پێوستی دانانی یاسایەك بۆ سروودی نیشتمانی كوردستان
May 24, 2011
وتار و بیروڕا
دیارە كە یەكێك لە خاڵە جیاكارەكانی هەر دەوڵەتێكی سەردەم لەدەوڵەتێكی دی بوونی (ئاڵا)و (سروودی نیشتمانی)یە، (سروودی نیشتمانیی) یش ئەگەر ڕۆڵی وەك ئاڵای وڵات نەبێت، ئەوا هیچی وای لەو كەمتر نییە، چونكە مەسەلەی سروودی نیشتمانی زۆر گرنگە لە ناساندنی گەلان و وڵاتان، ئەوەتا نووسەرێكی وەك (عبدالرزاق الهلالي) كە كتێبێكی گەورەی لەسەر مێژووی عێراق نووسیوە، لەسەرەتای كتێبەكەیدا ئاماژە بەوە دەكات كەهاندەری یەكەمی لەنووسینی مێژووی عێراقیدا لەوێوە سەرچاوە دەگرێت كە كەس هۆنراوەو ئاوازو دانەری هۆنراوەی سروودی نیشتمانیی عێراقی نەزانیوە لەسەر ئاستی باڵای ناو عێراقیشدا ئەوەتا دەڵێت: (ئافرەتێكی ئەمریكی لەساڵی 1946دا بەبۆنەی دامەزراندنی رێكخراوەی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە ویستی كتێبێك لەسەردەوڵەتانی ئەندام لەڕێكخراوەی (نەتەوە یەكگرتووەكان) بنووسێت كە عێراق یەكێك بوو لەوان، بۆیە ئەو ئافرەتە نووسراوەكەی ئاڕاستەی هەموو وڵاتانی ئەندام كردبوو تیایدا داوای (سروودی نیشتمانیی) و دانەری (هۆنراوە)و (ئاواز)و كورتەیەك لە ژیانی كردبوو، ئەو ئافرەتە نووسراوێكی لەم بارەیەوە دا بە باڵیۆزخانەی (عێراق) لە (واشنتۆن)، باڵیۆزخانەش نووسراوەكە دەنێرێت بۆ (وەزارەتی دەرەوەی عێراق) ئەویش دەینێرێت بۆ وەزارەتی (مەعاریف) ئەویش دەینێرێت بۆ (مدیریة التربیة البدنیة) ئەمیش دەینێرێت بۆ (امریة الجوق الموسیقی) لە وەزارەتی (بەرگری)، لەوێش وەڵام نەبوو، بەم شێوەیە دوومانگ تێپەڕی بەسەر وەڵامدانەوەی ئەو ئافرەتە ئەمریكییە)، بڕوانە بەرگی یەكەمی (معجم العراق) (عبدالرزاق الهلالي).
جا بۆ ئەوەی ئێمەش ئاوامان بەسەر نەیەت گەر رۆژێ لە رۆژان دەزگایەكی بیانی یان رێكخراوێكی دەرەوە داوای سروودی نیشتمانیی كوردستانی لێكردین، نەزانین كامەیە سروودی نیشتمانیمان، واچاكە لەخەمی زانینی دانەری هۆنراوەو ئاوازی سروودی نیشتمانیی كوردستاندا بین.
لێرەوە بوونی یاسای سروودی نیشتمانیی كوردستان پێویستییەكی سەردەمە،بۆیە ماددەی (12)ی دەستووری هەمیشەیی عێراقیش دەڵێت: بەپێی یاسایەك ئاڵای عێراق و دروشم و سروودە نیشتمانییەكەی رێكدەخرێت بەشێوەیەك كە ئاماژە بۆ پێكهاتەكانی گەلی عێراق بكات.
لە ماددەی (11) ی ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستانیشدا هاتووە كە : (هەرێمی كوردستان- عێراق ئاڵایەكی تایبەتی خۆی هەیە كەلە تەك ئاڵای فیدڕاڵیدا هەڵدەدرێ، هەروەها دروشم و سروودی نیشتمانیی و جەژنی نەتەوایەتی خۆی (نەورۆز)یشی هەیەو، ئەمەش بەیاسا رێك دەخرێت).
بۆیە زۆربەی وڵاتان و هەرێمە فیدراڵییەكانی جیهان لەیاسای سروودی نیشتمانییاندا ئاماژە بەم خاڵانەی لای خوارەوە دەدەن :
ناوی سروود، ناوی دانەری هۆنراوەكەی، ناوی ئاوازدانەرەكەی، ماوەی سروودەكە بەخولەك، ئەو بۆنەو چالاكییانەی كەتییایاندا سروودی نیشتمانیی لێدەدرێت.
بوونی (سروودی نیشتمانیی كوردستان)یش بۆی هەیە رۆڵی بەرچاوی هەبێت لەم ڕووانەی لای خوارەوەدا:
یەكەم: لێك نزیك كردنەوەی ڕووكارە حزبییە جیاجیاكان، چونكە سروودی نیشتمانیی بازنەی فراوانی كۆكردنەوەی مارشی حزبەكانە، هەر وەكو ئاڵای كوردستان خاڵی هاوبەش و كۆكەرەوەی ئاڵاو رەنگی حزبەكانە.
دووەم: هەنگاوێكە بۆ دروست كردنی هۆشیاریی ڕاستەقینەی نەتەوەیی لە لای تاك و كۆی ناوەندو توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردستانییدا.
هەر بەم شێوەیەش، شتێكی بەڵگەنەویستە كە لە حاڵەتی هەبوونی سروودی نیشتمانیی كوردستاندا، دەكرێت ئەو سروودە لە زۆر كات و بۆنەدا بە گوێی جەماوەردا بدرێت وەك:
یەكەم: لە ئاهەنگ و مەراسیمی بۆنە تایبەتەكانی دەزگا باڵاكانی حكومەتی هەرێمدا.
دووەم: لە ڕیزبوونی سەرەتای دەوامی رۆژانەی قوتابیان و خوێندكارانی قوتابخانەكاندا.
سێیەم: لە سەرەتاو كۆتایی بەرنامەكانی رادیۆ و تەلەفزیۆنەكانی هەرێمدا، بەتایبەت رادیۆ و تەلەفزیۆنی رەسمی هەرێم.
چوارەم: لە سەرەتای یارییەكانی تیپە وەرزشییەكانی هەرێم لەگەڵ تیپەكانی دەرەوەی هەرێمدا، بە تایبەت یارییەكانی هەڵبژاردەی هەرێمی كوردستان.
پێنجەم: بۆنەو چالاكیی دیكە كەدەكرێت لەیاساكەدا ئاماژەیان بۆ بكرێت.