رێكخستنی ریكلامە بازرگانییەكان بەیاسا

رێكخستنی ریكلامە بازرگانییەكان بەیاسا
لەتوانادایە مرۆڤی ئەم سەردەمە بەوە بناسرێتەوە كە ئەو كەسەیە بەبازنەی ریكلام دەورە دراوە، چونكە لەماڵ بێت یان لەسەر شەقام، لەكاربێت یان لە پشوو، ئەوا بەردەوام گوێبیستی ریكلام دەبێت یان دەیبینێت، لەرێگەی هۆكارەكانی راگەیاندن و ئامێرە ئەلكترۆنییەكانییەوە، بۆیە زیادەڕەویی ناكەین ئەگەر بڵێین سەردەمەكەش بووە بەسەردەمی ریكلام.
ریكلام لەبنەڕەتدا هونەرێكە وەك هونەرەكانی دیكە پەرەسەندنی گەورەی بەخۆیەوە دیوە، بەتایبەت لەكۆتایی سەدەی رابردووداو لەسەرەتای سەدەی ئێستادا، كەجیهانی ریكلام لەڕووی دیزاین و دەرهێنان و بیرۆكەوە پێشكەوتنی كاریگەریی تێدا بەدی هاتووە.
چەمكی ریكلام:
رەنگە ساكارترین مانا یان پێناسە بۆ چەمكی ریكلام بریتی بێت لەوەی كە ریكلام: هۆكارێكە بۆ ناساندنی كاڵایەك یان خزمەتگوزارییەك بەمەبەستی كڕین یان فرۆشتن.
یان بریتییە لە بەیەكگەیشتنی كەسێك بەزانیارییەكی پەیوەست بەكاڵایەك یان خزمەتگوزارییەك، لەرێگەی میدیاوە، بەمەبەستی قەناعەت پێكردن بۆ كڕین یان فرۆشتن.
یان بریتییە لە بەهێزترین پەیامێك بۆ لاوازكردنی بەرگریی بەرامبەر.
یان بریتییە لە: خەرجكردنی كەمترین مایە بۆ بەبەدەستهێنانی زۆرترین قازانج.
سیفاتەكانی ریكلام:
‌أ- ریكلام پەیامێكە بۆ شوێن یان بۆ كات یان هەردووكیان، واتە ریكلامكار بڕێك پارە دەدات لەبری ئەو (رووبەر)ەی كەلەگۆڤارێك یان لەبڵاوكراوەیەكدا بۆی تەرخان دەكرێت، یان لەبری ئەو (كات)ەی كەدەیكڕێت لەمیدیایەكی بیستراو یان بینراودا.
‌ب- ریكلام پەیامێكە لەكەمترین وشەو كاتدا بۆ زۆرترین ژمارە لە خەڵك.
‌ج- ریكلام خێراترین هۆكاری گەیاندن بەكار دەهێنێت بۆ لەسەرخۆكاركردن لەسەر هزرو سۆزی بەرامبەر.
د- ریكلام لەدووبارەو چەندبارەبوونەوە بێزار نابێت و كۆڵ نادات.
بایەخی ریكلام:
ریكلام زۆر گرنگە بۆ هەركەسێك كە: شتێكی بۆ فرۆشتن هەبێت یان شتێك بكڕێت یان خزمەتگوزارییەك پێشكەش بكات یان بیرو بۆچوونێك بخاتە روو.
لەویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا بڕێكی زۆری پارە لەبواری ریكلامدا خراوەتە گەڕ بۆنموونە:
لەساڵی (1972)دا بڕی (23)بلیۆن دۆلار.
لەساڵی(1980)دا بڕی (55) بلیۆن دۆلار.
لەساڵی (2000)دا بڕی (320) بلیۆن دۆلار.
لەسەر ئاستی جیهانیشدا و هەر لە ساڵی (2000)دا بڕی (780) بلیۆن دۆلار.
بەڵام بەداخەوە لەبەر نەبوونی داتا، نازانرێت لەساڵێكدا لەعێراق یان لەهەرێمی كوردستاندا بڕی چەند لەپارە لەبواری ریكلامدا خەرج دەكرێت.
كێ ریكلام دەكات؟
یەكەم: ئاژانسە سەربەخۆكانی ریكلام.
دووەم: بەشەكانی ریكلام لەكۆمپانیا گەورەكان.
سێیەم: بەشەكانی پەیوەندییە گشتییەكان لەدامەزراوەو كۆمپانیاكان.
چوارەم: رۆژنامەو گۆڤارو دەزگاكانی پەخش و بڵاوكردنەوە.
پێنجەم: نووسینگە تایبەتەكانی بواری ریكلام.
لایەنەكانی پرۆسەی ریكلام:
یەكەم: ئاژانسە سەربەخۆكانی ریكلام و كۆمپانیا گەورەكان.
دووەم: رادیۆو تەلەفزیۆن و رۆژنامەو گۆڤارو دەزگاكانی پەخش و بڵاوكردنەوە.
ئامانجەكانی ریكلام:
یەكەم: تێكردنی ئارەزووەكانی بەكاربەر.
دووەم: بەدەستهێنانی قازانج.
سێیەم: گەیشتن بەسیستەماتیك كردنی كاری ریكلام.
چوارەم: پارێزگاریكردن لەنەریتی كڕین لەلای بەكاربەر.
پێنجەم: پارێزگاریكردن لەرووبەری خۆ لەبازاڕی بازرگانیدا.
شەشەم: رێگرتن لەهاتنی ركابەری نوێ.
حەوتەم: كردنەوەی بازاڕی نوێ بەڕووی بەكاربەردا.
كارەكانی ریكلام:
ریكلام وەزیفەو كاری زۆرە لەوانە:
أ – سەرنج راكێشانی بەكاربەر.
ب- ورووژاندنی بایەخپێدانی بەكاربەر.
جـ- دروستكردنی ئارەزووی كڕین لای بەرامبەر.
د – قەناعەت پێكردنی بەكاربەر بەكڕنی كاڵا یان قەبوڵكردنی خزمەتگوزارییەكە یان بیروبۆچوونی نێو ریكلامەكە.
هـ- رێنمایی كردنی بەكاربەر بۆ ئەو شوێنەی ریكلامەكە لێی دەوێت كەبۆی بچێت بەمەبەستی كڕین.
بنەما سەرەكییەكانی ریكلام:
یەكەم: زانیاریی تەواو لەبارەی ئەو بەرهەمهێنراوەی كە ریكلامی بۆ دەكرێت.
دووەم: ناسینی ئەو بەكاربەرەی كە ریكلامەكەی ئاڕاستە دەكرێت.
سێیەم: باش دیزاین كردن و چاك دەرهێنانی ریكلامەكە.
چوارەم: پێویستە كاڵاكە سوودی راستەقینەی بۆ بەكاربەر هەبێت.
پێنجەم: پێویستە پەیامی ریكلامەكە جێی متمانەی بیسەران و بینەرانی بێت.
شەشەم: دووركەوتنەوەی ناوەڕۆكی ریكلامەكە لەڕووشاندنی هەستی جەماوەر لەڕووی ئاینیی و كۆمەڵایەتییەوە.
حەوتەم: پێویستە ریكلامەكە بەرژەوەندیی عادیلانەی ریكلامكارەكەی تێدا بێتەدی لەرووی ئابوورییەوە.
هەشتەم: نابێت لەریكلامدا ناو و وێنەو هیچ كەسێكی تێدا بێت، مەگەر پاش وەرگرتنی مۆڵەت لەو كەسە.
نۆیەم: گواستنەوەی پەیامی ریكلامەكە بۆ زۆرترین ژمارە لەجەماوەر.
دەیەم: دوور گرتنی ناوەڕۆكی ریكلام لە دژایەتیكردنی عورف و نەریتی كۆمەڵگە.
یازدەیەم: دووركەوتنەوە لە زیان گەیاندن بەتەندروستیی مرۆڤ.
دوازدەیەم: نابێت ریكلام زیان بەگیرفان و ئابووری هاووڵاتیی و بەكاربەر بگەیەنێت.
سێزدەیەم: پابەندبوون بەراستگۆیی و، دووركەوتنەوە لە لەدرۆ و هەڵخەڵەتاندنی بەكاربەر.
رەهەندە نێگەتیڤەكانی ریكلام:
یەكەم: بوونی زیادەڕەویی و درۆكردن و لەخشتەبردن و هەڵخەڵەتاندن لەریكلامدا.
دووەم: گاڵتەجاڕیی بە هەستی بەكاربەر بەشێوازیی هاندانی سووك و بێتام.
سێیەم: پاڵنان بە بەكاربەرەوە بۆ زیادا مەسرەفیی.
چوارەم: زیادكردنی نرخی كاڵاكان بەخستنەسەری تێچووی ریكلامەكان بۆ سەر نرخەكان.
پێنجەم: كاركردنی خراپ لەسەر بەها باڵاو جوانەكانی كۆمەڵگە.
شەشەم: بڵاوكردنەوەی كولتووری توندوتیژیی لەریكلامدا.
حەوتەم: ئاڵوودەكردنی بەكاربەر بە ئامێرە ئەلكترۆنییەكانەوە بۆ گەڕان بەدوای ریكلامدا.
هەشتەم: بڵاوكردنەوەی بەها ماددییەكان و گیانی بەكاربەریی لای ئەندامانی خێزان.
نۆیەم: تێكدانی هاوسەنگیی لەبودجەی خێزانەكاندا.
راسپاردەكان:
یەكەم: رێكخستنی كاری ریكلام بەپەسەندكردنی یاسای ریكلامە بازرگانییەكان لەپەرلەمانی كوردستاندا.
دووەم: هەبوونی هەڵمەتی هۆشیاری و رێنمایی خێزانی لەبارەی ریكلامی بازرگانییەوە.
سێیەم: كاركردنی هۆكارەكانی راگەیاندن و ناوەندەكانی خوێندن بەروونكردنەوەی زیانەكانی زۆرێك لە ریكلامە بازرگانییەكان.
چوارەم: دەست گرتن بەپارەوەو كەمكردنەوەی زیادە مەسرەفیی خێزانیی و، خۆ گونجاندن لەگەڵ بودجەی دیاركراو لەخێزاندا.
پێنجەم: كاركردن لەسەر دۆزینەوەی سوودە كردارییەكانی داهێنراوە ئەلكترۆنییەكان و، خۆ دوورگرتن لەئاڵوودەبوون بە سەیركردنی ریكلام و شۆپینگ.
شەشەم: بەدواداچوونی وەزارەتی رۆشنبیریی بۆ پابەندكردنی كەناڵەكانی راگەیاندن بەستانداردە جیهانییەكانی بواری ریكلام كردنەوە.
Top