کاتى تێکشکاندنى کامیانە، تابۆکان یان سیمبوڵەکان؟
December 11, 2016
وتار و بیروڕا
نەتەوە قەوارەیەکى سرووشت کرد نیە، بەباران هەڵناتۆقێت و گەشەبکات، تەنها زمان نیە، بەڵکو قەوارەیەکى مرۆف کردە، بەجوگرافیا و زمان و مێژوو و ڕووداوەکان، بە چیرۆکى نەتەوەخوازى و تیۆریزە کردن دروست دەبێت و دادەمەزرێت. کارێکى هەروا ئاسان نیە، دونیایەک سیمبوڵ و ڕووداوو بەرخۆدانى پێ دەوێت، نەتەوەسازى دەوێت، نەک تەنها نەتەوەخوازى و بەس.
داگیرکەرانى کوردستان زۆر پێش ئێمە نەتەوەسازیان کردووە و لەجەنگى یەکەمدا ئامادەبوون، بۆیە کاتێک بونیادى سیاسەت لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بەرەو نەتەوەخوازى وەرسوڕا، ئەوان لەنەتەوەسازی خۆیان ببوونەوەو ئامادەبوون، سروود و ئاڵا و تیۆر و چیرۆکى نەتەوە و زمان و نووسین و جوگرافیاو ...هتدیان تەیار کردبوو، بەس مابۆوە ووڵاتانى زلهێزى جیهان، بەخۆشیان بێت یان ترشى، دانیان پێدابنێن و دەوڵەتى نەتەوەییان بەفەرمى بناسێنن. ئەوە تەنها کورد بوو، کەمینەیەکى کەمى نوخبە نەبێت، ئاگاى لەو سنعەت و گۆڕانە گەورەیە نەبوو.
داگیرکەرانى کوردستان زۆر باش ئاگایان لەپرۆسەى نەتەوەسازى بوو، بۆیە لەیەکەمین رۆژى حوکمڕانیان بەسەر کوردستانى داگیرکراودا، دەستیان کرد بە داڕشتنى تابۆکانى بەردەم کورد وەک بوونى ئەسڵ و فەسڵى کورد، زمانى کوردى، نووسینى کوردى، ووشەى کوردستان، ئاڵاى کوردستان، پێشمەرگە، چەک و تفەنگ بەدەست کوردەوە، سروودى کورد، ئابوورى کوردستان، نەخشە و جوگرافیاى کوردستان، دەوڵەتى کوردستان و هەرشتێکى دیکەش کە بۆنى نەتەوەسازى لێ بێت. لەوپێناوەشدا داگیرکەرانى کوردستان سڵیان لەهیچ نەکردەوە: بەلاڕێدابرن و تەزویرکردنى مێژوو، پێشێلکردنى سەرجەم مافە فەرهەنگیەکانمان، تا گەیشت بە زمان بڕین، سوتماک کردنى شارو دێ، هەژارکردن و برسى کردن، بگرە کۆمەڵ کوژى و ئەنفال و کیمیابارن و هەر جۆر تاوانێکى دیکەى دڕندانە.
گەلى کورد بۆ گەیشتن بەئامانجى نەتەوەیى ڕەواى خۆى دەبوایە دوو پرۆسەى گەورە لەیەک کاتدا بکات:
پرۆسەى یەکەم: بەهەر نرخێک بێت تابۆکانى کە داگیرکەرانى کوردستان بۆیان دانابوو تێک بشکێنێت، بۆئەم مەبەستەش دەبوایە بۆ لەفز کردن و نووسینى هەر ووشەیەکى کوردى، بۆ هەڵگرتن و حەشاردانى تەنانەت تاقە فیشەکێکى بەرگریى، ناونانى منداڵێکى بەناوى (کوردستان) ەوە، گوێ گرتن لە سروودى نەتەوەیى کورد، بگرە ووتنى گۆرانیەکى میللى کوردیش، باس کردنى تەنانەت ئۆتۆنۆمیش نەخوازە دەوڵەت بۆ کورد، دەبوایە هەزاران کوڕى گەنج لە جوانترین گەنجەکانى خۆى بکاتە قوربانە.
پرۆسەى دووەم: دەبوایە کورد نەتەوەسازى بکات، دەبوایە بتوانێت لەپەرش و بڵاوى سەرەتاى سەدەى بیستەم دەربچێت، کوردبوون تەنها زمان و جوگرافیاى دەوارنشین و خێڵە کوردیەکان نەبێت، بەڵکو مەغزایەکى تۆکمەتر و ڕوونتر و بەهێزترى هەبێت کە خۆى دەبینێتەوە لە لەمێژوویەکى یەکگرتوو، جوگرافیایەکى یەکپارچە، هەست و سۆزێکى تایبەت و گەرم بۆ یەکترى، بەرژەوەندى هاوبەش، یەک روئیا بۆ داهاتوو، یەک کار و یەک دەست لەبەرامبەر دۆست و دوژمندا. ئەمەش پێوویستى بە کار و بەرخۆدان و تیۆریزە کردنى نەتەوەخوازى بوو، پێوویستى بەدروست کردنى سیمبوڵەکان بوو تا بەیەکەوە کۆمان بکەنەوە، پێوویستى بەپیرۆز کردنى خاکى کوردستان و زمانى کوردى بوو تا ئەوەى بەزمان بڕینیش لە گۆکردنى کوردى نەکەوین، پێوویستى بە یەک سروودیى نەتەوەیى وەک ئەی ڕقیب بوو تا بەدەم کردنە ملى پەتى سێدارەوە بیڵێینەوە، پێوویستمان بەیەک ئاڵاى کوردستانى شەکاوە بوو تا ڕیزبەندى سەنگەرەکانمانى پێ دروست بکەین و بیکەینە کفنى شەهیدبوونمان، پێوویستمان بەیەک سەرکردەى کارێزمایى بوو تا بەیەک پلان بجەنگین و بەیەک پلانیش ئاشتى بەرقەرار بکەین، پێوویستمان بەپیرۆزکردنى شەهیدبوون لەپێناو نیشتمان بوو تا مردنمان پێ بەرزتر بێت وەک لەژیان. بەڵێ پێوویستمان بە سیمبوڵەکان بوو تا بتوانین تابۆکانى دوژمنان بۆیان دانبووین بشکێنین و ببینە خاوەنى یەک ناسنامە و قەوارە. ئەوەیە گرنگیى سیمبوڵەکان.
کەواتە لەماوەى خەباتى ڕابردووماندا، بەدەستێک تابۆمان دەشکاند و بەدەستێکیش سیمبوڵمان دروست دەکرد، ئەوەى ئێستا پێیگەیشتووین بەرهەمى سەرکەوتنمانە لەو دووپرۆسەیەدا. بەڵێ بە دروست کردنى سیمبوڵەکانى وەک پیرۆزى شەهیدبوون لەپێناو کوردستاندا و پێشمەرگەى کوردستان و ئاڵاى کوردستان و نەخشەى کوردستان و سروودى کوردستان بوو کە تابۆکانى سەر زمانى کوردى و نووسینى کوردى و حکومەتى کوردى و ئابوورى کوردستان و داواکردنى دامەزراندنى دەوڵەتى کوردیمان شکاند، بۆیە سیمبوڵەکانمان بنەماى مانەوە و دەستکەوتەکانمانن.
ئەو ڕەوتەى ئێستا لەناو دوژمنان و ناوخۆى کوردستانیشدا دەیانەوێت بەناشیرین کردنى هەرێمى کوردستان و زڕاندنى ناوى پێشمەرگە و سووتاندنى ئاڵاى کوردستان و بێڕێزى کردن بەسروودى ئەی ڕەقیب و بێبەها کردنى خوێنى شەهیدان و شەهیدبوون و کاڵکردنەوەى کارێزمایى سەرکردەکانمان سیمبوڵەکانمان تێکبشکێنن، ئەوانە هیچ نین زیاتر لە درێژەپێدانێکى بێ هودەى ئەو ڕەوتەى کە لەمەوپێش دەیانەویست تابۆ لەسەرداواکردنى هەموو مافێکى کورد دابنێن.
ئەو ڕەوتەى ئێستا دەیەوێت سیمبوڵەکانمان تێک بشکێنێت لەڕاستیدا، لەژێر هەر پەردەو بیانوێکدا بێت، دەیەوێت یەکپارچەیى و یەک دەنگى و یەکڕیزیمان تێک بشکێنێت و هەمیشە بەژێردەستەیى و داگیرکراوى بمێنینەوە.
دەبێت بڵێن ئێمەى کورد لەمڕۆکەدا پێوویستمان بەتێکشکاندنى تابۆکانى سەر داواکاریەکانى نەتەوەکەمانە نەک تێکشکاندنى سیمبوڵەکانمان.