شەڕی ناوخۆ.. سوریا وەك نموونە

شەڕی ناوخۆ.. سوریا وەك نموونە
شەڕی ناوخۆ دیاردەیەكی ئاڵۆزە. چەمكەكانی وەك ڕاست و هەڵە، یاسایی و نایاسایی، شەرعی و ناشەرعی، یاخیبوو و جەنگاوەری ئازادی، تیرۆریزم و هێزەكانی جێبەجێكردنی یاسا، چەمكگەلێكی ئەوەندە بە یەكداچوو و پێكەوەپەیوەستن كە دووچاری سەرلێشواویمان دەكەن. بە شێوەیەكی گشتی ئەوەی دوایین مانا بە پارتەكان و كردەوەكانیان دەبەخشێت بریتییە لەوەی كێ دەدۆڕێت و كێ براوە دەبێت. سەرچاوەیەكی دیكە لەم مەسەلەیەدا بریتییە لە سروشت یان ناسنامەی لایەنەكانی ناكۆكییەكە و ئەو هێزانەی پشتیوانیان دەكەن. هەر لایەنێك هێزی ڕاگەیاندنی لە ناوەوە و دەرەوە هەبێت، ئەوا بە شێوەیەكی گشتی دەتوانێت ئەو گوتارە دیاری بكات كە لە بارەی ناكۆكییەكەوە لە ئارادایە. كەواتە مانا و دەلالەتی شەڕی ناوخۆ هێندەی ئەو كردارانە گرنگن كە هاوشانن بە شەڕەكە.
دەكرێت ئەوانەی پێشتر یاخیبوو و تیرۆریست بوون ببنە پارتێكی سیاسیی شەرعی و سەركردەگەلێكی ڕێزلێگیراو. تەواوی ئەمە مەسەلەیە بەندە بە سەركەوتنەوە. بەڵام شتێكی دیكەش پێویستە لەم ڕووەوە: ئەگەر سیستمە سیاسی- یاساییەكە كە لەسەر «ڕۆژی دواتر» بنیاتنراوە، هەڵگری خەسڵەتی نۆرمەكانی سەروەریی یاسا و دیموكراسی بن كە لە ئاستی نێودەوڵەتی پەسەندكراون، ئەوا ئەو خیتابە سلبیەی ئێستا لە ئارادایە بە شێوەیەكی دراماتیكی بەرەو باشتر دەگۆڕێت. ئێمە دوای چەندین شەڕی ناوخۆ ئەم دەرئەنجامەمان بینی.
شەڕی ناوخۆی ئەمەریكا لەبەرچاو بگرن. هێشتا ڕێبەری گەشتیاریی واشنتۆن دی سی نازناوی هێزە «یاخیبووەكان» دەداتە پاڵ سوپای باشوور (كۆنفیدراسی) كە گەیشتە كەنارەكانی رووباری پۆتۆماك. پارتی كۆنگرێسی نەتەوەیی باشووری ئەفریقیا بە سەركردایەتیی نیڵسۆن ماندێللا كەسێكی «تیرۆریست» بوو بەلای ڕژێمی ئەپارتهایدەوە. تەنانەت مستەفا كەمال ئەتاتورك كە پاڵەوانێكی حاشاهەڵنەگرە لەلایەن حكومڕانە عوسمانییەكانەوە بە یاخیبوو لە قەڵەمدرا و سزای لەسێدارەدانیشی بۆ دەركرا. ئەگەرچی لەپێكهێنانی حكومەتێكی بەدیلدا و لە گۆڕەپانی شەڕەكەی سەركەوتوو بوو، دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی سەڵتەنەت و خەلیفەتی هەبوو، كە ئەمانە بناغەی شەرعییەتی ڕژێمی پاشایەتیی عوسمانی بوون.
هەمان هەڵسەنگاندن ڕاستە بۆ ئەو كەسانەی كە هەوڵی كودەتایان دا و سەركەوتوو بوون. ئەوانەشی كە شكستیان هێنا وەك خیانەتكارێك لە سێدارەدران. ئەوانەی سەركەوتوو بوون یاساكان دەنووسنەوەو خۆیان وەك حكومڕانێكی نوێی وڵاتەكە دەخەنەڕوو كە قابیلی ئەوەنین هەڵە بكەن. بە شێوەیەكی گشتی كودەتاكان لە كاتی یان لە سەر لێواری شەڕی ناوخۆدا ڕوودەدەن، ئەویش بە ئامانجی كۆتایی هێنان بە پشێوی و دووبەرەكی. كەواتە مانا و دەلالەتی شەڕی ناوخۆ زۆر پەیوەستە بە دەسەڵاتەوە. دەسەڵات ژێرخانی یاسایی و دامەزراوەیی دروست دەكات بۆ شەرعیەتدان بەو پۆستە نوێیانەی كە دەسەڵاتداران بەدەستیان هێناوە.
ئەوەی من دەمەوێت پێی بگەم ئەوەیە كە ئەو شەڕەی لە سوریادا هەیە گەیشتۆتە دۆخی شەڕێكی ناوخۆیی تەواو و سەرتاسەری. بە پێچەوانەی ئەو شەڕانەی دژی «دوژمنێكی» دەرەكی و بەرچاو و ناسراو دەكرێن، ئەوا شەڕی ناوخۆ لە ناوخۆی وڵاتدا دەكرێت و دژ بە بەشێك لە هاووڵاتیان ئەنجام دەدرێت. دەكرێت چەندین هۆكار هەبن بۆ سەرهەڵدان و بەردەوامبوونی ناكۆكییەكی ناوخۆیی، بەڵام باوترین هۆكار بریتییە لە كاریگەرییە كەڵەكەبووەكانی، دوورخستنەوە و سەركوتكردن و پەراوێزخستنی گرووپێك كە لە ڕووی ئیتنی، ئایینی و كەلتووری و سیاسییەوە جیاوازە. ئەو كاتە شەڕی ناوخۆ لە بوونی حكومەتێكی (حكومەتێك كە هەمووان لە خۆنەگرێت و لە ڕووی یاساییەوە جیاكاری بكات) خراپەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەو كاتە ناوهێنانی «لایەنەكەی دیكە»، بە واتایەكی دیكە گروپێكی ناحكومی، هەمیشە مایەی گیروگرفت دەبێت. لەوەش زیاتر، لەو كۆمەڵگەیانەی كە فرەیی ئیتنی و ئایینیان تێدایە، هەموو گروپێكی ناوخۆیی درێژبوونەوەیەكی هەیە لە وڵاتانی دراوسێدا. هەر ناكۆكیەكی مەحەلی ڕاستەوخۆ دەبێتە ناكۆكییەكی ئیقلیمی و ئەمەش زەمینەخۆش دەكات بۆ دروستبوونی گوتاری «دەستێوەردانی دەرەكی».
لە حاڵەتی سوریادا، دوو لایەنە ڕكابەرە دیارەكە بریتین لە «هێزەكانی حكومەت» و «موعارەزە». بە شێوەیەكی گشتی حكومەت لەلایەن عەلەویەكان، مەسیحییەكان و بەشێك لە چینە باڵاكان و چینە باڵا-ناوەڕاستەكانی سوننەوە پشتیوانی دەكرێت. بەلای كەمەوە ئەمە هەل و مەرجەكە بوو لە سەرەتای شەڕەكەدا. ئەمە ڕواڵەتی شەرعییەتی بە حكومەتەكە بەخشی بۆ ئەوەی زیاتر و زیاتر پەنا بۆ توندوتیژی و دڵڕەقی ببات. موعارەزە پێكهاتووە لە ژمارەیەكی جیاواز لە گروپ و پێكهاتەكان. هەردوو لایەنەكە پشتیوانیی نێودەوڵەتیان هەیە. ئیمتیازی سەرەكیی دەستی حكومەت بریتییە لەوەی هێشتا دەزگاكانی دەوڵەتی بەدەستەوەیە. تاوەكو موعارەزە ڕواڵەتێك لە میكانیزمی دەوڵەت لە مەنفا پێكنەهێنێت و پاڵپشتییەكی نێودەوڵەتی بەرچاو بەدەست نەهێنێت، ئەوا حكومەتەكەی ئەسەد ئیمتیازی دەبێت بەسەر موعارەزەوە لە پەیوەندیدا بە ئیعتیراف پێكردنەوە.
دۆخی سوریا گەیشتۆتە خاڵێك كە بواری ئاشتەوایی و چاكسازیكردن لە حكومەتدا نەماوەتەوە. هەردوولا یەكدی تۆمەتبار دەكەن بەوەی لایەنەكەی دیكە ناشەرعییە و پەنا بۆ تیرۆریزم دەبات، بە دڵنیاییەوە حكومەت توانایەكی زیاتری تێكشكاندنی لە دەستدایە. بەڵام لە هەمان كاتدا ئەمە مایەی زیانە بۆی. كاتێك ئاستی توندوتیژی پیادەكراو لەلایەن حكومەتەوە زیاتر بوو، گەیشتە ئاستێك نزیك بێتەوە لە ئەنجامدانی «تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی»، ئەم ڕاڤەیەش دەرگایەكی واڵایە بۆ دەستێوەردانی نێودەوڵەتی. كەواتە هیچ « شەڕێكی ناوخۆیی» لە سەردەمی ئێمەدا دیاردەیەكی ناوخۆیی و نەتەوەیی نییە.
Top