دەستپێشخەرییەك بۆ ئەوەی ببێتە پرۆژە پێویستی بە میكانیزم هەیە

دەستپێشخەرییەك بۆ ئەوەی ببێتە پرۆژە پێویستی بە میكانیزم هەیە
«حزبی شیوعی كوردستان هەموو هەنگاوێك بۆ بانگەشەكردن بۆ گفتوگۆی بێ مەرج بە گرنگ دەزانێ و داوادەكات نەك تەنیا پێنج لایەنی حوكمڕان، بەڵكو تێكڕای حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەگفتوگۆیەكی نیشتمانیی بەرفراوان بەشداربن، لەپێناوی كاراكرنەوەی پەرلەمان و دانانی رێگاچارەی گونجاو بۆ بابەتی سەرۆكایەتی هەرێم و دیراسەكردنی وەزعی حكومەت، بەو ئاراستەیەش كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەكاتی خۆی لەساڵی 2017 ئەنجام بدرێت. تێكڕای ئەم هەنگاوانە زامنی یەكپارچەیی هەرێم دەكات و رێگر دەبێت لە دەستێوەردانی دەرەكی و خولیای وەدووكەوتنی جەمسەرگیری نێوخۆیی و ناوچەیی، تا لەبری ململانێی ناڕەوا كۆكاری و كۆدەنگی بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكانی ژێردەستی داعش و ئامادەكاری بۆ چەسپاندنی مافە رەواكانمان بكرێتەوە.»
***
پێش چەند مانگێگ لە چاوپێكەوتنێكدا لە سەرۆكایەتی هەرێم، حزبی شیوعی داوای لە جەنابی كاك مسعود كرد كە خودی خۆی دەستپێشخەری بكات و زەمینە بۆ كۆبوونەوەی سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان دروست بكات، بەمەبەستی گفتوگۆكردن سەبارەت بە سەرجەم رەهەندەكانی قەیرانی سیاسی لەكوردستان كە خۆی لەبابەتی سەرۆكایەتی هەرێم، كاراكردنی پەرلەمان و چاوگێڕانەوە بە دۆخی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا دەبینێتەوە. هەڵبەتە ئەم بابەتە تەنیا داواكاری حزبی شیوعی نەبوو، بەڵكو لایەنی سیاسی و كۆمەڵێك كەسایەتی سیاسی و كۆمەڵایەتی داوای دەستپێشخەری لەم جۆرەیان دەكرد.
ئەم دەستپێشخەرییە نوێیە هەندێك لەتوخمەكانی بۆچوونەكانی رابردووی تێدایە، بەڵام توخمی نوێی تیادا بەدی دەكرێ، كە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە داوا لەحزبەكان دەكرێت رێكبكەون بۆ دەستنیشانكردنی كەسایەتییەك بۆ سەرۆكایەتی هەرێم، ئەم هەنگاوەش كێشەی سەرۆكایەتی بەتەواوی لەچەمكی بە كەسایەتیكردن (شخصنة) دەردەكات، و هەڵبژاردنی دەستەیەكی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمان و گۆڕانكاریكردن لە حكومەتی هەرێم.
ئەم دەستپێشخەرییە لەم هەلومەرجەدا گرنگییەكی تایبەتی هەیە، بەڵام بۆ ئەوەی ببێتە پرۆژەیەكی زیندوو، پێویستی بە كۆمەڵێك میكانیزم هەیە، لەوانە:
ــ ئامادەبوونی لایەنە سیاسییەكان بۆ گفتوگۆی بێ مەرج.
ـ بەشداریكردنی تێكڕای لایەنە سیاسییەكانی نێو پەرلەمان لەگفتوگۆكاندا، نەك مانەوەی ئەو گفتوگۆیانە لەنێوان پێنج حزب.
ــ رێككەوتن لەسەر كاراكردنی پەرلەمان لە رێگای گۆڕانكاری لەدەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بە جۆرێك ئاسانكاری بۆ پرۆژەی رێككەوتن بكات، نەك ئاڵۆزكردنی. بۆ ئەم مەبەستەش دەكرێ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لە دەرەوەی پێنج حزبەكە پێك بێت، ئەگەر سازانیان لەسەر نەكرد.
ـ جەختكردن لەسەر خۆئامادەكردن بۆ ئەنجامدانی پێداویستییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمان لەكاتی خۆی لە ساڵی 2017.
ـ دانانی ئەنجومەنێكی سەرۆكایەتی كە لە كەسی یەكەمی سەرجەم لایەنەكانی نێو پەرلەمان پێك بێت. ئەم میكانیزمە لە حوزەیرانی 2015 لەلایەن حزبمانەوە خراوەتەڕوو، یان سازبوون لەسەر دانانی كەسێك بۆ سەرۆكی هەرێم بە شێوەیەكی كاتی لە رێگای شەرعیەتی پەرلەمانەوە، پاشان كاركردن بۆ یەكلاكردنەوەی شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم بە سازانی ئەم پەرلەمانە، یان بە دانی ئەم ئەركە بە پەرلەمانی داهاتوو. لەحاڵەتی نەبوونی سازان لەسەر ئەم دوو هەڵبژاردەیە، دەكرێ لەكاتی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە 2017، راپرسی لەسەر ئەم بابەتە بكرێت.
ـ هەڵسەنگاندنی رەخنەگرانەی كاری حكومەت و ئاوڕدانەوە لە بارودۆخی ئابووری كوردستان كە دووچاری قەیرانی ئابووری بۆتەوە، كاركردن بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە لە رێگای نەخشەڕێگایەكی نیشتمانی كە پشت بە راشكاوی و شەفافیەت و چاكسازی ببەستێت، دوور لە رەچەتەی بەنكی نێودەوڵەتی.
ـ دانانی بودجەی ساڵی 2017 لەلایەن حكومەتەوەو پێشكەشكردنی بۆ پەرلەمان.
دواكۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندی حزبمان لە راگەیاندنێكدا ئاماژەی كردووە كە حزبمان هەموو هەنگاوێك بۆ بانگەشەكردن بۆ گفتوگۆی بێ مەرج بە گرنگ دەزانێ و داوادەكات نەك تەنیا پێنج لایەنی حوكمڕان، بەڵكو تێكڕای حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەگفتوگۆیەكی نیشتمانیی بەرفراوان بەشداربن، لەپێناوی كاراكرنەوەی پەرلەمان و دانانی رێگاچارەی گونجاو بۆ بابەتی سەرۆكایەتی هەرێم و دیراسەكردنی وەزعی حكومەت، بەو ئاراستەیەش كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەكاتی خۆی لەساڵی 2017 ئەنجام بدرێت. تێكڕای ئەم هەنگاوانە زامنی یەكپارچەیی هەرێم دەكات و رێگر دەبێت لە دەستێوەردانی دەرەكی و خولیای وەدووكەوتنی جەمسەرگیری نێوخۆیی و ناوچەیی، تا لە بری ململانێی ناڕەوا، كۆكاری و كۆدەنگی بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكانی ژێردەستی داعش و ئامادەكاری بۆ چەسپاندنی مافە رەواكانمان بكرێتەوە .
حزبی شیوعی كوردستان جەخت لەسەر یەكڕیزی هەڵوێستی نیشتمانی كوردستانی دەكاتەوە، وەك بنەمایەكی گرنگ بۆ پاراستنی مافەكانی گەلەكەمان كە دوێنێ بەقوربانیی سەرجەم لایەنەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان و ئەمڕۆش بەگیانفیدایی و قارەمانیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان پارێزراوە، هەر لەم رێگایەشەوە گەلەكەمان دەتوانێ رووبەڕووی سەرجەم ئاستەنگ و بارگرژی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێتەوەو كار بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی سیاسی و هێنانەكایەی یەكڕیزی و خۆئامادەكرن بۆ قۆناغی داهاتوو بكات.

Top