پەروەردە و فێركردن وەك سامانی گشتی
November 29, 2014
وتار و بیروڕا
سامانی گشتی وەك هەر سامانێكی تر، وەك نەوت، گاز و سامانی ژێرزەوی، یان وەك سرووشت و ژینگەی هاوبەش و هەر شتێكیتری مانادار لە ژیانی ئێمەدا، ئەرك و مافی گشتی بەسەرەوەیە. گشت لە ئاست سامانی گشتیدا هەم بەرپرسیارە و هەم ماف و پشكی تیایدا هەیە. ناكرێ مرۆڤ خۆی بە خاوەن ماف و پشك بزانێت و ئەركی خۆی لە ئاستیدا جێبەجێ نەكات. شەقام شوێنێكی گشتییە، وەك شوێنێكی گشتی دەبێت باش و لەبار بێت، ئەمەیان ئەركی حكومەتە تاكو بەو باجەی لە خەڵكی دەستێنێت، نوێ و نۆژەنیان بكاتەوە. بەڵام ئەركی هەمووانیشە بیپارێزن، لانیكەم سەرپێچی لە یاساكانیدا نەكەن و بەهەڵە بەكاری نەهێنن و نەیكەنە زبڵدانێكی گشتی. فیلمێكی ڤیدیۆیی ئەمریكیم بینی كە تیایدا خانمێكی گەنج بەهۆی ماتۆڕەكەیەوە شوێن ئەو كەسانە دەكەوت كە لە ئۆتۆمبیلەكانیانەوە خاشاك و زبڵیان فڕێدەدایە سەر شەقامەكان. ئەو هەڵیدەگرتنەوە و فڕێیدەدایەوە ناو ماشێنەكان. ئەوەی مافی گشتی پێشێل بكات، دەبێت سزای خۆی وەربگرێت. ئەوە چ فڕێدانی قنچكە جگەرەیەك بێت، یان بازرگانیكردن بە نەوتەوە لەگەڵ داعش.
مافی گشتی لێرەدا و لەم تێگەیشتنەی مندا بۆ ئەم چەمكە، مانایەكی تایبەتی هەیە. (گشتی)ی لێرەدا بەمانای سەرژمێری و كۆی ئەو دانیشتووانە نایەت كە لەو شوێنە دەژین و حەقی سوودمەندییان هەیە لە سامانە گشتییەكان، بەڵكو (گشتی) لێرەدا مانایەكی زۆر لەوەش فراوانتر وەردەگرێت كە دەرەوەی ئەم كات و شوێنەش بگرێتەوە، (ئێمە) هەنووكە تیایدا دەژین. بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەم مانایەی گشتی، (ئێمە) لە چوارچێوەی دڕندەیەكدا دەركەوێت، كە تێڕوانینی بۆ گشتی و مافی گشتی، سنووردار دەكات لەو شوێنكاتەی تیایدا دەژی و خۆی دەكاتە (خاوەنداریی گشت و ڕەها)ی هەر سامانێك كە لە تەمەنی خۆیدا دەتوانێت دەستی بەسەردا بگرێت و وەك كاڵا بیخاتە خزمەت پڕۆژە و تەماعە تایبەتییەكانی خۆیەوە.
ڕەتكردنەوە و لێكردنەوە و دابڕكردن و لەبەرچاونەگرتنی مافی ئەوانەش كە لەمەودوا دێن و بەردەوامی بە نەوەی مرۆیی لە هەمان ئەم شوێنە و لە كاتێكیتردا دەدەن و خۆیان وەك ئێمە بە مرۆڤ و كورد پێناسە دەكەن، ڕۆحیی ستەمكاریی و دیكتاتۆرییەتە. ئەم دابڕكردن و بێبەرییكردن و چاوپۆشییكردن و قۆرخكردنە سەرلەبەری بیركردنەوە و سیستەمی ئەخلاقی و دادوەریی ئێمە دەخاتە ژێر پرسیارەوە. بۆیە تەنیا هەر ئەوە ئەخلاقی و ڕەوا نییە كە لە ئێستادا ڕەوایەتی وەردەگرێت، یان بە كردەیەكی ئاكارمەندانە وەسفدەكرێت. بەڵكو پێویستە ئەو ڕەوایەتی و ڕەفتارە ئەخلاقییە بۆ نەوەی داهاتوویش ڕەوا و ئەخلاقییانە بێت.
لەبەر ئەوە، سامانی گشتی پەیوەندییەكی قووڵ و ڕاستەوخۆی بە بیركردنەوەی ئێمەوە هەیە لە داهاتوو، هەروەها بیركردنەوە لە داهاتوو نیشانەی ئامانجداربوونی بیركردنەوەكەمانە و لێرەشەوە هەر هەنگاوێكمان بۆ گەیشتن بەم ئامانجە وەك ئەوەیە بیر لە داهاتوو بۆ هەمووان بكەینەوە. بۆیە داهاتوو بەهایەكی بەرزە، بەهایەكی نادیار، لێرەنەبوو، بەڵام چاوەڕوانكراو، پێشبینیكراوی ئەوتۆ كە وەك داینەمۆی بوونی مرۆیی ئێمە لە پشت بە جووڵەخستنی هەر كار و كردەوەیەكمانەوەیە.
هەموو بەهایەكی بەرز، لە بنەمادا بەهایەكی هاوبەشە. بۆیە كاتێك قسە لەسەر (پەروەردە وەك سامانێكی گشتی) دەكەین، لە هەمان كاتیشدا وەك بەهایەكی هاوبەش دەیهێنێنە ناو بیركردنەوەی خۆمانەوە، بەڵام پەروەردە و فێركردن وەك بەهای هاوبەش و وەك سامانی گشتی، جیاوازییەكی بنەمایی لەگەڵ بەها و سامانە هاوبەش و گشتییەكانیتردا هەیە. گشت سامانە گشتییەكانیتر پێش بیركردنەوەی ئێمە لە بوونی ئەوان، بۆخۆیان لە سرووشت و دەوروبەرماندا هەن و پاشان ئێمە بەهۆی ئەزموون و بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاریمانەوە، بیریان لێدەكەینەوە، ئاشكرایان دەكەین و بە دەستپێوەگرتن و بەهۆی پلانی تایبەتەوە سوودیان لێوەردەگرین، بەڵام پەروەردە وەك سامانی گشتی، ئەنجامی بیركردنەوەی پێشوەختە لە مرۆڤ و كۆمەڵگە: چۆن لە پەروەردە و فێركردن ئەو مرۆڤە لە ڕووی ئەخلاقی و بەرپرسیارێتی و زانستی و هووشیارییەوە دروستدەكەین كە بۆ داهاتوومان وەك سامانێكی گشتی بەرجەستە دەبێت؟ پەروەردە و فێركردن بە ڕامان لە ئێستا و بە بیركردنەوە لە داهاتوو وەك سامانێكی گشتی لەو مرۆڤانەدا بەرجەستە دەبێت منداڵانی ئێستا و كەسانیی دواڕۆژن و داهاتووی ئەم وڵاتەیان دەكەوێتە بەردەست.
سامانی گشتی نەك هەر سامانە بۆ ئەم نەوەیەی ئێستا لە ژیاندایە، بەڵكو سامانی گشتییی ئەو نەوانەشە كە بەڕێوەن بێنە ژیانەوە. بۆیە مامەڵەكردن و دەستبردن بۆ سامانی گشتی، هەمیشە قەیدێكی ئەخلاقی لەسەرە: بەو ئەندازەیە دەستدەبەین بۆ سامانی گشتی كە پێویستییەكانی ئێستامان بە شێوەكی ڕێژەیی بۆ پڕ بكاتەوە و ڕێگەخۆشكەربێت بۆ ژیانێكی ئاسوودەی نەوەكانی پاشتر. بەمجۆرەش بەكارهێنانی سامانی گشتی بیركردنەوەیەكی جوتجەمسەر دەكات بە بەری ئاكارەكانماندا: لەیەك كاتدا بیركردنەوە لە ئێستا و لە هەمان كاتدا بیركردنەوە لە داهاتوو.
پەروەردە و فێركردن هەر تەنیا دیسپلینێكی زانستی، یان مەهارەتێكی پیشەیی، یان بڕێك لە خزمەتكردن نییە بە كۆمەڵگە و دەستەیەكی تایبەت لە ئێستادا، بەڵكو هەڵوێستێكی ئەخلاقییانەشە لە ئاست داهاتوودا. هەڵوێستێكی پێشوەختی ئەخلاقییانەیە كە بەرجەستەكەری ئیلتیزامی ئێمەیە لە ئاست ئەوانیتری هاوچەشندا.
بەبێ فراوانكردنی تێگەیشتنمان لە پەروەردە و فێركردن بە ئاراستەی چۆنێتی دروستكردنی داهاتوو، پەروەردە لە پەروەردەی جەستەیی و بارهێنان و فێركردنی هەندێ شتی وەك كامە چاكە و كامە خراپە بە منداڵەكان و هەروەها فێركردنیش لە چوونە قوتابخانەدا كورت و بچووك دەكەینەوە. لە كاتێكدا هیچكام لەمانە مانای تەواوی پەروەردە و فێركردن نادەن بەدەستەوە. لەبەر ئەوە نیاز لە ناردنە قوتابخانە، نابێت هەر ئەوە بێت كە منداڵان لە پرۆسەیەكی دوور و درێژی چەندین ساڵەدا بە زۆر، یان بە حەزی خۆیان، ڕۆژی چەند كاتژمێرێك بنێردرێنە دەرەوەی ماڵ، بەڵكو ئەم نیازە پێویستە لە تێگەیشتنی ئێمەوە بێت لە كاركردی داهاتووییانەی قوتابخانە وەك دامەزراوەیەكی پەروەردەیی و فێركاری. بەمجۆرەش هەر وەكچۆن لە ئێستادا سەنگەرەكانی پێشەوەی جەنگ بەرگری لە مانەوەمان دەكەن، ئەوە چالاكی و سیاسەتی پەروەردەیشمان ئەو سەنگەرانەن كە داهاتوومان بۆ دابین دەكەن. ئەم تێگەیشتنە دابڕ نییە لە پێشبینیكردنی ئێمە بۆ داهاتوو كە دەمانەوێ لە ڕێگەی ئەم نەوەیەوە كە ئێستا دەیاننێرینە قوتابخانە، ئاراستەشیان بكەین بەرەو داهاتوویەك كە بەرژەوەندیی گشتی ئێمە و هاوچەشنەكانمانی تێدا پارێزراو بێت. بۆیە دەبێت لە ئێستادا بەهەمان ئەندازە بایەخ بە سەنگەرەكانی پەروەردە و پێشمەرگە بدرێت. سەركردە و شەڕڤانانی هەردوو بەرەكەی جەنگ هەمان ئەرك جێبەجێ دەكەن.
لەبەر ئەوە پەروەردە و فێركردن وەك سامانێكی گشتی، جگە لە بنەما پیداگۆكیی و زانستییەكەی، لەسەر بنەمای پرانسیپێكی ئەخلاقییەوە دامەزراوە كە تیایدا هاوچەشندۆستی و بەرزكردنەوەی ئاسایشی ژیان و مرۆڤویستی لە سەرووی هەموو شتێكیترەوەن. ئەگەر لێرەوە بڕوانینە قوتابخانە و فێركار و فێرخواز و مامۆستاكان، ئەوە بۆمان دەردەكەوێ كە ئەم دامەزراوەیە چ گرنگییەكی لە ژیانی هەر یەكێكماندا هەیە و چۆن دەتوانین لە ڕێگەی ئەم دامەزراوەیەوە ئامانجی هاوبەش و خەونی هاوبەش دروستبكەین وچۆنیش لە پێناوی ئەو ئامانجە هاوبەشەدا كۆدەنگیی ئەخلاقیانە و پراكتیكیانە پێكبهێنین. بەمجۆرەش پەروەردە و فێركردن هەر تەنیا چوون وناردنی منداڵ نییە بۆ قوتابخانەكان، هەر تەنیا فێركردنیان نییە بەوەی ناوی خۆیان بنووس و ببنە خوێندەوار، بەڵكو ئەمە هەڵگریی ئەو نیگا ئەخلاقییەشە كە ئێمە هەمانە بۆ داهاتوو، كە تیایدا بەهای هاوبەش و ئاماجی هاوبەش لە دەوری سامانێكی گشتی كۆماندەكاتەوە.
بە بڕوای من ئەم تێگەیشتنە لە پەروەدە و فێركردن هەر تەنیا بەس نییە بەشێك بێت لەو سیستەمە سیاسیيەی جڵەو و ئاراستەی ڕەوتی پەروەردەیی لە كۆمەڵگەدا دەكات، بەڵكو گرنگیشە بەشێكی جیانەكراوە بێت لە نیگای دایكان و باوكان بۆ منداڵەكانیان و بۆ داهاتووش. گرنگە ئەوانیش لەوە تێبگەن كە ناردنی منداڵەكانیان بۆ قوتابخانە هەر تەنیا ئەركێك نییە، بەڵكو هەڵوێستێكیشە لە ئاست داهاتوودا و بگرە لەوەش زیاتر: بەشدارییەكیشە لە دروستكردنی سامانێكی گشتیدا كە دەكرێ بە دڵنیاییەوە داهاتووی لەسەرەوە بینا بكرێت.
ئەم نیگایە پێویستە لە پرۆسەیەكی پەیوەنددارانە و بەشداریكەرانەی دایكان و باوكان و سەرپەرشتیاران لەگەڵ دامەزراوە فێركاری و پەروەدەییەكانیشدا پەرەی پێبدرێت و بە دەروونی بكرێت و ببێتە بەشێك لە ڕۆشنبیریی گشتیی نێوان پەروەدەكاران و فێركاران و باوان. لێرەشەوە زیندووكردنەوەی كۆی ئەو بۆنە و ڕیتواڵانەی كە ڕێگە بە بەشداریی باوان لە ژیانی قوتابخانەدا دەدات، وەك كۆبوونەی گشتی و خولی ڕاهێنان و ڕۆشنبیری و هتد، زۆر گرنگن و پێویستە بەبەردەوامی ئەنجام بدرێن بۆ ئەوەی ژیانی خێزانی و ژیانی قوتابخانەیی تێكەڵ بە یەكتر بكرێن و شوێنێكی گشتی، یان ژوورێكی ئۆپەراسیۆنی پەروەدەیی هاوبەش بێتە كایەوە كە هەمووان و پێكەوە بە ئاراستەی ئامانجی هاوبەش و پارێزگاریكردن لە سامانێكی گرنگیی هاوبەش كار بكەن.