یادی مەولوود كورد دایهێناو دەبێت كوردیش نوێی بكاتەوە

یادی مەولوود كورد دایهێناو دەبێت كوردیش نوێی بكاتەوە
یادكردنەوەی رۆژی لەدایكبوونی پێغەمبەر (درودی خودای لەسەر) زۆربەی زۆری مێژوونووسانی كۆن و نوێ دان بەوەدا دەنێن كە ئەوەی بۆ یەكەمین جار ئەم یادەی كردبێتەوە بەشێوازێكی شایان بەخاوەنی یادەكە، سوڵتان موزەفەری فەرمانڕەوای هەولێر بووە.
(ئیبنو خەلەكان)ی خۆمان دەڵێت: (نازناو و ژیاننامەی ئەم پیاوە كەسایەتییەكە كە بە درێژایی مێژووی خۆمان كەسێكی وامان نەدیوە ئەوەندە خێرخوازبێت، كەسێك بووە كاری نامۆ و كاری دژ بە شەرعی قەت لێ نەبینراوەو هەرگیز نەیهێشتووە كاری ناپەسندو كاری ناشەرعی لە سنووری مەملەكەتەكەی ئەودا رووبدات، زۆر خاكیی بووە، زۆریش حەزو خۆشەویستی بۆ زانایان هەبووە.)
بۆ ئەم یادە لەتەواوی مەملەكەت و ئیمارەتەكانی دیكەوە خەڵك بانگكراون بۆ ئێرە، بەشێكی چالاكییەكان بریتی بوون لەخوێندنەوەی ئەناشیدو مەدایحی نەبەوی، بەشەكەی دیكەی بریتی بووە لەسازكردنی كۆڕو سیمیناری جۆراوجۆرو خستنەڕووی كتێبی تازەی نووسراو و مونازەراتی نێوان فوقەهاكان و نمایش و مانۆڕی سەربازیی سوارچاكان و سەربازان و هێزی دەوڵەت، هەمووی خراوەتە بەرچاو و خەڵك بینیویەتی.
ئەم یادە لەئەمڕۆی كوردستاندا شێوازێكی كلاسیكی لەخۆگرتووە كە پێویستییەكی زۆری هەیە بەنوێكردنەوەو هاوچەرخكردنی، بەمەبەستی پیشاندانی رووی زانستی و هاوچەرخانەی ئەم یادە لەكوردستان بەگشتی و لەهەولێری لانكەی یەكەمجاری یادەكەشدا بەتایبەتی، بۆئەمەش لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لەپەرلەمانی كوردستان، بەهەماهەنگی لەگەڵ یەكێتی زانایانی ئایینی و وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، دەتوانن چەند هەنگاوێك بنێن لەڕێگەی:
یەكەم: دامەزراندنی دەستەیەكی باڵا بەناوی دەستەی باڵای یادی مەولوود، كەپێكبێت لە:
وەزارەتی ئەوقاف – سەرۆك
نوێنەری وەزارەتی تەندروستی – ئەندام
نوێنەری وەزارەتی شارەوانی - ئەندام
نوێنەری دەستەی ژینگە - ئەندام
دووەم: وەزارەتی ئەوقاف بەرپرسە لە:
1- سازكردنی ئاهەنگێكی ساڵانەی نێودەوڵەتی بۆ یادی مەولوود لەهەولێر، وەك بەردەوامیپێدانێك بەكارەكانی سوڵتان موزەفەری داهێنەری یادی مەولوودو دیراسەكردنی جێگیركردنی ئەم یادە بە رۆژژمێری زایینی كە یادەكە دەكەوێتە 20ی نیسانی هەموو ساڵێك، وەك هەندێك سەرچاوە دەڵێن، سوڵتان موزەفەر هەموو ساڵێك ئەم یادەی لەبەهاردا كردۆتەوە.
2- بانگهێشتكردنی زانایانی شارەزاو تیپە ناسراوەكانی مەدائیح و ستایشكردنی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر) بۆ هەرێمی كوردستان و سازكردنی هەفتەیەكی رۆشنبیریی نێودەوڵەتی.
3- پێداچوونەوە بەتیپەكانی خوێندنەوەی مەولوود، لەڕێگەی تۆماركردن و مۆڵەتپێدانیان، بەم مەرجانەی لای خوارەوە:
1- هەر تیپێكی مەولوودخوێن لە(3) كەس كەمتر نەبێت و لە(5)كەسیش زیاتر نەبێت.
2- هەر تیپێك ناوێكی كوردستانیی گونجاوی تایبەت بەخۆی هەبێت.
3- ئەندامانی تیپ پابەند بن بەبنەما ئایینییەكانەوە، لەنێو كۆمەڵگەشدا خاوەنی كەسایەتی و پێگەی كۆمەڵایەتیی شیاو بن.
4- دیاركردنی ماوەی خوێندنەوەی مەولوودو بڕی پارەی وەرگیراو.
5- هەڵسەنگاندنی ئەو هۆنراوانەی دەكرێنە سروودی ئایینی لەڕووی وشەو ماناوە.
6- لادانی ئەو ئاوازانەی كەپێشتر لەبواری دیكەدا بەكارهێنراون.
7- پەسەندكردن و خەڵاتكردنی دانەرانی هۆنراوەو ئاوازی نوێ و شایان بەپێگەی یادەكە.
8- هاندان و پشتگیریكردنی ئەو تیپە ئایینییانە بۆ خۆڕێكخستن و كۆبوونەوە لەژێر چەتری كۆمەڵەیەكدا بەنێوی (كۆمەڵەی مەولوودخوێنانی كوردستان)، بەمەبەستی پاراستنی پێگەی كارەكەیان و دوورخستنەوەی كەسانی هەلپەرست و پارەپەیداكار بەنێوی مەولوودەوە.
سێیەم : شارەوانی و تەندروستی و ژینگە: بەرپرسن لە:
1- چاودێریكردنی جۆری ئەو خواردەمەنییانەی كە دەخرێنە بازاڕ بۆ یادی مەولوود.
2- رێگرتن لەبەكارهێنانی فلیكس و نایلۆن وەك لافیتەو پابەندكردنی هاووڵاتیان بەنووسین لەسەر لافیتەی كارتۆنی، یان پەڕۆ بەمەبەستی پاراستنی ژینگە.
3- تەرخانكردنی شوێنی شیاو بۆ هەڵواسینی پۆستەرو لافیتەكان.
4- پابەندبوون بە كۆكردنەوەو هەڵگرتنەوەی لافیتەو پۆستەرەكان لەلایەن دانەرانیەوە بەمەبەستی رێزگرتن لەنووسینەكان و پاراستنیان لەتێكچوون.
چوارەم: لەسەر ئاستی هەر پارێزگایەكی هەرێمیشدا لیژنەیەكی راپەڕاندن لە دەزگا پێوەندیدارەكان بۆ هەمان مەبەست پێكبهێندرێت.
تێبینی: نوێكردنەوەی یادی مەولوود، لەساڵی 2013 نووسیومەو یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان بۆی چاپ كردووم لەهەمان ساڵداو لەسایتی یەكێتی زانایان، لینكی كتێبخانەی زانایاندا بە شێوازی پی دی ئێف هەیە.

Top