گەنج و سیاسەت لە کوردستاندا 5
October 24, 2013
وتار و بیروڕا
بێ هۆ نییە کە متمانەی گەنجان بەم رێکخراوانە لە ئاستێکی تەواو نزم و تراژیدیدایە. یەکێك لەو پرسیارانەی کە ئاڕاستەی پێنج هەزار و سێسەد و هەشتا و چوار گەنجی کوردستانیمان کردووە بریتییە لە: کام لەمانەی خوارەوە گوزارشت لە بەرژەوەندی گەنجان دەکەن؟ ئێمە پێنج پێشنیارمان خستووەتە بەردەستیان کە بریتین لە حیزبەکان، رێکخراوەکان، پەرلەمان، حکومەت، هیچیان. تەنها 21 لە سەدیان پێیاوانیە کە رێکخراوەکانی تایبەت بە گەنجان گوزارشت لە بەرژەوەندیەکانیان دەکەن! تەنها نزیکەی 10 لەسەدیان پێیانوایە کە حیزبەکان گوزارشت لەبەرژەوەندیەکانیان دەکەن، حکومەت نزیکەی 4 لەسەد، پەرلەمان چوار لە سەد، بەڵام ئەو گەنجانەی کە پێیانوایە، نە حیزبەکان، نە پەلەرمان، نە حکومەت و نە رێکخراوەکان گوزارشت لە بەرژەوەندیەکانیان دەکەن ژمارەیان دەگاتە نزیکەی 62 لەسەد، کە ئەمە رێژەیەکی یەکجار بەرزە و یەکێکە لەو «موئەشیرانەی/ئاندیکاتۆر» کە دەتوانێت زەنگی ترسناك بۆ هەموو لایەك لێبدات.
گەر ئەم دیاردەیە لە چرکە ساتی راپەڕینە یەك لەدوای یەکەکاندا وەك دۆخێکی ئاسایی تەنانەت لای خودی لاوانیش وێناکرابێت، بێگومان لە ساڵی 1992ـەوە بەگشتی و 2003وە بەتایبەتی (چرکەساتی گەشتنی ئەمریکا بە عێراق)، کۆمەڵگەی کوردستانی پێدەنێتە نێو هەلومەرجێکی دیکەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە، کە تیایدا بەرژەوەندیەکانی گەنج گۆڕانکاری رادیکاڵیان بەسەردا دێت و شێوازی دیکەی گوزارشتکردن لە خۆیان دەدۆزنەوە. لەهەمانکاتدا رێکخراوەکان نەك هەر گۆڕانکاری بەسەر ستراکتۆرەکانی خۆیاندا ناهێنن و هاوڕێیەتی ئەم گۆڕانکاریە رادیکاڵانە ناکەن، بەڵکو توانای تێگەشتن لە خودی ئەم گۆڕانکاریانەشیان نییە! ئەوەی ئەم بێمتمانەییە فراوانەی لەنێوان گەنجان و رێکخراوەکاندا دروستکردووە، ئەم مەودا کوشندەیەیە کە لەنێوان هەردوولادا دروستبووە.
بەڵام سەرەڕای ئەم تێبینیانەش، ئێمە پێمانوایە کە بۆ دروستکردنی سیاسەتێکی تەندروستانەی دوورە مەودا لەسەر پرسی گەنجان، نابێت رێکخراوەکانی تایبەت بە گەنجان دووربخرێنەوە. بەپێچەوانەوە دەبێت لەڕێگای بەشداریپێکردنیانەوە، رابهێنرێن لەسەر ئەوەی کە زیاتر لە بەرژەوەندی لاوان نزیک ببنەوە و کەمتر گوزارشت لە بەرژەوەندیەکانی حیزب بکەن.
مەخزەنی مەعریفەی ئەم رێکخراوانە لەسەر لاوان مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و دەکرێت وەك یەکێك لە سەرچاوە گرنگەکان «تەعبیئە» بکرێت. بەراورکردنی بۆچوونی ئەم رێکخراوانە لەگەڵ بۆچوونی جەماوەری گەنجاندا جۆرێك لە «رێفلێکسیڤیتێ » وەك مێکانیسمی تێگەشتن لەیەکتری دروستدەکات. لەسەر ئاستی پراکتیك، رێکخراوەکان ئەو ئەکتەرە کۆمەڵایەتیەن کە زیاتر لە هەر دەزگایەکی دیکە لەسەر پرسە جۆراوجۆرەکانی جەماوەری گەنجان، بە سەلبی یان ئیجابی کاریان کردووە، پرۆژەیان دروستکردووە، بەنێویاندا کشاون، لە رۆحیان نزیکبوونەتەوە، هەوڵیانداوە بڕۆنە نێو مێشکیانەوە. نەبوونی متمانە لەنێوان گەنجان و رێکخراوەکاندا بە هیچ شێوەیەك یەکسان نییە بە سڕینەوەی ئەم مەعریفە مێژووییە. ئەو سیاسەتەی کە لەسەر ئێستا و داهاتووی جەماوەری گەنجان کاردەکات، دەبێت لەسەر ئاستی بابەتی، هەروەك چۆن دەبێت دەرفەتی رادەبڕین بەگەنجان ببەخشێت، ئاواش دەبێت هەمان دەرفەت بۆ رێکخراوەکان دابینبکات.
سێیەم سۆسیۆلۆگەکان. کۆمەڵگەی بێ سۆسیۆلۆگ وەك مزگەوتی بێ مەلا و کەنیسەی بێ قەشە وایە. لەڕێگای توێژینەوە مەیدانیەکانیانەوە، لەڕێگای دروستکردنی چەمك و تیۆریەکانیە زانستیەکانیانەوە، سۆسیۆلۆگەکان شەرعیترین کاتیگۆرین کە بتوانن مەعریفەیەکی فراوانی بیناکراو لەسەر داتا سەبارەت بە جەماوەی گەنجان بەرهەمبهێنن. ئێمە چۆن دەتوانین دەستنیشانی خەونەکان، بەرژەوەندیەکان، ئارەزووەکان و خواستەکانی لاوان بکەین و بیانخەینە نێو چوارچێوەی «مەفهومیەوە»، بەبێ توێژینەوەی مەیدانی سۆسیۆلۆگەکان؟ چۆن دەتوانین سیاسەتێكی تەندروست بۆ گەنجان بینابکەین، بەبێ بەشداری زیندووی ئەو سۆسیۆلۆگانەی کە دەتوانن پێمانبڵێن دنیای کۆمەڵایەتی ئێستا و ئێرەمان چیە و چۆنە و بەچ رێگایەك دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکەین.
چوارهەم حکومەت. بێگومان ئەو ئەکتەرەی کە دەتوانێت گەنجان و رێکخراوەکان و پاشان سۆسیۆلۆگەکان پێکەوە بخاتە نێو پرۆژەیەکی «جددی»لەم شێوەیەوە تەنها حکومەتە. حکومەت ئەو چەترەیە کە ئەکتەرەکانی پێشوو پێکەوە کۆدەکاتەوە، ئەو بەڕێوبەرەیە کە کۆی پرۆژەکە دەبات بەڕێوە. حکومەتی کارا ئەو تۆڕی پەیوەندیەیە کە لەیەك کاتدا سۆسیۆلۆگ و رێکخراوەکان و گەنجان پێکەوە گرێدەدات. بەبێ حکومەت پرۆژەیەکی وا نە لەدایك دەبێت و نە خەونیش بە جێبەجێکردنیەوە دەبینین.
ئەم چوار ئەکتەرە دەتوانن لەسەر ئەم پرۆژانە کاربکەن. یەکەم: یەکلاییکردنەوەی پێناسەکان. هەر بابەتێك بەبێ پێناسەکردنی، بەبێ دەستنیشانکردنی لە چوارچێوەیەکی «کۆنسێپتیول/مەفهومی»دا، ئەستەمە وەربگێڕدرێتە سەر کەرەسەی کارکردن. لێرەوە، یەکەم فەرمان دەبێت بە پێناسەکردنی «گەنجێتی» لەلایەك و سیاسەتی تایبەت بە گەنجان لەلایەکی دیکەوە. دووهەم: ژێرخانی سیاسەتی گەنجێتی. ئەو بودجەی کەم بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەیەی مەزنی لەم جۆرە تەرخاندەکرێت چەندە؟ هەروەها ئەوکامانەن ئەو یاسایانەی کە دێن و چوارچێوە بۆ ئەم بودجەیە دادەنێن. سێیەم: پرسی پەیوەندی و گەیاندنی مەعریفە. هەر لە دەزگاکانی حکومەتەوە تا دەگاتە بەڕێوەبەرایەتیە لۆکاڵیەکان، تا چەند، چۆن، لەکوێدا، کێ و بە چ تواناییەکەوە پەیوەندی لەگەڵ تەواوی ئەو گروپە جیاوازانەدا دروستدەکرێت کە کاتیگۆری گەنج پێکدەهێنن، بۆئەوەی لە رێگای ئەم پەیوەندیەوە، مەعریفەی دروست و تەواو لەسەر پرۆژەی سیاسەتی تایبەت بە گەنجێتی بگات بە گەنجان؟ چوارەم: مەیدانەکانی کارکردن لەسەر ئیشکالیەتە جیاوازەکانی گەنجان. پەروەردە و فێرکردن، دەوەرە و پێگەیاندن، کار، تەندروستی، خانوو، ئاین، سیاسەت. پێنجەم: لە کوردایەتیەوە بۆ کوردستانیبوون. گەنجانی ئێستا و ئێرەی کوردستان لە زەمەنێکدا دەژین کە دەکرێت بە پۆست کوردایەتی ناوی بەرین. گەر کوردایەتی بریتی بووبێت لە دروستکردنی گیانی فیداکاری لەپێناوی نیشتماندا، پێشوازیکردن لە پەتی سێدارە بە پێکەنینەوە، پەلاماردانی دەبابەی دوژمن بە چەقۆوە، ئەوە لە ئێستادا گەنجانی کوردستان پێویستیان بە شوناسی کوردستانیبوون هەیە، کوردستانیبوون بە مانای فێربوونی پێکەوەژیان لەگەڵ هەموو ئەو تاك و خێزان و گروپە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئاینی و ئەخلاقی و ئایدۆلۆژیای و حیزبی و کولتوریانەی دیکەدا کە لەسەر خاکی کوردستان دەژین و گەر وەك تۆ کوردیش نەبن، گەر وەك تۆ موسوڵمانیش نەبن، گەر وەك تۆ حیزبیش نەبن، گەر کەلتوری تۆشیان نەبێت، هیچ گرفتێك نییە، چونکە کوردستانیبوون هەموو لایەك پێکەوە کۆدەکاتەوە.
1. چەمکی رێفلێکسیڤیتێ لای عەرەبەکان بە «ئینعیکاسیەت» باسکراوە. بەڵام من پاش راوێژکردنم لەگەڵ کۆمەڵێک تایبەتمەند لە بواری سۆسیۆلۆژیادا، گەشتوومەتە ئەو قەناعەتەی کە وشەی «ئینعیکاسیەت» لەتوانایدا نییە گوزارشت بکات لە ماناکانی ریفلێکسیڤیتێ و دواتر خوێنەری کورد خۆی سەربەستە لە بەکارهێنانی زاراوە فەرەنسی و عەرەبیەکەدا.
رێفلێکسیڤیتێ بریتییە لەو مەسافەیەی کە ئەکتەرێک لە نێوان خۆی و چالاکیەکانیدا دروستی دەکات بە مەبەستی لێڕامان و وردکردنەوەو راڤەکردنیان تا بتوانێت تێبگات لەوەی کە ئەنجامی داوە. گەڕانەوەی ئەکتەرەی کۆمەڵایەتیە بۆ سەر هەموو ئەو هەلومەرج و مێژووە خودی و بابەتیانەی کە گوتارو رەفتارەکانی تیادا بەرهەم دەهێنێت. گەڕانەوە بەمەبەستی راڤەکردن و تێگەشتن.
مومارەسەکردنی ریفلێکسیڤیتێ رێگادەدات بە هەر ئەکتەرێکی کۆمەڵایەتی کە ببێت بە رەخنەگری یەکەم و راڤەکاری یەکەمی چالاکیەکانی رۆژانەی خۆی. گەورە سۆسیۆلۆگی بەریتانی ئەنتۆنین گیدانس رێفلێکسیڤیتێی سەردەمی مۆدێرنیتێ وەک گەرەنتی بەرهەمهێنانەوەی سیستەم و کارایی دانانی فیکر بەسەر کردەوە دادەنێت.
لە کۆمەڵگەیەکدا کە ئەکتەرە کۆمەڵایەتیەکان مومارەسەی ئەم بنەمایە ناکەن و کردەو چالاکی و گوتارەکانی رۆژانەیان ناخەنە ژێر پرسیارەوەو خۆیان تەسلیم بە زنجیرەیەک لە یەقین و شتە دەقگرتووەکان دەکەن، ئومێدی گۆڕان و بەرەوپێشەوەچوون تەواو لاواز دەبێت. کۆمەڵگەی زیندوو ئەو کۆمەڵگەیەیە کە دەستبەردای رێفلێکسیڤیتێ نابێت.
* سۆسیۆلۆگ و مامۆستای زانکۆ لە پاریس