تەڵاق وەك هەڕەشە لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی
November 7, 2013
وتار و بیروڕا
ئێمەش لە هەرێمی كوردستاندا بەدەرنین لەو هۆكارانەو، لای ئێمەش حاڵەتەكانی جیابوونەوەی هاوسەران زەنگی مەترسیمان بۆ لێدەدەن و، ئاگادارمان دەكەنەوە لەهەوڵدان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەكان.
بۆ قسەكردن لەسەر پرسی تەڵاق یان جیابوونەوەی هاوسەران لەیەكدی، سەرەتا پێم باشە ئاماژە بە چەند ژمارەو داتایەك بكەم وەك دەروازەیەك بۆ چوونە نێو بابەتەكەوە.
گۆڤاری(پارێزەر)كە لەلایەن سەندیكای پارێزەرانی كوردستانەوە دەردەچێت، لە ژمارە (18)ی بەرواری تشرینی یەكەمی ساڵی (2009)دا، لە لاپەڕە (232)دا ئاماژەی بەم ئامارانە داوە(1).
لە شاری دهۆك:
لە ساڵی (2006)دا (158)حاڵەتی تەڵاق هەبووە.
لەساڵی (2007)دا (172)حاڵەتی تەڵاق هەبووە.
لەساڵی (2008)دا (317)حاڵەتی تەڵاق هەبووە.
لە هەولێر:
لە ساڵی (2006)دا (1141)حاڵەتی تەڵاق هەبووە.
لە ساڵی (2007)دا (1385)حاڵەتی تەڵاق هەبووە.
لە ساڵی (2008)دا (1083)حاڵەتی تەڵاق هەبووە.
لە سلێمانی:
لە ساڵی (2006)دا (1629)حاڵەتی تەڵاق هەبووە.
لە ساڵی (2007)دا (2063)حاڵەتی تەڵاق هەبووە.
لە ساڵی (2008)دا (2008)حاڵەتی تەڵاق هەبووە.
ئەگەر دهۆك و حاڵەتەكانی تەڵاق لەوێدا بەنموونە وەربگرین لە ساڵی (2008)دا، ئەوا هۆكارەكانی جیابوونەوە بەپێی قسەی جیابووەوەكان خۆیان ئەم هۆكارانەی خوارەوە دیارترینیان بوونە(2):
زیانپێگەیاندن لەلایەن مێردەوە (49) حاڵەت.
پێكەوە نەگونجان (103) حاڵەت.
چوون بۆ هەندەرانی مێرد (18) حاڵەت.
جیاوازبوون لە ئایین (2) حاڵەت.
كەم ژیریی یەكێكیان (1) حاڵەت.
ونبوونی مێرد لە شەڕی ئێران - عێراق یان لە ئەنفال (3) حاڵەت.
پشتڕاستكردنەوەی تەڵاق و جیابوونەوەكانی دەرەوەی دادگا (141) حاڵەت.
ئەمە جگە لەدەیان حاڵەتی جیابوونەوە كە ناگاتە دادگا وەك تەڵاقی مەعنەوی كەدەیان ساڵ پیاوێك خێزانەكەی فەرامۆش دەكات.
رای توێژەرە كۆمەڵایەتییەكان لەبارەی هۆیەكانی جیابوونەوەی ژن و مێرد:
یەكەم: رێكنەكەوتنی باری كۆمەڵایەتی ژن و مێرد.
دووەم: تەمەنی پەرژینی رێزگرتن لەیەك.
سێیەم: سەرخۆشیی و قومارو هاورێی خراپی مێرد.
چوارەم: پەنابردنە بەر لێدانی ژن.
پێنجەم: خراپیی باری ئابووریی مێرد.
شەشەم: رۆڵی خەسوو خەزوور لە تێكدانی شیرازەی خێزان.
حەوتەم: پشتگوێ خستنی كاروباری ماڵ و ماڵ بەجێهێشتن لەلایەن ژنەوە.
هەشتەم: سەفەركردنی مێرد بۆ هەندەران.
نۆیەم: نا هاوتایی نێوان ژن و مێرد.
دەیەم: كاریگەریی دیاردەی ژن بەژن یان لەبری خوێن دان.
بەڕای ئەنجوومەنی دادوەریی كوردستانیش ئامارەكانی تەڵاق و جیابوونەوە لە هەرێمی كوردستان لەماوەی نێوان ساڵانی (2008) و(2011) دا بەم شێوەیە بووە(3):
لە ساڵی(2008) دا هاوسەرگیریی (24103) بووە، تەڵاق(3663) حاڵەت بووە.
لە ساڵی (2009)دا هاوسەرگیریی (28302)بووە، تەڵاق (4237)حاڵەت بووە.
لەنیوەی یەكەمی ساڵی (2010)دا هاوسەرگیریی (22845) بووە، تەڵاق (2555) حاڵەت بووە.
لە ساڵی (2011)دا هاوسەرگیریی (39414) بووە، تەڵاق (3728) حاڵەت بووە.
لە ساڵی (2012)دا، (5399) حاڵەتی تەڵاق هەبووە (4).
بەپێی ئامارێكی فەرمیش هۆكارەكانی جیابوونەوە لە هەرێمی كوردستان بەم جۆرەیە:
35% نەگونجان لەگەڵ یەكتر.
19% نەبوونی ماڵی سەربەخۆ.
10% داوێن پیسیی.
8% خراپیی باری ئابووری.
8% كێشەی كۆمەڵایەتیی.
7% تەكنەلۆژیای سەردەم.
3% جیاوازیی تەمەن.
2% ژنهێنانی دووەم.
2% نەزۆكیی.
1% نەخۆشیی یەكێك لەهاوسەرەكان.
5% بەوردیی دیار نەكراوە
پێشنیازو راسپاردەكان:
1- ئەنجامدانی پێداچوونەوەو هەمواركردنەوە بۆ زۆرێك لە یاساكان لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە.
2- داڕشتنی ستراتیژییەتێكی درێژخایەن و، ئەنجامدانی كۆبوونەوەی خولیی لەنێوان وەزارەت و دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
3-چاكتركردنی رۆڵی دادگاكان و پارێزەرانی پسپۆر بۆ گرتنەبەری میكانیزمی پشتبەستوو بە ئەزموونەكانی سەردەم بۆ كەمكردنەوەی ئەم دیاردەیە.
4-دامەزراندن و كاراتركردنی ئەو رێكخراوانەی كۆمەڵگەی مەدەنیی كە تایبەتمەندن لەبواری چاكسازیی خێزانیی.
5- بایەخدانی زانایانی ئاینیی بەم دیاردەیەو، روونكردنەوەی زیانەكانی و دۆزینەوەی رێگەچارەكانی.
6-زیادكردنی رۆڵی میدیاو راگەیاندن لەرێگەی خستنەڕووی ئەو بابەتانەی كە یارمەتیدەرن بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دیاردەكە.
7- داهێنانی رابەری خێزانیی بۆ هۆشیاریی لەبواری هاوسەرگیریی و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا.
8- كاركردنی هەمەلایەنە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو هۆیانەی كەبوونەتە مایەی تەڵاق و جیابوونەوەی هاوسەران.
9- ئەنجامدانی توێژینەوەی وردتر بۆ زیاتر رونكردنەوەی هۆكارە راستەقینەكانی كاتی تەڵاق و جیابوونەوە.
پەراوێزەكان:
1- مجلة پاریزەر- العدد 18/10- 2009- نقابة محامیی كوردستان فی أربیل- ص232
أحمد حسن خلف- قاضی أول محكمة الاحوال الشخصیە في دهوك.
2- هەمان سەرچاوەی پێشوو.
3- وتەبێژی ئەنجوومەنی دادوەریی كوردستان، سایتی (صوت العراق الحر).
4- ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان.