ئینتەرنێت و مرۆڤ

ئینتەرنێت و مرۆڤ
هەندێ تێڕامان لە ئینتەرنێت و
ئامێرە تەكنەلۆژیەكان


ئینتەرنێت بەدیلی پێوەندیی ڕاستەوخۆی حوكمداریی نییە لەگەڵ خەڵك، بەڵام ئەم پێوەندییە پتەو و خێرا دەكات. تەكنەلۆژیا و ئینتەرنێت لە خۆیدا بۆ سیاسەت ئامانج نین، بەڵكە ئەو خێراییە لە پێوەندیكردن بە خەڵكەوە لە شوێن و كاتدا، ئامانجێكی گرنگی بەكارهێنانی سیاسییانەی ئینتەرنێتە. سیاسەت ناتوانێت بەهۆی ئینتەرنێتەوە بڕیاری دروست بدات و خۆی لە پێوەندییه ڕاستەوخۆكان بدزێتەوە. ڕێژەی كلیكی بینەرانی پەیام و دروشمە سیاسییەكان، ڕێژەی شەیركردنەكان و كۆمێنتەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بە نیشانەی هاوڕێیەتییەكی جێگیری نێوان حوكمداریی و خەڵك لێكنادرێنەوە، بەڵكو ئەوە هەلێكی باشە بۆ بەسەركردنەوەی خەڵك پێش بارەكان و هەڵسەنگاندنی وردیان.
ئینتەرنێت پەنجەرەیەكی فراوان لەسەر دنیابینی ئەخلاقیانەی ئێمە دەكاتەوە. جیهان لە ئینتەرنێتدا بۆ تاكەكەس دەبێتە گوندێكی بچكۆلە كە دەتوانێت تا ئەندازەیەكی زۆر بە هەموو شتێكی ئەم دنیایە ئاشنا بێت. ئینتەرنێت لە ڕاستیدا شكاندنی كۆی ئەو سانسۆرانەیە كە بەناوی خودا، پاشا و باوكەوە لەسەر مرۆڤ داندرابوون. مرۆڤ لەگەڵ ئینتەرنێتدا پابەندیی هیچ یاسایەكی سانسۆركەر نییە و ئازادیی گەڕان بەناو تۆڕەكاندا چێژی ئەزموونكردنی ئازادانەش دەخاتە مێشكی بەكاربەرەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئینتەرنێت هەمیشە ناچار بە هەڵبژاردنی ئاكاریانە و ئەخلاقیانەمان دەكات. ئینتەرنێت جیهانمان لە شێوەی فرەیی، هەمەڕەنگیی، پێوەندیی، لالێكردنەوە، بەرپرسیاری، پێكەوەهەڵكردن، لێبووردەیی و بەخشین و ئەزموونی هاوبەش و تاد. پێدەناسێنێتەوە.

1. مرۆڤ داهێنەری ئینتەرنێتە. وەك داهێنەر، هەمیشە مرۆڤ بڕیار دەدات ئینتەرنێت وەك داهێنراوێك بۆچی و لە چ پێوەندییەكدا بەكار بێت و چ دەسەڵاتێكی لە ژیانی ئەودا هەبێت. ئینتەرنێت بیركەرەوە نییە، ئەو ناتوانێت وەك دیكارت بڵێت: من بیردەكەمەوە، كەواتە هەم. بوونی ئینتەرنێت لەو بیركردنەوەیەوە نایەت، بەڵكو بوونی ئینتەرنێت لە بیركەرەوەوە دێت. بیركەرەوە سەرچاوەی بوونی ئینتەرنێتە و ئەوەی بیركەرەوە بیری لێدەكاتەوە، دەبێتە بابەتی چالاكییەكانی ئینتەرنێت لە بواری بیركردنەوەدا. ئەگەر ئینتەرنێت خۆی بیركەرەوە بوایە، بیر پێویستی بە بیركەرەوەیەك نەدەبوو، ئەوەش كە بوونی ئینتەرنێت بە هەزاران ساڵ دەكەوێتە پاش بوونی مرۆڤەوە، بەڵگەی ئەوەیە كە بیركەرەوە مرۆڤە نەك مەكینە. یان سیستەم.
2. بەڵام ئینتەرنێت مرۆڤی بیركەرەوە لە ئاستی مرۆڤایەتیدا جێدەهێڵێت. هەموو مرۆڤەكان بیركەرەوەی دروستكەری ئینتەرنێت نین، ئەوەش كە تاكەكەس كردوویەتی بەسەر گشت مرۆڤایەتیدا ناگشتێنرێت، بۆیە ئینتەرنێت لە ڕقی ئەوەی ناتوانێت بوونی خۆی بخاتە پێشمەرجی بیركەرەوەوە، تۆڵەی خۆی لە هاوچەشنەكانی بیركەرەوە دەكاتەوە. ئینتەرنێت مرۆڤایەتی دەخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە و بەو جۆرە ئاڕاستەی دەكات كە دەیەوێ. بە مانایەكی دیكە، ئەوانەی دەتوانن ئینتەرنێت بەو جۆرە بەكار بهێنن كە دەیانەوێ، دەتوانن مرۆڤایەتی بۆ ئەو شوێنە ئاڕاستە بكەن كە دەیانەوێ. بۆیە لەمەودوا بەبێ ئینتەرنێت هەل و دەرفەتەكانی سەركەوتن لە ژیاندا مەحاڵە و ئینتەرنێت پێوەندییەكی بوونخوازانەی لەگەڵ مرۆڤدا پەیدا كردووە هەرچەندەش ئەمە بۆ مرۆڤایەتی جێی ئازار و شۆك بێت. چونكە هەموومان ئەوە دەزانین كە توانای ئینتەرنێت وەك توانای دروستكەرەكەی سنووردار و بگرە بۆ زۆر پرسی ڕۆحیی و بەهایی و هزرینیش بێدەسەڵاتە.
3. ئینتەرنێت ناتوانێت جێی ویژدان، هاوڕێیەتی، ئەخلاق، بەهاكان، ڕاستەقینە و درۆ، خۆشەویستی و سۆز، گریان و پێكەنین بگرێتەوە. بەڵام دەبینین چۆن ئێمە بۆ گریان و پێكەنین، بۆ خۆشەویستی و سۆزگۆڕینەوە، جیاكردنەوەی ڕاست لە هەڵە، بۆ بەدەستهێنانی ئەو داتایانەی بڕیارە ئەخلاقیەكانیی لەسەرەوە دەدەین، بۆ پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، بۆ ئاسوودەیی ویژدانمان لە ئاست ئەو ڕووداوانەی بە هەزاران كیلۆمەتر دوور لە ئێمەوە ڕوودەدەن، پابەندیی ئینتەرنێت بووین! ئینتەرنێت بۆتە نەك هەر بەشێك لە ئێستامان، بەڵكو بەشێكیشە لە داهاتوومان..
4. ئینتەرنێت بەشێكە لە داهاتوومان، بەڵام دابینكەریی هەموو داهاتوومان نییە. ئەوەی هەموو داهاتوومان بدەینە دەست ویستێكی ئینتەرنێتی، یان مژدەیەكی دیجیتاڵی، بە هەمان ئاست گەمژانەیە كە لە ئێستاوە بڕیار بدەین پێویستمان بە ئینتەرنێت و دیجیتاڵیزەكردنی ئەو ڕێگایانە نییە كە دەمانگەیەنن بە داهاتوویەكی سەركەوتوو. هێندە هەیە ئەگەر بمانەوێت داهاتوومان بهێنینە ئاستی چاوەڕوانییەكانمان، ئینتەرنێت ڕۆڵی خۆی هەیە. پێویستە لە ئێستاوە لەو ڕاستییە تێبگەین كە ئینتەرنێت دیاردەیەكە كە خۆی بۆ ئێمە بەدیار دەخات. بەڵام هەر دیاردەیەك كە دەردەكەوێ، تەنیا ڕەهەندێكی خۆی بۆ ئێمە بەدیاردەخات، نەك لە سەرجەمیەتی خۆیدا. ئێمە لە سۆنگەی ئەو ڕەهەندەوە دەتوانین ڕەهەندەكانی تریشی ببینین و لایان لێبكەینەوە. هەر لالێكردنەوەیەكی ئێمەش وەك بكەری ئەزموونكەری دیاردەكان، لالێكردنەوەیە لە ڕوانگەیەكی تایبەتەوە. ئێمە لە یەك كات و لە یەك ڕوانگەوە ناتوانین كۆی دیاردەیەك و ڕەهەندە شاراوەكانی ببینین. لالێكردنەوەی ئێمە بەپێی چاوەڕوانییەكانمان، بیركردنەوەمان، پلان و خۆ ئامادەكردنمان بۆ بینینی كۆی دیاردەكە وەك ئەوەی كە بۆخۆی هەیە، بە ئەنجام دەگات.
5. بەبێ خۆ ئامادەكردن، پلاندانان و خۆ ڕۆشنبیركردن، ئینتەرنێت تەنیا وەك ئامڕازێك بۆ ئێمە دەمێنێتەوە، نەك تەكنەلۆژیایەك لە خۆیدا. لەم دۆخەشدا بۆی هەیە ئینتەرنێت بمانگەوجێنێ نەك ڕۆشنگەرمان بكات، چونكە وەك دیاردەیەك بۆی هەیە (لە ناهوشیاریی ئێمەدا)، ڕەهەندێكی باش و جوان و مژدەبەخشی خۆیمان پیشان بدات و ڕەهەندە ئازاردەر و نائومێدكەرو ماشێنییەكەی بشارێتەوەو ئێمە بەو جۆرە ئاڕاستە بكات كە ویستی خۆمانی لەسەر نەبووە. بەمجۆرەش، ئینتەرنێت هەر تەنیا ئامڕازێك نییە بۆ بەكارهێنان، بەڵكە خۆئامادەكرنێكیشە بۆ تێگەیشتن لە ڕوانگەیەكی تایبەتەوە. بەدەستهێنانی ڕۆشنبیریی و ئاستێكی دانایی تایبەتیشە كە بەرهەمهێنەری ئەم دیاردەیەیە. ئینتەرنێت تەنیا هەر تەكنەلۆژیایەك نییە، هەر ئامڕازێك نییە، هەر تەنیا مەهارەتێك نییە كە بە كۆرسێكی تایبەت فێریی ببین. ئینتەرنێت جۆرێكیش لە جیهانبینی نوێ سەبارەت بە بیركردنەوەو دەرەكیی ئێمە لە جیهان و بەكارهێنان و سوودوەرگرتن لە تواناكان و هەستەكانی خۆمان پێشنیار دەكات.
6. گۆڕان و هەڵگێڕانەوە و ئاڵووێر لە پێگەو پێوەندیی و مامەڵەكانی نێوان مرۆییدا، بەشێكە لەو واقیعەی ئینتەرنێت بەسەر كایەكانی كۆمەڵگادا دەیسەپێنێت بەبێ مەیل و ڕەزامەندیی هەمیشەیی بكەرانی كۆمەڵایەتی. گۆڕان و هەڵگێڕانەوەی (شوێن) و (كات) و (سنوور) و (كەوشەن)ی ئەتنیكی و نەتەوەیی و ئایدیۆلۆژییەكان. لە دنیایەكدا كە بیەوێ سوود لە ئینتەرنێت وەربگرێت بە ئاڕاستەی داهاتوویەكی سەركەوتوودا، پێویستە بكەر پێش هەموو شتێك خۆی لە قەفەسی بەرخۆریی تەكنەلۆژیا ڕزگار بكات و تەكنەلۆژیا بناسێت. ناسینی تەكنەلۆژیا بەبێ بیركردنەوەی فەلسەفیی لە مرۆڤ و بەبێ ڕوانگەی زانستیانە، لە تەكنیك مەیسەر نابێت. تەكنەلۆژیا وەك بەرهەمی جیهانبینییەكی مۆدێرنی فەلسەفیی و زانست وەك دایكی تەكنیك و ئامێر، پێشمەرجی بەكارهێنانی ویست باوەڕانە و ئامانجگەرایانەی تەكنەلۆژیا و لەوانەش ئینتەرنێتە. ئینتەرنێت وەك دیاردەیەك هەمیشە زیاد لە ڕەهەندێكی هەیە، كە هەندێكیان ئاشكرا بەدیار دەكەون و هەندێكیشیان بە شاراوەیی دەمێننەوە، كە پێویستییان بە خۆئامادەكردنی فەلسەفیی و زانستی هەیە بۆ تێگەیشتن و ناسینییان وەك ئەوەی لە خۆیاندا هەن. مرۆڤ لە ئاستێكی ئاگایی و هووشیاریی تایبەتدا دەتوانێت لە دیاردەیەك تێبگات، كە ئەزموونی دەكات. بەڵام ئەوەی ئەزموونی دەكات یەكسان نییە بەوەی لێی تێدەگات. مرۆڤ هەڵەش دەكات و بە هەڵەش لە دیاردەكان تێدەگات، بەڵام هەڵە شیاوی ڕاستكردنەوەیە و لەمەشدا فەلسەفە گرنگیی خۆیی هەیە.
7. ئەو بوار و كایانە چین كە نابێت بە هەڵە ئینتەرنێتیان بۆ بەكار بهێنین، تا هەڵەكردن لە تێگەیشتندا نەبێتە هۆكاری بەهەڵە بەكارهێنانیان و لەوێشەوە لەدەستدانی داهاتوو، چونكە داهاتوو ئەو بەها بەرزەیە كە ئێمە بۆی دەژین، خەباتی بۆ دەكەین و وەك ئامانجێك كە بەهۆیەوە مانا بە بوونی هەنووكەییمان دەبەخشین، خەباتی لە پێناودا دەكەین و ئەمەش لە بەهای ژیانی داهاتوومان زیاد دەكات لەبەرئەوەی ئێمە سوور دەزانین كە داهاتوو تەنیا بۆ خۆمان نییە و داهاتوویەكی گشتییە و لە پێناوی ئەوانیتر و نەوەكانی پاشتردایە. من لێرەدا سێ پانتایی بیر دەخەمەوە، كە دەتوانین بەهۆی تێگەیشتن لە ئینتەرنێت، وەك ئامانجی هاوبەشی داهاتوومان كاریان بۆ بكەین: پەروەردە، سیاسەت و ئەخلاق..
8. ئینتەرنێت پێوەندییەكی جووت جەمسەری لەگەڵ پەروەردە هەیە. هەم شێوازی پەروەردەكردن و سیستەمی پەروەردە دەگۆڕێت و هەم بۆخۆیشی پەروەردەیەكی نوێیە. ئینتەرنێت كۆی بینین و تێگەیشتنی ئێمە لە پرۆسەی پەروەردەكردن دەگۆڕێت و قوتابی و منداڵەكان لە ئۆبژەیەكی، یان بابەتێكی پەروەردەییەوە دەگۆڕێت بۆ سۆژە و بكەر و خودێكی پەروەردەیی. چەمكی پەروەردەش لە پەروەردەكردنەوە دەگۆڕێت بۆ خۆپەروەردەكردن، یان پەروەردەیەكی بەشدارییكەر. پێگەی منداڵ لە سیستەمەكەدا دەخاتە پێشەوەی مامۆستاوە و منداڵ بەهۆی ئینتەرنێتەوە زووتر لە مامۆستا دەستبەكار دەبێت. ئەمە چەندە بە دیوێكدا دڵخۆشكەرە، ئەوەندەش بەو دیوەی تردا كە پەروەردەیەكی تەكنەلۆژیانەیە بەبێ ئەزموونی مرۆیی، كارەساتبارە. پشتبەستنی ڕەها بە تەكنەلۆژیا لە بواریی پەروەردەدا بەبێ ئەزموونی مرۆیی و تێگەیشتن، هەر ئەوەندە مەترسیدارە وەك ئەوەی تەكنەلۆژیا لە پەروەردەدا پشتگوێ بخەین. هەڵەكەش ڕێك لێرەدا ڕوودەدات: تەسلیمكردنی پەروەردە و خۆپەروەردەكردن بە منداڵ خۆی، بەمانای بڕواهێنانە بە ئامێر وەك بیركەرەوە، یان بڕوایەكی بێبنەمایە بە تەكنەلۆژیا بەبێ فەلسەفە و تێگەیشتن. لەبەر ئەوە ڕۆڵی مامۆستا لە پەروەردەدا گەرانتیەكە بۆ گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ ئەزموونەكانی خۆی لەگەڵ جیهانی واقیع، نەك پشتبەستن بە میمۆریی تەكنەلۆژیانە. مرۆڤ بوونەوەرێكی ئەزموونكەرە و لە هەر ئەزموونێكیدا بۆ دیاردەكانی ژیان، شتێكی نوێ فێر دەبێت و هەڵەیەكی پێشووی لە تێگەیشتندا ڕاست دەكاتەوە. ئەم دووبارەكردنەوەیە، ئەم بەردەوامیی ئەزموونە جیاوازە لە هەڵگرتنەوە و داتاكردنی زانیاری. كۆمپیوتەر هەزاران جار لە مرۆڤ زیاتر زانیاری هەڵدەگرێت و دەیهێنێتەوەو داتای دەكات، بەڵام ناتوانێت وەك ئەوەی مرۆڤ لە پاش و لەگەڵ هەر ئەزموونكردنێكی بۆ جیهانی دەرەكی، بیربكاتەوە و زانیارییەكانی (information) بكاتە دانایی (knowledge). بەمجۆرەش بەبێ تێگەیشتن لە مرۆڤ و چۆنێتی گۆڕینی زانیاری و داتاكان بۆ دانایی و حیكمەت، پەروەردەیەكی پشتبەستوو بە ئامێر، مرۆڤێكی ئامێریت بۆ دروستدەكات. ئەمە ئەو هەڵەیەیە نابێت بیكەین.
9. سیاسەت و حوكمداریی چەندە بەهۆی تەكنەلۆژیا و دنیای ئینتەرنێتەوە فراوان دەبێت ئەوەندەش دەكەوێتە داوی هەمەپەسەندییەوە و دانایی سیاسیی شوێنی خۆی بۆ پۆپۆلاریزم و گاڵتەبازاڕی چۆڵ دەكات. مەترسیەكی گەورەیە وەها بیربكەینەوە كە دەتوانین بە پشتبەستن بە تەكنەلۆژیای ڕووت سیاسەتێكی باش بكەین، بەڵام ئەم قسەیە بەهەمان شێوەش گاڵتەجاڕانەیە گەر بمانەوێت ئینتەرنێت و تەكنەلۆژیای ئەلیكترۆنی لە سیاسەت دوور بخەینەوە. سیاسەت زانستێكی پراكتیكییە و ڕەگوڕیشە تیۆرییەكانی ئەوەتا لە فەلسەفە و ئاكاردا. سیاسەت هونەری دۆستی و هاوڕێیەتیكردنی واقیعە بەو جۆرەی كە بەرژەوەندیی گشتی كۆمەڵگا ببێتە ئامانج و بەرژەوەندیی تایبەت زیان بە ئەخلاقیی تایبەت نەگەیەنێت. هەر بۆیەشە له كۆنەوە، بۆ نموونە لەلای ئەریستۆتالیس، سیاسەت وەك هونەری دابینكردنی كۆمەڵگا، یان بەڕێوەبەری كۆمەڵگا پێناسەكراوە، نەك (ڕامكەر)ی كۆمەڵگا. سیاسەت هونەری ڕامكردن و ڕامیاری نییە، بەڵكو هونەری بەڕێوەبردنە، (پۆڵیتیكا= politica)یە، نەك ڤایڵەنتیكا (violentica)! (لە ڤایڵەنسەوە: violence). سیاسەت وەك بوارێكی كردەیی، پێویستی بە پێوەندییەكی زیندوو لەگەڵ خەڵك و واقیع هەیە. بۆیە ئینتەرنێت بەدیلی پێوەندیی ڕاستەوخۆی حوكمداریی نییە لەگەڵ خەڵك، بەڵام ئەم پێوەندیە پتەو و خێرا دەكات. تەكنەلۆژیا و ئینتەرنێت لە خۆیدا بۆ سیاسەت ئامانج نین، بەڵكە ئەو خێراییە لە پێوەندیكردن بە خەڵكەوە لە شوێن و كاتدا، ئامانجێكی گرنگی بەكارهێنانی سیاسییانەی ئینتەرنێتە. سیاسەت ناتوانێت بەهۆی ئینتەرنێتەوە بڕیاری دروست بدات و خۆی لە پێوەندییه ڕاستەوخۆكان بدزێتەوە. ڕێژەی كلیكی بینەرانی پەیام و دروشمە سیاسییەكان، ڕێژەی شەیركردنەكان و كۆمێنتەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا بە نیشانەی هاوڕێیەتیەكی جێگیری نێوان حوكمداریی و خەڵك لێكنادرێنەوە، بەڵكو ئەوە هەلێكی باشە بۆ بەسەركردنەوەی خەڵك پێش بارەكان و هەڵسەنگاندنی وردیان. ئینتەرنێت دەتوانێت ڕووماڵی ئەو بەشە لە دیاردە سیاسییەكانمان بۆ بكات كە خۆیان لە ئان و ساتدا بۆ لایەنگران و خەڵك بەدیار دەخەن، بەڵام ناتوانێت ئەو بەشە لە دیاردە سیاسییەكانیان لێبشارێتەوە كە لە ئەزموونكردنەكانی پاشتریاندا پەی پێدەبەن و بەهۆیەوە تێگەیشتنی خۆیان دەگۆڕن و هەڵەكانیان ڕاستدەكەنەوە و لە ئەزموونەكانیانەوە فێر دەبن. لە داهاتوودا، وەك ئەوەی پێشتریش و لە ئێستایشەوە دیارە ڕێژەی بەكارهێنەرانی تەكنەلۆژیای دیجیتاڵی لە هەڵكشانێكی خەیاڵیدا دەبێت، چونكە مرۆڤ چ لە ڕووی جۆرایەتی و چ لە ڕووی تاكایەتیەوە زیرەكتر و گەورەتر بووە و ئەو بڕە زانینەی جاران تاكە مرۆڤێك لە میانەی تەمەنێكدا بەدەستی دەهێنا، ئەمێستا لە سەرەتای هەرزەكاریدا بەهۆی ئینتەرنێتەوە بەدەستی دەهێنێت. بۆیە لە ئێستاشدا شارستانییەت بە خێراییەكی زۆر زیاتر لەوەی ئێمە لە مێژوودا دەیناسین، دروست دەبێت. ئەمڕۆ كوڕێژگەكان لە باوانیان زیرەكترن، بەڵام مەرج نییە بە ئەزموونتر بن. بۆیە پێویستە سیاسەت و حكومداریی ڕەهەندیی ئەزموونكاری نەكاتە قوربانیی خێرایی دیجیتاڵی، بەڵام خێرایی دیجیتاڵی و تۆڕەكانی ئینتەرنێت وەك هۆكارێكی پێوەندیكردن بە زۆرترین كەسەوە بەكار بهێنێت بۆ بڕیارگەلێك كە زۆرترین كەس ڕازیی بكات و باڵاترین رێژەی دادوەریی دابین بكات، دەنا لە ڕووی ئەخلاقییەوە كورت دەهێنێت. سیاسەت و حوكمداریی لە داهاتوودا بەبێ ئینتەرنێت و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان شیاو نابێت، بەڵام ئینتەرنێت بەتەنیا ناتوانێت گەرەنتیی سەركەوتنی سیاسییانە بێت. سیاسەت هەمیشە لە ئەخلاقدا سەركەوتن بۆخۆی دروست دەكات. دابڕانی سیاسەت لە ئەخلاق و حوكمداری زەمینەی بەدوژمنكردنی هەمووان لە دژی هەمووان لە كۆمەڵگا دەڕەخسێنێت و ئەو كاتەش هەركەس ئەوە دەكات كە بۆخۆی مەیلی لێیەتی، نەك ئەوەی كە بۆ بەرژەوەندیی هاوبەش پێویستە.
10. ئەخلاق و ئینتەرنێت لە چیدا یەكدەگرنەوە؟ ئینتەرنێت پەنجەرەیەكی فراوان لەسەر دنیابینیی ئەخلاقیانەی ئێمە دەكاتەوە. جیهان لە ئینتەرنێتدا بۆ تاكەكەس دەبێتە گوندێكی بچكۆلە كە دەتوانێت تا ئەندازەیەكی زۆر بە هەموو شتێكی ئەم دنیایە ئاشنا بێت. ئینتەرنێت لە ڕاستیدا شكاندنی كۆی ئەو سانسۆرانەیە كە بەناوی خودا، پاشا و باوكەوە لەسەر مرۆڤ داندرابوون. مرۆڤ لەگەڵ ئینتەرنێتدا پابەندیی هیچ یاسایەكی سانسۆركەر نییە و ئازادیی گەڕان بەناو تۆڕەكاندا چێژی ئەزموونكردنی ئازادانەش دەخاتە مێشكی بەكاربەرەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئینتەرنێت هەمیشە ناچار بە هەڵبژاردنی ئاكاریانە و ئەخلاقیانەمان دەكات. ئینتەرنێت جیهانمان لە شێوەی فرەیی، هەمەڕەنگیی، پێوەندیی، لالێكردنەوە، بەرپرسیاری، پێكەوەهەڵكردن، لێبووردەیی و بەخشین و ئەزموونی هاوبەش و تاد. پێدەناسێنێتەوە. ئەم پەنجەرە فراوانە كە دنیای لێوە دەبینرێ، ناچار بە داڕشتنەوەی شوناسمان دەكات، لە شوناسێكی لۆكاڵییەوە بۆ شوناسێكی جیهانیانە. ناچار بە خۆڕزگاركردنمان دەكات لە پەنجەرە بەرتەسكەكانی ئایدیۆلۆژیا و ئایین و ڕەگەزپەرستی و ڕەهاییگەریی سیاسیی و تاد. ئەزموونی شارستانییەتەكان و مێژوو ئەوەی پیشانداوین، كە لەنەبوونی بواری هەڵبژاردن و ناسیندا ئاسۆی بیركردنەوەی مرۆڤ بەرتەسك بووە و لە سۆنگەی ئایینێكی تایبەت، ئایدیۆلۆژیەكی تایبەت و لەخۆتێگەیشتنێكی تایبەتەوە، ڕوانیویەتیە جیهان و ئەوانیتر. بەڵام هەركات مرۆڤ دەرفەتی ناسین، بەراوردكاریی، هەڵبژاردن و خودموختاری هەبووبێت بە جۆرێكی دیكەش بیری كردۆتەوە. یۆنانییەكانی ئەسینا وایاندەزانیی ئەوان تاكە میللەتی هەڵبژاردەن و عادات و خوو و ڕەوشت و شێوەژیانی ئەوان نموونەی بەرزیی ئاكاریی مرۆییە. بەڵام كاتێك لە ئەنجامی تێكەڵبوونی بازرگانییەوە تێگەیشتن كە یاسا و خوو و ڕەوشت و شێوەژیانی ئەوان تاقانە نییە و خەڵكانێك هەن بە شێوازێكیتر دەژین و هیچ لەوەی ئەوان كەمتر نییە، بیریان كردەوە و فەلسەفەیان داهێنا. ئەوان لەو ئەزموونەوە فێربوون و تێگەیشتن كە شێوەژیانی ئەوان تەنیا یەكێكە لە شێوەژیانەكانی جیهان. ئینتەرنێت بەدیوێكی دیدا ئەم هەڵبژاردنەیە كە تاكەكەسەكان خۆیانی لەبەردەمدا دەبیننەوە تا بتوانن خۆیان لە پێشنووسە ئەخلاقیە میراتیەكان ڕزگار بكەن و هەڵوێست و ڕەفتارێك بنوێنن كە ئەوان لەودیو سنووری ئایین و ئایدیۆلۆژیا و ڕەگەزپەرستییەوە بەخۆیان بناسێنێتەوە. بە دیوەكەی تریشدا دنیای ئینتەرنێت بۆی هەیە بەو زانیارییە ڕەمەكیانە تەوق بدات كە وێنا پێشوەختەكان لەسەر ئەوانیتر پتەو دەكەن و ببێتە كەناڵ و ئامڕازێك بۆ شكاندنەوەی ئەوانیتر بە پاساوی ئەوەی جیاوازن. ئینتەرنێت پێش ئەوەی ئەزموونێكی كردەیی بێت ئەزموونێكی زەینی و هۆشەكییە. فەلسەفەو دووبارە بیركردنەوە لەدایكبووی ئەو ساتەوەختەیە كە مرۆڤ هەستدەكات ئەو لەم جیهانەدا بەتەنیا نییە و خەڵكانێكی تریش هەن كە پێویستە گفتوگۆیان لەگەڵدا بكات بۆ ئەوەی باشتر تێبگات كە بۆخۆی چۆن بیر دەكاتەوە.
11. لەبەر ئەوە ئینتەرنێت چ وەك بەرهەمی زانست و چ وەك ساتەوەختێكی فەلسەفیی و دووبارەبیركردنەوە، ئازادییەكی زۆر بە مرۆڤ دەبەخشێت ئەگەر بتوانێت ئەم ئازادییە بەكار بهێنێت بەو ئاڕاستەیەدا كە چۆن ببێتە خۆی.

* مامۆستا له به شی فه لسه فه ی زانكۆی سه لاحه دین
Top