"نـێـچـیـرڤـان بـــارزانــی" م

ئەم ناونیشانەی سەرەوە (دروستكردنی نەتەوەیەك) لەم تێڕوانینەوە سەرچاوەی گرتووە، كە نەتەوە ئەوكاتە دروست دەبێت بە مانای خودان بوونی خۆی دەبێت كە خودان دەوڵەت بێت، ئەم بۆچوونە زیاتر فەڕەنسییەكان وای بۆ دەچن، واتا بوونی هەموو نەتەوەیەك بە بوونی قەوارە سیاسییەكەی بە نیشتمانەكەی (دەوڵەتەكەی) دیاردەبێت.
نێچیرڤان بارزانیش توانی لە ماوەیەكی ئێكجار كورتدا، گۆڕانی ئێكجار گەورە لە بونیادنان، لە دروستكردن،.....هتد بهێنێتە ئاراوە، بەشێوەیەك بناخەیەكی وەهای بۆ دوای خۆی داڕشت كە پێویستدەكات حوكمڕانە یەك لەدوا یەكەكانی دوای خۆی پێڕەوی لێبكەن. وەك چۆن جۆرج واشنتۆن بناغەیەكی سیاسی ئەوتۆی بۆ ئەمریكییەكان داڕشت كە تا ئێستاش لە هەندێ رووەوە پێڕەوی هەمان سیاسەتەكەی جۆرج واشنتۆن دەكەنەوە، بە تایبەت لە بینینی ئەو رۆڵە سەنترالیزمەی كە لە دامەزراندنی ئەمریكادا بینی.هەر بەم پێودانگەوە كاتێك دەڕوانینە مێژووی حوكمڕانی زۆر لە سەرۆكەكانی دونیا، هەستدەكەین تەنها بە (4) ساڵ نەیانتوانیوە ئەركە گرنگ و گەورەكان بە تەواوی ئەنجام بدەن، فرانكلین رۆسڤێلت لە لایەن گەلی ئەمریكاوە (4)خول هەڵبژێردرایەوەو زیاتر لە (13) ساڵ سەرۆكایەتی كردو بەهۆی مردنییەوە نەیتوانی خولی چوارەمی تەواو بكات و ترومان هاتە جێی. ئەمە لەبەرئەوە بوو خەڵكی ئەمریكا هوشیاربوون لەوەی كە رۆسڤێلت پێویستییەكە بۆ ئەمریكییەكان بەتایبەت لە گەرمەی شەڕی دووەمی جیهانی.
نێچیرڤان بارزانی تەنها لە ماوەی (4) ساڵی رابردوویدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو،ماوەی (4) ساڵیش بۆ ئەو بەرنامەیەی نێچیرڤان كە لە ناوەرۆكدا (موعجیزەیەك بوو لە بونیادنان و لە دروستكردنی نەتەوەیەك)زۆر زۆر كەم بوو، نموونەشمان هەموو سەرۆكە بەناوبانگەكانی جیهانە لەم سەری دونیا بۆ ئەوسەری دونیا، نەیانتوانی لە یەك كاتدا گرنگی بە پەرەپێدان و دیموكراسی بدەن. سەرباری ئاستی هوشیاری نەتەوەییشمان كە ئەمەش ئەركێكی دیكەی قورس بوو بۆسەر شانی ئەو حكومەتەی كە نێچیرڤان بارزانی بەڕێوەی دەبرد،سەرباری سڕینەوەی ئەم هەموو ئاسەوارەی بەعس لەلایەك و لەدوای راپەڕینەوەش هەموو ئەو كەلێنانەی دروست بووبوون لە لایەكی ترەوە. بۆیە باسكردن لە حەقیقەتی نێچیرڤان و واقیعبینی ئەو سەرۆكە ئەوەمان پێدەڵێت ئەگەر هێندەش بە باڵای هەڵنەدەین، بەڵام بە كەمتر لە زۆر لە سەرۆكەكانی وڵاتانی پێشكەوتووی نەزانین. زۆرجار لێرەو لەوێ دەنووسرێ، یەڵتسن خراپترین سەرۆكی رووسیا بوو، چونكە توانای بەڕێوەبردنی ململانێكانی نەبوو، بۆیە ئەو ماوەیەی یەڵتسن بەماوەیەكی غەدرلێكراو دەزانرێ لەمێژووی رووسیادا. ئەمە لەكاتێكدا فلادیمیر پوتین ئەوتوانایەی لە بەڕێوەبردنی ململانێكاندا خستەروو كۆتاییشی بەشەڕی چیچانییەكان هێنا.
نێچیرڤان بارزانی دەستكەوتی زۆرگەورەو مێژوویی لەماوەی تەنها (4) ساڵی حوكمڕانیكردنیدا هێنایەدی، كە ئەم ماوە كورتە بە هیچ كام لە سەرۆكە گەورەكانی دونیاش نەكراوە. بۆیە زۆربەی ئەو سەرۆكانەی كە بۆ دووەم جار هەڵبژێردراونەتەوە بۆ ئەوە بووە دەستكەوتە گەورەكانیان بۆ وڵاتەكەیان بگەیەننە قۆناخی تەواوبوون.
نێچیرڤان بارزانی دەیزانی زەمینە رەخساندن بۆ ئۆپۆزیسیۆن بە واتای رووبەروو بوونەوەی حكومەتەكەیەتی، بە مانای گرتنە دەستی دەسەڵات دێت لە ئایندە، بەڵام پێڕەوكردنی دیموكراسی بەبێ بوونی حزبی جیاوازو بە بێ بوونی ئۆپۆزیسیۆن مانایەكی ئەوتۆی نابێ، بۆیە لە سەردەمی حكومەتەكەیدا باشترین زەمینە بۆ دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆن رەخسا، بەشێوەیەك لە كاتی دوا هەڵبژاردنیش، شەڕێكی ئەوتۆ دروست نەبوو كە شایانی باسكردن بێت، ئەمە لەكاتێكدا توركیا ئەم دەوڵەتە زەبەللاحەیەو بەم هەموو مێژووە پڕ لە ئیمپراتۆری و دەوڵەتییەوە، لە دوا هەڵبژاردنی شارەوانییەكانیدا خەڵكی تێدا كوژراو بەدەیان كەسیش خرانە زیندانەوە.
ئەو پێوەندییە دیپلۆماسی و سیاسییەی نێچیرڤان توانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دونیا دروستی بكات بێ وێنەبووە، هەر بۆ نموونە سەرۆكی كۆچكردووی سوریا(حافز ئەسەد) بەم هەموو ئەزموونەی خۆیەوە، بەم ئەزموونەی وڵاتەكەی كە سوریا مێژوویەكی گەورەی لە نەخشەی عەرەبیدا هەیە، ئینجا سەرۆكی كۆچكردوو بەم هەموو پشتگیرییەی كە (21) وڵاتی عەرەبی هاوسۆزی بوون، كەچی كاتێك توركیا گوشاری خستە سەری بۆ دەرپەڕاندنی عەبدوڵلا ئۆجەلان ، لە چەند رۆژێك بەولاوە بەرگەی نەگرت و ئۆجەلانی دەرپەڕاند، كەچی ئەوە چەندین ساڵە گوشارەكانی توركیا بۆسەر حكومەتی نێچیرڤان بەردەوامە سەبارەت بە دەركردنی پەكەكە لە چیاكان، بەڵام حیكمەتی نێچیرڤان بارزانی رەهەندێكی دیكەی داوەتە گفتوگۆكان.
ماوەیەكەو تا ئێستا بە بەردەوامی لێرەو لەوێ باسی جیاكردنەوەی حزب لە حكومەت دەكەن، لە كاتێكدا نێچیرڤان بارزانی بێئەوەی پێوەی بنازێ زۆر بە هێمنی بڕیارەكانی لە ژوورەكانی مەكتەبی سیاسی گواستەوە بۆ ژووری سەرۆك وەزیران و بڕیاری كۆتایی لێدەدا.
زۆر لە گەورە فەیلەسوف و زانایانی جیهان كاتێك باسی یۆنانی كۆن دەكەن، دەڵێن سەردەمی حوكمڕانی (پرێكلیس)سەردەمی زێڕینی حوكمڕانیكردنی یۆنان بووە، چونكە سەردەمی فەرمانڕەواییكردنی پرێكلیس بەرزترین پلەی گەشەی ئابووری و پشكوتنی رۆڵی زانست و هونەر بوو لە هەموو دەورانی ژیانی یۆنانییەكاندا.بۆیە ئەو دیموكراسیەی ئەمڕۆش هەر بە بەرهەمی سەردەمی پرێكلیس دەزانرێ.
ئەمە نموونەیەكە كە دەتوانین بڵێین، جیا لەوەی لەماوەی تەمەنی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەتوانرا كۆتایی بە دوو ئیدارەیی، رەخساندنی كەشی لەبار بۆ ئازادی رۆژنامەنووسی، بووژاندنەوەی ئابووری، بڕواهێنان بە دیالۆگ،پەرەپێدانی مرۆیی، گرنگی دان بە رێكخراوەكانی ناحكومی و كۆمەڵگەی مەدەنی،كەمكردنەوەی گرفتی كارەبا بە ئەندازەیەكی باش،چارەسەركردنی كێشەی بێ ئاوی، پاراستنی كەرامەتی تاك، رایەڵی پێوەندی دروستكردن لەگەڵ خەڵكی پسپۆرو ئەكادیمی، هاندانی وڵاتانی دونیا بۆ كردنەوەی نووسینگەو قونسول لە هەرێمی كوردستان،دەستكردن بە ئەنجامدانی دەیان پڕۆژەی ستراتیژی بۆ كوردستان، دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت،هێنانی خەڵكی سەرمایەداری بیانی بۆ كوردستان تاسەرمایەكانیان لە كوردستان بخەنە گەڕ، مسۆگەركردنی پەروەردەیەكی تەندروست بۆ نەوەی نوێ، نەهێشتنی ئەو بارە دەروونییەی كە ماوەی نیو سەدەیە بۆتە بار بەسەر نەتەوەی كورد، ئەمە بە یەك لە دەستكەوتە هەرە گەورەكانی كابینەی نێچیرڤان بارزانی دەژمێردرێ.،....،....، ئەمانەو دەیان نموونەی دیكە هەن كە توانستی نێچیرڤان بە شێوەیەكی زۆر نموونەیی دەردەخەن. ئەمە لە كاتێكدا خەونەكان و هیواكانی نێچیرڤان بارزانی زۆر لەو كارانەش گەورەترن كە لەماوەی چوارساڵی رابردوویدا ئەنجامی داون.
نێچیرڤان بارزانی ئێستا حكومەتێك جێدەهێلێت، كە پڕە لە پڕۆژەی دەستپێكراوو نیوەچل، حكومەتێك جێدەهێلێت، بوارەكانی ئازادی رۆژنامەنووسی و، یەكڕیزی نەتەوەیی و ئینتیما بۆ كوردستان، بەتەواوی فەراهەمكردووە، فێریشی كردووین بۆئەوەی دیموكراسی لە وڵاتدا بەرقەرار بێت، دەستاودەستكردنی دەسەڵات تەنها مەرەكەبی سەركاغەز نەبێت،خۆی بەر لە هەموو كەس پێڕەوی دەكات و حكومەت تەسلیم بە كەسی دیكە دەكات. بۆ ئەوەی بتوانێ مێژووی نەتەوەكەی خۆی بنووسێتەوە.با بزانین كێی دیكە لەم كوردستانە زامدارەدا كە نێچیرڤان بارزانی هەتوانی بەسەردا كرد، توانای نووسینەوەی ئەم مێژووەی دەبێت, ئایندە وەڵاممان دەداتەوە.
Top