ئەو ساتانای ناسڕێنەوە(یەكەم فیستیڤاڵی هونەری كوردی)
July 3, 2014
وتار و بیروڕا
بۆ ئەنجامدانی ئەم مەبەستە سەرەتا نوێنەری نارد بۆ شارەكانی كوردستان لە زاخۆوە هەتا خوار خانەقین و گشت تیپ و كۆمەڵە و گرووپە هونەرییەكانیان بەسەركردەوە، پاشان ژمارەیەكمان بانگێشتی بەغداكراین و لەگەڵ دكتۆر ئیحسان و یاریدەدەرانی بۆ ئەو كارە كۆبووینەوە، ئەو دەمە سەرۆكی شانۆی پێشرەو بووم، بە وردی و بەدرێژی باسمان لە جۆر و پێكهاتەی ئەو فیستیڤاڵە كرد.
كەسانێكی وەك بەڕێزان (فەوزی رەفیق حلمی، محمد عارف سیامەنسوری، شێخ جەعفەر بەرزنجی، یاسەمین بەرزنجی) تەرخانی رێكخستنی فیستیڤاڵەكەبوو.
دوابەدوای كۆبوونەوەكە بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و بڵاوكردنەوەی كوردی، كۆمەڵە بڕیارێكی بۆ رێكخستنی فیستیڤاڵەكە دەركرد. منیش یەكێك بووم لە لیژنەی سەرپەرشتیاری هونەری شانۆ.
بەراستی رۆژانی فیستیڤاڵ، رۆژانی جەژن و بەیەك شادبوونی هونەرمەندانی سەرانسەری كوردستان بوو، یەك هەستی كوردانە هەمووانی لەخۆگرتبوو.
ئەوەی بە پێویست زانرا نەخشەی بۆ كێشرا، دەوروبەری عەسر لە كۆبوونەوەكە بووینەوە، ئەوسا دكتۆر بردینە ریستۆرانتی زەورا كە لە پاركی زەورابوو، هەر دوان و سیان لەسەر خوان دانیشتین، وا رێكەوت من و سەلمان فایەق كاكەیی بە یەكەوە بووین، كەوتینە باسی پرۆژەكەمان بۆ بەشداری كردنەكە، ئەو باسی لەوە كرد، كە گرفتی ئەوەیە، تێكستی شانۆیی باش لەبەردەستدا نییە، بۆیە بیری لەوە دەكردەوە كارێكی(كۆلاج) ئاسا بكات بە كۆكردنەوەی ژمارەیەك رووداو هەتا بتوانێ شانۆییەكی نیشتمانپەروەرانەی لێ دروست بكات، لە هەمان كاتدا، من بیرم لە بەرهەمەكەی خۆم دەكردەوە، پاش ئەوەی ئەزموونێكی باشم لە بوارەكانی نواندن و دەرهێنان دا هەبوو جگە لەوەی بڕوای تەواوەتیم پەیداكردبوو، كە دروست بوونی شانۆی كوردی بەبێ دەقی كوردی مەحاڵە.
دەق ئەو زەمینە باش ئامادەكراوەیە، كە بوونیادی لەسەر دەنرێ، بەلایەنی خۆشمەوە ئیدی وادەی دەستدانە نووسینی دەقی شانۆیی بوو.
هەر چەندە پێشتر چەند ئەزموونێكم هەبوو، وەك شانۆیی(وەرزی نوێ) و ژمارەیەك كورتە شانۆیی، یان تابلۆهای شانۆیی- هەمیشە گشت فیستیڤاڵی بابەت و شێوازی خۆی گەرەكە و ئەو رۆژانە بەردەوام لە خولیای بینینەوەی نوێدابووم. چ وەك نووسەر و چ وەك دەرهێنەر، زۆر جار بیرم بەلای یادگارە دێرینەكانی گەلەكەمدا دەچوو، یەكێ لەو لەو كەرەسانە پردی زاخۆ بوو، یان پردێ دەلال بوو، كە كردمە كەرەسەی بەیەك بەستنەوەی كوردستانی پارە پارەكراوەكەی(سایكس بیكۆ)ی ریسوا و، رێكەوتنی (چاڵدیرانی) لەو ريسواتر، بە شێوازێكی شیعر ئامێز و پشت بەستن بە جوڵەی خێرا و تابلۆ نەخشاندنی دەربڕ.
ئەو رۆژانە لە دوور و نزیكەوە بۆنی شەڕ دەكرا، بەغدا لە بەڵێنەكانی پاشگەز بوو بووە و رۆژنامەی(التآخی) ئاوێنەی ئاڵۆزی بارەكە بوو، بەر لە ئاهەنگی كردنەوەی فیستڤاڵەكە بە دوو رۆژێ گرژی دروست بوو بوو، ئەو دەمە سەیدا ساڵح یوسفی بە جۆرێكی دیكە بیری لەو فیستیڤاڵە دەكردەوە و، لەو بڕوایەدا نەبوو كە ئەو فیستیڤاڵە دەبێتە توقێنەری رژێم، چونكە هیچ نەما بەروویدا نەگوترێ، خوالێخۆشبوو(د. ئیحسان فوئاد) داوای لێكردین بچین سەردانی (یوسفی) بكەین چەند كەسێك چووین لە ئۆفیسەكەی كە لە باڵەخانەی وەزارەتی پلاندانان دابوو، لەبەری كەرخ و بەسەر رووباری دیجلەدا دەیڕوانی، سكرتێرەكەی كوڕێكی خەڵكی سلێمانی بوو چووە لای و فەرمووی لێكردین، سڵاومان كرد و بەساردی ولا لووتییەوە پێشوازی لێكردین، بۆ ماوەیەك چاوی لە رووبارەكە بڕیبوو، بە چرپە بە كاك (نوری وەشتی)م، وت، لە خەیاڵی شیعرەكەی( شەتێ بەغدا) دایە دایە، پاش ماوەیەك بە گرژی كەوتە ئاخافتن: ئەوە بڕیاری بایكۆتی كورد ئەكەم بۆ ئەو فیستڤاڵە، پاشان هەندێ روونكردنەوەی بۆ كرا، كەفیك هێدی بوویەوە، پێمان ووت، سەیدا ئەمانەی هاتووین هەر هەموومان پارتین، ئینجا كەمێك هێدی بووەو وتی:
باشە ئەوە وتارمان دەبێ وتاری یەكێتی نووسەران و كاك(محمد بەردی) ئامادە دەبێ و لەبری ئێمە دەخوێنتەوە، بۆ كاتژمێر(10)ی سەر لە بەیانی لە هۆڵی(خولد) فیستڤاڵەكە كرایەوە، وتاری وەزارەتی رۆشنبیری و راگەیاندن لەلایەن(د. عیزەت مستەفا)ەوە خوێنراوە، كاتی وتارەكەی یەكێتی نووسەران هات ئاگری دەكردەوە نەك هەر شەڕ بەڵكو لەو بۆنەیدا شەڕ فرۆشتن بوو، وەزیر گرژبوو بە توورەبوونەوە چووە دەرێ و شەقێكی لە خۆی هەڵدا و، نەخوا حافیزی و تەنانەت نە ئاوڕدانەوەیەكیشی نەكرد بۆ بەرێخەرانی، زۆر بە مروموچی و بوغرابوونەوە ملی شكاند، بەڵام زۆری نەبرد بە قەولی پێشمەرگە واتەنی لە پلە و پایە ترۆكرا و كەوتە بەر شەقی دەسەڵاتەكەی خۆیان و مایە پووچ بوو.
سێ هۆڵی باشی پایتەخت بۆ بەرهەمەكانی فیستیڤاڵ تەرخانكرابووە.
بەراستی دوا تواناكانی هونەری كورد نوێنراو، هەر بە كۆتایی هاتنەكەی، شەڕ لە نێوان شۆڕشی ئەیلوولی و رژێم دەستی پێكردەوە و هونەرمەندانی كوردیش، لەیەكەم فیستیڤاڵی هونەری كوردییەوە، راستەوخۆ روویان لە شۆڕشە چارەنووسەكەیان كردەوە.