پەیامێك بۆ دەوڵەتانی خاوەن ڤیتۆ

پەیامێك بۆ دەوڵەتانی خاوەن ڤیتۆ
لەشەست و پێنجەمین ساڵیادی جاڕدانی جیهانیی مافەكانی مرۆڤدا

بەڕێزان سەركەوتووانی دوای جەنگی دووەم جیهان و، خاوەنانی بیرۆكەی جاڕنامەی مافەكانی مرۆڤ:
ئەمڕۆ شەست و پێنج ساڵ بەسەر جاڕدانی جیهانیی مافەكانی مرۆڤدا تێپەڕ دەبێت و، مرۆڤایەتییش لەهەموو ڕۆژێك زیاتر پێویستیی بەگێڕانەوەی پێگەی شیاوی مرۆڤبوونی خۆی هەیە.
گەلانی بێ دەوڵەتی ئەمڕۆ پێویستییان بە دەنگی ئێوە هەیە تا پێیان بڵێن:
بمانبوورن كە تا ئەمڕۆش ئاوڕی خێرمان لە ئێوە نەداوەتەوە!!
مرۆڤگەلێكی زۆری ئەم سەردەمە لە زۆر ناوچەی جیهاندا دەڵێن:
فراوانیی وڵاتانی ئێوە بەئێمە چی؟ ئەگەر جێگەی ئێمە تەنگ بێت لەو دەوڵەتانەی بەزۆر كراونەتە خاوەنی خاكمان؟
ئێوە دەوڵەتەكانتان نوێ دەكەنەوە، بەڵام بیركردنەوەتان لە ئاست كێشەكانی ئێمەدا هەر كۆنە، باڵەخانەكانتان بڵندترو بەرزتر دەبن، بەڵام هیممەتتان لەئاست خەمەكانی ئێمەدا هەر نزمە.
ئەمڕۆ كە پێویستیمان بەئێوە هەیە، تەنها گوڵێكمان پێشكەش بكەن لەدەوڵەتی خۆماندا، باشترە لە چەپكێك گوڵ كە سبەی لەسەر گۆڕە بەكۆمەڵەكانمانی دادەنێن لەو وڵاتانەی كە بەسەریاندا دابەشكراوین.
ئێوە كە هەموو خەمتان ئەوە بێت كە لە جوانترین شوێنی دنیادا، گرانترین شتتان هەبێت، ئەوە گەلانێك خەریكە دەبنە هەرزانترین شتی جیهان.
ئێمەو زۆری وەك ئێمەش جەستەمان ماندووە بەدەست بڕیارەكانی دوێنێی ئێوەوە، بەڵام هێشتا ویژدانمان ئاسوودەیە، باشتر نییە لەوەی كە ئێوە ویژدانتان ماندووە و، باجەستەشتان ئاسوودە بێت.
ئێوە دڵنیان لە وڵاتی خۆتانداو، رۆژانە دەست بۆ ژیان دەشۆن، بەڵام زۆرێك لەگەلانی جیهان لە برسا یان لە ترسا خەریكە دەست لە ژیان دەشۆن!!

ئێوە چاكتان كرد كە حەزتان نەكرد كۆیلە بن بەدەست كەسەوە، چاكتریش دەكەن ئەگەر هەوڵ بدەن كەس كوێخا نەبێت بەسەر گەلی كوردستانەوە.
ئێوە ئەگەر حەز دەكەن لەبیری خەڵكیدا بمێننەوە و لەیاد نەچن، پەیكەری سەركردەكانتان لەسەر شەقامەكان دروست مەكەن، بەڵكو بەگێڕانەوەی مافی گەلان، پەیكەرێك بۆ خۆتان لە دڵی خەڵكی بێ نەوادا دروست بكەن.
ئێمەی گەلانی دێرین وەك بەساڵاچوویەك واین، بترسن لەنەمانی گەلانی دێرین و بەتەمەن، چونكە وەك گووتراوە: كە بەساڵاچوویەك دەمرێت، كتێبخانەیەك لەنێو دەچێت و، باسەكانی رابووردوو لەگەڵ خۆیان دەبەنە ژێر گڵ.
ئێوە كە گەورەن پێویستە لەو راستییە بگەن كە لقی درەختی بەردار لەبەر ئەوەی قورسە بۆیە هەمیشە بۆ خێری مرۆڤایەتی شۆڕدەبێتەوە، ئێوە ئەگەر مانگن لە ئاسماندا با لە ئاوی سەر زەوی ئێمەدا وێنەتان دەربكەوێت.
لەساڵڕۆژی جیهانیی مافەكانی مرۆڤدا ئێوەی گەورەكان وریابن، مەهێڵن هیچ دەوڵەتێك دەست بەسەر گەلانی دیكەدا (بڵند) بكات، مەهێڵن دەست (درێژ) بكەن بەسەر كەسدا، حەزیش مەكەن گەلانی بێ ماف دەست لەئێوەو ئەوان (پان)بكەنەوە.
بەبێدەنگیی گەلانی لاوازی ئەمڕۆ فریو مەخۆن، چونكە زۆرجار بێدەنگییش قسەكردنە، بێدەنگیی هاواری ناخە، یان وەڵامێكی قورسە كە ئەمڕۆ لەگوتن نایەت، یان هەڵوێستێكی توندە كە ئەمڕۆ لەدەربڕین نایەت. پێویستە بزانن كە جیهان زۆر پێویستیی بەدەوڵەتگەلێكی وەك ئێوەیە كە لەبێدەنگییان بگەن و، بشزانن هەموو بێدەنگییەك نیشانەی رازیی بوون نییە.
شەست وپێنج ساڵە گەلانێكی بێ ماف و نەتەوەگەلێكی بێ دەوڵەت گوێ بیستی جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤن و، نزیكەی سەدەیەكیشە خاكی جیهانتان بەهەڵە دابەشكردووەو، بەهەڵەش گەلانتان لە خاكی یەكتردا كۆكردۆتەوە، ئێوە كە ناوتان لەخۆ ناوە گەلانی ئازاد، ئەو كاتە ئازادن كە بتوانن ئەمڕۆ بەهەڵەكانی دوێنێی خۆتان پێبكەنن، ئەو كاتەش ئازان كەوێڕای كێشەكانتان بتوانن بەگێڕانەوەی ماف و خاك بۆ خاوەنەكانیان، بۆ خەڵك پێبكەنن، نەك بەخەمی خەڵك پێبكەنن.
Top