ئەركە گەورەكان شانی بەهێزیان دەوێت

ئەركە گەورەكان شانی بەهێزیان دەوێت
ئەم ناونیشانە قسەی (ئەنجیلا مێركڵ)ی راوێژكاری ئەڵمانیایە لەدوای نووسینەوەی بەرنامەی حكومەتی هاوبەشی نێوان پارتەكەی و پارتی سۆشیال دیموكراتی ئۆپۆزیسیۆن كە بەپلەی دووەم هات لە هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا.
ئەڵمانیا رۆژێك دوای ئێمە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ئەنجامداو، لەوێش حزبەكانی حوكمڕان و ئۆپۆزیسیۆن خەریكن ئەمجارە پێكەوە حكومەتێكی كارا پێك بهێنن، بۆیە حكومەتی داهاتوو بە حكومەتی (ڕەش و سوور) دەناسرێت، رەش وەك هێمایەك بۆ هاوپەیمانیی نێوان هەردوو (حزبی دیموكرات مەسیحیی و حزبی كۆمەڵایەتی مەسیحی)و، سووریش وەك هێمایەك بۆ حزبی سۆشیال دیموكرات.
ئەمەش یەكەمجارە لەدوای ساڵی (2005)ـەوە كە حكومەتێكی ئیئتیلافی لەنێوان حزبی حوكمڕان و حزبی ئۆپۆزیسیۆندا پێكدەهێنرێت كە ئەوسا رۆڵی گەورەی هەبوو لە كۆكردنەوەو رێكخستنی نێوماڵی ئەڵمانی.
واش چاوەڕوان دەكرێت كە ئەم حكومەتەی ئەمجارە لەوەی ساڵی (2005) بەهێزتر بێت، بەهۆی ئەو بنكە جەماوەرییەو، ئەو ئەزموونە كارگێڕییەی كە هەردوو حزبی حوكمڕان و حزبی ئۆپۆزیسیۆن هەیانە.
ئەم پڕۆسەی پێكەوە كاركردنەش لە حكومەتێكی ئیئتیلافی نێوان حزبی حوكمڕان و حزبی ئۆپۆزیسیۆن لە ئەڵمانیادا ناونراوە بە پڕۆسەی (هێمن كردنەوەی سیاسی).
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە بۆ بەهێزكردنی ئەم ئیئتیلافە هەردوولا هەموو وردەكارییەكانیان لەبەرچاو گرتووەو، بەرنامەی سیاسیی حكومەتی ئایندەشیان لە (185) لاپەڕەدا جێكردۆتەوە.
بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە لای زۆرێك لە چاودێرانی سیاسیی سەبارەت بە حكومەتی ئیئتیلافی نێوان حزبی حوكمڕان و حزبی ئۆپۆزیسیۆن ئەوەیە كە:

یەكەم: نەتوانرێت بودجەی پێویست دابین بكرێت بۆ بەجێگەیاندنی بەڵێنە زۆرەكانی هەڵبژاردن كە هەردوولا داویانە بەدەنگدەرانیان و، ئێستاش لەنێو بەرنامەیەكی (185) لاپەڕەییدا جێگەی بۆ كراوەتەوە.
لەوانەش كە ئەم راوبۆچوونەیان هەیە (كریستۆف شمیدت)ی سەرۆكی ئەنجومەنی شارەزا ئابوورییەكانە كە كاری بریتییە لە پێشكەشكردنی راوێژكاریی ئابووری بۆ حكومەتی ئەڵمانیا.

دووەم: خاڵێكی لاوازی دیكەی ئەم جۆرە هاوپەیمانییە وەك رۆژنامەی (دی تاجیزتۆنگ)ی نزیك لەچەپ باسی دەكات، بریتییە لە ونبوونی دیدگا، واتە لە هاوپەیمانێتی گەورەكاندا بەرژەوەندیی تاكە كەسیی زیاتر رەچاو دەكرێت.

سێیەم: خاڵێكی دیكە بەپێی رۆژنامەی (بەرلینەر زیتۆنگ) بریتییە لە مەترسیی ئەوەی دەوڵەمەندەكان هەر دەوڵەمەند بن، بەڵام ژیانی هەژارەكان هەندێك باشتر بێت نەك زۆر، واتە هاوپەیمانێتی لەم جۆرە پڕۆسەی دووبارە دابەشكردنەوەی سامان و چاكسازیی لەپەیكەری بازاڕی كاردا بەدی ناهێنێت، وەك رۆژنامەكە وای بۆ دەچێت.
ئێمەش كە ئێستا لەسەروبەندی پێكهێنانی حكومەتێكی لەو جۆرەین، جێگەی خۆیەتی كە سوود لەئەزموونی ئەوان وەربگرین و، خۆمان لەو خاڵە لاوازانەی باسمان كرد دوور بگرین و، ئەو ئەركە قورس و گەورەیەش بەسەر شانەكاندا دابەش بكەین بەشێوازێكی لەم جۆرە:

یەكەم: ئەركی حزبە سیاسییەكانی بەشداربوو لە حكومەت:
1. پابەندبوون بە باڵادەستیی دەسەڵاتی یاسادانان بەسەر دەسەڵاتی راپەڕاندن نەك بەپێچەوانەوە.
2. پابەندبوون بە رۆڵی پەرلەمان وەك نوێنەری بەرژەوەندییە گشتییەكان و، چاودێریكردنی دەسەڵاتی راپەڕاندن و، لێپرسینەوە لێیان.

دووەم: ئەركی حكومەت بۆ باشتر جێبەجێكردنی بەرنامەكەی:
1. چاككردنی پەیكەری ئیداریی و، رزگاربوون لەرۆتینی ئیداریی.
2. داهێنانی دەوامی بەرهەمدار نەك بێكاریی دەمامكدار.
3. راهێنانی كارمەندان لەرێگەی خولی زانستیی و پسپۆڕێتییەوە.

سێیەم: ئەركی چاودێریی لەلایەن رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنییەوە لەڕێگەی:
1. پێكهێنانی تۆڕێكی هاوبەشی بەدواداچوونی بەردەوام، لەو رێكخراوانەی كە تایبەتمەندیی ئەم بوارەیان هەیە.
2. داهێنانی چاودێریی میللی و، فشار خستنە سەر پەرلەمانتاران بۆ چاكتر كردنی رۆڵ وكاریان.

چوارەم: ئەركی بەدواداچوون و چاودێریی لەلایەن هۆكارەكانی راگەیاندنەوە بۆ:
1. تۆماركردن وگواستنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان لە كەناڵەكانی راگەیاندنەوە.
2. تەرخانكردنی سایتی ئەلكترۆنی و رۆژنامەو گۆڤار بۆ چاودێریكردنی ئەدای حكومەت.
Top