لەپێناو گەشەپێدان بە كاری راوێژكاریی
November 22, 2012
وتار و بیروڕا
كاری سەرەكیی راوێژكارانیش لەكاتی پێویستدا بریتییە لە:
یەكەم: پێدانی زانیاریی و وەڵامی ورد بە دروستكارانی بڕیار.
دووەم: خستنەڕووی زیاد لە ئەگەرێك بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەر بابەت و باسێكدا.
سێیەم: گەیاندنی هەست و كاردانەوەی كۆمەڵگە بۆ خاوەن بڕیار لەبارەی بڕیارەكانییەوە.
ئەگەر ئەنجوومەنی وەزیران بە نموونە وەربگرین، ئەوسا دەتوانین بڵێین سەبارەت ئەو پڕۆژەو پێشنیارانەی كە پێشكەشی دەكرێن، پێویستە:
یەكەم: روون بن، بە جۆرێك دارێژڕابن كە تێگەیشتن لێیان ئاسان بێت.
دووەم: ورد بن، دوور بن لە گشتیبوون و زیادەڕەویی.
سێیەم: خۆماڵیی بن، یان خۆماڵیی كرا بن ئەگەر لە دەرەوەش وەرگیرابن.
چوارەم: توانا مرۆیی و ماددییە بەر دەستەكانی ڕەچاو كرد بێت.
هەروەها لەسەر ئەنجوومەنی وەزیرانیش پێویستە:
یەكەم: جیاوازیی بكەن لە نێوان راوێژكارو ئەو خاوەن پۆستە جێبەجێكارانەی كە بەپلەی راوێژكار دامەزراون.
دووەم: جیاوازیی بكەن لە نێوان كاری راوێژكاریی و كاری سكرتێریی.
سێیەم: ژمارەی راوێژكارانی هەر دەزگایەك دیار بكەن، نەك كراوە بێت و زیاد لە پێویست بن.
چوارەم: گێڕانەوەی پێگەی شایان بۆ كاری راوێژكاریی.
سوودەكانی دەستەی راوێژكاریی ئەنجوومەنی وەزیران:
یەكەم: بەدامەزراوەییكردنی كاری راوێژكاران.
دووەم: خستنەگەڕی تواناكانی راوێژكاران.
سێیەم: كۆكردنەوەی كارو چالاكییەكان و، كاركردن بە گیانی كۆكاریی و یەك تیمی.
بۆ ئەمەش پەیڕەوێكی ناوخۆیی بۆ دەستەی راوێژكاریی پێویستە بەم شێوەیەی لای خوارەوە:
پێناسەی دەستە:
پێك دێت لە سەرۆك و ژمارەیەكی دیاریكراو لە راوێژكاران كە لەلایەن سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دیار دەكرێن و، لە بوارێكی دیاریكراودا شارەزایی پێویستییان هەیەو، یەكلابوونەتەوە بۆ كاری راوێژكاریی و، پڕۆژەو پێشنیار پێشكەش دەكەن، یان ئەو بابەت و پڕۆژانە تاوتوێ دەكەن كە لەلایەن ئەنجوومەنەوە بۆیان رەوانە دەكرێت.
ئامانجەكانی دەستە:
یەكەم: بەشداربوون لە لەدانانی پلان و ستراتیژییەتی نیشتمانی.
دووەم: بەشداربوون لە ئامادەكردنی باس و ئەو توێژینەوانەی كە ئەنجوومەن داوایان دەكات.
سێیەم: بەشداربوون لە دۆزینەوەی میكانیزمەكانی نوێ بۆ دەزگاكانی كار ڕاپەڕاندنی دەوڵەت.
چوارەم: بەشداربوون لە خستنەڕووی ڕاو پێشنیاری بەسوود بۆباشتر جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی حكومەت.
میكانیزمی كاركردنی دەستە:
یەكەم: كۆبوونەوەی ئاسایی نێوان سەرۆكی دەستەو سەرۆكی گرووپەكان .
دووەم: كۆبوونەوە بەتەواوی ئەندامەكانییەوە بۆ تاوتوێكردنی بابەتێكی نێو كارنامەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەن.
سێیەم: رێكخستنی كۆڕو سیمینارو وۆركشۆپ بۆ تاوتوێكردنی ئەو بابەتەی كە ئەندامانی دەستە بە پێویستیی دەزانن.
چوارەم: پێكهێنانی تیمی توێژینەوەی تایبەت بەتاوتوێكردنی بابەتێكی تایبەت.
پێنجەم: راسپاردنی یەكێك یان زیاتر لە ئەندامێكی دەستە بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی تایبەت.
گرووپەكانی دەستە:
هەر گرووپێك لە ژمارەیەك ئەندام پێك دێت كە لەنێوان خۆیاندا سەرۆكێك بۆ گرووپەكەیان هەڵدەبژێرن.
یەكەم: گرووپی ئابووری:
بۆ راوێژكارانی بواری نەوت و دارایی و وەبەرهێنان و گەشتوگوزارو كشتوكاڵ و پیشەسازیی .
دووەم: گرووپی خزمەتگوزاریی:
بۆ راوێژكارانی بواری سەرچاوەكانی وزەو ئاوو كارەباو تەندروستیی و ژینگەو كارگێڕیی و ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن و تەكنەلۆژیای زانیارییەكان.
سێیەم: گرووپی گەشەپێدانی مرۆیی:
بۆ راوێژكارانی بواری ئاینیی و رۆشنبیریی و لاوان و وەرزش و ئافرەتان و پەروەردەو خوێندنی باڵا.
چوارەم: گرووپی پەرەپێدانی سیاسیی:
بۆ راوێژكارانی بواری بەرگریی و ناوخۆو پەیوەندییە دەرەكییەكان و سیستمی فەرمانڕەوایی و یاسادانان.
كۆبوونەوەكانی دەستەو گرووپەكان: كۆبوونەوەكان دوو جۆر دەبن:
یەكەم: كۆبوونەوەی ئاسایی سەرۆكی دەستە لەگەڵ سەرۆكی گرووپەكان كە مانگی جارێكەو، كۆبوونەوەی نائاساییش لەكاتی پێویستدا.
دووەم: كۆبوونەوەی ئاسایی یان ئەلكترۆنی سەرۆكی گرووپ لەگەڵ ئەندامانی گرووپەكەیدا، هەفتانەیە.