵام ئەوان هەر لەسەر ئەمە سووربوون، ئەوەی مایەی پێكەنینە ئەوەیە كە هیچ پەرلەمانتارێكی گۆڕانمان نەدیوە عەرەبی بزانێت، بۆیە دەبینین كاتێ لە كەناڵە عەرەبییەكان قسە دەكەن هەموویان گاڵتەیان پێدەكەن، مایەی سەرسوڕمانیشە پەرلەمانتار سروە عەبدولواحید كە سووكایەتی بە ماڵباتی پێشمەرگە كرد، هاوكات پێشمەرگەشی بە میلیشیا وەسفكرد، لە هەموو پەرلەمانتارەكانی گۆڕان زیاتر لە كەناڵە عەرەبییەكاندا دەردەكەوێت، ئەویش شارەزایی لە رێزمانی عەرەبیدا نییە و لەسەر حاڵی خۆی دێت و كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەوە تۆمەتبار دەكات كە عەرەبی نازانن، لای هەموو پەرلەمانتارانی عێراقیش دیارە كە پەرلەمانتارانی پارتی چاكترین پەرلەمانتارن لە رووی زانینی زمانی عەرەبییەوە.
كێشەی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ئەوەیە كە ئامادەیە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ هەر لایەك بكات هەتا ئەگەر بەوە ناسرا بێت كە دوژمنایەتیی گەلی كوردستان بكات، ئەمەش لەپێناو دژایەتیكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، كێشەیەكی دیكە كە رووبەڕووی كاری پارتی دەبێتەوە ئەوەیە كە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان فراكسیۆنێكی تەمومژاویییە و هەڵوێستەكانی روون نین، بە قسە لەگەڵمان رادەوەستێت و بە كرداریش دژمانە، هەر بۆ نموونە لە لێپرسینەوە لە بەڕێز هۆشیار زێباری وەزیری دارایی، ئاڵا تاڵەبانی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی هاتە لای فراكسیۆنەكەمان و گوتی بەڕێز زێباری هێڵی سوورەو دژی لابردنی دەوەستین، بەڵام كە كاتی دەنگدان هات، بە ئاشكرا دەنگی بۆ لابردنی دا، لەگەڵ ئەوەی كە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دژی لابردنی زێباری بوو بەگوتەی پەرلەمانتاران بە هەردوو باڵەوە، بەڵام نازانین ئەوە تەكتیكی سیاسییە، یان ناكۆكیی قووڵی نیوان هەدوو باڵی یەكێتییە؟
بەم دواییە پەرلەمانتارانی یەكێتیی نیشتمانی و فراكسیۆنی گۆڕان و فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی پێشنیارێكیان پێشكەشكرد تا لە بوودجەی 2017 جێی بكەنەوە بۆ چارەسەری كێشەی هەرێم لەگەڵ بەغدا، بەتایبەتیش كێشەی مووچەی فەرمانبەران، ئەم پڕۆژەیە لەپشت پەردەوە نووسرابوو، بە دڵنیاییەوە كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغداو هەولێر چارەسەر ناكات، بەڵكو ئاڵۆزترو زەحمەتتریان دەكات، چونكە بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەپێی ئەو لیستە دەدات كە لای وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدڕاڵە، كە زۆر جیاوازە لەگەڵ لیستە راستەقینەكەی لای حكومەتی هەرێم، پاشان چۆن ئەوان ئەو سەفقە پڕ لە سووكایەتییە بۆ گەلی كوردستان قبوڵ دەكەن، كە بریتییە لەوەی نەوتی كەركووك رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكرێت كە كرۆك و بنەمای كێشەكەیە، ئایا ئەمە تەنازول نییە لە خوێنی شەهیدان كە خۆیان لەپێناو دڵی كوردستان بەخشیوە؟ ئایا ئەمە بەعەرەبكردنی راستەقینەی شارێكی كوردیی نییە بە دەستی كورد؟
بۆیە پێموایە كە ئەم پڕۆژەیەی كە پێشكەشیانكرد پڕۆژەیەكی سیاسیی مەترسیدارە و بەرژەوەندیی دوژمنانی كوردستان بەدی دێنێت، ئامانجیش لەوە شكستپێهێنانی سەربەخۆیی ئابووریی هەرێمی كوردستانە، چونكە چاك دەزانن، یەكەم شت پارتی دیموكراتی كوردستان خاوەنی ئەم پڕۆژە ستراتیژییە نیشتمانییەیە، دووەمیان بەدیهێنانی ئامانجێكی ستراتیژیی دوورمەودایە كە بریتییە لە دوورخستنەوەی پارتی لە پڕۆسەی سیاسی لەمیانی كورتكردنەوەی رۆڵی پارتی لە هاوپەیمانییەتییەكانی دادێی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو، سێیەمیان لەگۆڕنانی خەونی نەتەوەی كوردە بە دامەزراندنی دەوڵەتێكی رەوا بە سەرۆكایەتیی سەرۆك مسعود بارزانی، چوارەمیان پێكهێنانی بەرەیەكە بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بە سەرپەرشتیی ئێران لەپێناو گەڕاندنەوەی نوری مالیكی بۆ سەرۆكایەتیی وەزیران كە دوژمنی سەرسەختی پارتی دیموكراتی كوردستانە.
دوا وتە، من پێموایە كە دەرفەت رەخساوە بۆ فراكسیۆنی گۆڕان لەپێناو چاوخشاندنەوە بە سیاسەت و هەڵوێستەكانی خۆی، چونكە سووربوونی لەسەر عینادیی خۆی لە رووی سیاسی و میللییەوە سەری دەخوات، سەیركە پەرلەمانتارەكەیان سروە عەبدولواحد لە ئاكامی ئەو لێدوانە قین لەدڵ و قێزەوەنانەی لەهەمبەر ماڵبات و كەسوكاری پێشمەرگە، تەنیا سەرشۆڕی و ریسوایی بۆ مایەوە لەبەردەم گەلەكەی و لەبەرامبەر دەنگدەرانییەوە، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گۆڕان و هەموو فراكسیۆنەكانی كوردستانی روونكردۆتەوە كە كێشەو كەموكوڕییەكانمان لە هەوڵێیر چارەسەردەبن نەك لە بەغدا، رێزدار مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەستپێشخەرییەكی بوێرانەو واقیعیانەی خستەڕوو تاكو وڵاتمان لەو قەیرانە سەختە رزگاری بێت، كاتێ تەنازولی لە سەرۆكایەتیی هەرێم كرد، كە لەسەر یەكێك رێكبكەون بۆ ئەوەی شوێنی بگرێتەوە لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا، هەمان شت بۆ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان چونكە دەستەیەكی سەركەوتوو نەبوو، بەتایبەتیش یوسف محەمەدی سەرۆكی پەرلەمان، لەبەرئەوەی ئەجێنداكانی حزبەكەی لە دەزگایەكی میللی و شەرعی جێبەجێ دەركرد، دواتر پێكهێنانی حكومەتێكی تازەو بەهێز كە توانای چارەسەركردنی كێشەكانی هەبێت، پێموایە ئەم دەستپێشخەرییە تەنیا چارەسەرە، ئەوەی دەیەوێت یارمەتیی ئەو وڵاتە بدات پێویستە بە قەناعەتەوە قبوڵی بكات، ناشبێت مەرج بسەپێنێت و پڕۆژە پێشكەش بكات، كاتمان نەماوەو گەل لەمە زیاتر بەرگە ناگرێت، با بەیەكەوە دابنیشین و كێشەكانمان لە كوردستان چارەسەربكەین و پەنا نەبەینە بەر بەغدا.


* پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق


Top