لاشەیەکی داگیرکراو یان ئەکتەرێکی ئازاد،ژنی پیەر بۆردیۆ، ژنی ئالان تورێن، ژنی کوردستانی

لاشەیەکی داگیرکراو یان ئەکتەرێکی ئازاد،ژنی پیەر بۆردیۆ، ژنی ئالان تورێن، ژنی کوردستانی
ئەم توێژینەوەیە لە سێ بەشی سەرەکی پێکهاتووە. بەشی یەکەم تایبەتە بە خوێندنەوەی تیۆری وێناکردنی ژن وەك کائینێکی هەژمون لەسەرکراوی هەمیشەیی، کە پیەر بۆردیۆ، گەورە سۆسیۆلۆگی جیهانی، دامەزرێنەرێتی. بەشی دووەم تایبەتە بە خوێندنەوەی تیۆری وێناکردنی ژن وەك ئەکتەرێکی ئازاد کە لەپێناوی خۆبیناکردن وەك خودێکی سەربەخۆ تێدەکۆشێت، ئالان تورێن، سۆسیۆلۆگێکی گەورەی دیکەی جیهانی لە پشت ئەم تیۆریەوەیە. بەشی سێیەم و کۆتاییش تایبەتە بە هەلومەرجی ژن لە کوردستاندا و لۆکالیزەکردنی پێگەکەی لەنێوان ئەم دوو «ماکرۆ» گێڕانەوە جیهانییەدا و هەوڵدەدەین ئەم کردەیە پشت ئەستور بکەین بە کۆمەڵێك داتای مەیدانی کە لەسەر خودی ژنی کوردستانی ئامادەکراون.
چەند پەرەگرافێکی بەشی یەکەمی ئەم توێژینەوەیە لە رۆژنامەی هاووڵاتیدا بڵاوکراوەتەوە، بەڵام دواتر هەردوولامان تێگەیشتین لەوەی کە ستەم لە خوێنەر و لە خودی توێژینەوەکەش دەکەین گەر پچڕ پچڕ و بە بیست گۆشە بڵاویبکەینەوە. بۆیە بڕیارمدا، هەر سێ بەشەکە و بە سێ جار «گەر گونجاوبێت» لە گوڵاندا بڵاوبکەمەوە.

ژنی پیەر بۆردیۆ
لە دەستپێکی کتێبەکەیدا پیەر بۆردیۆ بەم رستەیە دەستپێدەکات: گەر لۆژیکی کۆی توێژینەوەکانم نەبووایە، هەرگیز دەستم نەدەبرد بۆ بابەتێکی سەخت و ئاڵۆزی لەم شێوەیە. ‌ئەوەی بەلای پیەر بۆردیۆوە جێگای سەرسوڕمانێکی بەردەوامە شتێکە کە ناویدەنێت «پارادۆکسی دۆکسا»: واتە ئەو سیستەمەی کە جیهانی کۆمەڵایەتی بەڕێوەدەبات (بە ماناکانیەوە، بە جەبرەکانیەوە، بە حەرامەکانیەوە، بە مۆڵەتپێدراوەکانیەوە، بە چاودێریەکانیەوە، بە سزاکانیەوە) رێزی لێدەگیرێت و وەك خۆی جێبەجێدەکرێت، بەبێ ئەوەی رووبەڕووی هەتککردنی زیاتر، بەریەککەوتنی زیاتر، لادانی زیاتر، راپەڕینی زیاتر ببێتەوە. لەوەش زیاتر، ئەوەی جێگای سەرسوڕمانێکی گەورەترە، سیستەمی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە مرۆییەکانە کە (بە پەیوەندییە بیناکراوەکانی لەسەر بنەمای هەژموونەوە، بە مافەکان و کارتە سپیەکانیەوە، بە دەستکەوت و نادادیەکانیەوە) بە ئاسانی دەتوانێت رەگوڕیشەی خۆی بەنێو مێژوودا درێژبکاتەوە و، لەدەرەوەی چەند رووداوێکی تاقانە و «ئیستیسنائی»، وەك سیستەمی «قبووڵکراو» و «سروشتی» مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
هەژموونی پیاو بەسەر ژندا و چۆنیەتی فەرزکردنی و بەدیهێنانی، ئەو رووبەرە فراوانەیە کە پیەر بۆردیۆ وەك نموونەیەکی باڵای «خۆبەدەستەوەدان» دەیبینێت. خۆبەدەستەوەدانێك کە بەرهەمی ئەو شتەیە کە ناویدەنێت زەبروزەنگی رەمزی، زەبروزەنگی نەرم، زەبروزەنگی نەبینراو لەلایەن قوربانیەکانەوە کە بەشێوەیەکی گشتی لەسەر ئاستی رووتوقووتی رەمزیی پەیوەندیکردن، جەهل، دانپیادانان و هەستدا‌ خۆی بەدیدەهێنێت.
ئێمەیەك کە، بە ژن و پیاوەوە، لەبواری زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردەکەین و دەمانەوێت بڕۆینە پشت پەردەی هەژموونی پیاو لە سەر ژن و رووناکی بخەینە سەر میکانیزمەکانی کارکردنی، لەبەر ئەوەی لە مێژووی پەروەردەی کۆمەڵایەتیماندا و لەڕێگای نەخشە ناوشیارەکانی بینین و هەڵسەنگاندنەوە، ئاوێزانی ستراکتۆرە مێژووییەکانی سیستەمی نێرینە بووین، هەمیشە لەبەردەم مەترسیی ئەوەداین کە، بۆ راڤەکردنی هەژموونی پیاوان بەسەر ژنانەوە، پەنا ببەینە بەر ئەو مۆدێلانەی فیکر کە لەژێر کارایی خودی ئەم هەژموونەدا بەرهەم هاتوون.
بۆ دەربازبوون لەم مەترسییە، لەپێناوی خۆ دوورخستنەوە لەم داوە جاڵجاڵۆکەییە، پیەر بۆردیۆ تەنها یەك رێگا دەبینێت کە بریتییە لە کردەی «ئۆبژێکتیڤاسیۆن»ی ئەو پرسەی کە کاری لەسەر دەکەین. واتە بابەتی کار لەسەرکراو، لەلایەن سۆسیۆلۆگەوە، دەخرێتە نێو کردەی «بابەتاندنەوە» بەو مانایەی کە دادەنرێت لە هەموو بڕیارە پێشینەکان، لە هەموو ئەحکامە ئەخلاقییەکان، لە هەموو مانا هاوبەشەکان و دواتر کاری لەسەر دەکرێت. ئەم ستراتیژییە لای پیەر بۆردیۆ بریتییە لە وەرگێڕانی ئەو روانینە «فەوقیەی» کە وەك دۆرکایم دەڵێت چوارچێوەکانی پۆلێنکردنمان بۆ دروستدەکات و لەڕێگایانەوە جیهانی کۆمەڵایەتی دروستدەکەین، بۆ ئەزموونی موختەبەری؛ کە بریتییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ستراکتۆرە بابەتییەکانی کۆمەڵگەیەکی مێژوویی تایبەتدا وەك کەرەسەی کاری رەڤەکردنی کۆمەڵایەتی «ناوشیاری» کە نێرینە دەکات بە سەنتەر، بەشێوەیەك کە بتوانێت دەست گیربکات لە «بابەتاندنی» کاتیگۆریەکانی هەمان ئەو ناوشیاریە.
لەم گۆشەنیگا میتۆدۆلۆژیەوە پیەر بۆردیۆ کار لەسەر پرسی هەژموونی نێرینە بەسەر جیهانی مێیینەدا دەکات و پێیوایە کە، توانایی کارای سیستەمی نێرینە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە پێویستی بە «خۆسەلماندن»نییە، پێویستی بە بەڵگە هێنانەوە بۆ سەلماندنی شەرعیبوونی خۆی نییە، وەك ئەوەی کە دیاردەیەکی سروشتی بێت، یاخود وەك ئەوەی کە دیاردەیەکی «بێلایەن»بێت. لەوەش زیاتر، تەواوی سیستەمی کۆمەڵایەتی وەك کارگەیەکی زەبەلاحی رەمزی دەجووڵێتەوە، کە ئامانجی سەرەکی بریتییە لە واژووکردنی هەژموونی نێرینەیەك، کە بناغەی خودی سیستەمەکەیە، کە دامەزراوە:
لەسەر دابەشبوونی چالاکییەکانی ژن و پیاو لەنێو رووبەر و چرکەساتەکاندا.
لەسەر ستراکتۆری پانتایی بە «ئۆپۆزیسیۆن»ی نێوان بازاڕ (جێگای کۆبوونەوەی پیاوان) لەلایەك و ماڵەوە (حەرەمی هەمیشەیی ژنان) لەلایەکی دیکەوە، هەروەها لە ماڵەوە «ئۆپۆزیسیۆن»ی نێوان ئەو رووبەرەی کە بۆ پیاوان تەرخانکراوە و ئەو رووبەرەش کە بۆ ژنان دەستنیشانکراوە.
لەسەر ستراکتۆری کات بەو زەمەنانەی کە پیاویان تیایاندا دەردەکەون و ئەو زەمەنانەش کە لەسەر ژنان تاپۆکراون.
دابەشبوونی سێکسیانەی جیهانی کۆمەڵایەتی بەسەر ژن و پیاودا، پیەر بۆردیۆ دەگەیەنێتە ئەو دەرەنجامەی کە پێمان بڵێت کۆی لاشەی مرۆڤ، بە ژن و پیاوەوە، لەنێو بیناکردنی کۆمەڵایەتیدا درووستبووە. لاشەی مرۆڤ پێش ئەوەی واقیعێکی بیۆلۆژی رووتوقووتبێت، بەرهەمی بیناکردنی رووبەرێکی کۆمەڵایەتی تایبەتە؛ بیناکردنێك کە لە هەر جومگەیەکیدا سێکس ئامادەیە؛ بەو مانایەی واقیعی لاشە، واقیعی بیناکردنێکی سێکسیانەیە، کە لە هەموو چرکەساتێکدا بینای روانین و دابەشکردنی سێکسیانەی واقیعی دیکە دەکات.
لەنێو ئەم پرۆگرامە کۆمەڵایەتییەدایە کە لاشەی بیۆلۆژی ژن و پیاو مانا وەردەگرن؛ لەنێو ئەم پرۆگرامەدایە کە سێکسی ژن و سێکسی پیاو لەیەك جیادەبنەوە و لاشەی ژن دەبێت بە رووبەری هەرسکردنی هەژموونی پیاو وەك دیاردەیەکی سروشتی، وەك فاکتێکی ئاسایی. لە هەلومەرجێکی ئاواشدایە کە ئەوانەی هەژموونی پیاو بە دیاردەیەکی «سروشتی» دەزانن، دێن و جیاوازیی ئۆرگانە سێکسیەکانی پیاو (زەکەر) و ژن (فەرەج) وەك بەڵگەی سروشتیبوونی جیاوازیی نێوانیان بەکاردەهێنن و کۆی بیناکردنی کۆمەڵایەتییانەی ماناکانی هەر یەکێك لەو ئۆرگانە سێکسییانە و چۆنیەتی دابەشکردنی وەزیفەکانیان لەلایەن جیهانی کۆمەڵایەتییەوە دەخەنە نێوان دوو کەوانەوە.
کاتێك بونیەی فیکری هەژموون لەسەرکراوەکان، کە ژنانن، لەژێر کارایی بونیەی هەژمووندارەکاندا، کە پیاوانن، بینادەکرێت، لە دۆخێکی ئاوادا کردەکانی مەعریفه راستەوخۆ دەچنەوە سەر «ئیعتراف» بە خۆبەدەستەوەدانی ژنان لەبەرامبەر پیاواندا. بەڵام لە هەمانکاتدا پیەر بۆردیۆ پێیوایە کە لەنێوان پرۆسێسی جیهانی سروشتی و دابەشکردنی کۆمەڵایەتییانەی هەمان ئەو جیهانەدا، مەودایەك هەیە کە بەتەواوی یەکلایی نەبووەتەوە و رێگا دەدات بەوەی کە هەژموون لەسەرکراوەکان (ژنان) ململانێ لەگەڵ هەژمووندارەکان (پیاوان) دا بکەن و لەپێناوی بەدەستهێنانی مافەکانیاندا تێبکۆشن. راستە لە فیکری پیەر بۆردیۆدا ئەم رووبەرە زۆر تەسکە‌، بەڵام ئەوەش راستە کە دەرفەتی خەونبینین بە هەژموون لەسەرکراوەکان دەبەخشێت.
بەپێچەوانەی هەموو ئەو زانایانەی کە پێشتر کاریان لەسەر تۆڕی پەیوەندییەکانی نێوان ژن و پیاو لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا کردووە، پیەر بۆردیۆ دێت و لەسەر «پارادۆکسێك» کاردەکات کە خودی هاوکێشەکە سەرەوژێردەکاتەوە. لە سۆسیۆلۆژیای ئەودا، ئەوە ئامادەبوون یان ئامادەنەبوونی «قەزیب (قضیب)»نییە کە پێگەی مرۆڤ لە روانینی کۆمەڵایەتیدا دەستنیشاندەکات، بەڵکو ئەوە روانینی کۆمەڵایەتییە کە دەستنیشانی کۆی وەزیفە جیاوازەکانی لاشەی ژن و پیاو دەکات. بێگومان بونیەی روانینی کۆمەڵایەتیش لەسەر چەمکی «بەناوەندبوونی نێرینە» بیناکراوە. واتە روانینی کۆمەڵایەتی، کە لە رەگوڕیشەدا روانینی نێرینەیە، چوارچێوەی مانا و جووڵانەوە بۆ هەر یەکێك لە ئۆرگانە جیاوازەکانی لاشەی ژن و پیاو دیاریدەکات. بەدیوێکی دیکەدا، ئەوە «قەزیب» وەك مادەیەکی فیزیکی رووتوقووت نییە کە دنیای کۆمەڵایەتی دابەشدەکات و مانا جیاوازەکان دەبەخشێتەوە، بەڵکو ئەوە روانینی کۆمەڵایەتی و پرۆگرامە جیاوازە پەروەردەییەکانیەتی کە «قەزیب» وەك ئۆرگانێکی مانادار، وەك سامبۆلی مەردایەتی، وەك سەرچاوەی شەرەف، وەك کەرەسەی شانازی دروستدەکات.
لەنێو ئەم جیهانبینە کۆمەڵایەتییەدا سێکسەکان پۆلێن دەکرێن: سێکسی پیاو وەك پلە یەك و سێکسی ژن وەك پلە دوو. دوور لە پێداویستی بەرهەمهێنانەوەی رەگەزی بەشەری، دوور لە بەردەوامیدان بە مرۆڤی بیۆلۆژی (بەیەکگەشتنی رووتوقووتی ژن و پیاوێك بۆ دروستکردنی مرۆڤێکی تر)، ئەوە بیناکردنی کۆمەڵایەتییانەی ئۆرگانە بیۆلۆژیکەکانی ژن و پیاون، کە بڕیار لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی هەر یەکێك لەو ئۆرگانانە، ماناکانیان، پەیامەکانیان، خۆبەدیهێنانەکانیان دەدات نەك پێچەوانەکەی. لەم جیهانبینییەدا، ئەوە «فەرج» و «قەزیب»ی ژن و پیاوێك نین کە بڕیار لەسەر چۆنیەتی دروستکردنی منداڵێك دەدەن، بەڵکو ئەوە جیهانبینی کۆمەڵایەتییە کە ئەم دوو ئۆرگانە فێری ئەوەدەکات کە لە چ چوارچێوەیەکدا منداڵێك دروستبکەن.
لە جیهانبینی کۆمەڵایەتیدا چەند دابەشبوونی سێکسیانەی کار ئامادەیە، هێندەش دابەشبوونی کاری سێکس ئامادەیە؛ دابەشبوونێك کە هەژموونی جنسی پیاو، مرۆڤی پلەیەك، بەسەر جنسی ژن، مرۆڤی پله ‌دوودا دەسەپێنێت. بەهێزیی ئەم هەژموونە لەوەدایە کە بە ئاسانی دەتوانێت ئۆرگانە بیۆلۆژیەکان، کە لەنێو مێژووی پەروەردەی کۆمەڵایەتیدا وەزیفەکانیان دیاریکراوە، وەك دیاردەی سروشتی بێ زەمان و بێ مەکان بۆ شەرعیەت بەخۆدان بەکاربێنێت.
لەنێو هەژموونی نێرینەدا لاشەی ژن دەبێت بەو رووبەرە کۆمەڵایەتییەی کە بەردەوام کار لەسەر بست بە بستی دەکرێت. ئەم لاشەیە فێری ئەوەدەکرێت چۆن پێبکەنێت، چۆن چاوی شۆڕبکات، چۆن بە ئاسانی بێدەنگبێت لە کاتێکدا نێرینە قسەی پێدەبڕێت، چۆن پشتێن ببەستێت، چۆن لەکاتی دانیشتندا قاچەکانی کۆبکاتەوە و لەیەکیان بنووسێنێت، چۆن لەکاتی رۆشتندا وریای روانینەکانی بێت و یاریی بە لاشەی نەکات، چۆن پشتی نەچەمێنێتەوە و رێك رێبکات، چۆن ورگی دەرنەپەڕێنێت و بەرەو ناوەوەی راکێشێت...جومگەیەك، تەنها جومگەیەك لە لاشەی ژن نەماوە کە بارنەکرابێت لە مانای ئەخلاقی و پشتگوێخستنی هەر یەکێك لەو مانایانەش، لە هەر ساتەوەختێکدا زەبروزەنگی توندی بەدوادادێت.
لەنێو هەژموونی نێرینەدا، لاشەی ژن رادەهێنرێت لەسەر ئەوەی کە، لە پانتایی کۆمەڵایەتیدا جێگای زۆر نەگرێت، تا خۆی بچووک بکاتەوە باشترە. لە کاتی گردبوونەوەکاندا جێگای ئەو لە خوارەوەیە؛ خوارەوەیەك کە زۆر جار لە بیردەکرێت، بەڕادەیەك کە گەر قسەش بکات بە دەگمەن دەبیسترێت.
لێرەوە لاشەی ژن لە زیندانێکی «نەبینراو»ی بەردەوامدایە! یەکەم ئەرکی پۆشاکی رۆژانەی ژن بریتییە لە شاردنەوەی کۆی لاشەی حەرامکراو، بریتییە لە داپۆشینی ئۆرگانە بیۆلۆژییەکانی، بریتییە لە چاودێریکردن و پاشان بیرخستنەوەی بەردەوامی ئەم ژنە کە لاشەی ئەو لەنێو رژێمێك لە نۆرم و رێکخستنی نەنووسراودایە‌ و نابێت لێیان لابدات. پیەر بۆردیۆ پێیوایە کە لە کۆمەڵگە رۆژئاواییەکانیشدا، ئەوەی کە پێیدەوترێت ئازادیی ژنان جۆرێکە لە وەهم؛ چونکە خودی دەرکەوتنە نوێیەکانی ژن، هەر لە چۆنیەتی جلپۆشینەوە تا دەگاتە چۆنیەتی بەشداریکردن لە پانتاییە گشتییەکاندا، لەسەر ئەو مۆدێلانە خۆیان بینادەکەن کە پیاوان چوارچێوەکانیان بۆ دەستنیشان دەکەن. لێرەدا نموونە بە دەرکەوتنی ژن لە رێکلامەکاندا دەهێنێتەوە. ئەم دەرکەوتنە لە قووڵاییەکانی هەژموونی نێرینەدا دروستدەکرێت. لاشەی نوێی ژن، چ لە دۆخی پێشکەشکردنیدا بە پیاو، چ لە دۆخی رەفزکردنیدا، ئەو سەرزەمینەیە کە ئامادەباشی سامبۆلیکی ژن بۆ رازیکردنی خواستی پیاوی تیادا دەردەکەوێت. بە پێچەوانەی پیاو کە لە دەرەوەیە، کە سەرقاڵی راپەڕاندنی شتە فەرمییەکانە، کە لەنێو پانتاییە گشتییەکاندا دەجووڵێتەوە، کە وشکە، کە بەرز خۆی دەنوێنێت، کە بە پەلە کارەکان جێبەجێدەکات، ژن لە ماڵەوەیە، تەڕە، نزم خۆی دەنوێنێت، لەسەر خۆیە، بازنەییە، سەر قاڵی رۆتینە، کائینێکی ماڵیکراوە. ژن هەموو ئەو کارانەی پێدەسپێردرێت کە بە جۆرێك لە جۆرەکان دەیبەنەوە سەر دەستەمۆبوون؛ ئەو کارانەی کە بەجۆرێك لە جۆرەکان شوورەیین بۆ پیاو، بۆنموونە گرنگیدان بە منداڵ و بەخێوکردن و هاوڕێیەتیکردنیان. هەروەها کاتێك پێدەنێنە رووبەری دەرەوە، لەپێناوی ئەنجامدانی ئەو کارانەدایە کە دیسانەوە بۆ پیاو، نێرینە، سێکسی باڵای هەژمووندار شەرم و نەنگییە (قاپشۆرین و ناوماڵ پاککردنەوەی کەسانی تر). تەنانەت ئەو ستراتیژییە رەمزیانەش کە ژنان لە دژی پیاوان بەکاریان دەهێنن لە سنوورەکانی هەژموونی نێرینە ناڕۆنە دەرەوە، چونکە ئامانج و کەرەسە بەکارهێنراوەکانیان لەنێو خودی «مەرکەزیەتی» پیاودا (پیاو وەك سەنتەری هەموو شتەکان ) دروستدەکرێن.
بەمشێوەیە هەژموونی نێرینە لەبارترین هەلومەرجی بابەتیانەی خۆبەدیهێنان دەدۆزێتەوە و بە گۆشت و ئێسقانەوە «وەزیفەی» خۆی جێبەجێدەکات. لەسەر ئاستی جیهان، داننان بە هەژموونی نێرینەدا، ئەو دۆخە کۆنکرێتیەیە کە له ‌نێو سێ رووبەردا تێبینی دەکرێت:
لەنێو بابەتیبوونی بونیە کۆمەڵایەتییەکاندا.
لەنێو چالاکییەکانی بەرهەمهێنان و سەرلەنوێ کردەی بەرهەمهێنانەوەدا. بێگومان مەبەست لەو چالاکییانەیە کە رەگوڕیشەکانیان لەنێو دابەشبوونی سێکسیانەی کاری بەرهەمهێنان و سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی بیۆلۆژی و کۆمەڵایەتیدان‌، کە هەمیشە شتە باشەکان دەخاتە پاڵ پیاوان.
هەروەها لەنێو ئەو نەخشانەدایە کە لە هابیتیوسەکانەوە سەردەردەهێنن. ئەم هابیتیوسانە کاتێك لەنێو هەلومەرجە لەیەکچووەکاندا رەنگدەگرن، ئیدی بەشێوەیەکی بابەتییانە دەڕۆنە نێو یەك ئاوازەوە و وەك یەك چوارچێوە لە‌ پێشوازی لێکردن، لە روانین، لە پراکتیكی تەواوی ئەندامانی کۆمەڵگەیەكی مێژوویی، لە شێوەی «ترانساندانس»دا، خۆی بەسەر هەموو لایەكدا دەسەپێنێت.
لە دەرەنجامدا روانینی پیاوان سەبارەت بە سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی بیۆلۆژی و سەرلەنێو بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتی باردەکرێت لە بابەتیبوونی مانای هاوبەش، کە دواتر وەك «کۆدەنگی» کۆمەڵگەیی سەبارەت بە پراکتیکە کۆمەڵایەتییەکان دەخرێنە سەر شانۆ. ژنانیش دێن و بەدەستی خۆیان ئەم سیستەمە لە مانای پراکتیك، لە نەخشەکانی فیکر، کە بەرهەمی سیستەمی رەمزیی بیناکراو لەسەر هەژموونی نێرینەن، لە هەموو مەیدانەکاندا بەرجەستە دەکەن، بەتایبەتی لەمەیدانی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ «دەسەڵات»دا، دەسەڵات بە مانا فراوانەکەی کە لەهەر بستێکی ژیاندایە و پێگەی ژن لەنێویدا هەمیشە پێگەیەکی کۆنترۆڵکراوەی هەژموون لەسەرکراوە. لێرەوە«مەعریفە»ی ژنان لەسەر شتە جیاوازەکانی دنیای کۆمەڵایەتی، راستەوخۆ دەبێت بە جۆرێك لە «ئیعتراف» بەو پراکتیكانەی کە لە ناوەندبوونی نێرینەوە سەرچاوەیان گرتووە، دەبێت بە جۆرێك لە«ئینتیما» بۆ «دۆکسا»یەك کە لەنێو ناوەندبوونی نێرینەدا دروستبووە و بەمەش راستەوخۆ بەشداریدەکات لە دروستکردنی ئەو «زەبروزەنگە رەمزیەی» کە لەسەر خودی خۆی و لەلایەن پیاوەوە پراکتیزەدەکرێت. ژنان فێری لەبەرکردنی ئەو کۆدانە دەبن کە لەڕێگایانەوە خۆیان دەکەن بە رووبەری جێبەجێکردنی زەبروزەنگی رەمزی!

1. . پیەر بۆردیۆ چەمکی ئەندرۆسەنتریسم بەکاردەهێنێت کە بە عەرەبی دەبێت بە «مركزية ذكورية». واتە بینی جیهان لە روانگەی پیاوەوە، فەرزکردنی روانگەی پیاو بەسەر جیهاندا، پیاو وەك سەنتەری جیهان.
* سۆسیۆلۆگ و مامۆستای زانکۆ لە پاریس
Top