(هەر لە بەزمەكانی رۆژانی زانكۆ)- 1 -
December 19, 2013
وتار و بیروڕا
نەك هەر تەمەنی گەنجێتی، بگرە بۆ سەرجەم قۆناغەكانی دیكەی ژیان، ئەگەر جاروبارە بەزم و رەزم و قسەی خۆش و قاقا لێدانی پێكەنینی تیادا نەبێت، ئەوا تەمەن لەدەست چووە و، وەك دەستی خنكاندن لە سینی درابێ وایە، ئێمەش ئەو چوار پێنج قوتابییەی سلێمانی كە لە شووقەیەكی پەرپووتی گەڕەكی (جدید حەسەن پاشا) ژیانمان دەگوزەران، كە ئێستا دەیهێنمەوە بەرچاوم هەر دەڵێی شانۆییەكی نەك هەر كۆمیدی، بەڵكو پتر گاڵتەجاڕی بوو، هەر كاتێ بمزانیایە كش و مات و بێدەنگن، دەچوومە سەر قەرەوێڵەكەم و بەدوا دەنگم وتارەكەی(ئەنتۆنیو)ی(بولیۆس سیزەر)م دا دەدا و، رادەچڵەكین و پاشان دەكرایە بەزم.
لە پڕا دەوەستام، هاواریان دەكرد، بەردەوامبە، منیش كە(مارك ئەنتۆنیۆ) بووم بالیفەكەم كردبووە، تەرمی(سیزەر) و بە دڵێكی خەمناكەوە بەردەوام دەبووم: (ئهی سیزهری مهزن، راسته خۆشهویستم بووی، ئهوه هیچ جێگای گومان نییە، بەڵام ئەگەر گیانت لەم ساتەدا سەیری ئێمه بكات، دهزانم پتر له كوشتنهكهت ئازار به دهست دەچێژم، كە بەچاوی خۆت بینیت، مارك ئەنتۆنیۆی براو یاوەرت، دەستی لەناو دەستی خوێناوی دوژمنەكانتایە..)،دەكرایە چەپڵەرێزان و، پاشان هەر یهكە دەستی بە خوێندنەوەی خۆی دەكرد.
یەكێ لەو برا هەرە خۆشەویستانەم، گەنجێكی قیت و قۆز و تەواو دڵتەر و چاوباشقاڵ بوو، بەڵێ چاوباشقاڵ، ئەو ئەو وشەیەی ئەو هاوڵەمم پێ پێناسەكرد، جارێكی لەگەڵ(دیلان) مشتومڕمان لەو واتای ئەو وشەیە بوو، رای من وابوو كە زادە و پێكهاتەی، یان هەموو لەیەكانگیری هەر دوو وشەوە(ئاڵۆدە)ی (ئەشق)، یان عەشق تێوهی ئاڵا و، هەندێ چەند و چوونم لەسەر كرد، بەڵام دادی ئەوی نەداو دڵی لەو لێكدانەوەیەم ئاوی نەخواردەوە، چونكە وا راهاتبوو، خۆی كە شتێكی بفەرمووایە، هەر دەبوو ئەوە بووایە، بە هەرحاڵ ئەو برادەرە دڵتەرەم، كردبووی بەخو، هەر كە عەسران دەهاتەوە دەرگای سەر بانێژەكەی دەخستە سەرپشت و چاوەبڕكێی لەگەڵ كچە دراوسێیەك دەكرد، ئەویش هەموو رۆژێ لەو وادەیەدا بەهۆی جل هەڵخستن و یان لێكردنەوەی بەچەند كاتژمێرێك لەو سەر بانە ئیدی یان بەبەر سووری خۆرەوە، یان لەبەر كزەی وشكە سەرمای زستانانی بەغدادا، هەر چەندە هاوارمان دەكرد، پیاوی چاكبە، هەر نەبێ دەرگاكە لە دوای خۆتەوە داخە چ لەبەر دەنگە دەنگ و هەروا هوریایی ئەو كۆڵانەی كە هەمیشە دەتگوت(رۆم ئەلفەزایە) جگە لە دەنگی دارتاشخانە و چایخانە و......
بەڵام كاكە گیان هیچ گوێی بە هوت و هاوار و بە قوربان و بە ساقەكەمان نەدەبوو، ئەو چاوی لەو كچە رەشتاڵە باڵا عەرعەرییە بووایە، ئیتر خوا دەیكرد دونیا خاپوور و نوغرۆ دەبوو.
خوا كردی ئێوارەیەك هاتەوە و برادەرێكی لەگەڵدا بوو، وتی: ئەرێ برایان، بەیانی ئەبێ بچمەوە شار، ئەگەر راسپاردەیەك ئیشێكتان هەیە، دەرفەتە پێم بڵێن.
: ئەرێ حەوت براكەم زۆرت پێ دەچێ ؟
: هەتا شەممەی ئایندە واتە چوار رۆژ ؟
: خێری پێوەبێ، رێز و سڵاومان، بۆ خزم و كەسوكار هەیە خراپیش نییە، ئەگەر لە دوكانی كاكە(حەسەن فەرج) كیلۆیەك باسوقمان بۆ بێنی، یان كیلۆیەك گەزۆی كاكە(عەبالە)ی سابونكەران.
بەیانی هەر زوو چاوەڕوانی نانی بەیانی نەكرد و یەك دووجار بە پەلە دەرگای بانێژەكەی كردەوە و لەسەر بانەكانی روانی.
: ئەوە سەیری چی دەكەی، لە تۆ وایە بەم (سبای ساڵمانە) قەیماغ و سەموونی گەرمە، ئەوە عەسران سۆراغی بكە، یەكتریمان ماچ كرد و خواحافیزیمان لەیەكدی كرد.
: لە بری ئێمە خولێكی بەردەرگی سەرا بدە كاكە ئۆغرەی خێری كرد و وادەی عاشقێنی كردنەكەی هات، هێشتا برادەرەكانم نەگەڕابوونەوە، سەیرم كرد ئەو قاتە بیجامە شینە بریقەدارە و خاولییە زەردە لیمۆییەكەی هەر وا بە بزمارەكانی ژوور قەرەوێڵەكەیەوە، دامگرت و گوتم:
حەوت برا، هەر ئەمڕۆ دەردت دەرمان دەكەم، دەنگی كلیل هات لە دەرگاكە دەنرا، روانیم كاكە(ئەكرەم)ە، هاتۆتەوە، سەیری كردم ئەوا خەریكی لەبەركردنی بیجامەكەی ئەو ئازیزەم، هەر چەندە بۆ بەژنی من گچكە بوو، بەڵام وتم خۆ لاقم نابینێ، حەپەسا و وتی:
ئەوە بیجامەكهی خۆت شتوە.
:نه وەڵڵا ئەوە، دەردی كاكەی پێ دەرمان دەكەم، تۆ هیچ هەقت نەبێ و تۆ مهرقهدەكەی كاكە ئەحمەدی شێخ ئەگەر باسی بكەی، ئامانە، بەخوا حەیامان دەبات، هەر بە دەستووری كاكە چوومە بانێژەكە و ئهو خاولییەی لە دە كیلۆمەترەوە دەبینرا، دام بە سەر شانما و قژیشم دوور لە ئێستا، پڕو چڕ بوو، بە دەستوری ئەو بەسەر ناوچەوانما داهێنا، كاك ئەكرم بە دزییەوە لە درزی پەنجەرەكەوە سەیری ئەكردم، خوا كردی كچە بەژن باریك و بەرزە رەشتاڵەكه هاتە سەربان و هەر بە یادی گشت رۆژانێكەوە لە بانیژەكەی روانی و چاوەڕوانی منی دەكرد دەست بە لاسەرما بینم، ئەوە سڵاوی ئەو دوورا و دوورانە بوو، ناچار ئهوكەوتە بزاواندن و ئاماژەكردن، منیش پێم بە جەرگی خۆمداناو و دوو سێ چەمۆڵەم لێنا و بەپەلە پشتم تێكرد و توند دەرگاكەم بە دوای خۆمدا بە یەكدادا و هاتمە ژوورێ، ئیتر لەگەڵ برادەرەكەمدا و پاش برادەركەی ترمان كە هاتەوە تا نیوەشەو هەر پێكەنیوین، زوو زووش دەمگوت:
بە قوربان كاكەم بە قەدەر هەر دوو چاوم خۆش دەوێ و نەكەن ئەمە بدركێنن، رۆژی شەممە داهات و، وەك رۆژانی دیكە روومان لە لانە لانەوازەكەمان كردەوە، هەر كە دەرگام كردەوە كاكەم بینی بە بیجامەوە خاولییەكەی ملییەوە هەروام زانی ئەو رۆژەی بەزمەكەی خۆمم و پاڵم لێداوهتەوە پاش بەخێرهاتنەوە و یەكتری ماچ كردن، دەست و دیارییەكەیم بینی و بێ ئێوە ناخۆش باسوقێك و گەزۆییەكی عەبالەم حەم كرد، گەیشتە وادەی چاوبڕكێكەی و چەندە چاوەڕوانی كرد، یار دیار نەبوو، خواكردی برادەران ئەو رۆژە درەنگ وەختانێ هاتنەوە، بۆ دواجار بە پەرۆشی و حهسرهتەوە رووی كردهوە بانێژەكە، ئەمجارە یارە خرپنەكەی جاران بە تەشتێ جلی شۆراوە هاتە سەری و ئەمسەرو ئەو سەری تەنانەكەی كرد، خۆی لە كاكە گێل كرد، لە پاش هەڵخستنی دوایین پارچە كە سەرپۆشێكی رەش بوو، ئاوڕێكی دایەوە و حەوت چەمۆڵەی هەقەوەسێنی لە برادەرەكەمان كرد و لێڵایی بە چاوانیان دیناو، تەخت لەسەر جێگاكەی لێی كەوت لیفەكەی هەتا پشت سەری راكێشا و، ناوە ناوێ ئەمدیوو ئەو دیوی دەكرد.
منیش بوومە هاوخەمی و بە هەمان شێوە لاڵ و پاڵ لێی كەوتم ئەمە نهێنییەكی ئەو رۆژانە بوو، بەڵام ئەوا دركاندم.