شانۆ و ژیاریی
September 4, 2014
وتار و بیروڕا
*ئایا لەتواناماندایە بەهاكانی لێبوردەیی و پێكەوژیان و بونیادنانەوە سەربخەین وكۆمەڵگەیەكی دیموكراتی مەدەنییانە بهێنینە ئاراوە؟
*كۆمەڵگەی مەدەنی چۆن وبەچی دادەمەزرێت و دەكارێت؟
*ئەی رۆڵی رۆشنبیری بەگشتی و(شانۆ)لەم پرۆسێسەدا چییە؟
لەبەراییەكانی سەرهەڵدانییەوە (شانۆ) لەگەڵ دیموكراسیدا لەدایك بووە، لە تەك پێشكەوتنەكانی باری ژیانی شارستانی مرۆڤایەتیدا هاوئاست بووە.
گەر لەساتە درەوشاوەكانی مێژووی ئەم هونەرە دێرینە بڕوانین، ئەوا بێشك هەمان لاپەڕە رووناكەكانی شارستانیەت بەدی دەكەین. چونكە هەمیشە شانۆ بەرجەستەی ساتە درەوشاوەكانی شارستانیەت بووە. بۆیە دەبێت ئەم راستیەش ئەو بڕوایەمان لەلا سەقامگیر بكات، كە ئەستەم نییە لەقۆناغێكی مێژوویی وەك ئەوەی ئێستای كوردستان، شانۆكاری كورد بتوانێت بە پەیڤی راستگۆیانەو بوێرێك كە زادەی حەقگۆیی بێت و ئیرادەیەكی پتەو بۆ داهێنەران، رۆڵێكی گەورە بگێڕێت لەسەرخستنی ئاواتەكانی گەلەكەی و ببێتە بێگەردترین ئاوێنەی تیشكدەرەوەی مژارەكانی ژیانی.لەم پێناوەشدا هەرچۆن ئەركی حكومەتی كوردستانە لە پرۆسەی بەمەدەنیكردنی كۆمەڵگەدا درك بە بایەخ و بەهای ئەم هونەرە مەزنە بكات و زەمینەی راستەقینە بۆبرەوپێدانی بڕەخسێنێت، ئەركی شانۆكاران و بەڕێوەبەرایەتییەكانی شانۆو گروپە شانۆییەكان و دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی دیكەی كوردستانیشە: نەخشەڕێگەیەكی ئەوتۆیان بۆ كاركردنی شانۆكەیان هەبێت و بەرچاویان روون بێت دەرهەق بەو رۆڵەی كە دەبێت بیگێڕێن و ئەو پرس و پرسیارانەی كە بەردەوام لە پرۆژەكانیاندا بیورووژێنین، هەڵبەتە پەیوەندی نێوان جەماوەر و شانۆكەشمان لە بەرئەنجامی ئەو روانینەوە سەرچاوەدەگرێت وگەشەدەكات.
بێشك تا حكومەتێكی تەكنۆكرات و كەشوهەوایەكی تەواو دیموكراسی لەئارادا نەبێت، مەحاڵە ئەو ئەركە بەجێبگات و كۆمەڵگە هەنگاوەكانی بەرەو بەمەدەنی بوون هەڵبهێنێت. چونكە پرۆسێسەكە دیالیكتیكییەو بۆ جەمسەرەكانی هاوكێشەكە پەیوەستن بە یەكەوە. دیارە گەشەسەندنی شانۆ و رۆشنبیریی مەرجن بۆگەشەسەندنی شارستانی هەر كۆمەڵگەیەك، شانۆیەكی نوێ و رۆشنبیرییەكی نوێ، بونیادێكی ژیاریی نوێ دێننە ئاراوە، ئەوەی درك بەم راستیەش نەكات، بێگومان كورتبین و ناحاڵییە. بۆیە ئومێدمانە میكانزمەكانی كارابوونەوەی شانۆو لەژیانی تاكی كورددا و دەربازبوونی لەو چوارچێوە ئیعلامییەی كە لە میانەی فیستڤاڵەكانەوە پێی لەقاڵبدراوە بەرەو داڕشتنەوەی بەخششەكانی شانۆكارانی كوردستان لەنێو پرۆسەیەكی شارستانی راستەقینەدا بە ئاراستەی بونیادنانەوەیەكی تازە بۆ سێكتەرێكی گرنگی كولتوورو رۆشنبیریی كۆمەڵگەی كوردی، ئەو كۆمەڵگەیەی كە روو لە ئاوەدانی و پێشكەوتن و خۆشنوودی هاوڵاتییەكانیەتی. بەڵكو تا زووە بتوانین لەرێگەی ئەم هونەرەەوە بەگەلانی دونیا هاوتا ببینەوەو بەشارستانیبوونمان لە میانەی ئەم كایە ژیارییەدا بسەلمێنین، چونكە دڵنیام شانۆكارانی كوردیش وەك هاوەڵانیان لە جیهاندا خواستی دەسەڵاتی ژیان جوانتر دەكەن و خاوەنی ئەو ئەڤینە هەمیشەییەن كە چراكانی شانۆ دەینوێنێ و لەبەر رۆشناییەكەیدا نەنگی و نادادپەروەری و دیاردە بەدەكانی دواكەوتن و ستەم و گەندەڵی وجەهل و نەفامی رووتدەبنەوەو شەرمەزاردەكرێن.