كوردستان و توركیا کێڵگەیەکی نوێی سیاسی(2)

كوردستان و توركیا کێڵگەیەکی نوێی سیاسی(2)
ڕەگوڕیشەکانی ئەو کێڵگە سیاسییە نوێیەی کە لەنێوان ئەم دیو و ئەو دیوی سنووردا دروستبووە (حکومەتی هەرێم و تورکیا)، دەگەڕێتەوە بۆ چرکە ساتێکی گرنگ لە مێژووی نزیکی تورکیادا کە بریتییە لە کودەتای (کودێتا) ساڵی 12 سێپتەمبەری 1980 لەلایەن سوپاوە. لەم چرکەساتەدا، دەوڵەتی نوێی تورکی بیناکراو لەسەر پرانسیپی «ئاسایش» و پشتبەستوو بە دەزگای داپڵۆسێنەری پۆلیسی، دوو دوژمنی سەرەکی بۆ خۆی دەستنیشانکرد، دوو دوژمن کە گەربێت و بەردەوام ڕاویاننەکات و لە بۆسەدا نەبێت بۆیان، دەتوانن لە هەر دەرفەتێکدا بۆیان بلوێت، جمهوریەتی تورکی ڕاوبکەن و لەناوی بەرن! ئەم دوو دوژمنەش بریتیبوون لە ئیسلامی سیاسی تورکی لەلایەك و بزووتنەوەی کوردی لە تورکیا و عێراقدا لەلایەکی دیکەوە.
لە جیهانبینیی نەوەی نوێی جمهوریەتدا، ئیسلامی سیاسی هەڕەشەی یەکەمە بەسەر شوناسی دەوڵەتەوە کە بریتییە لە «عەلمانیەت». چەند ئیسلامی سیاسی سەرکەوێت، هێندەش مەترسی لەسەر، نەك هەر دەوڵەت و دەزگاکانی، بەڵکو لەسەر کۆمەڵگە و چوارچێوەکانی پێکەوە ژیان دروست دەبێت. ئەم نەوە پۆلیسیەی جمهوریەتی تورکی پێیوابوو کە ئیسلامی سیاسی یەکسانە بە «کۆنەپەرستی»، بە «دواکەوتن»، بە «گەڕانەوە بۆ زەمەنی بەرد». لەم گۆشەنیگایەوە، تەواوی دەرگاکانی لەسەر داخست و لەڕێگای دادگای بەسیاسیکراوەوە، هەموو ڕێگاکانی لێگرتن.
هەر لەم جیهانبینیەدا، بزووتنەوەی کوردایەتیش، (بەبێ جیاوازی لەنێوان کوردستانی تورکیا و کوردستانی عێراقدا)، وەك هەڕەشە لەسەر یەکێتی نیشتمانی تورکیا و هەڕەشە لەسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی و هاوئاهەنگی کۆمەڵگەیی وێنادەکرا. تارمایی «ڕێکكەوتننامەی سیڤەر» بەسەر ڕۆحی هەر یەکێك لەم نەوە نوێیەی جمهوریەتەوە بوو. پێیانوابوو، تەنها وەڵامێك بە ڕێکكەوتننامەی سیڤەر (10 ئۆگست 1920)، بریتییە لە زەبروزەنگی ڕادیکاڵی دەوڵەت بەرامبەر هەر ئەکتەرێك کە ئەم «خاچەی» بەسەر شانەوەبێت.
لێرەوە، نەوەی نوێی جمهوریەت، کە خۆی بە میراتگری خەباتی موستەفا کەمال دەزانی، لەیەککاتدا لە جەنگدابوو بەرامبەر دوو بەرە: بەرەی ئیسلامی سیاسی تورکی لەلایەك و بەرەی بزووتنەوەی کوردایەتی لەلایەکی دیکەوە. بێگومان لێرەدا وشەی جەنگ تەنها لەسەر ئاستی ڕەمزی بەکارناهێنرێت، بەڵکو لەسەر ئاستی فیزیکیش. واتە جەنگێك بە زرێپۆش و فڕۆکە و کەشتی و سەربازەوە. جەنگێك کە زیاتر لە 40 هەزار کەس دەکات بە قوربانی.
بە درێژایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابوردوش، مامەڵەی جمهوریەتی تورکی لەگەڵ کوردستانی عێراقدا، تەنها و تەنها لەسەر ئەم جیهانبینیە پۆلیسیە دامەزرابوو. فشاری بەردەوامی بۆ سەر پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ ڕاگەیاندنی جەنگی «براکوژی» لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستاندا و هاندانی بەردەوامی تورکمانەکان دژ بە هەرێمی کوردستان و پاشان گەمارۆی ئابووری و سیاسی لە سەر هەرێم تەنها چەند ئاماژەیەکن کە بێ پێچ و پەنا دەمانبەنەوە سەر ئەم جیهانبینیە پۆلیسییە.
هەڵبژاردنەکانی 2002ی تورکیا و گەشتنە دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان، کە بزووتنەوەیەکی پۆست ئیسلامیستی تورکییە، یەکەم گورزی پۆڵایین بوو لەم جیهانبینیە پۆلیسیە و لەرزینی ستراتیژیەکانی، چ سەبارەت بە ئیسلامی سیاسی و چ سەبارەت بە کوردایەتی.
لە ساتەوەختێکدا کە تورکیای ئەردۆگان دەیەوێت پشتبکاتە سیاسەتی بیناکراو لەسەر ئاسایش و سەقامگیری، جارێکی دیکە و لە ئاستێکی نەخواستراودا، داگیرکردنی عێراق لەلایەن وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە لە 2003 دا، جمهوریەتی تورکی ناچاردەکات بەوەی کە سەرلەنوێ ئەم مەلەفە دەربێنێتەوە و بیخاتەوە ئەولەویەتی کارەکانیەوە، بێگومان بە جیهانبینیەکی جیاواز و ستراتیژیەتی دیکەوە. من ئەم مۆدێلە تازەیە ناودەنێم: ئیدارەکردنی ڕووبەری کورد لە ڕێگای هەژموونەوە، سەلماندنی کوردبوون لەڕێگای ماڵیکردنەوە.
ئەم مۆدێلە تازەیە بە ئازارێکی سەختەوە لەدایکبوو. سوپا، ڕکابەرە سەرسەختەکەی حکومەت، هەموو تواناکانی «مۆبیلیزە/تەعبئە»کرد بۆئەوەی سیاسەتی ئیدارەکردن و سەلماندن لەباربەرێت، ئەمەش لەڕێگای پشتیوانیکردن لە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن و کەمالیستەکانەوە، کۆسپ دروستکردن لەبەردەم کاندیدکردنی عەبدوڵڵا گویل لە 2007 دا بۆ پۆستی سەرۆکایەتی، هەڕەشەکردن لە قەدەغەکردنی پارتی داد و گەشەپێدان لە ڕێگای دادگای کەمالیستەوە.
لەنێو هەلومەرجێکی ئاوادایە کە داننان بە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەك «شەریك» و پێشنیارکردنی پرۆژەی ئاشتی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستاندا، نەك هەر بەتەنها پێوەندیەکانی هێز لە کوردستاندا دەگۆڕن، بەڵکو لەنێو کێڵگەی سیاسی تورکیشدا، دەستکاری پێگە مێژووییەکان دەکەن. لەنێو ئەم کێڵگەیەدا، هەژموونی ئەو ئەکتەرانەی کە شەرعیەتی خۆیان لەسەر دووانەی ئاسایش و سەقامگیری دروستکردبوو، تەواو کاڵدەبێتەوە و لێرە بەدواوە دەبن بە پێگەی «هەژموون لەسەرکراو». یەکەم دەرەنجامی ئەم گۆڕانکاریەش بریتییە لەوەی کە چیدی نۆرم، بەها، بەرژەوەندی و گرەوەکانی ئەم ئەکتەرانە نابن بە پێکهێنەری سیستمی سیاسیی جمهوریەتی تورکیا، بەلای کەمەوە لە ئێستا و ئێرەدا.
لە ده ساڵەی ڕابردوودا، چەند هەژموونی لایەنگرانی ستراتیژیەتی نەفیکردن لەنێو کێڵگەی سیاسی تورکیدا کاڵبووبێتەوە، هێندەش کارایی سوپا و مۆدێلی مامەڵەکردنی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا پاشەکشەی کردووە. بەڕادەیەك کە لە ئێستا و ئێرەدا، حکومەتی تورکیا وەك تاکە ئەکتەری تورکی، تەواوی کلیلەکانی دیاریکردنی ستراتیژیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووبەری کوردیدا لە دەستدایە.




* سۆسیۆلۆگ و مامۆستای زانکۆ لە پاریس
Top