لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا
June 1, 2010
وتار و بیروڕا
ئێستا ئێمە لەبەردەم دوو هاوپەیمانی شیعەین كە هەر یەكێكیان كۆمەڵێ لایەنی شیعەی لەخۆگرتووە، كە هەردووكیان دیدێكی تایفی شیعیان هەیە، راستە ئەوەی مالیكی ئەوانیتر تۆمەتبار دەكات بەتایفیەت و گوایە بەخۆی دوورە لەو ئاراستەیە، بەڵام واقیع واناڵێ و هەردوو هاوپەیمانییەكە یەك شت كۆیان دەكاتەوە كە تایفیەتە، بەڵام ئەوەی جیایان دەكاتەوە بەرژەوەندی و دەسەڵات وەرگرتنە. كۆچی دوایی سەركردەی شیعی سەید عەبدولعەزیز ئەلحەكیم، پاش ململانێیەكی زۆر لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجەدا و ئەو رێوڕەسمە گەورەیەی بۆ شاردنەوەی تەرمەكەی سازدرابوو، هەلێكی گەورە بوو بۆ ئەوەی عەممار ئەلحەكیمی كوڕی داوا لە سەرۆكی حكومەت و ئەمینداری گشتی حزبی دەعوەی ئیسلامی نوری مالیكی بكات، بۆ ئەوەی لەو ئیئتیلافەی خۆی پاشگەز ببێتەوەو سەر لە نوێ داخیلی ئیتیلافە نوێ كۆنەكە بێ كە هەر لە ساڵی 2005 ەوە حوكمی عێراق دەكات، ئەویش بەمەبەستی پاراستنی یەكڕیزییەكەی و مانەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران بەدەستی شیعەوە.
بەر لە چەند رۆژێك ژمارەیەك سیاسەتكاری دیاری ناو شیعەی عێراق هاوپەیمانییەكی سیاسی نوێیان پێكهێنا بۆ ئەوەی بەشداری لە هەڵبژاردنە گشتییەكەی عێراق بكات بەناوی ئیئتیلافی نیشتمانی عێراقی، وەك ئەلتەرناتیڤێك بۆ(ئیئتیلافی یەكگرتووی عێراق) كە لە سەدا سەد شیعی بوو و بە موبارەكەی مەرجەعیاتی نەجەف، بەتایبەتی سیستانی دروستبووبوو، بەڵام بە هۆی فەشەلهێنانی لەبەڕێوەبردنی وڵات ئەو مەرجەعانە بەبێ دەنگی و زۆر بەشەرمەوە خۆیان لێ كێشایەوە.
ئەم قەوارە نوێیە كە چاودێران بە قەوارەیەكی تایفی دایدەنێن لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامییەوە سەرۆكایەتی دەكرێ كە پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ ئێراندا هەیە و رەوتی سەدر و حزبی فەزیلە و رەوتی چاكسازی جەعفەری و چەند كۆمەڵەیەكی دیكەی شیعی لە خۆ دەگرێت، كە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران شاراوە نییەو وەلائیشیان بۆ ئایەتوڵلا خامەنەئی یە.
هەر چەند تاران زۆر هەوڵی دا قەناعەت بە مالیكی بێنێ بۆ ئەوەی دژە هەڵوێستەكەی بەرامبەر ئەو هاوپەیمانییە نوێیە بگۆڕێ و بۆ ئەم مەبەستە فەرماندەی فەیلەقی قودس قاسم سلێمانی ناردە بەغدا كە بەپێی چەند سەرچاوەیەك ویستی سەركردایەتی ئێرانی بە مالیكی راگەیاند بوو سەبارەت بە مانەوەی لە ئیئتیلافەكە دا و هۆشداری ئەوەشی دابوو كە هەڵگەڕانەوەی لەو ئیئتیلافە رۆڵی هاوپەیمانەكانی ئێران لە حوكمكردنی عێراق لە قۆناغی داهاتوودا كەم دەكاتەوە، بەڵام وا دیاردە تا ئێستا سوورە لەسەر گۆڕینی وێنەی خۆی و هەوڵی ئەوەشی دەدات كە خۆی بە سیمایەكی نا تائیفی پیشانی خەڵكی عێراق بدات، كە ئێستا بەهەموو شێوەیەك و زۆر بە هێزەوە ئیفرازاتی ئەو تایفییە رەتدەكاتەوە و گرەویش لەسەر ئەوە دەكات كە تەنیا بەم رێگەیە دەتوانێ زۆرینەی دەنگی دەنگدەران بۆ خۆی و حزبەكەی و هاوپەیمانییەكەی (دەوڵەتی یاسا) و دووبارە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت مسۆگەر بكات.
چاودێرە سیاسییەكان چەند سیناریۆیەك دادەنێن سەبارەت بە پێشهاتەكانی پاش پێكهێنانی هاوپەیمانییە نوێیەكەی شیعی كە بە چەند كەسایەتییەكی سوننی رازێنراوەتەوە، بۆ ئەوەی سیفەتی تایفی لەسەر لابدەن كە یەكەمیان سەر دانوواندنی مالیكی یە بۆ فشارەكانی ئێران كە جار ناجار هەڕەشەی راستەوخۆ و شاراوەشی تێدایە و لە كۆتاییدا وا دەبینرێ كە بچێتە ناو ئیئتیلافەكەوە، بەڵام بە چەند مەرجێكی سووكتر لەوەی كە پێشتر سووڕبوو لەسەریان و لەلایەن بەشداربووانی ئییتلافەكەوە رەت دەكرایەوە، بەتایبەتی لەلایەن سەدرییەكان كە مالیكی بە دوژمنێكی سەر سەختی خۆیان دادەنێن بەهۆی ئەو شەڕەی كە لە دژیان ئەنجامی دا و هاوپەیمانیشی لەگەڵ كۆمەڵەیەكی دابڕاو و لەخۆیان كۆمەڵەی (عصائب الحق) بەست كە بەچەند كردەیەكی تیرۆریستی دژ بەهێزەكانی ئەمەریكا و بەرژەوەندییەكانی دەوڵەت هەڵستان.
سیناریۆی دووەمیش ئەوەیە كە مالیكی بە لیستێكی جیاواز(هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا) بەشداری هەڵبژاردنەكە بكات و، چەند گرووپێكی سوننی وەك سەحوەی ئەنبار بە سەركردایەتی ئەبو ریشە و هەروەها چەند رێكخراوێكی توركمانی و سەركردەی عەشایری(ئەنجومەنەكانی ئیسناد) كە وەك شەخسی بەشداربوو لە دامەزراندنیان و چەند لایەنێكی كوردی، بەر لە هەموویان نەوشیروان مستەفا كە قەوارەكەی(گۆڕان) توانی دەنگ لەسەر حیسابی یەكێتی لە دوا هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان وەدەست بێنێ، بەتایبەتی مالیكی لە دوا سەردانیدا بۆ كوردستان بڕیاربوو چاوی بە سەرۆكی ئەو لیستە بكەوێ، بەڵام بۆی نەكرا و ئیتر دواتر لە بەغدا و بەشێوەیەكی نهێنی چاوی بە شاندێكی ئەو لیستە كەوت و هەر لەوێش داوای لێكردبوون كە لە ژێر چەتری هاوپەیمانییەكەی بەشداری لە هەڵبژاردنە گشتییەكەی عێراق بكەن، چاودێران پێیانوایە هەلی مالیكی لەو هەڵبژاردنە پشت بە پێشهاتەكانی باری ئەمنی دەبەستێ، بەتایبەتی لەو سێ مانگەی داهاتوو، كە ئایا خراپتر دەبێ، كە بەخۆی وەك شەخسی بەرگەی ئەنجامەكەی دەگرێ و، هەروەها ئەگەر ئەو سیستەمەی كە پەرلەمان بۆ هەڵبژاردن پیادەی دەكات،ماف دەداتە دەنگدەر بە هەڵبژاردنی پاڵێوراوی تاك نەك چەند لیستێكی حزبی داخراو.
مالیكی دەیەوێ پەیوەندی خۆی لەگەڵ واشنتۆن لە چوارچێوەی حیساباتی دەنگدەرانی پەرلەمانی بونیادبنێ، چونكە تا ئێستا لە نیەتی ئیدارەی ئەمەریكا دوو دڵە سەبارەت بە پشتگیری كردنی چ لایەك لەو هەڵبژاردنەدا.
مالیكی باش دەزانێ كە ئەمەریكییەكان وەك لایەنەكانی دیكە نین كە دەسەڵاتیان لە عێراقدا هەیە، بۆیە لە هەڵوێستیان دەترسێ؟
لە راستیدا، نەك هەر ئەمەو بەس، بەڵكو مالیكی دەیەوێ لە بەرامبەر عێراقیەكاندا وا خۆی نیشان بدات كە تەنیا بەخۆی بڕیاردەرەو ناكۆكییەكانیشی لەگەڵ واشنتۆن دەربارەی چەمكی دەسەڵاتەو هەروا سەبارەت بە چۆنییەتی بەشدارپێكردنی گشت لەو دەسەڵاتەدا، بۆ نموونە نایەوێ دەسەڵات لەگەڵ سەحوە دابەش بكات، یان لەگەڵ ئەوانەی كە واشنتۆن دانووستانی لەگەڵ كردوون، لە ئەستەنبوڵ یان شوێنی تر.
ئەمە لە كاتێكدا ئەمەریكییەكان ئیدارەی دەسەڵات بەشێوەی دابەشكردن تێدەگەن و پێیانوایە دانووستان بە واتای ئەوەدێت كە توانای بڕیار وەرگرتن پێویستە بەیەك لایەن مەحكوم نەبێت، بەڵكو بە كۆكردنەوەی هەمووان لە ژێر سەركردایەتییەكی تەوافوقیدا.
كەواتە تێگەیشتنی مالیكی پێچەوانەی تێگەیشتنەكەی ئەمەریكایە، فەلسەفەكەی كۆكردنەوەی هەمووانە لە ژێر یەك سەركردایەتیدا، واتە لە ژێر سایەی ئیدارەكەیدا، بە كورتی واشنتۆن مالیكی بەڕابتێكی یەكێتی عێراق دانانێ، بە پێچەوانەی ئەوەی كە بەخۆی یان میدیاكەی دەیڵێ كە گوایە ئەو زیاتر لە ئەمەریكییەكان لە هەستی عێراقییەكان تێدەگات.
هیچ ئەلتەرناتیڤێك لەلای واشنتۆنەوە نییە بۆ ئەوەی لە ناو عێراقدا پیادەی بكات، زۆر لەسەر مالیكی كاریان كرد و هەر لەو پێناوەشدا فشاریان خستە سەر وڵاتانی عەرەبی.
مالیكی پیاوێكی پراگماتییە و لە هاوسەنگی هێزەكان باش تێدەگات و كار لەسەر چاككردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمەریكییەكان دەكات، بەڵام دەسەڵاتی لایەنەكانی دیكە بە ئەستەمی دەمینێتەوە، بەتایبەتی پاش رووداوە خوێناوییەكەی رۆژی چوارشەممەی بەغدا كە گۆڕەپانی مانۆڕی لێ تەسك كردۆتەوە.