نەخشەی سیاسی داهاتووی عێراق و ئ

نەخشەی سیاسی داهاتووی عێراق و  ئ
شت نێوەندە سیاسییەكانی عێراق لەسەر پاشەكشەی دیمەنی هەڵبژاردن بۆ یەكەمین چوار گۆشە تایفییەكەی كۆكن، پاش ئەوەی راوێژكردنەكان بەبێ ئەنجام كۆتاییان پێهات، لە پێكهێنانی ئیئتیلافێك كە دوور بێ لە بەشكاری تایفی، بەڵام بە هەندێ ئەگەری جیاواز، وەك دانی پۆستی سەرۆك ئەنجومەنی نوێنەران بە كورد و پۆستی سەرۆك كۆمار بە عەرەبێكی سوننە و مانەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران بەدەستی حزبە شیعییەكانەوە، چاودێران پێیان وایە دیمەنەكە تا ئێستا هەر وەكو خۆیەتی و پێكهاتەكانی عێراق دابەش بوونەتە سەر سوننە و شیعە و كورد.
هاوپەیمانی كوردستانی خەریكی خۆرێكخستنەوەی خۆیەتی و كۆبوونەوەكانی هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی بەردەوامن بۆ ئیحتیواكردنی ئەوانەی كە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دادەنێن كە لە هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەی پەرلەمانی كوردستان كورسییان وەدەستهێناوە، ئەمە لە كاتێكدا دەنگۆی ئەوە لە ئارادایە كە گوایە لیستی گۆڕانی نەوشیروان مستەفا خەریكە هاوپەیمانی لەگەڵ لیستی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی فیدڕاڵ ببەستێ و چوار حیزبەكەی تریش (یەكگرتوو، كۆمەڵ، سۆسیالیست، جەماعەتەكەی قادر عەزیز) خەریكی وتووێژن بۆ پێكهێنانەوەی هاوپەیمانی كوردستان تا وەك لیستێكی یەكگرتووی كوردستانی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق بەشدار بن.
كورد دژی لیستی كراوەیە، لە كاتێكدا حزبە شیعییەكان و هەروا حزبە سونییەكان لاگیری لیستی كراوەن، كورد پێی وایە كە دەنگەكان بەپێی ئەو لیستە پەرت و بڵاو دەبن و لە لیستی داخراویش یەك دەخرێن، چونكە بەپێی ئەو لیستە عێراق بە یەك ناوچەی هەڵبژاردن دادەنرێ.
ئەمما دیمەنی سوننی، دەكرێ بڵێین ئەویش رووبەڕووی چەند هاوپەیمانییەكی جیاواز لەیەك بۆتەوە، نێوان هەڵوێستی شێخ ئەحمەد ئەبوریشە سەرۆكی سەحوەی ئەنبار و شێخ محەمەد حاتم ئەلسلێمان میری تیرەكانی دلێم، كە پێكەوە گردبوونەوەی بە یارقی عێراقییان دروستكردووەو حەز دەكەن هاوپەیمانی لەگەڵ لیستەكەی سەرۆك وەزیران(ئیئتیلاف دەوڵەتی یاسا) ببەستن، بەڵام تا ئێستا ئەو هاوپەیمانییە وەڵامی ئەو گردبوونەوەیەی نەداوەو ئەگەر كار وا بڕوا لەوانەیە بچێتە ناو هاوپەیمانییەكی داهاتووی سوننە، ئەمە ئەگەر بە مەرجەكانیان رازی بێت .
لە بەرامبەردا شێخ حەمید ئەلهایس چووە ناو ئیئتیلافێ لە ژێر ناونیشانی گردبوونەوەی رزگاركردنی ئەنبار و بەرەی تەوافوقیش خەریكە خۆی رێك دەخاتەوە بۆ ئەوەی هاوپەیمانییەكی نیشتمانی لەگەڵ قەوارەی سیاسی تر دروست بكات، لەوانە لیستی چارەسەر كە جەمال ئەلكەربولی سەرۆكایەتی دەكات و هەروا بەرەی حیواری د. ساڵح ئەلموتڵەگ و گردبوونەوەی رۆشنبیر و زانیارانی عێراق بە سەرۆكایەتی عەبدوللەتیف ئەلهومێم و گردبوونەوەی میساقی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی سەرۆكی دیوانی وەقفی سوننی شێخ ئەحمەد عەبدولغەفور ئەلسامەڕائی، هەروا قسەیەك لە ئارادایە دەربارەی گەڕانەوەی شێخ خەلەف ئەلعەلەیان بۆ ئەم پێكهاتەیە، ئەمە سەرەڕای قسەكردن لەگەڵ هەندێ كەسایەتی ئیسلامی كورد لە پارێزگاكانی دیالا و كەركووك و مووسڵ بۆ ئەوەی ئەوانیش بچنە ناو ئەو هاوپەیمانییە نوێیەوە.
ئەمما دیمەنی شیعی، ئەوا هەروەكو خۆیەتی، واتە لەو خاڵە راوەستاوە كە لە تەكیدا لیستی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و ئیئتیلافە نوێیە كە بەیەك نەگەیشتن سەبارەت بە كێشەی سەرۆكایەتی كردنی ئیئتیلافەكە و میكانیزمی كاركردنی و شێوازی تەكلیف كردنی كەسایەتییەكان بۆ پۆستە وەزارییەكان، كە ئەمەیش وایكرد چەند رێكخستنێكی شیعی، بێجگە لە حزبی دەعوە، ئیئتیلافی نیشتمانی عێراق دابمەزرێنن.
ئیئتیلافی یەكگرتووی عێراق كەلەسەر بنچینەیەكی مەزهەبی، شیعی دروستكرابوو، یەكەمین لایەن بوو كە هاوپەیمانییەتەكەی خۆی راگەیاند، بەڵام بەناوێكی ترەوە، ئەو ئیئتیلافە هاوپەیمان و دوژمنانی دوێنێ كۆكردەوە، هەتا د. ئیبراهیم ئەلجەعفەری سەرۆك وەزیرانی پێشوو و ئەمینداری گشتی پێشووی حزبی دەعوە كە ئیئتیلافی بەجێ هێشتبوو، بەهۆی لاگیری رەوتی سەدر و ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە نوری مالیكی بۆ ئەوەی لە جیاتی ئەو پۆستی سەرۆك وەزیران وەرگرێ و، پاش دەرچوونی رەوتی سەدر لە ئیئتیلافەكە و ئەو گورزە عەسكەرییەی كە لەلایەن مالیكیەوە پێی كەوت و، پاش دەرچوونی حزبی فەزیلە لە ئیئتیلافە بەهۆی تۆمەتباركردنی ئەو ئیئتیلافە كە گوایە لە هێڵی نیشتمانی دوور كەوتۆتەوەو، پاش دەرچوونی یان دەرچوواندنی ئەحمەد چەلەبی سەرۆكی كۆنگرەی نیشتمانی لە ئیئتیلافەكە، یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی ئەویش بەپێی مەرجێكی رەوتی سەدر، ئەو هەمووانە ئێستا لە ئیئتیلافە نوێیەكە یەكیان گرتووە.
ئەوەی لەلای چاودێران روونە بوونی زیاتر لە یەك پاڵێوراوە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، د. عادل عەبدولمەهدی جێگری سەرۆك كۆمار و سەركردەی دیاری ناو ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئێستا و د. ئەحمەد چەلەبی وەك پاڵێوراوێكی ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەو دووە.
هەروا ململانێیەكی زۆر لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماریش هەیە، بەتایبەتی نێوان جێگری سەرۆك كۆمار تاریق ئەلهاشمی و سەرۆكی كوتلەی حیواری وەتەنی د. ساڵح ئەلموتڵەگ و سەرۆكی كۆنگرەی حیواری وەتەنی خەلەف ئەلعەلەیان. كێشەی سیستەمی پەرلەمانی عێراق لە وەدایە كە سەر بە تەوافوقاتی سیاسییەو ئەو تەوافوقانەش بەپێی تەجازوباتی نێوان كوتلە سیاسییەكان بەڕێوەدەچێت.
ئەم قەوارانە هیچ یەكێكیان زۆرینەی پەرلەمانی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا وەدەست ناهێنن، بەپێی رابینینێكی ورد ئیئتیلاف نیشتمانی نزیكەی 70 كورسی وەدەست دێنێ، ئەمە لە بارێكدا ئەگەر بەبێ لیستەكەی سەرۆك وەزیران بەشداری هەڵبژاردنەكە بكات و لیستی مالیكیش لە نێوان 40- 50 كورسی وەدەست دێنێ و لیستی هاوپەیمانی كوردستانیش ئەگەر بەیەكەوە بەشداری بكەن ئەویش 40-50 كورسی.
ئەمە لە كاتێكدا حزبە لیبراڵەكان بە پەرتوبڵاوی دەمێننەوە، بەتایبەتی هاوپەیمانێتییەكانی بزوتنەوەی ویفاقی عێراقی بە سەرۆكایەتی د. ئەیاد عەلاوی كە لەوانەیە زیاتر لە 30 كورسی وەدەست نەهێنێ و هەروا بەرەی تەوافوقیش بە حزبی ئیسلامی عێراقییەوە نزیكەی 50-60 كورسی وەدەست دێنێ،
بەدیدی ئێمە ئەو رێژانە گرنگی تەوافوقی سیاسی پیشان دەدات، بەتایبەتی لە پێكهێنانی بەرەیەكی گەورەی پەرلەمانی كە زیاتر لە نیوەی ئەو سێ سەد و ئەوەندە كورسییەی پەرلەمان لەخۆ بگرێت (ئەمە لە بارێكدا ئەگەر ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان زیاتر كرا) بۆ دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیرانی چاوەڕوانكراو و هەروا روودانی تەوفوق لە نێوان دوو لەسەر سێی ژمارەی پەرلەمانتاران بۆ دەستنیشانكردنی سەرۆك كۆماری داهاتوو، كە بەپێی ئەو بۆچوونە ئەنجامەكە كە هەروەكو گوتمان گەڕانەوە دەبێت بۆ یەكەمین چوارگۆشە، وەك ئەوەی كە لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2005 روویدا.
گەمەی كورسی وا دەخوازێ كە دەبێ یەك قازانجكەر هەبێ نەك زیاتر، ئەو ئیئتیلافەی كە عەبدولعەزیز ئەلحەكیمی خوالێخۆشبوو سەرۆكایەتی دەكرد تاكە قازانجكەر بوو لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو كە بەر لە چوار ساڵ ئەنجامدرا، بەڵام ئەمڕۆ ئەو مەوقیعە عەمماری كوڕی زامنی ناكات، بەتایبەتی پاش ئەو موفاجەئاتەی كە لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان روویدا، لەلایەكی دیكە تای تەرازووەكە لە بەرژەوەندی نوری مالیكی یە، كە هاوبەشێكی سەرەكی ئەنجوومەن بوو لە پێكهێنانی ئیئتیلاف پێشوو و بەهۆی ئەو ئیئتلافە و لاگیری ئەنجوومەنی باڵا بوو بە سەرۆك وەزیران.
بەڵام ئەمڕۆ مالیكی دژێكی توندی ئەنجومەن و ئیئتیلافە نوێیەكەیە لە گەمەی كورسیدا، سەرۆك وەزیرانی ئێستا دەیەوێ رێگەكە كورت بكاتەوەو سیستەمی گەمەكە بگۆڕێ لە ڕێی بادانی دەست و سەپاندنی مەرج و قۆرخكردنی كورسییەكە وەك مەرجێكی بنەڕەتی بۆ چوونە ناو ئیئتیلافەكە.
لێرەدا دەكرێ بڵێین رۆڵی ئێران بە دیار دەكەوێت، چونكە ئەو وڵاتە دەستی بەسەر كارتەكانی ئەو گەمەیەدا گرتووە، نەك هەر پشتگیری لە هەموو لایەن و حزب و قەوارەی سیاسی شیعی دەكات، بەڵكو پشتگیری لە قەوارە سوننیەكانیش دەكات.
ئێران بەیەك چاو سەیری مالیكی و ئەلحەكیم دەكات و پشتگیری لە هەردووكیانیش دەكات. ئەگەر ئێران سوور بێ لەسەر چوونی مالیكی بۆ ناو ئیئتیلافە نوێیەكە ئەوا بە تەئكیدەوە دەیڵێین كە زۆر بە ئاسانی دەتوانێ ئەمە بكات، بەڵام ئێران دەیەوێ چاودێری رێرەوی گەمەكە بكات و بزانێ كێ بە هێزترەو كێ تا دوایی گەمەكە دەمینێتەوە، بۆ ئەوەی زیاتر پشتگیری لێ بكات، بەبێ ئەوەی ئەویتر بدۆڕێنێ.
هەندێ كەس وا تەسەور دەكەن كە گوایە مالیكی ئێستا لە ئێران دووركەوتۆتەوەو خەریكی جێبەجێكردنی ئەجێندای ئەمەریكایە، بەتایبەتی لە بەرامبەر سوریاو ئێراندا، بەڵام لە راستیدا وا نییە، پەیوەندییەكانی مالیكی لەگەڵ ئێراندا هەر وەكو خۆیەتی، هەتا تاقمی فڕۆكەكەی مالیكی هەر هەموویان ئێرانین و مەعد فەیازی رۆژنامەنووس لە رۆژنامەی ئەلشەرقولئەوسەت ئەم هەقیقەتەی بۆ یەكەم جار كەشف كرد و، هەروا پەیوەندییەكانی مالیكی لەگەڵ قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی.
بۆ ئاگاداری مالیكی لەمەسەلەی سوریادا نەراوێژی لەگەڵ ئەنجوومەنی سەرۆكایەتی كۆمار كردووەو نە لەگەڵ ئیدارەی ئەمەریكا، ئەسڵەن ئیدارەی ئەمەریكا حەز ناكات ئەو جۆرە دادگاییە دروست ببێ كە مالیكی داوای دەكات، نەك لەبەر سوریا و بەعسییەكانی ئەوێ، بەڵكو لە ترسی ئەوەی نەوەكو ئەویش تۆمەتباربكرێ بە ئەنجامدانی چەند تاوانێكی جەنگی.
پێم وایە مالیكی بەهۆی ئەم مەسەلەیەی سوریاوە گورزێكی گەورەی لەخۆی دا و خەریكە لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆی و دەرەوە دۆڕاو دەردەچێت، لە ناوەوە هاوپەیمانەكانی خۆی لە ئیئتیلافی شیعی و هاوپەیمانەكانی لە هاوپەیمانی كوردستانی دۆڕاندووە، كە هەر ئەو دوو هاوپەیمانییەش بوون ئەویان گەیاندە دەسەڵات، ئەمە سەرەڕای ناكۆكییەكانی لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتی كۆماردا،
لەسەر ئاستی دەرەوەش سوریا و وڵاتانی دیكەی عەرەبی دۆڕاندووەو تەنیا لایەن مابێ ئێرانە كە هەروەكو گوتمان چاوەڕوانی ئەنجامی گەمەكە دەكات كە بەڕای من مالیكی خەریكە كارتە دەرچووەكە دەدۆڕێنێ.
Top