چێنەری پەیكەرساز شەیدابوونی هونەرەكەی كلیلی سەركەوتنیەتی
December 13, 2012
وتار و بیروڕا
بەرلەوەی بەدیداری كاكە چێنەری پەیكەرساز شادبم، چەند بەرهەمێكیم بینیبوو، دیارە جوانیان فەرمووە، هونەری ڕەسەن، خۆی دێتە گۆ و، پێویست بە باسكردن ناكات و، هەتا لێشی وردبیتەوە، پتر سەرنجی بدەیت، ئەوە پتر دەبینیتەوە و زیاتر لێی تێدەگەیت و بەدڵ و گیان ئاشنای دەبیت.
لەبەرهەمەكانیەوەو، پاشان لە مامەڵەكردن لە تەكیا، مامەڵەكردنێك بۆ نزیكەی ساڵێك دەچێ، مامەڵەش كورد واتەنی ((سەنگی مەحەكە))،
بۆیە ئەگەر بپرسین : چۆن كاكە چێنەری پەیكەرساز پێناسەدەكەی؟ بەبێ سێ و دوو دەڵێم : شەیدای هونەرەكەیەتی، شەیدا تاسەر ئیسقان، ئەوە كلیلی سەركەوتنیەتی، پاشان ئارام و خۆراگڕو كۆڵنەدەرە، ئەوە نیشانەی هەڵكشانی هونەرمەندێكە، كە بیەوێت گرەوی بەختی هونەرەكەی بباتەوە.
مێژوو بۆمان دەگێڕێتەوە، هەر هونەرمەندێ خەم و خولیای باڵابوونی بووبێ، لەگەڵ هەر هەڵكشانێكدا ئەگەر گەزێ باڵا بوون بووبێ، نەیارانی هەوڵی سەد گەز دابەزینیان داوە، نیچە گوتەنی: (( چەند بەرز بینەوە لەچاوی ئەو كەسانە بچووك دەبینەوە كە ناتوانن بفڕن))، بەڵام كاتێ هونەرمەندەكە بڕوای بەڕەوایی هونەرەكەی و پەیامە پیرۆزەكەی بووبێ، لە هەوڵ و هەڵپەی بەردەوامیەكەی بە موو لای نەداوە، لایەنێكی دیكەی جوانی نوێنی كاكە چێنەر، ئەو رێزە بەرزەیەتی، كە دیارە رێزگرتنی بەشیرەوە نۆشیوە، دەستخۆشی لە پەروەردەكار و مامۆستایانی دەكەم، بەراستی كڵۆیەكە لە هەستی پاكژ و دەروونی روون و بێ گەرد.
لەسەرەتای سەرهەڵدانی خولیایی دروستكردنی پەیكەرەكەمدابوو، تەلەفونی بۆ كردم، حەزدەكات چەند وێنەیەكی فۆتوگرافیم بگرێ، ئەوەبوو، لەبارەگای شانۆی سالار لە سلێمانی یەكتریمان دییەوەو، پتر لە بیست فۆتۆگرافی لە هەر چوار لاوە گرت و هەر هەمووی لەسەرو سینەوە بوو، چونكە بۆ مەبەستی پۆرتریت بوو، پاش ماوەیەك لەسەر دوای خۆی سەردانم كرد، كە لە یەكەم هەنگاویدا بوو، تەنانەت لە هاوەڵێكم پرسی: رات چییە؟ وتی: هەر خۆتی و بەڵام بەقوڕ. وتم: ئافەرین كاكە گیان، مرۆڤ لە قوڕدروستكراوە و ئاكامیشی هەر بە قوڕبوونە، ئەوە من لەبری دووجار سێ جار دەبمەوە بە قوڕ، هەرچۆن ((مەولانا جەلالەدینی رۆمی)) لەورامی پرسیارێكەوە: بۆ كوێ دەچی؟ دەفەرموێ: (لە خاكەوە هاتووم و هەر بۆخاك دەگەرێمەوە.
ویستم باری سەرنجم دەرببڕم: كاكە چێنەر سنگم كەمێك بۆ پێشەوە نەچووە ؟ وتی: خۆت وایت و سنگت لە سنگی وەرزشوانانی ئاسن و لەش جوانی دەكات ....
وتم: فەرموودەتانە لە لاوییدا وەرزشوان بووم و لەتەك یاری فوتبۆڵ دا یاری ئاسنیشم دەكرد. لە ئاوێنەدا لە خۆم وردبوومەوە، قسەكەی ئەوبوو.
سەرنجمدا گەلێك گرنگی بە تەكنیكاری داوە بۆ ئەوەی هەرچی كاریگەری تەمەن لە روخسارمدا نەخشاندویەتی، بەجوانی بینووسێتەوە. حەزمانكرد پەیكەرەكە بە برۆنز داڕێژرێ، بۆ ئەوەی نەك بەتەنها پەیكەرەكەی من نەمر بێ، بەڵكو بەرهەمی هونەرمەندەكەش پارێزراو بێ.
خۆشبەختانە دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی سەركردایەتی (پ.د.ك) سلێمانی فەرمووبویان : شایستەیە بە زێر بۆی بكەین..
ئەوەش ئەنجامدرا، لێرەوە پرۆژەی بەرهەمێكی هونەری بووە، پرۆژەی سەر ئێشە، بەڵام ئەم هونەرمەندە كۆڵی نەدا و بە گەشبینەوە هەنگاوی نا و سوپاس بۆ خوا لە رۆژی 4/12/2012 لەسەر خاكی هەولێری پایتەختی كوردستان دانرا و، لەبەردەم ئەو هۆڵەی دەیان شانۆییم لەسەر پێشكەش كردووە و، خودا بۆ خۆی دەزانێ چەندە ئارەقەی شین و مۆرم لەسەر تەختەی ئەو شانۆیە رشتووە.
بەڵام ئەو ساتەی پەردەی لەسەر لابرا، من و كاكە چێنەر بە خۆشییەكەوە لە چاوانی یەكدی و لە هەمانكاتدا لە پەیكەرەكەمان ڕوانی . زمان ناتوانێ باسی بكات، ئەوە زمانێكە تەنها هونەرمەندان لە ساتە گەرمەكانی سەركەوتندا پێی دەدوێن..