ژنی کوردستانی لەنێوان ئایین و حیزب و خێزاندا2

ژنی کوردستانی لەنێوان ئایین و حیزب و خێزاندا2
ژنی کوردستانی و حیزب
لە کۆمەڵگەی کوردستانیدا، وەك ئایین و دەزگاکانی، حیزبیش یەکێکە لەو سێ چوارچێوە گەورانەی کە تائێستاش کارایی ڕاستەوخۆ بەسەر کردەی «سۆسیالیزاسیۆن/بەکۆمەڵایەتیبوون»ی مرۆڤەکان بەگشتی و ژن بەتایبەتیەوە دادەنێت. حیزبە کوردستانییەکان، هەر لە چەپی چەپەوە تا دەگاتە ڕاستی ڕاست، هەر لە کۆمۆنیستی کرێکاریەوە تا دەگاتە بزووتنەوەی ئیسلامی، بە پارتی و یەکێتی و گۆڕانیشەوە، ئەدەبیاتێکی فراوانیان لەسەر ژن هەیە و هەر یەکەیان لە ئاستی خۆیاندا وەك پارێزەری مافی ژنان خۆیان دەخەنە سەر شانۆکان و تێکۆشان لەپێناوی دروستکردنی هەلومەرجی ئازادی ژناندا بە ئامانجی خۆیان دەزانن.
بەڵام لەدەرەوەی ئەم ئەدەبیاتە کە بەشێکی زۆری تەنها لە ئاستی گوتاردان، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئامادەیی لاشەی ژن لەنێو حیزبە سیاسییەکاندا دەکرێت؟ لەنێو یادەوەریی دەستەجەمعی حیزبی کوردستانیدا پێگەی ژن چۆن وێنادەکرێت؟
بۆ سۆراخکردنی وەڵامەکانی ئەم پرسیارانە، پێش هەر شتێك ئێمە دەبێت مەودایەك لە نێوان خۆمان و کۆی ئەو بەڵگە نەویستە حیزبیانەدا دروستبکەین کە، لەڕێگای «پێشنیارکردنی شتەکان وەك حەقیقەت»ـەوە، دەیانەوێت ڕێگای بیرکردنەوە و لێکدانەوەمان لێبگرن.
من لەو گریمانەیەوە دەستپێدەکەم کە حیزبی کوردستانی نە لە ئاسمانەوە هاتووەتە خوارەوە و نە لە بن دەریاکانیشەوە سەریهەڵداوە، حیزبی کوردستانی وەك چۆن گوزارشت نییە لە کۆمەڵگەی فەرەنسی، ئاواش گوزارشت نییە لە کۆمەڵگەی کۆنگۆیی. حیزبی کوردستانی لەنێو مێژووی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردستانیدا وەك دەزگای «سۆسیالیزاسیۆن/ بەکۆمەڵایەتیکردن»ی مرۆڤەکان بیناکراوە و یادەوەریە دەستەجەمعیەکانیشی هەر لەنێو هەمان مێژوودا دروستبوون. لێرەوە گەڕان بەدوای دۆزینەوەی ژن لەنێو حیزبە کوردستانیەکاندا، لە کۆتاییدا دەمانباتەوە سەر ئەم مێژووە ئاڵۆزە! ئەم گۆشەنیگایە دواتر لای خوێنەر باشتر ڕووندەبێتەوە.
لە ڕووبەرە جیاوازەکانی حیزبی کوردستانیدا، ئامادەیی ژن، ژن پێشهەر شتێك وەك لاشەیەکی وێناکراو (واتە لاشەیەك کە لەکاتی بینینیدا شتێکت لا دروستدەکات)، لەگەڵ خۆیدا کۆی ئەو مانا کۆمەڵایەتیانەی، کە پێشتر لە نێو مەخزەنی یادەوەریە دەستەجەمعیەکاندا، کە لەژێر هەژموونی خودی پیاوان دروستکراون، دەهێنێت. واتە ژن بە لاشەیەکی ڕووت و قوتەوە نایەتە نێو ڕووبەرە سیاسییەکانی حیزبەوە! بەڵکو بە بارێك لە وەزیفەی کۆمەڵایەتیەوە دێت و خۆی دەردەخات. بێهودە نییە کە ژنی نێو حیزب، بەبێ ئەوەی قسەبکات، بەبێ ئەوەی دەم بکاتەوە و تەنها لە ساتەوەختی دەرکەوتنەکانیدا، لاشەی قسەدەکات، لاشەی گوزارشت لە شتەکان دەکات. تەنانەت لەو کاتانەشدا کە دەیەوێت شتە هەرە تایبەتەکانی بشارێتەوە و تەنها لە «دڵی» خۆیدا بمێنێتەوە، هەلومەرجی بابەتی وای لێدەکات کە ناپاکی لەخۆی بکات و لەڕێگای «جووڵانەوەکانی» لاشەیەوە، بیاندرکێنێت و پەردەیان لەسەر هەڵماڵێت.
ڕەنگە هەندێك پێیانوابێت کە زمانی لاشەی ژن پەیوەندی بە سروشتەوە هەیە و لەنێو سروشتدا لاشەی ژن بەشێوەیەك خەڵقکراوە کە لەو چوارچێوانەدا گوزارشت لەخۆی بکات. بەڵام ئەمە هەڵەیە، چونکە شوناسی زمانی لاشەی ژن، پێش هەر شتێك زمانێکی کۆمەڵایەتیە و لەنێو پەروەردەیەکی تایبەتدا دەقی گرتووە. دەکرێت لێرەدا ڕووبەری سیاسیی کوردستانی وەك نموونە وەربگرین. لەم ڕووبەرەدا لاشەی ژن و لاشەی پیاو لە دوو ئاستی جیاوازدا پێگەکان داگیردەکەن. لاشەی پیاو، نەك بەتەنها زۆرترین ڕووبەر داگیردەکات، بەڵکو باشترینیش داگیردەکات. سەرۆکی حیزب هەمیشە پیاوە (بێگومان باس لە دۆخی ئیستیسنائی ناکەین، ئیستیسناکان لێرەن بۆئەوەی قاعیدەکان بسەلمێنن نەك هەڵیانبووەشێننەوە، سەرۆکی هەرێم هەمیشە پیاوە، سەرۆکی حکومەت هەمیشە پیاوە، سەرۆکی پەرلەمان هەمیشە پیاوە، زۆرینەی ڕەهای مەکتەبی سیاسی هەمیشە پیاوە، زۆرینەی ڕەهای سەرکردایەتی هەمیشە پیاوە! لەنێو حکومەتیشدا وەزارەتە گرنگەکانی وەك: ناوخۆ، سامانە سروشتیەکان، پێشمەرگە، هتد. هەمیشە لەدەستی پیاواندان. لەنێو حیزبدا سەرۆکی مەکتەبە سەرەکیەکانی وەك: ڕێکخستن، دارایی، پەیوەندیەکان، پێشمەرگە،...، هەمیشە لەلایەن پیاوانەوە بەڕێوە دەبرێن. لەنێو ئەم ڕووبەرە سیاسیەدا، ئامادەیی ژن هەمیشە لە پێگە ناسکەکاندا تێبینی دەکرێت. لە حکومەتدا وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، لە حیزبدا کاروباری ڕاگەیاندن، شەهیدان، تاك و تەراش لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیدان و جار جارە بە ڕێکەوت دەکرێن بە سەرۆکی فراکسیۆنێك لە پەرلەمان.
هەموو ئاماژەکان دەمانبەن بەرەو ئەوەی کە ژن لە ژیانی سیاسی کوردستانیدا، زیاتر وەك دیکۆرێك بۆ جوانکردنی ناشیرینیەکان، بۆ نەرمکردنی زبریەکان، بۆ خاوکردنەوەی توندیەکان و لەهەندێك دۆخیشدا بۆ خۆدەرخستن وەك حیزبی «مۆدێرن» مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
ڕەگوڕیشەکانی ئەم دیاردەیە لەنێو جیهانبینی سیاسی حیزبی کوردستانیدایە کە هەر لە بناغەوە لەنێو هەژموونی «نێرینە»دا دروستبووە. کۆی لاشەی سیاسی حیزبی کوردستانی ڕووبەرێکی نێرینەیە. لە گریمانەی گەشتنی ژن بەم ڕووبەرە، کردنەوەی دەرگای ئەم ڕووبەرە لەلایەن ژنەوە، خواستی ژن بۆ داگیرکردنی چەند بستێك لە نێو ئەم ڕووبەرەدا، ئەو «فاکتە» نامۆیەیە کە لەسەرەتاوە جۆرێك لە «سەرگەردانی» لای نێرینەکان دروستدەکات، بۆیە بەخێرایی ستراتیژیەتەکانی کۆنترۆڵ ئامادەدەکەن.
لە جیهانبینی سیاسی حیزبی کوردستانیدا، ڕووبەری ئاسایی، شەرعی، بەڵگەنەویستی ئامادەیی هەمیشەیی ژن بریتییە لە جوگرافیاکانی وەك ماڵەوە، دایەنگە، قوتابخانە، پشتەوەی پیاو، خوارەوەی مەجلیسەکان، چێشتلێنان، قاپشۆردن، پاککردنەوە، ژووری نووستن، مناڵ دروستکردن،...! لێرەوە هاتنە دەرەوەی لەم جوگرافیانەدا وەك جۆرێکی تایبەت لە «ئینحراف/ڕیزپەڕی/لادان (دێڤیانس بە فەرەنسی)» وێنادەکرێت. لادانێك که جیهانی نوێ پیرۆزبایی لێدەکات و حیزبی کوردیش بەناچاری دەرگای بۆدەکاتەوە، بەڵام دواتر لەژێر کارایی مێژووە کۆمەڵایەتیەکەیدا کۆنترۆڵی دەکات و وەریدەگێڕێتە سەر ستراتیژیەتی گرەو: گرەو لەسەر مۆدێرنبوون، لەسەر کرانەوە، لەسەر لایەنگری لە مافەکانی مرۆڤ، لەسەر دژایەتیکردنی جیاکاری،...،!
بەدرێژایی مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی حیزبی کوردستانی، وشیاری پیاو لەسەر ژن و تەنانەت وشیاری ژنیش لەسەر خودی خۆی لەنێو پرۆسێسێکدابووە کە بە «لاشەی منی ژن بۆ ئەویتر» ناسراوە. واتە لاشەی ژن موڵکی خۆی نییه، بەڵکو موڵکی ئەویترێکە کە پیاوە‌، لەپێناوی خۆیدا ناژی، بەڵکو لەپێناوی ئەویترێکدا دەژی کە پیاوە، لاشەی ژن ڕەهەندێکی «ئەکتیڤ»ی نییە، چونکە وەك «پاسیڤ»ێك بەدەوری لاشەی پیاودا دروستکراوە. لەنێو ئەم وشیاریەدا، چەند پیاوەکان «لاشەی منی ژن بۆ ئەوی پیاو» بە ئاسایی دەزانن، هێندەش خودی ژنان شانازی پێوەدەکەن، بەڕادەیەك کە لەهەندێك دۆخدا، ژن دەدۆزیتەوە کە، بۆ زیاتر خزمەتکردنی لاشەی پیاوەکەی، ئامادەیە ژنی دووەم و سێیەم و چوارەمی بەدەستی خۆی بۆ بێنێت و خودی خۆی ببێت بە «وەسیتی» فرە ژنی پیاوەکەی و ئەمەش وەك سەروەری و شانازی لە پانتاییەکانی دەرکەوتندا (رۆژنامە، گۆڤار، تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی، تەلەفزیۆن) باسبکات. من هیچ گومانم لە ڕاستگۆیی ئەم ژنانە نییە، چونکە دەزانم پەروەردەبوون لەنێو وشیاری «لاشەی منی ژن لە پێناوی ئەویتری پیاودا» ئەم جۆرە لە ڕوانین و پراکتیك دروستدەکات، واتە ئەوان ڕاستگۆن لەگەڵ مێژووی پەروەردەی کۆمەڵایەتیاندا و ناپاکی لێناکەن.
بەڵام کاتێك کە وشیاری ژنان لە کوردستاندا دەگۆڕێت و پێدەنێتە نێو پرۆسێسی سەرەتاکانی پەڕینەوە لە وشیاری «لاشەی منی ژن بۆ ئەویتر» بەرەو وشیاری «لاشەی منی ژن بۆ خۆمی ژن»، ئیدی هاوکێشەکان دەگۆڕێن و نێرینەکانی حیزب، حکومەت و ڕووبەری سیاسی بەگشتی ناچاردەبن کە دەست لە دەسکەوتە مێژووییەکانین هەڵبگرن و دەستکاری جیهانبینیەکانیان بکەن. بەڵام ئایا بەڕاستی لە کوردستاندا سەرەتاکانی ئەم پەڕینەوەیە دەستیپێکردووە؟ ئایا بەڕاستی ژنان پێیانناوەتە نێو وشیاری «لاشەی منی ژن بۆ خۆم»ـەوە؟
پێش ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەمەوە، گوزەرێکی خێرا بەنێو دەستنیشانکردنی پێگەی ژن لەنێو ستراکتۆری خێزانی کوردستانیدا دەکەم و دواتر دەگەڕێمەوە سەر چۆنیەتی «موقاوەمەتی» ژنان لەبەرامبەر ئایین و حیزب و خێزاندا.

* سۆسیۆلۆگ و مامۆستای زانکۆ لە پاریس
Top