ئاڵا و هێز

ئاڵا و هێز
(هەمیشە پێشمەرگەکانمان بەگیانى خۆیان شکۆى ئاڵاى کوردستانیان بەرز ڕاگرتووە، سڵاو لەگیانفیداى و بەخشندەییتان)
ئاڵا و هێز دوانه‌يه‌كى له‌يه‌كدى دانه‌بڕاون. هه‌ميشه‌ به‌ته‌نيشت يه‌كتره‌وه‌ن، ته‌ريبن به‌يه‌كترى، بگرە تێک ئاڵاون، تا ئه‌وه‌ى ناكرێت ئاڵا بێ هێز هه‌ڵبدرێت، هه‌ر ئاڵاشه‌ نوێنه‌ر و ناسنامه‌ و به‌رجه‌سته‌كه‌رى هێزه‌.
گه‌شتى دوانه‌يى ئاڵا و هێز زۆر كۆنه‌، به‌رده‌وامه‌، بێ كۆتايه‌. قه‌ت له‌يه‌كترى جيانه‌بوونه‌ته‌وه‌ و نابنه‌وه‌. هه‌ڵكردنى ئاڵا بۆ کۆکردنەوەى هێز دەبێت، دواى به‌كارهێنانى هێزیش يه‌كه‌م كارى هێزى سه‌ركه‌وتوو هه‌ڵكردنى ئاڵاكه‌يه‌تى. كاتێك هێز سه‌رده‌كه‌وێت، ئاڵاكه‌ى به‌سه‌ر قه‌ڵه‌مڕه‌ويه‌كه‌يدا ده‌شه‌كێته‌وه‌، كاتێكيش ئاڵا ده‌شه‌كێته‌وه‌ ده‌زانين هێزى كێ گه‌يشته‌ كوێ. قه‌ت نه‌بووه‌ و نابێت ئاڵا به‌بێ هێز هه‌ڵبدرێت. قه‌ت نه‌بووه‌ و نابێت ئاڵا به‌بێ هێز به‌رده‌وام بێت، قەت نەبووەش هێز بەبێ ناسنامە و ئاڵا بەردەوام کۆببێتەوە.
ئه‌وه‌ ئاڵايه‌ ره‌مزى هێزه‌، به‌رجه‌سته‌ى هێزه‌. تيژ تيژ ده‌چێته‌ چاوى هه‌ركه‌سێك و به‌توندى پێى ده‌ڵێت، چ ئەم هێزەیە لێره‌ سه‌روه‌ره‌، فه‌رمانڕه‌وه‌. ئاڵا سنورى نێوان هێزه‌كان ديارى ده‌كات.
ڕێزى ئاڵاكان له‌ ده‌ره‌وه‌ى قه‌ڵه‌مڕه‌وى هێزه‌كانياندا ئەوەندە گرنگ نيه‌، ‌وەک له‌چوارچێوه‌ى قه‌ڵه‌مڕه‌ویەکانیاندا، ئاڵاكه‌ى چه‌ند شكۆداره‌؟ چه‌ند به‌به‌هايه‌؟
به‌هاى ئاڵاكان له‌ ڕێزى دوژمن و نه‌يارانيه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ناگرێت، به‌ڵكو له‌ ڕێز و خۆشه‌ويستى و ئينتماى لايه‌نگرانى هێزەکەیدایە کە به‌رجه‌سته‌ى ده‌كات.
گرنگ نيه‌ نه‌يارانمان ئاڵاكه‌مان ده‌سووتێنن، گرنگ ئه‌وه‌يه‌ ئێمه‌ چه‌ند له‌ژێر په‌رچه‌مى ئه‌و ئاڵايه‌دا يه‌كڕيزين؟ چه‌ند بۆ ئه‌و هه‌رێم و نه‌ته‌وه‌يه‌ى، ئه‌و ئاڵايه‌ نوێنه‌رايه‌تى ده‌كات،دڵسۆزين؟ چه‌ند به‌شه‌كاوه‌يى ده‌يهێڵينه‌وه‌ و تا كوێى ده‌گه‌يه‌نين؟
بۆيه‌ وه‌ڵامى هه‌ره‌ كه‌مه‌رشكێن بۆ سووتێنه‌رانى ئاڵاكه‌مان، خۆشه‌ويستى پترى ئێمه‌يه‌ بۆ ئه‌و هێزه‌ى (كوردستان) ئاڵاكه‌مان نوێنه‌رايه‌تى ده‌كات.
كه‌واته‌ پره‌نسيپه‌كه‌ ئه‌وه‌يه‌:
من (هێز) لێره‌م كه‌واته‌ ئاڵاكه‌م لێره‌يه‌... ئاڵاكه‌م لێره‌يه‌ كه‌واته‌ من لێره‌ به‌هێزم.
Top