کوردستان و یەكێتیی ئەوروپا لاپەڕەیەکی نوێ لە پێوەندیی نێودەوڵەتی
August 21, 2014
وتار و بیروڕا
بۆ ئەم مەبەستە کوردستان پێویستی بە پێوەندیی نێودەوڵەتی و دیپلۆماسیەتی بەهێز هەبوو بە سەرکردایەتی و رابەڕایەتییەکی لێزان و لێهاتوو، کە لە لایەک بە باشی لە سیاسەتی نێودەوڵەتی گەیشتبێت، لە لایەکی دیكەوە جێی رێز و متمانەی وڵاتانی گرنگی جیهان بێت، کە خاوەن بڕیاری چارەنووسسازن. کەسایەتییەکی بەهێزی سیاسی کە گەلی کوردستان پشتگیری بکات، لە هەمان کاتدا خاوەن هزرێکی کراوە و لێبووردە و ئاشتیخوازانە بێت و جێی متمانەی کەمینەکانی کوردستان و عێراق بێت.
سەرۆک بارزانی، کە بە دیتن و بۆچوونی سەرکردە دیارەکانی جیهان، بە تایبەتی ئەمریکا و ئەوروپا، خاوەنی ئەم پێناسانەیە، بە کردەوەش نیشانی داوە کەسی یەکەمی عێراقە کە دەتوانرێت متمانەی پێ بکرێت و پشتی پێ ببەسرێت بۆ چارەسەر کردنی قەیرانەکانی عێراق و کردنەوەی گرێ کوێرەکان لە ناوچەکەدا.
جێی سەرنج و تێڕوانینە، لە وەڵامی رۆژنامەنووسێكی فەرەنسی، کە ئایا لەبەر چی یەکێتیی ئەوروپا ئەمەی بۆ کوردستانی کرد بۆ ئۆپۆزسیۆنی سووریای نەکرد، گوتی: هەرێمی کوردستان پێشمەرگەی هەیە کە میلیشیا نییە، لە هەمووشی گرنگتر ئێمە لە کوردستان لەگەڵ سەرۆک بارزانی دانوستاندن دەکەین، کوردستان سەرۆک بارزانیی هەیە و ئەویش کەسایەتییەکی لێهاتووە، جێی متمانەی ئەوروپایە، زۆربەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا بە تەلەفۆن و لە نزیکەوە قسەی لەگەڵدا دەکەن، هەر بۆیەش ئەوروپا ترسی نییە و دوودڵ نییە لە رادەست کردنی چەکی پێشکەوتوو بە کورد.
خۆ ئەگەر بە وردی سەیرێکی گۆڕانکارییەکان بکەین دەبینین، کە چۆن وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و فەرەنسا و نەمسا و بەریتانیا و ئەوانی دیكە، یەک لە دوای یەک پێوەندی بە سەرۆک بارزانییەوە دەکەن بۆ ئاڵوگۆڕ کردنی زانیاری، پێش کۆبوونەوە گرنگەکانیان سەبارەت بە عێراق و کوردستان، پێگەی بەهێزی سیاسی و نێودەوڵەتیی ئەو کەسایەتییەمان بۆ دەردەکەوێت.
سەردانە یەک لە دوای یەکەکانی سەرۆک بارزانی بۆ پەرلەمانی ئەوروپا و وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و پێشوازی لێ کردنی لە ئاستی سەرۆکی وڵاتاندا، گەواهیی ئەو پێگە بەهێزەی سەرۆک بارزانی و کوردستانە لە نێوەندە گرنگەکانی نێودەوڵەتیدا.
بە هاناوە هاتنی خێرای وڵاتانی وەکوو ئەمریکا و فەرەنسا لەو کاتەی کە کوردستان لە هەموو کاتێک زۆرتر پێویستی بە پشتگیریی سەربازی و مرۆیی و مەعنەوی هەبوو، نیشانەی ئەو ماندوو بوون و پێوەندییانە، هەروەها ئەو سیاسەتە راستەیە، کە کوردستان لە سایەی سیاسەتی بارزانی لەم چەند ساڵەی رابردوودا پەیڕەوی کردووە، بەوەی توانیویەتی هەرێمێک دروست بکات کە وڵاتانی تری گرنگ ئامادەن بە هەموو شێوەک پشتگیریی بکەن و بوار نەدەن بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی ناحەزانییەوە. بێگومان ئەمە پەیامێکی روون و ئاشکرایە بۆ گەلی کوردستان، کە جیهان رێ نادات ئەم ئەزموونە سەرکەوتووە وا بە ئاسانی لەدەست بچێت، پەیامێکیشە بۆ ناحەزانی کوردستان کە خاکی کوردستان هێڵی سوورە. سەرۆک بارزانی هەر لە سەرەتای قەیرانەکەوە زۆر حەکیمانە، بە شێوازێکی پرۆفشیناڵ كار و ئەركی گرتە ئەستۆ، جگە لە سەرکردایەتی كردنی بەرەکانی جەنگ، سەرکردایەتیی بەرەیەکی تری گرنگی دەکرد، ئەویش بەرەی دیپلۆماسی بوو، کە رەنگە لە لای زۆر کەس دیار و بەرچاو نەبێت. ئەو دیپلۆماسیەتەی کە کوردستانی لە گەورەترین مەترسی پاراست و هەموو جیهانی هێنایە سەر پێ بۆ پشتیوانی و هاوکاری کردنی گەلی کوردستان. ڕەوانە کردنی نامەی فەرمی و پێوەندیی تەلەفۆنی و سەردانی وەزیران و بەرپرسانی ئەمریکی و ئەوروپی، کە زۆر خێرا بوو، ئنجا وەرگرتنی بڕیاری گونجاو لە کاتی خۆیدا، کارێک نییە وا بە ئاسانی کرا بێت و وا بە ئاسانیش لە سەری تێپەڕین.
لە دوایین کۆبوونەوەی گرنگدا، کە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا بوو، رۆڵی نامەی سەرۆک بارزانی کاریگەریی راستەوخۆی هەبوو لە سەر کەش و هەوای دانیشتنەکە، بوو بە هۆی لابردنی دوودڵیی هەندێک لە وڵاتانی ئەندام و هاندانیان بۆ یەکدەنگی لەبارەی پشتگیریی سەربازی و مرۆییەوە بۆ کوردستان. هەر ئەم پێوەندییە بەهێزەش وای کرد، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی گرنگی جیهان وەک ئەمریکا و فەرەنسا و ئەڵمانیا، خۆیان سەردانی کوردستان بکەن و لە نزیکەوە گوێیان لە بۆچوونی سەرۆک بارزانی بێت بۆ ئەوەی لە بڕیارەکانیاندا پشتگیریی بارزانییان پێ بێت.
ئەمە لە لایەک، لە لایەکی دیكەوە سەرۆک بارزانی هەردەم و لە کاتی هەستیاریشدا، مژدەی سەرکەوتن و پێشکەوتنی بۆ گەلەکەی دووپات کردووەتەوە، ئەمەش نیشانەی تەواو باوەڕ بە خۆ بوونە. لێرەدا زۆرمان نەگوتووە ئەگەر بڵێین، دەرەنجامی ئەو قەیران و مەترسییەی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، سەرکەوتن و بەهێز بوونی پێگەی کوردستان دەبێت لە ناوچەکە و ناوەندەكانی جیهانیدا.
لە کۆتاییشدا، کوردستان پێگەی سەربازی و سیاسی و ئابووریی خۆی بەهێزتر دەكات، بە پڕچەک بوونی پێشمەرگە و پشتگیریی نێودەوڵەتی و فرۆشتنی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا. لە بیریشمان نەچێت ئەوە سەرۆک بارزانی بوو کە مالیکیی گۆڕی.