ئیرادەی سەرۆك بارزانی وبەڕێوەب
June 1, 2010
وتار و بیروڕا
پڕۆسەی هەڵبژاردن تەواو بوو ، كەچی بە پێچەوانەی هەموو هەڵبژاردنەكانی دونیا راگەیاندن بە هەمان ئەو ئاوازانەی پێش هەڵبژاردن بەردەوامەو ئاراستەكەی نەگۆڕاوە ، وەك ئەوەی هەر لایەك بیەوێ لایەكەی تر بسڕێتەوە ، لەكاتێكدا هەموو ئەو قەوارە سیاسیانەی دەنگیان وەدەستهێناوە ، خەڵك بۆ ئەوە دەنگی پێداون تا ململانێ لەسەر زیاتر خزمەتكردن بكەن ، نەك سڕینەوەی یەكتر. بۆیە دوای هەڵبژاردن پێویست بەوە دەكات قۆناخی ئەم چوار ساڵەی داهاتوو ، هەموولایەك لە پرسە نیشتمانییەكان كە لە بەرژەوەندی گەلی كوردستاندایە هاودەنگ بن.ئا لێرەدایە ناكرێ دژایەتیكردنی یەكتری بگوازینەوە ناو پێگەی خەڵك، چونكە قۆناخی هەڵبژاردن تەواو بوو ، ئیتر كاتی داڕشتنی بەرنامەی خزمەتگوزاری و سیاسی و نیشتمانییەكانە.
لێرەوە ئەركی سەرۆكی هەڵبژێردراوی كوردستان مەسعود بارزانی زۆر قورس و هەستیار(حساس)دەبێت، چونكە لەلایەك هێشتا لەنیوەی رێگاداین و كێشەكانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەرنەبووە، لەلایەكی تریشەوە ، ئەركی سەرۆكە تەبایی و یەكڕیزی لە بەرامبەر پرسە نیشتمانییەكان لە كوردستان قووڵبكاتەوە. ئەم قووڵكردنەوەی تەباییە ، هونەری بەڕێوەبردنی ململانێكان لە لایەن سەرۆكی كوردستانەوە دەردەخات ،بەتایبەت كە بەڕێوەبردنی ململانێ زانستە وەك هەر زانستێكی دیكە ، چونكە ئەویش یاساو رێسای خۆی هەیە.. هەڵبەت لە قووڵكردنەوەی تەبایی و یەكڕیزیشدا قەت مەبەستم ئەوە نییە هەموو لیستەكان بە پێی دەنگەكانیان بەشداری لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بكەن ،یان هەرچی لیستی كوردستانی وتی هەموو لیستەكانی تریش هاودەنگ و هاوڕا بن لەگەڵیدا ،بە دڵنیاییەوە لە حاڵەتی وادا ئۆپۆزیسیۆن هیچ بەهاو مانایەكی بۆ نامێنێتەوە. بۆیە ئەمجارە لە لایەك هەم سەرۆكی نوێی پەرلەمان و هەم سەرۆكی نوێی حكومەت كە نازانین كوێ دەبن ، دەبێت زۆرترین پشوو درێژییان پێوەبێت و پڕۆسە دیموكراسیەكانیش هەڵگری ئەم پشوو درێژییەبن. لە لایەكی تریشەوە سەرۆكی كوردستان ئەوەندەی گوێ لە لیستی براوە دەگرێ، پێویستدەكات ئەمەندەش گوێ لە لیستەكانی دیكە بگرێ، چونكە دواجار تەنها سەرۆكی هەڵبژێردراوی كوردستانە بڕیاری یەكلاكەرەوە دەدات .كەواتە ئەم چوار ساڵەی داهاتوو رەنگە بۆ سەرۆكی كوردستان زۆر قوڕس بێت ، چونكە لەلایەك خەڵك چاوەڕوانی گەڕانەوەی ناوچە دابڕاوەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانە بۆ سەر هەرێمی كوردستان ، ئەمەش دونیایەك گرفتی لەناو منداڵدانی خۆیدا هەڵگرتووە ، لە لایەكی تریشەوە پێویستە رێگە لە هەموو دەستتێوەردانێكی دەرەكی بگیرێ ، بۆ تێكدانی هاودەنگی لیستە جیاوازەكان لەبەرامبەر پرسە نیشتمانییەكان، ئەمەشیان هەر ئاسان نییە، چونكە دوژمنانی كورد هەمیشە یەك چركەش غافڵ نەبووینە لە دووبەرەكینانەوەو دروستكردنی هێزی نەیار لەناوخۆماندا.
پێموایە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی كوردستان ، چ بۆ لیستی كوردستانی ، چ بۆ جەنابی سەرۆك بارزانی لە ناوچەی سلێمانی ،زۆر وانەی لێدەكەوێتەوە ، بەڵام گرنگ ئەوەیە چەند سوود لەو وانانە وەربگرین ، بۆ نموونە لەبەرئەوەی حكومەتی هەرێم لەئەنجامی رێككەوتنی پارتی و یەكێتی پێكهاتبوو ، ئیتر نەك هەر سەرۆكی حكومەت ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی یەكێتی بەسەرنەدەكردەوەو بۆ خودی یەكێتی جێهێشتبوو ، بەڵكو سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش لەبەر خاتری یەكێتی بەسەركردنەوەی ئەم ناوچانەی بۆ یەكێتی جێهێشتبوو ، لەكاتێكدا سەرۆكی كوردستان ، سەرۆكی كوردستانە، دوور لە هەموو لیست و حزب و لایەنی جودا جودا، بەڵام گرفتی گەورە ئەوەیە جەنابی كاك مەسعود چەندین جار قوربانی بەخۆی داوە بۆ ئەوەی پرۆسەی یەكخستنەوەی ناو ماڵی كورد جێگیر ببێت ، ئەگەر ئەمەیان بۆ رابردوو راست بووبێ، بەدڵنیاییەوە پێویستیش دەكات ئەمجارە سەرۆكی هەڵبژێردراوی كوردستان گلەییەكانی خەڵك لەهەموو شوێنەكانی كوردستان بە گەرمیان و سلێمانیشەوە نەهێڵێت.شكاندنی ئەو رێچكەیە تەنها بە ئیرادەی لەبن نەهاتووی سەرۆك بارزانی دەكرێ، دەنا دەبێتە نەریتێك دوای چوارساڵی تر هەر كەسێك ببێتە سەرۆكی كوردستان ناتوانێ سەرۆكی هەموو كوردستان بێت ، چونكە بە درێژایی مێژووی 30 ساڵی رابردوو هیچ سەركردەیەك بەقەد مەسعود بارزانی ئیرادەیەكی پۆڵایین و لەبن نەهاتووی نەبووە. بوونی ئەم ئیرادەیەی مەسعود بارزانی هەمان ئیرادەی (غاندی)مان بیردەخاتەوە ، بەڵام جیاوازییەكە ئەوەیە غاندی ئیرادەكەی بەكارهێناو نازناوی (رووحێكی مەزن)ی بەباڵادا بڕا، پێموایە ئەگەر سەرۆك بارزانی ش ئیرادە لەبن نەهاتووەكەی بەكار بهێنێ، نەك تەنها نازناوی (رووحێكی مەزن)ی بەباڵادا دەبڕدرێ، دڵنیام هەمان نازناوەكانی جۆرج واشنتۆن (پاڵەوانی سەربەخۆیی، باوكی دامەزرێنەری وڵات) ونازناوی چوارەم سەرۆكی ئەمریكا جیمس مادیسۆن(باوكی دەستوور) و نازناوی شانزەمین سەرۆكی ئەمریكا ئیبراهیم لینكۆلن كەبە (رزگاركەری كۆیلە و هەروەها بە یەكخستنی وڵاتە یەكگرتووەكانی باشوورو باكوور ناودەبردرێ) و زۆر نازناوی تری سەرۆكەكانی جیهان هەن ، دەكرێ لەماوەی ئەم چوار ساڵەی داهاتوودا بە باڵای مەسعود بارزانی دا ببڕدرێ.بەڵام لەبیرمان نەچێ جۆرج واشنتۆن بناغەیەكی سیاسی ئەوتۆی داڕشت كە تا ئێستاش لە هەندێ رووەوە سەرۆكەكانی ئەمریكا پێڕەوی سیاسەتەكەی واشنتۆن دەكەنەوە ، بە تایبەت لە بینینی ئەو رۆڵە ناوەندییەی كە لە دامەزراندنی ئەمریكا بینی.لەخۆڕا نەبووە گەلی ئەمریكا تا ئەمڕۆش جۆرج واشنتۆن و ئیبراهیم لینكۆلن بە مەزنترین سەرۆكەكانی ئەمریكا ناودەبەن.
لەدوای هەڵبژاردنیش هێشتا راگەیاندنی كوردی بەگشتی لەهەڵچوون و ئاڵۆزی ماندوو نەبووە ، ئەمە وایكردووە راگەیاندنەكان ئاراستەی جیاواز وەربگرن ، بە رادەیەك خەڵك بخەنە دڵەراوكێوە ،بۆنموونە باسی ئەوە دەكەن ئەگەر سكاڵاكان لە لایەن كۆمیسیۆنەوە بە هەند وەرنەگیران ، بە هەمان شێوەی هەڵبژاردنی ئۆكرانیای ساڵی (2005) خۆپیشاندانی سەرتاسەری سازدەدەن و خەڵك جۆشدەدەن ، لەكاتێكدا كوردستان و ئۆكرانیا دوو نموونەو دوو وێنەی تەواو لێكجیاوازن، ئەوەی ئۆكرانیا ململانێكان لە بنەڕەتدا لە نێوان روسیاو ئەمریكاو یەكێتی ئەوروپاوەبوو ، رێژەی دەنگەكانیش لەنێوانیاندا جیاوازییەكی زۆر نەبوو ، وێڕای ئەوەی سێ نەتەوە لە ئۆكرانیا هەبوون و هەر یەكەو سەر بە لایەنێك بوون ، بەڵام كوا لە كوردستان ژمارەی گەلانی مونافیس ،یان نزیكبوونەوەی رێژەی دەنگەكان ، ئینجا كوا ئەو دەوڵەتانەی لەكوردستان شەڕی بە وەكالەت دەكەن ،وەك ئەوەی لە ئۆكرانیا كردیان ؟. بۆیە دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت لە سەردەمی ئیبراهیم لینكۆلن شەڕی ناوەخۆ هاتە ئاراوەو یانزە ویلایات جیابوونەوەو دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیان راگەیاندو ناویان لێنا ویلایەتی كۆنفیدڕالی ئەمریكی، بەڵام لینكۆلن توانی بە گورزی هێز ئەم یانزە ویلایەتە بگەڕێنێتەوە بۆسەر حكومەتی ناوەندی. ئەمە تا ئێستاش بە یەك لە دەستكەوتەكانی لینكۆلن و گەلی ئەمریكا ناودەبردرێت و گەلی ئەمریكاش ئیبراهیم لینكۆلن بە هێمای دیموكراسی دەزانن بۆ خۆیان.لەكاتێكدا شارەكانی باشوور زۆرترین زیانیان بەركەوت و تێكرای زیانی ئەو شەڕی ناوخۆیە بە زیاتر لە 600،000كەس مەزەندە دەكرێ. هیوادارم ئەزموونێكی باشمان لە خەباتی گەلانی دونیا وەرگرتبێ.