پێوەندیی نێوان سیاسەت(دەوڵەت،حزب) و ڕاگەیاندن رۆژهەڵاتی تۆتالیتار2

پێوەندیی نێوان سیاسەت(دەوڵەت،حزب) و ڕاگەیاندن رۆژهەڵاتی تۆتالیتار2
پەیوەندی نێوان حزب و راگەیاندن لەوەڕا‌ دێت، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی کوردستان داهێنەری دەزگاكانی راگەیاندن بووە و هەموو چەمكەكانی ناو راگەیاندنی بەشێوەی شۆڕشگێڕی داڕێژراون كە پەیوەندییان هەیە بە چارەنووسی وڵات و‌ پرۆسەی دروستكردنی نەتەوە لە كوردستان و‌ پرۆسەی دروستكردنی دەوڵەت و سەربەخۆیی. هەموو ئەوانە دەبێ گوێڕایەڵی ئەو ئامرازە بن كە ئەو ئاواتانە دەهێنێتەدی، ئەویش حزبە. ئەوە وای كردووە كه لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیرۆزییەكی زۆر بە حزب بدرێت. ئیستقرار دواكەوت و حزبی شۆڕشگێڕ مێژوویەكی دوورودرێژیان هەیه،‌ بوون بە كەلەپوور(توراسی)ی تایبەتی ئەندامەکانیان. ئەوە وادەكات راگەیاندن ئەركی گەیاندنی پەیامی ئەو ئامرازە‌ بێت كە پێی دەگوترێ تەنزیمی سیاسی، بیر و باوەڕ و شەخسیات و كاریزماكانی ناو ئامرازە سیاسییەش موقەدەسن. بۆیە ئەو كۆت و زنجیرەی باس دەكرێ، وادەكات بیركردنەوەی باش‌ و‌ راگەیاندنی باش و‌ نووسەری باش و‌ بیرمەندی باش نەبێت‌. ئەوە دەردی كوردستان و‌ هەموو ئەو وڵاتانەیە ژیانی سیاسی وەك ئێرەیان هەیە،‌ ئەوە دەردی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
مافی حزبەكان بۆ هەبوونی‌ دەزگاكانی راگەیاندن بەناوی خۆیان، تەنیا له بەشێكی‌ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەندێک وڵاتی دیکە هەر لە ئاسیا هەیە. لە ئەورووپا دەمێكە ئەو دیاردەیە كۆتایی هاتووە. چونكە كاتێك حزب حەقی دامەزراندنی دامودەزگای راگەیاندنی دەبێ، ئەو سیستەمه كەرت دەکات كە پێیدەگوترێ سیستەمی گەیاندنی زانیاری و بیركردنەوە لەناو كۆمەڵگا. هەر حزبە بۆخۆی روانگای تایبەتی هەیە، بەرژەوەندی سیاسی تایبەتی هەیه،‌ مێژووی تایبەتی خۆی هەیە و بە هیچ شێوەیەك یەكگرتوویی لەسەر پەیامی راگەیاندن، بە ناوەرۆکی نیشتمانی دروست نابێت. كەش و هەوایەكی چالاك و زیندو بۆ بیركردنەوە دروست نابێت، بۆیە نووسەریش دروست نابن. راگەیاندنی چالاك ئەوەیە كە زۆرترین نووسەری لەبواری جیاجیا وەك تۆڕ لە دەور بێت.
لە وڵاتانی وەكو ئێمە، خودی دەوڵەت و بزووتنەوەی سیاسی بەسەر كۆمەڵگادا زاڵن‌، ئەمەش كەشێكی سیاسی گشتگیر (شمولی – تۆتالیتار) دروست دەكات كە بەهیچ شێوەیەك‌ بۆ بیركردنەوەیەكی جیاواز درزی تێدا نییه. قانوون لە بەرژەوەندی حزب دادەندرێت، لە بەرژەوەندی سەیتەرەكردنی دەوڵەت لەبەردەم گەیاندنی زانیاری دادەڕێژرێ. كاتێك قانوون داندرا، هەربۆخۆشی داب و نەرێتەكە هەیە و تێیدا پەروەردە بووین، قانوونیش دێت هەمووی‌ جێبەجێی دەكات. بۆیە دەبینین پێشكەوتن لەڕووی تەكنۆلۆژیاوە زۆرە بەڵام لە رووی كەفائەتەوە زۆر لەپاشه. ئەوە سوچی كەسێك یان سیاسەتمەدارێك یان حزبێك بەتەنیا نییە، ئەوە سرووشتی كۆمەڵگاكەی ئێمەیە، ئەوە تەبیعەتی كۆمەڵگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. نموونەی میسر و‌ تونس و لیبیا هەروایه.‌ توركیا كە پێشكەوتووترین وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و هەنگاوێكی بەرەو دیموكراسی هاویشتووە، تەنیا لە 10 ساڵی رابردوودا وردەوردە ئەو تەقلیدەیان شكاندووە.‌ پێدەچێ توركیا پێشەنگی ئەو گۆڕانكارییە بێت كە دەبێ دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بیكەن.
لەوەتای شەڕی جیهانیی دووەم تەواو بووە و جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤ سەپێندراوە بەسەر هەر كەسێك بیەوێ ئازادیخوازبێت، هەموو بزووتنەوەكانی سیاسی نكوڵیان نییە دان بە هەموو مافەكاندا بێنن. هەموو دەوڵەتانیش _تەنیا چەند دەوڵەتێكی خەلیج و سعودیەی لێ دەرچێ كە لەسەر هەندێك لە مافەكان تێبینیان هەیه_‌ ئەوەی دیكەیان هەموو بە نووسین لایەنگری ئەو مافانەن. بەڵام كە دێتە بواری جێبەجێ كردن، كاتێك تێكۆشان هەبێ بۆ ئەوەی ئازادی بیر و را لە قانووندا جێگیر بکرێ، قانوون دانی پێداهێنا‌وە، كە دێیە سەر پەروەردەی سیاسی و كۆمەڵایەتی واقیعەكە پێچەوانەیە. دەتوانی لە چوارچێوەی حزبێك كە بڕوای به ئازادی هەیه،‌ بیر بكەیەوە بەڵام بۆت نییە كە هاتیە دەرێ، چیدی بیر بكەیتەوە. چونكە تاك هیچ نییە. میکانیزمێک نییە وەك فەردێك لەناو كۆمەڵگا قسه ‌بكات و دەنگی ناڕوا و وەرناگیرێ. دەنگی تاك ئەو كۆدانە ناكاتەوە‌ كە عەقڵیەتی كۆمەڵگا وەریدەگرێ. دان بە ئازادی بیر و را و ئازادی راگەیاندن نراوە، بەڵام كە دێتە سەر كردەوە، تەقسیم كراوە: قانوونی حزب، حزب واتە كەرت كەرت بیر دەكەنەوە. بەرژەوەندی حزبان هەموو رۆژێ لە ئاڵوگۆڕدایه،‌ هاوپەیمانی دەكەن، كەسایەتییەكان دەوردەبینن، وەك ئەوەی لە وڵاتی ئێمەدا هەیە. ئەمڕۆ لە سەنگەردان و لێك دەدەن، سبەینێ هێندە بەقووەت یەكتر ماچ دەكەن، كابرای رۆژنامەنووس شەرم دایدەگرێ و دەڵێ وەڵڵاهی ئەمن دوێنێ زۆر پیاوێكی خەتاكاربووم، تەماشای ئەو ماچە زلانە و ئەو شەڕەی بەمنیان دەكرد، تێكناكاتەوە!! تۆ بڵێی یان نا، رەفتاری مرۆڤ جاریوا هەیە لە یەك حەرەكه و‌ یەك قسه،‌ لە یەك وتار كاریگەری زۆری بەسەر پەروەردە و قووەتی مرۆڤ دەبێ كە لەناخەوە‌ هەیەتی. هەربۆیە‌ گەورەترین ئازادیخواز خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نین، ئەو پیاوە گەورانەی كەوا بەشەریەت شانازییان پێوە بكات، بە دەگمەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبیندرێن و‌ بە پەنجە دەژمیردرێن. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست حەوشەی تێكشكاندنی ئینسانە، هەتاكو ئێستاش لەو كۆزەدا میللەتان ئیبادە دەكرێن، دەچەوسێنەوە، ‌لە رووی تەربیەشەوە بەبێ ئازاری جەستەیی، ئینسان تێكدەهاڕدرێ. ئینسانی موسەیەر(لێخوراو) و گوێڕایەڵ و خوڕافی و خۆبەكوشتدەر دروست دەکرێت.
ئەگەر دیفاعەكانی عەلی حەسەن مەجید وەربگرن،‌ دەبینن ئەو كابرایە پیاوێكی ئاسایی كۆمەڵگای سیاسی عەرەبییە. زۆر بە ئاسانی دەڵێ حزب بۆ بەرژەوەندی دەوڵەتی نەتەوەی عەرەب، منیان راسپارد تا کورد جینۆساید بكەم. كاتێك لە هەموو رووەكانەوە دیراسەی دەكەی، تەنیا دەگەینە یەك نەتیجه،‌ ئەویش مەنتقی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە یەكێك بۆ سیاسەت پەروەردە دەكات، ئەگەر بەم مەسیرەدا بڕوات، دەبێ چاوەڕێ بین ئەو كەسە تاوانكارانە دروست ببن. ئەگەر لە كۆمەڵگایەكدا ئەوانە دروست ببن، لەوانەیە هەر یەك لە دانیشتوانی وڵات وای لێبێت، ئەمە حەقیقەتی عیلمییە. بۆیە لە تەجرەبەی مرۆڤایەتیدا، ئازادی بیر و را و ئازادی راگەیاندن گرنگە. ئەگینا شتێك بەناوی راگەیاندنی ئازاد نییه.‌ چونكە ناكرێ رۆژنامەیەك ئازاد بێت لەبەر ئەوەی سەرنووسەرەكەی زۆر لەخۆ بردووە، زۆر نەترسە! ئازادی لە سیستەمدا دابین دەكرێ نەك لە رەفتاری پاڵەوانانەی كەسێك. ئیبراهیمی نەبەوی نووسەرێكی بەناوبانگی ئێرانە. تەنزنووسێكی سیاسییه، كاتێك کۆماری ئیسلامی گرتی، یەكسەر هێنایانە سەر تەلەفزیۆن، دەیگووت: من سەهیۆنیمه و‌ بەكرێگیراوی ئەمریكامه و‌ جاسوس بووم. ئەوەی دەمنووسی هەمووی پارەم وەردەگرت. پرسیار ئەوەیە: مەعقولە ئەو نووسەرە شەریف و رەخنەگرە، ئەم ئینسانە بەكرێگیراوە بووبێت؟ كاتێك‌ بەریاندا، یەكسەر بۆ دەرەوە رایكرد. باسی ئەشكەنجەكانی جەستەیی و دەروونی خۆی دەكات، دەڵێ: ئێستاش بمگرنەوه،‌ جارێكی دیكە بادەدەمەوە و هەمان قسان‌ دەكەمەوە. نابێ داوا لە نووسەر بكرێ بەری شەق بگرێ. لە دنیادا موفەكیر نییە بەری لێدان و برسیەتی بگرێ.
لە تیۆرییە ماندەنییەكانی ماركس ئەوەیە كە‌ دەڵێ: ئەوكاتەی مرۆڤ زەختی ئابووری لەسەر نامێنێ، ئەوكات داخیلی كۆمەڵگای مەدەنی دەبێت و ئەوكات دەتوانێ زۆر بیربكاتەوە و ئەوكاتەیە كە قودرەتی فیكر و دەست دەگەنە یەك ئاست. ئەمەیە كە ئەمڕۆ لە دنیادا پێشكەوتنی عیلمی سەلماندویەتی‌.
هەمان قسە مەسعود محەمەد بەشێوەیەكی تر دەیكاتەوە. ئەو، تاكە پیاوی كۆمەڵگای ئێمەیە لە موناقەشەی فكری بەردەوامدابوو لەگەڵ ئەم فكرەی ئێستا كە ئێمە باسی دەكەین. مەسعود محەمەد دەڵێ؛ جووتیار و پاڵە و رەنجبەری كوردستان لای منیش عەزیزن و حەزدەكەم خۆشترین ژیانیان هەبێت و لەو قۆناغە دەرچن، بەس پیاوی شان بەتۆز، نە خوێندەواری هەیه،‌ نە وەختی هەیە بیربكاتەوە. ئەوە ئەریستۆکڕاتەكانن بیر دەكەنەوە، دائیمەن بیركردنەوە لەسەر دەستی بەگزادەكان بووە_ بەگزادە بەمانای كوردەواری نا، بە مانای ئەریستۆکرات_ ئەو قسەیە راسته. بۆیە چەمكی راگەیاندنی ئازاد هەڵەیە، بیدعەیەكە لە بیدعەكانی بزووتنەوەی سیاسی كوردستان‌. ئەمە ئیمتیدادی فابریكەی ئایدیۆلۆژییە كە لە ئەساسدا بزووتنەوەی شیوعی و فكری شیوعی لە وڵاتانی ئیشتراكی هێنایان. لەسەر ئەو بنەما‌ ئایدیۆلۆجییانە،‌ هەر حزبێك دەبێ تیئۆرسیەن و فەیلەسوفی خۆی هەبێ. بۆیە دەبینی له ناو هەندێك‌ معارەزەی ئێمەدا كەسانێكیان زۆر هەڵداوە و بەرزیانكردوونەوە. فڵانی گوتی فڵانی گوتی. ئەو فڵانی گووتیە هیچ نییه،‌ لە ئەساسدا عەینی وەكو وەزیرێكی ئێمە‌ دایانناوه، ئەگەر لایببەن، فڵانی گووتی نامێنێت. چەمكی رۆژنامەی ئازاد و تەلەفزیۆنی ئازادیش لەو بارەوەیە.
هەر كاتێك لە وڵاتدا پرۆسەی پێشكەوتن بە شێوەیەكی هاوسەنگ بەڕێوەبچێت، حكوومەت دەوری خۆی ببینێت لە پشتیوانی كردنی دامەزراندنی دەزگاكانی راگەیاندن، بە پێی خسوسیاتی هەر وڵاتێك، باشترین موئەسەساتی راگەیاندن دروست دەبن. ئەوكات حزب دەستی خۆی لە دامەزراندنی دامودەزگای راگەیاندن دەكێشێتەوە و هەوڵ دەدات لە چوارچێوەی قانووندا، موئەسەسات بكڕێ. حزب بۆی هەیە زۆرترین موئەسەساتی راگەیاندن بكڕێ، ئەوكات رۆژنامەنووس و داهێنەری وڵات كە دەچن لەو موئەسەسەیە ئیش بكەن، بەڵام لە حزبەكەدا‌ نابن(یان لەوانەیە حزبیش بن) لە چوارچێوەی قانووندا كار دەكەن، ملكەچ دەبن بۆ قانوون. لە توركیای ئێستا كەمێك بەرەو ئەوە خەریكە هەنگاو داوێن.
لە وڵاتی ئێمەدا جارێ زۆر زەحمەتە حزبەكان دەست لە راگەیاندن بكێشنەوە، ئەگەر كێشایانەوە بەدیل نییه. ئەمە قۆناغێكە كە ئێمە تێیداین، بە پەلەپەل ناكرێ، بەڵام بەومانایەش نییە كە پرۆسەی چاكسازیكردنی بواری راگەیاندن و رۆشنبیری هەڵنەگرێ. لە هیچ وڵاتێكدا ئیستقرار بەیەك هەنگاو دروست نابێ، بۆ گەیشتن بە قۆناغێكی موعەیەنی تەكامولی کۆمەڵایەتی، پێویستە قۆناغ بە قۆناغ و هەنگاو بە هەنگاو بڕوات. موشكیلە ئەوەیە لە كوردستان ئەو هەنگاوانە لە بواری رۆشنبیری و راگەیاندندا ناهاوێن.
Top