ئەو ساتانای ناسڕێنەوە بەرەو چیا، بەرەو شۆڕش (2)
August 28, 2014
وتار و بیروڕا
ملمان بۆ سەرەوەنا، ڕێگایەكی سەرەو لێژی تاشەبەرد ڕێژی ناقۆڵا و قۆقزبوو.
سەرنجم لەگەنجێ دا،دانەویەوەو پاكەتێكی هەڵگرتەوەو بەشەڕواڵەكەی سڕییەوە، تومەس وێنەی خانمێكی گۆشتنی سپی و سۆڵێ ی بەمایۆوی لەسەر بوو، نایە تەنكەی باخەڵییەوە. برادەرێكم سیخورمەیەكی لەقەپرغەم داو گووتی: ئەوە دینار بوو هەڵیگرتەوە و لەباخەڵی نا؟
: پارەی چی! ئەوە وێنەی دیعایە و موعایەی شتێك بوو.وێنەی شەكرە ژنێكی سمت و كەفەڵ پان و پۆڕێكی لەسەر بوو.
: ئێ باشە ئەوەی ئەهێنا وا بەپەرۆشەوە قۆزتییەوە؟
: بەڵێ.چونكە دڵنیایە هەتا ئەم بارە وابڕوا نایبینێتەوە، ئیتر زاخاوی چاوەكانی ئەداتەوە.
لەم دەمەتەقێیەدا بووین،زرمە هەستاو بووە: ئەڵڵا ئەڵڵا كاك دكتۆر شكور سەلامەتی...خۆهیچ شوێنێكی نەشكاوە.
: ئاخر ئەفەنی سەر ڕووتی وەك ئەو دكتۆرە نەگبەتە و سواریی ئێسترێكی چەمووش كوجا مەرحەبا.
: نەخەتای دكتۆرە و نەئێستری بەستەزمان،چی بكات سەرسمی داوەو بەربۆتەوە.
: قەیچێكە تاسوار نەگلێ نابێ بەسوار.
: نەگبەتی وا ئیشی چییە بەسوار چاكی؟
نەنیازی گۆ و گۆچان و جرید بازیەتی و خۆ ناشیەوێ بەكۆڵێ عیلمەوە ببێ بەقەتارچی؟
بەسێ چوار دكتۆر،دكتۆری گلاوی سەرشكاویان بەرزكردەوە و لەقەراغ حەوزی مزگەوتەكە خوێنەكەی لاسەریان بۆسڕیەوەو قوڕ و پیسی جلەكانیان بۆخاوێن كردەوە.پاش كورتە وچانێك برادەرەكانم ووتیان بابچین بزانین نانێك بخۆین، وتم: بەخوا بەر لەنان خواردن با بزانم جووتێ پێڵاو ناكڕم،خۆ ئەو پێڵاوە لاستیقانە ڕۆحی دەرهێنام،لەگەڵ چوار بست هەنگاودا هەشت بڵق ئەكاتە قاچم.
هەر كە چووینە ناو بازاڕە گچكەكەی هەر دەتگووت یانەی یەكتر ناسینە و ئەوەی دەساڵ سۆراغم دەكرد دیمەوە.
لەو گەرمەی سەروسۆراغەدا بووین،برادەرێك لەدوورەوە بانگی كردم،ووتی:ئەوە كاكە لەدوورەوە تۆی بەدی كردووە، ئەڵێ بابفەرموون، ماڵی ئاوابێ، سەرمان كرد بەژوورێكی گەرم و گوڕا و خوان ڕاخرا و نانێكی خۆشمان خوارد،قبووڵی و فاسۆلیای ووشك و نانی تیری پڕ لەڕەشكە و شمڵی.
ئەو ئێوارەیەمان لەماڵەكەی كاك (ئەنوەر ئابڵاخی)لەگەڵ برادەراندا بەقسەی خۆش بەسەر برد،بەتایبەت مامۆستا(سمكۆ عەزیز)ی هونەرمەند،ئەوەی ئەیكرد و ئەیگووت هەر دەتگووت مەشقێكی دوور و درێژی لەسەر كردووە،چەندەها جار (هۆرەی جافییەكەی) ووتەوەدەركەوت وشەكانی دەستكردی خۆی بووە،چونكە ئەوەی ئەیووت بۆجاری دووەم نەیئەووتەوە، بەیانی زوو زرمەیەكی گەورە هەموومانی ڕاچڵەكاند، تومەس تۆپێكی دژە ئاسمانیان تاقی دەكردەوە، ناچار بەپەلە نان و ماستی بەیانیمان خوارد و كەوتینەڕێ، ژمارەمان پتر بووبوو، مامۆستا (شێخ تالیب بەرزنجی)یش یەكێك بوو لەو برایانە.
لەهەر قۆناغێكماندا كۆمەڵە سەربووردەیەك دەبوو، یەكێك لەو سەربووردانە لەگوندی (وڵاخلو)بوو، لەڕێگا قووڕ و چڵپاومان نەبواردوو،لەكەم شارەزاییمانەوە بیرمان لەتێشووی ڕێگا و ڕێبوارییە سەختەكەمان نەكردبوویەوە،كاتێ گەیشتینە چەقی ئاواییەكە كەسانێك لەبەر بەرۆشكەیەك خۆیان دابووە بەر هەتاو و چەند گەنجێكیش زۆر بەجۆش و خرۆشەوە موشێنمان ئەكرد،واتە هەڵماتێن،خۆشیان پێیان ئەووت(كەلا كەلاێن) دوو لەبرادەرەكانمان لەگەڵیاندا دەستیان پێكرد،دیارە لەسەر پارە بوو، نەخێر هێندەی نەبرد ئەوانیان مایەپووچ كردوو ئەوسا هەستانەوە،زرینگەی گیرفانەكانیان ئەهات،تكام لێكردن: ئەوانە هەژارن،گوناهە، ئەو بڕە پارەیەیان بۆ بگێڕنەوە، ئەوە بۆ ئێوە هیچ ناكات، بەڵام بۆ ئەوان زۆرە.
نەخێر هیچ گوێیان بەتكا و تكاكارییەكەم نەدا و قاقا لەدوای قاقا لێیان ئەدا، پاشان وتیان بابڕۆین، كەوتنە پرسیار لەو دەستە كوڕ و كاڵەی كەمووشێنەكەیان لەگەڵ كردبوون
: ئەرێ كوڕینە بۆ فڵانە گوند زۆری ماوە؟
هەمووان وەك كۆرس: ئا ئەوەتا لەو پشت هەورازە، هێندە دوور نییە، ئاوا نیو سەعات ئەبێ یان نابێ.
كورد واتەنی چەناگەیان لەسەر دانا.
هەر ڕۆیشتین و هەوراز و نشێو و چیامان بەقەدبڕی بڕی و ئاوی پێمان داهات و نەگەیشتین، نیو سەعاتەكەیان بووە دە نیوسەعاتی و پەیتا پەیتاش مامۆستا(شێخ تالیب بەرزنجی) یادی بەخێر، بۆڵەبۆڵی لێ ئەهات و ئەی وت:
ئەمە ئەوەیە (ڕیشت مەدەرە دەست هەرزەكار)، ئاخر ئەم هەڵماتێنەتان لەچی بوو؟! باشە تۆ بۆ هێشتت؟
:یاشێخ گیان كول و كاس بووم لەگەڵیان سوودی نەبوو، ئەرێ من لەبرسانا هێزم لێ بڕاوە ئەی تۆ مامۆستا؟
: ئۆتۆمبێلی بەبێ بەنزین ئەڕوات؟
: كەواتە لەبۆش لێدەخوڕی؟
لەبرسانا هەر باس باسی خواردن بوو،گەیشتینە ڕادەیەك لەهەرچییەكم ئەڕوانی، تەنانەت لەبەر پێی هەنگاوەكانیشم هەر كولێرەی گەرمم ئەبینی، گەیشتینە قەد چیایەك بەفری تواوە جۆگەلەی هەڵبەستبوو، گەیشتین بەدوو گەنج یەكێكیان زۆر بەگەرم گوڕی و ڕێزەوە چاك و چۆنی لێكردم: مامۆستا من برای (دكتۆر تەیب ی شێخ ئەحمەدم)، برسیت نییە؟ باسووقی چاكم لەگیرفان ناوە؟
: چۆن برسیم نییە،وەڵا قۆڕەی سكم دێ.
: جارێ ئەو باسووقە بخەرە دەمت و فەرموو بگرە بۆخۆت و برادەرەكانیشت.
باسووق بووژانینیەوە و ئاهمان پیاداهاتەوە و پەیتا پەیتاش قومێ بەفراوان ئەخواردەوە، هێندەی نەبرد ئاواییەكەمان لەدوورەوە لێ دەركەوت، ئەوسا زانیمان نەك هەربۆ دوورییەكە ڕاستیان لەگەڵ نەكردووین، بەڵكو بەهەڵە بەڕێگایان بردووین لەلای پشتەوە بۆ مەبەستەكەمان چووین.
لەدووكەڵكێشی ماڵەكانەوە دووكەڵی زۆپاكان لەتاریكی ئێوارەكە دەئاڵان و بەرە بەرە دەبوون بەیەك، بۆنی سووتانی دار بەڕوو تێكەڵی شێی كەژەكە دەبوو.
سڵاومان كرد: خاڵەگیان ئەم گوندە چی پێ ئەڵێن؟
: ئەمە گۆمەزەڵە. ئەوە ماڵی مەنسوولە، (واتە بەرپرسی پارتی لە ئاواییەكەدا)بچن با داتانمەزرێنێ(واتە ماڵێكتان بۆ دیاری بكات).پیاوێكی گورج و گۆڵ بوو گوڕەی داوێنی دەهات، پێشمان كەوت و داینیە دەست ماڵێك.
خانەخوێیەكەمان ژن و مێردێكی جووتیاری هەژار و ڕوتەڵە و تەواو زەحمەتكێش، بەڵام نەفس بەرز شای بەسەپان ڕانەئەگرت.
بەدڵ هەستت دەكرد ئەو گوند نشینە جوتیارانە پشت و پەنا و كۆڵەكەی شۆڕشی ئەیلوول بوون.هەر بۆیە ڕژێمی (بەعس) بۆ لەناوبردنی شۆڕش بیری لە نەهێشتنی جوتیاران كردەوە، هەرچۆن كۆمەڵگای كوردی كۆمەڵگایەكی كشتوكاڵی بوو، ویستی ئەو بونیادە سەرەكییە لەبنەڕەتەوە هەڵكێشێ، دەیزانی پەیوەست بوونی جووتیار پەیوەست بوونە بەخاك و نەتەوە و سەرجەم پایە میراتییە پیرۆزەكان.
دەمێك بوو برسیمان بوو، دەشمانزانی سبەینێ ڕێگایەكی دوور و سەختمان لەبەرە، بڕیارمان دا (بەشەرمەوە): كاكەبرا گیان، ئەگەر داوایەكمان هەیە بیكەین نیگەران نابی؟
: بەسەر چاو فەرموون؟
: پارەت دەدەینێ كەڵەشێرێكی جوانمان بۆ بكڕی و بۆشمان بكوڵێنن، بەڵام بەو مەرجەی لەگەڵمان بخۆن.
: بەسەرچاو، نۆشی گیانتان بێت، بەڵام ئێمە ناخۆین.
: دەكەواتە هیچ.
: باشە، بەسەرچاو.
بۆیان كردین بەڵام ئێوە چەند دەمتان بۆی بردووە، ئەوانیش هەروەها.
چونكە كەنەفت بووین هەر بەقنگەوە خەومان لێكەوتبوو، لاڵ و پاڵ لێی خەوتین، قوتیلەیەك لەهەیوانەكە ترپەترپی بوو دەسووتا، زۆپاكەش ترووسكاییەكی ئەدا لەوبەرەوە.
درەنگ وەختانێ دەستێ بۆ سەرووگوێلاكم هات.
: كاكە مستەفا، بۆ ناخەوی؟
بووە حەپە حەپ، توومەس سەگی ماڵەكەیە، زانیم ژن و مێردو منداڵەكەیان و ئێمە و سەگەكەیان بەیەكەوە خەوتووین؟
هێشتا ئاسمان سەر سینەی نەترازاندبوو، شێرە ژن هەستاو دەستی دایە تەورێك و كەوتە دار شكاندن و هەویر شێلاندن و ئاگركردنەوە.
برژاوی سەر سێل پیاوی حەیران ئەكرد و پاش نانی بەیانی ناوی خوامان لێهێنا و لەگەڵ برادەرەكانماندا یەكمان گرتەوە و بەرەو مەرگە كەوتینەڕێ.