پێگەی دیپلۆماسی هەرێمی كوردستان لە ئەوروپا
June 5, 2014
وتار و بیروڕا
بێگومان لێرەدا بەرچاوترینیان هەرێمی كوردستانە كە خەریكە دەبێتە نموونەیەكی نوێ لە دنیای دیپلۆماسی نوێ و پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان. بۆ نموونە سەردانەكەی ئەم دواییەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەریتانیا گرنگی و تایبەتمەندی زۆری هەبوو و بەتایبەتی كە حكومەتی بەریتانیا بۆ یەكەمجارە بە شێوازێكی فەرمی پێشوازی لە سەرۆك وەزیرانی كوردستان كرد و چەندین دانیشتن و كۆبوونەوە و چاوپێكەوتنی گرنگ لەگەڵ وەزیر و كاربەدەستانی گرنگی ئەم وڵاتەو شاندی هەرێمی كوردستان ئەنجام دران.
هەر دوا بەدوای ئەم سەردانە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رێزدار مسعود بارزانی لە سەر داوەتی فەرمی سەرۆك كۆماری فەرەنسا بەڕێز فرانسوا هۆڵەند سەردانی فەرەنسای كردو ئەمجارەش لەلایەن كەسی یەكەمی وڵاتەوە كە سەرۆك كۆمارە و لە كۆشكی كۆماری و بە شێوازێكی فەرمی پێشوازیان لێ كرا و دوای چەند رۆژ گەیشتە ئیتاڵیا و دیسان لەسەر ئاستێكی بەرز لەلایەن ئەنجومەنی پیران و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیاو كاربەدەستانی تری ئەم وڵاتە پێشوازیان لێكرا.
ئەم سەردانانە لە كاتێكدان كە پێوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا لە ئاستێكی باش و ئاسایی نین و ناكۆكی فراوان لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا لە ئارادان و بە تایبەتیش كە هەرێمی كوردستان بەبێ رەزامەندیی بەغدا دەستی بە هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان كردووە و لە هەمان كاتیشدا لایەنە عێراقیەكان خەریكی پێكهێنانی حكومەتن لە بەغدا.
پێشوازی كردنی سەرۆك كۆماری فەرەنسا و وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا و ئیتاڵیا لە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت لەم ئاستە بەرزە و لەم كاتەدا گرنگیەكی تایبەتی بۆ هەرێمی كوردستان هەیە و ئاماژەیەكی روونە بۆ پشتگیری حكومەتی بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتاڵیا بۆ سیاسەتی هەرێمی كوردستان لە عێراق و ناوچەكە و دەتوانین ئەم سەردانانە بە وەچەرخانێكی گرنگی پێوەندیەكانی دیپلۆماسی لە نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا هەژمار بكرێن و لە ئاستی جیهان شێوازێكی نوێن لە دیپلۆماسیدا.
لایەنێكی تری گرنگی سەردانەكان لەوەدان كە هەرسێ وڵات لە ئاستی ئەوروپی و جیهانیدا وڵاتی یەكجار گرنگن و رۆڵی سەرەكیان هەیە لە بڕیارەكانی یەكێتی ئەوروپا و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان. بە تایبەتی كە هەر دوو وڵاتی بەریتانیا و فەرەنسا مافی بەكارهێنانی ڤیتۆیان هەیە و وەكو سۆپەرپاوەر لە هاوكێشە سیاسی و ئابووریەكانی جیهان رۆڵی سەرەكی دەبینن. ئەمە جگە لەوەی ئەم سێ وڵاتە لەگەڵ ئەڵمانیا ئەندامانی هەرە سەرەكی و بەهێزی یەكێتیی ئەوروپان و لە رووی پرۆتۆكۆلی دیپلۆماسی لە ئاستی وڵاتی سەربەخۆ پێشوازییان لە سەرۆكی هەرێم و حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە ئەمە خۆی سیگناڵێكی گرنگە بۆ كوردستان و بەغدا و پشتگیریەكی ئاشكرایە لە هەرێمی كوردستان.
ئەمەو جێگەی ئاماژە پێدانە كە ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان پێوەندی بەهێزی لەگەڵ ئەوروپا هەیە و بانگێشتە فەرمییەكانی یەكێتی ئەوروپاو وڵاتانی ئەندام لەم یەكێتیە بۆ سەرۆك بارزانی لە لایەك و لە لایەكی دیكەشەوە، كردنەوەی كۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتی دیپلۆماسی وڵاتانی ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا لە هەولێری پایتەختی كوردستان گەواهی ئەم راستیەن. ئەم گرنگیەی ئەوروپا بە هەرێمی كوردستان بۆ چەند لایەنی گرنگی سیاسی و ئابووری دەگەڕێتەوە. هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ وەكو ناوچەیەكی بەهێز و كارتێكەر لە روژهەڵاتی ناوەڕاست بەدیار دەكەوێت كە لە سەقامگیری سیاسی و ئاسایش و وزەی ناوچەكە بە تایبەتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رۆڵی بەرچاوی هەیەو فاكتەرێكی سەرەكی سەقامگیرییە لە ناوچەكەدا. بەشدار بوونی كورد لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق و قورسایی لە بەغدا وەكو گەرەنتیەك بۆ بەرقەرار بوون و پەرەپێدانی دیموكراتی لە عێراق و ناوچەكە لە لایەن ئەوروپا جێگەی سەرنج و گرنگی پێدانەو لە لایەكی ترەوە هەبوونی نەوت و گاز و سەرچاوەكانی تری سروشتی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان و نیاز و خواستی سەركردایەتی كوردستان بۆ ناردنە دەرەوەی بە تایبەتی بۆ ئەوروپا، پێگەی هەرێمی كوردستان لە نەخشەی وزە لە ناوچەكە و جیهان رۆژ بە رۆژ بەهێزتر دەكات و هەرێمی كوردستان وەك فاكتەری ئاسایش لە ناوچەكە رۆڵی كاریگەر و بەرچاوی هەیەو رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێت. هەموو ئەوانەو سەرۆكایەتی ژیر و حەكیمانەی هەرێمی كوردستان وایكردووە كە وڵاتانی ئەوروپی بە شێوازێكی گشتی بە سیاسەتی خۆیاندا بچنەوەو لە هەوڵی ئەوەدابن كە پێوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان پتەو بكەن.