سەرئەنجام، ئیرادەی خەڵك سەردەكەوێت

سەرئەنجام، ئیرادەی خەڵك سەردەكەوێت
ماوەیەكە كوردستان سەرقاڵی پڕۆسەیەكی سیاسی گەورەیەو، مشتومڕێكی گەرم لە نێوان هێزە سیاسیەكاندا سەبارەت بە پرسی سەرۆكایەتی هەرێم لە ئارادایە، بەتایبەتی لە دوای دانیشتنە پڕ كودەتاكەی 23ـی حوزەیران، كە هەوڵدانێك بوو بۆ تێكدانی ماڵی كورد، ئەو ماڵەی كە بە خوێنی شەهیدان هاتووەتە بەرهەم، كەچی لەو ڕۆژەدا لە جیاتی ئەوەی پەرلەمان ببێتە سەنتەری دڵنیایی و سەقامگیریی خەڵك، بووە دەرگایەك بۆ ڕق و كینە و هەوڵدان بۆ لەباربردنی هەموو ئەو دەستكەوتانەی كە ئەمڕۆ كوردستانی دروست كردووە، بە هەموو ویژدانێك، دەبێت بڵێین ئەوەیان دەرچوون بوو لە هەموو پرەنسیپەكانی سازان، كە بۆ ئێستای كورد لە هەموو كاتێك گرنگترە، بەتایبەتی كە ئەمڕۆ كوردستان بە بارودۆخێكی سەختدا تێدەپەڕێت.
لەو سۆنگەوە، پەیامە مێژووییەكەی سەرۆك بارزانی، كە بە ڕۆحێكی نیشتمانپەروەرانە نووسرا، پڕبوو لە هەستكردن بە مەسئولیەت بەرامبەر بە ئێستاو ئاییندەی پڕۆسەی سیاسی، یان بوو بە دەروازەیەك بۆ گەڕانەوە بۆ لۆژیكی لەیەكتر تێگەیشتن و گەڕانەوە بۆ پرۆسەی دیالۆگ كە ڕێگە خۆشكەرە بۆ گەیشتنە سەرئەنجامێك كە ببێتە مایەی هێوربوونەوەی بارودۆخەكەو ڕزگاربوون لەو قەیرانە سیاسیەی كە هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە، بۆیە ئەگەر بێت و خاڵ بە خاڵ ئەو پەیامە بخوێنینەوە، بە ئاسانی دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە هێشتا ڕێگە ماوە لەبەردەم هێزە سیاسیەكان كە پێداچوونەوەیەك بكەن بۆ گەڕانەوە بە لۆژیكی عاقڵانە، كە دەبێتە مایەی سەرلەنوێ دروستكردنەوەی ماڵی كورد، كە لە هزری سەرۆك بارزانی لە هەموو شتێك گرنگترە.
لە هەموو حاڵەتێكدا دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئیرادەی خەڵك، چونكە بەبێ بوونی ئیرادەی خەڵك دیالۆگ لە پەرلەمان ئەنجامی نابێت، سەرۆك بارزانیش هەمیشە پشت ئەستوورە بە خەڵك، كە داوا دەكات سەرلەنوێ بگەڕێنەوە بۆ پرەنسیپی سازان، بە هەستێكی نیشتمانپەروەرانەو دوور لە دەمارگرژیی و بەرژوەندی حزبی، چونكە ئەوەی ئێستا دەیبیستین ئەوەیە كە هەر هەمووان لێپرسراوانە كاردەكەن بۆ گەیشتن بە خەونی لەمێژینەی كورد، كە خەونی سەربەخۆبوونە، ئەمەش دەبێتە بنەما بۆ ئایندەی كورد كە خواستی گەورەی سەرۆك بارزانیە.
Top