داعش وەك چەتەگەریی ئایينی

داعش وەك چەتەگەریی ئایينی
چەتەگەری لە نێوان ساڵانی (1650) هەتا (1720)ی زایينیدا گەیشتە لووتكە. ئەو ماوەیەش بە ماوەی زێڕینی چەتەگەری ناسرا.
چەتەكان كە ئاڵاكەیان ڕەش بوو، كەللە سەرێك و دوو ئێسكی لە سەر بوو، لە دەریادا تاڵانییان دەست پێ كرد، دواتر هاتنە سەر وشكانی. سەرەتا شتی ساكاریان دەبرد، دواتر كەوتنە تاڵان كردنی زێڕ و پارە و شتی گرانبەها، رفاندن و بردنی كچان.
حكوومەتەكانی ئەوروپا ناچار بوون بەڕەنگاریان ببنەوە، بۆیە لە سەرەتای سەدەی 18دا، سەركردەی ناسراوی چەتەكانیان گرت، كە بە (بڵاك بیرد: ڕیش ڕەش) ناسرا بوو، لە نێو ئاپۆرای خەڵكدا لە سێدارەیان دا. لەمە بەدوا، وردە وردە چەتەگەرییان لە ئەوروپادا نەهێشت.
ئێستاش لەم سەرەتای سەدەی بیست و یەكەدا، كەسانێكی نامۆ بە ئایین و كەلتوور و تێگەیشتنی ئێمەومانان، هاتوونەتە سەر خاك و نیشتیمان، بە هەمان عەقڵیەتی چەتەی (ریش ڕەش)ی جاران، خاوەنی هەمان (ئاڵا ڕەش)ـەكەی چەتەكانی جارانیشن، بەڵام بەگۆڕانكارییەكەوە، لە جێی كەللە سەر و دوو ئێسكەكە، ناوی خوا و پێغەمبەری خوایان لە سەر داناوە. ئەم جارە ڕوویان لێرە كردووە بۆ چەتەیی و تاڵان، لە ژێر دروشمی ئایینیدا.
ئەوەی جێی ڕامانە ئەوەیە، ئەم جۆرە كەسانە خراپ سوودیان لە زۆر دەقی ئایينی وەرگرتووە، كە كردوویانەتە پاساو بۆ كارەكانیان، ئەمە وێڕای هەبوونی سێ فاكتەری سەرەكی بۆ خێرا تەشەنە كردنیان:
یەكەم: هەڵبژاردنی توندڕەوترین جۆری بیركردنەوەی ئایينی.
دووەم: تووشي بارێكی شڵەژاوی دەروونی و گرێی دەروونی هاتوون.
سێیەم: هەبوونی ژینگەیەكی لەبار بۆ تەشەنە كردن، ئەویش بریتییە لە توندوتیژیی ئايینی، كە بە سێ قۆناغ
ئەم جۆرە كەسانەی پێ ئامادە كراوە:
یەكەم: كار كردن لە سەر (مێشك)یان لە ڕێی تێگەیاندنی هەڵە لە ئایین.
دووەم: كار كردن لە سەر (دڵ)یان بە جۆشدانيان بە حەماسەتێكی بێ هۆشیاری.
سێیەم: كار كردن لە سەر (دەست)یان بە ڕاهێنانیان لە سەر كوشتنی خەڵك و كاری وێرانكاری.
بۆیە لە دژی داعش و هاوشێوەكانی دوو جەنگمان لە بەردەمدایە:
یەكەم جەنگێكی كورت خایەن كە پێویستی بە چەكی قورس و تەكتیكی نوێ هەیە.
دووەم: جەنگێكی درێژخایەنی فیكری لە نێوخۆدا، كە ئەركی قورس و بیری نوێی دەوێت، چونكە چارەسەری بنەڕەتی بۆ ئەم دیاردە دزێوەی داعش، هەر لە هزر و مێشكەوە دەست پێ دەكات.
داعش لە ڕووە ئايینییەكەوە، وەك نەوەی (قابیل)ی شەڕخواز وایە، كاتێك لە پێشبڕكێی چاكە كردندا توانای (هابیل)ی خێرخوازی نەبوو، ویستیی لە خراپەكاریدا یەكەم بێت.
ئەمڕۆش ئەو مرۆڤانەی لە پێشبڕكیی ژیاندا دەدۆڕێن و نایانەوێت ددان بە شكستی خۆیاندا بنێن، پەنا بۆ توندوتیژی دەبەن وەك رێگەیەكی كورت بۆ خۆ سەپاندن، لە بری خۆ سەلماندن.
بۆیە لە قابیلەوە تا ئێستاش، ئەوە دۆڕاوەكانن كە پەنا بۆ تاوان و توندوتیژی دەبەن نەك براوەكان. ئەوەشمان لە بیر نەچێت كە مەترسیی داعش لەوەدایە، نوێترین تەكنەلۆژیای سەردەم كەوتۆتە دەستی دواكەوتووترین فیكر و بیركردنەوە، چونكە ئەوان خۆیان بە هیچ داهێنانێك خزمەتی مرۆڤایەتییان نەكردووە، دوژمنایەتیی رۆژئاواشیان راگەیاندووە، كەچی خۆیان بە چەكی رۆژئاوایی موسڵمانان دەكوژن، بە ئۆتۆمۆبێلی رۆژئاواییش دێن و دەچن، بە مۆبایل و ئینتەرنێتی رۆژئاواییش كردارە قێزەونەكانیان بڵاو دەكەنەوە.
ئەم دیاردەی داعشە ئەزموونێكی تاڵی جیهانی ئیسلامی و عەرەبییە، بەرهەمی دواكەوتنی هزر و فیكرە، بۆیە پێویست بەوە دەكات لە كۆمەڵگەی كوردەواریدا، زۆر لە خەمی چارەسەر كردنی بیركردنەوەی داعشانە و توندڕەویی ئایینیدا بین، بە تایبەت پاش هاتنی زیاتر لە ملیۆنێك ئاوارە لە ناوەڕاستی عێراقەوە، كە هەندێك كاریگەریی كەلتووری و هزری نامۆ بە دوای خۆیدا دەهێنێت، ئەمەش وامان لێ دەكات لە نێوان خۆشباوەڕی و نەژادپەرستیدا، رێی سێیەم هەڵبژێرین، كە ڕێی (گاندی)یە كاتێك دەڵێت:
(من نامەوێت دیواری ماڵەكەم زۆر بڵند بێت، ناشمەوێت پەنجەرەكانی بە ڕووی كەسدا توند داخرا بن،
من دەمەوێت شنەبای كەلتووری هەموو وڵاتان بەو پەڕی ئازادییەوە لە دەورەی ماڵەكەم هەڵ بكات،
بەڵام نامەوێت كەلتووری وڵاتان ببێتە ڕەشەبا، من لە ڕەگەوە هەڵ بكەنێت).
Top