گەڕان بە دوای ئاشتەواییدا

گەڕان بە دوای ئاشتەواییدا
پێدەچێت شەبەنگێكی نوێی ئاشتەوایی لە نێو كوردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە دەركەوتندا بێت. ناكۆكیەكە(شەڕە ناوخۆییەكە) لە سوریا بەرەو رێككەوتنی نێوان حكومەتەكەی ئەسەد و هێزە یاخیبووەكان دەچێت، كەواتە دەبێت كوردەكان كێشەكانی نێوخۆیان چارەسەر بكەن بۆ ئەوەی پێگەیەكی باشتر لە پێشوو بەدەست بهێنن، یەكێك لە هۆكارە سەرەكیەكان كە وایكردووە كاتی ئەم ئاشتەواییە هاتبێت، خۆڕاگری حكومەتەكەی ئەسەدە، هۆكاری دووەم لە گەورەبوونی هێز و دەستڕۆیشتوویی گرووپە جیهادیەكانی نێو خاكی سوریاوە سەرچاوەی گرتووە كە كاریگەریەكەی بۆ ناوچەكە دەپەڕێتەوە.
هەرچۆنێك بێت كێشەكە لە پێوەندیدا بە كوردەكانەوە ئەوەیە كێ سەركردایەتی پرۆسەی سیاسی دەكات گومانی تێدانییە كە پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراق و سەركردەكەی بەڕێز مسعود بارزانی یەكێكە لە ناوەندەكانی هێز لە نەخشەی سیاسی كوردیدا. ناوەندەكەی دیكە بریتیە لە پارتی كرێكارانی كوردستانی توركیا(پەكەكە) كە درێژبوونەوەیەكی قووڵی لە ناو ئێراندا هەیە (لە رێی پژاكەوە)، هەروەها بۆ ناو سوریاش (لە رێی پەیەدەوە). تا ئێستا ركابەری نێوانیان-نێوان كوردەكان- رێگر بووە لە گرتنەبەری كارێكی هاوبەش لە بواری نێودەوڵەتیدا.
ئەمەش بواری كاركردنی هەردوولای سنووردار كردووە. هێشتا توركیا ئاشتی لەگەڵ پەكەكەدا نەكردووە، و گومانی هەیە لە نزیكی پەیەدە لە پەكەكەوە. پارتی دیموكراتی كوردستان نائاسوودەیە بە تێڕوانینی تاكڕەوانەی پەیەدە كە ئەو تێگەیشتنەی دروستكردووە كە ئەم پارتە بە نهێنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ دیمەشقدا هەیە و بە شێوەیەكی مەترسیدار هێزی كوردەكانی سوریای سنوورداركردووە.
ئەگەرچی پەیەدە دەیەوێت بە تەنیا كاربكات بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی كورد لە سوریا، ئەویش لە رێی دروستكردنی ئۆتۆنۆمیەكی خۆبەڕێوەبەریەوە لە باكوری سوریا، بەڵام ئەمە لە رووی فیعلیەوە مەحاڵە ئەگەر پشتیوانی توركیا یان هەرێمی كوردستانی(KRG) لەگەڵدا نەبێت. هێزە جیهادییەكان یان دیمەشق دەتوانن بەسەر هێز و دەسەڵاتی پەیەدەدا زاڵبن، ئەمە ئەگەر هاتوو لە كانونی دووەمی 2014 دا لە جنێف گەیشتنە رێككەوتن، كە دەرئەنجامەكەی ئەوە دەبێت یان بەشارئەسەد یاخود حزبی بەعس لە دەسەڵاتدا بمێننەوە، یان هەردووكیان.
كەواتە ئاشتەوایی لە نێو كوردەكاندا لە بەرژەوەندی هەموولایەكدایە. توركیاش هەمان بۆچوونی هەیە. بەم شێوەیە دەتوانرێت هاوسەنگییەك لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و پەكەكەدا بهێنرێتە ئاراوە، كە پارسەنگی یەكتر بكەن. لەوەش زیاتر، كوردەكانی سوریا یەكگرتوو دەبن بۆ پێكهێنانی شاندێكی یەكگرتوو بۆ كۆنفرانسی جنێف 2 كە لە 22ی كانونی دووەم دەبەسترێت.
رێككەوتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی كرێكارانی كوردستان، كە دوو پارتن سیاسەتی جیاوازیان هەیە لە ئاست سوریا و توركیادا، لەلایەن عوسمان بایدەمیرەوە-سەرۆكی شارەوانی دیاربەكر- كارئاسانی بۆ دەكرێت، ئەندام پەرلەمانی كوردی لەیلا زانا -لە پەرلەمانی توركیا-، كە بەم دواییە سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لە هەولێر چاوی بە بەڕێز بارزانی كەوت. بەم نزیكانە دەبینین ئایا – ئەم هەوڵە-سەركەوتوو دەبێت یان نا.
پارتە كوردییەكانی سوریا، كە لە دوو كامپدا خۆیان رێكخستووە، یەكێكیان بریتییە لە ئەنجوومەنی نەتەوەیی كوردی (KNC) و ئەوی دیكەیان میحوەرەكەی پارتی یەكێتی دیموكراتی(پەیەدە)یە كە لەلایەن پەكەكەوە پشتیوانی دەكرێت، كەوا پێشبینی دەكرا پێكەوە كاربكەن لەدوای رێككەوتنەكەی تەموزی 2012 كە بە سەرپەرشتی مسعود بارزانی هاتەئاراوە. هەرچۆنێك بێت، بەرژەوەندی و ئامانجەكانیان بواری بەوە نەدا ئەجێندایەكی هاوبەشیان هەبێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، لایەنە كوردییە جیاوازەكان فشار دەكەن بۆ ئەوەی پارتە سیاسیە كوردییەكان ئاشتەوایی لەگەڵ یەكدا بكەن، لەبەر ئەوەی ناتەبایی لە ناودەبات، ئەم ئاشتەواییە خوازراوە دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئەنجوومەنی باڵای كوردی.
لە كاتێكدا بووژانەوەی ئەنجومەنی باڵای كوردی لەلایەن پەیەدەوە پێشوازی لێدەكرێت، بەڵام ئەمە مەرجدارە.
لە كاتێكدا هێشتا هاوسەرۆكی پەیەدە، ساڵح موسلیم، و مسعود بارزانی چاویان بە یەكتر نەكەوتووە. لەبەر ئەوە ئێمە نازانین ئایا هەموو داواكارییەكانی پەیەدە جێبەجێ دەبن یان نا. ئاشتەوایی نێوانیان، لەلایەك دەبێتە هۆی زاڵبوون بەسەر ئەو گومانەی گوایە پەیەدە پێوەندی هەیە بە رژێمەكەی ئەسەدەوە، لەلایەكی دیكەشەوە نەبوونی تێگەیشتنی هاوبەش قورسایی دەخاتەسەر كێشەی كورد لە توركیا. لە دەرئەنجامدا بەدگومانی سەردەكێشێت بۆ ئەوەی كورد و توركەكان بە دەستێك چەك هەڵگرن و دەستەكەی دیكەشیان بۆ رێككەوتن درێژ بكەن.
* ئوستادی زانستی سیاسەتە لە زانكۆی فاتح لە توركیا و پسپۆر و تایبەتمەندە لەسەر دۆزی كورد و یەكێكە لەنووسەرە دیارەكانی توركیا
Top