نابێت كوردستان لێكبترازێت

نابێت كوردستان لێكبترازێت
كورد خوێنێكی زۆری رشت تا گەیشتە ئەو رۆژەی كە ئێستا ئەزموونەكەی بۆتە نموونەیەكی زیندووی چەسپاندنی دیموكراسییەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و دۆست و دوژمنیش دان بەوەدادەنێن كە كوردستان بۆ ئاوەدانی و گەشەسەندن و بووژانەوە هەنگاوی گەورەی ناوە و رۆژبەڕۆژ دەبێتە مایەی سەرنجڕاكێشانی زیاتر، ئەمیش لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە راستەقینەی كە سەرۆك بارزانی پیادەی كردووە و بەلای هەمووان سیاسەتێكی نەتەوایەتی و نیشتیمانیی گەورەیە و بۆتە مایەی قبووڵكردنی ئەو سیاسەتە كە حیكمەتی سیاسەتی كوردیی بەرجەستە كردووە.
بەرامبەر بەمەش، لەسەر هەموومانە وەك هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەست بەو ئەزموونەوە بگرین، كە ئەنجامی خەباتی چەندین ساڵەیە، بە تایبەتی لەو قۆناغەدا كە كورد شەڕی جددی دەكات بۆ بەدیهێنانی خەونە گەورەكان و جێبەجێكردنی مادەی 140 و كێشەی كەركوك و مافە نەتەوایەتییەكان كە هەموو لایەك دەزانن سەرۆك بارزانی سەرقاڵی ئەوەیە كە بتوانێت لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان كاری تەواو بكات بەو ئاراستەی كە گرفتی ناوچە دابڕاوەكان چارەسەر بكات و لە خەمی ئەوەدایە كە كورد بگاتە هەموو ئاواتە دوور و نزیكەكانی. كەچی لەو بارودۆخە ناسكەدا، دوور لە یاساو شەرعییەت هەوڵی ترازانی شاری سلێمانی دەدرێت كە لە راستیدا ئەوە لە ژێر هەر پاساوێكدا بێت هەوڵدانە بۆ لەباربردنی شەرعییەت كە بە دڵنیاییەو دەڵێم: نەك ئێمە، بەڵكو هەموو خەڵكی كوردستان رووبەڕووی دەبنەوە، چونكە ناكرێت ئێمە ئیدعای سەربەخۆیی بكەین كەچی بمانەوێت شارێك لە شارێكی دیكە دابڕێت، ئەویان زوڵمێكە كە هەرگیز پاساوی بۆ نییەو بە هەر پاساوێك رەت دەكرێتەوە و لە نرخ و بەهای كورد كەم دەكاتەوە، كە هەنگاو دەنێت بۆ یەكڕیزی و لەوەشدا دەبێت بە رۆحی كودەتا بیر نەكەینەوە، بەڵكو هەوڵی هەموو لایەنە سیاسییەكان یەك بخرێت بۆ چەسپاندنی گیانی دیموكراسییەت و خۆ دوورخستنەوە لەو هەوڵانەی كە ئەزموونی كوردستان لەكەدار دەكات.
گەورەیی و پیرۆزیی كوردستان لەوەدایە كە بتوانین لە ژێر یەك رەشماڵی نیشتیمانیی كۆبینەوە و مەسەلەی سەرەكیمان خەمی نیشتمان و مەسەلە رەواكەی كورد بێت، نەك هەوڵی لێكترازان و ناكۆكی و ئاژاوە، كە بە خەسارەتی كوردو دۆزە رەواكەی تەواو دەبێت و پێویستە لەو روانگەوە هەست بە بەرپرسیارییەتی مێژوویی خۆمان بكەین و نەهێڵین درز بكەوێتە نێوان شارەكانی كوردستانەوە كە هەموو پارچەكانی كوردستان و كەسیش لەو خەونە نەزۆكە سوودمەند نییە تەنیا دوژمنانی كورد نەبێت كە چاویان بە ئەزموونە پیرۆزەكەی كوردستان هەڵنایەت.
هەر بیرۆكەیەك بەدەر لەو بیركردنەوەیە نیشتیمانی و نەتەوەییە گەمەیەكی زۆر ترسناكە كە كوردستان بەرەو هەڵدێرێكی سەخت دەبات و خەڵكی كوردستانیش هەرگیز قبووڵی ناكات.
* بەرپرسی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر
Top