قۆناغی داهاتوو..حكومەتی بنكە فراوان دەخوازێت
January 31, 2013
وتار و بیروڕا
هەروەها ئاماژەم بۆ ئەو خاڵەش كرد كە حكومەتی زۆرینە بكەینە زۆرینەی حكومەت، زۆرینەی حكومەتیش، بەمانای بەشداری كردنی لایەنە براوەكان بەپێی رێژەی كورسییەكانیان، نەك زۆر كردنی ژمارەی وەزیرەكان وەك جاران.
دیارە كە ئەو حكومەتەی ئێستا لەهەرێمی كوردستاندا فەرمانڕەوایەو كاروباری هەرێم بەڕێوە دەبات، حكومەتی زۆرینەی پەرلەمانییە كە لیستی كوردستانی نوێنەرایەتی دەكات، لەبەرامبەریشدا سێ لایەنی دیكە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنیان هەڵبژاردووەو بەشدارنین لەحكومەتدا.
پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ ساڵ بەسەر هەڵبژاردنەكانی تەمموزی (2009)داو، پاش سەركەوتنی لیستی دەسەڵات و پێكهێنانی حكومەت و، دەركەوتنی ئۆپۆزیسیۆن و رووداوەكانی ماوەی نێوان ئەم زیاتر لەسێ ساڵەو، هەتا گەیشتن بەدانیشتن و گفتوگۆكانی ئێستای نێوان حزبەكانی حوكمڕان و ئۆپۆزیسیۆندا، دەتوانین ئاماژە بەچەند راستییەك بكەین لەوانە:
یەكەم: بەپێی بۆچوونەكانی لیستی كوردستانی هێشتا لە كوردستاندا زۆرێك لەئەركەكانی قۆناغی رزگاریی نەتەوەیی ونیشتمانییمان بەجێنەهێشتووەو، بەڵكو پێویستە بەردەوام كاریان بۆبكرێت و، بەبیری شەقامی سیاسییش بهێنێرێنەوەو، هێشتا خەمی لەپێشینەی ئێمە خەمی خاكە.
دووەم: بەپێی بۆچوونەكانی ئۆپۆزیسیۆنیش، مەسەلەكانی پەیوەست بەئازادییە گشتییەكان و مافەكانی مرۆڤ پێویستە زیاتر بەرەوپێش بچن و، پێویستە قسە لەسەر زۆرێك لەمافەكان بكرێت وەك قۆناغی تەنیشت یان قۆناغی دوای ئەركەكان و، ئومێد بۆژیانێكی باشتر بخوازرێت و، بەمەش كاری لەپێشینەی ئەوان باسكردنی مافەكانی تاكە.
سێیەم: ئێستا حزبەكانی حوكمڕان گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە هەرچەندە بەشێكی باشی چاكسازیی بەخۆیان دەكرێت و لەتواناشیاندایە ئەنجامی بدەن، بەڵام دەشزانن كە چاكسازیی پرۆسەیەكی هەمەلایەنەیەو بۆ هەموو لایەنەكانیشە، بۆیە دەیانەوێت هەمووان تێیدا بەشداربن و، هەمووانیش پێی رازیی بن.
چوارەم: حزبەكانی ئۆپۆزیسیۆنیش گەیشتوونەتە ئەو قەناعاتەی كە پێویستە پێداچوونەوەیەك بەكارەكانی لەمەوبەریاندا بكەنەوەو، سەرئەنجامیش هەندێكیان –ئەگەر هەمووشیان نەبن- گەیشتوونەتە ئەو ڕایەی كە ئۆپۆزیسیۆنبوون هۆكارەو، كاری كەمینەی هەڵبژاردنەو، كاتییەو بڕیارێكی حزبیی دەوێت، بەڵام پەرەپێدان بە كولتووری دەوڵەت و بونیادنانی پایەكانی، ئامانجە و هەمووانی دەوێت و، هەمیشەییەو بڕیارێكی نیشتمانیی پێدەوێت.
پێنجەم: وەك دەرئەنجامێك بۆ گشت ئەوانەی كە لە سەرەتاوە ئاماژەمان پێكردن، لەوانەیە باشترین ڕێگەچارەیەك بۆ قۆناغی دوای هەڵبژاردنەكانی ئەمساڵی هەرێمی كوردستان، پێكهێنانی حكومەتێك بێت لەگشت لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن لەرێگەی (لێكدان) ی گشت پرۆژەكان و (كۆكردنەوە)ی خاڵە هاوبەشەكان و، (لێدەركردن)ی خاڵە جیاوازەكان و، (دابەشكردن)ی دەسەڵاتەكانیش لەنێوان گشت شەریك و بەشداربوواندا، بەمەش حكومەتی زۆرینە دەكەینە زۆرینەی حكومەت.