پارتی و.. پرسە نەتەوەیی و ستراتیژ
June 1, 2010
وتار و بیروڕا
پارتی نەیویست بچێتە ناو موزایەدەوە بۆیە پێیوابوو هێشتا زووە باسی مافی چارەی خۆنووسین بكرێت،(بخوێنی بەڕێز ئێستا دوای 17 ساڵ بەسەر ئەو هەڵبژاردنەو دوای رووخانی رژێمی بەعسیش هێشتا دروشمی مافی چارەی خۆنووسین بەرزناكرێتەوەو باس لە چەسپاندنی فیدراڵیزم دەكرێت، كە پارتی دوای هەڵبژاردنی 1992 ئۆتۆنۆمییەكەی كرد بە فیدراڵی) بۆیە دروشمی ئۆتۆنۆمی نەهێنایە خوارەوە، ئەوكات پاساوی جیدیشی بۆ ئەو دروشمە هەبوو، لەكاتێكدا زۆر لایەن هەبوون دەیانوت ئۆتۆنۆمی درۆیە ئاواتمان سەربەخۆیە، بەڵام ئەمە تەنها دروشمێكی شۆڕشگێڕانەی رووت بوو، یاریكردن بوو بە سۆزو عاتیفەی خەڵك، بۆیە بینیمان پارتی تەنها حزب بوو پێی لەسەر ئەو دروشمە داگرتبوو بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن، كەچی خەڵكی كوردستان لە واقیعبینی پارتی حاڵی ببوون، بۆیە پارتی توانی زۆرترین دەنگ وەدەست بهێنێ و براوەی یەكەم بوو لە هەڵبژاردنی ئایاری 1992، ئەمەم بۆیە بە نموونەو بۆ وەبیرهێنانەوە هێنایەوە، چونكە خەریكە جارێكی تر مێژوو بە جۆرێكی تر خۆی دووبارە دەكاتەوە، ئێستا كە بەرەو هەڵبژاردن دەچین و خەریكە لە وادەی هەڵبژاردن نزیكدەبینەوە، جگە لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە هاوپەیمانی پارتی دیموكراتی كوردستانە، چی حزب و هێزو لایەنی سیاسی و تەنانەت ئەو میدیایانەیش كە خۆیان بە میدیای ئازاد و ئەهلی ناوزەد دەكەن، هەموو هەوڵیان ناشیرینكردنی رووی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، كە لێرەداو بەو هۆیەوە مەبەستیانە رووی پارتی ناشیرین بكەن و وا لە خەڵكی بگەیەنن كە لە دوای راپەڕینەوەو تەنانەت لە دوای (2000)یشەوە ئەوە هەر پارتی یە بۆتە هۆی نەهامەتی بۆ خەڵك، لەكاتێكدا بە درێژایی نەك تەنها ئەو (18) ساڵەی رابردوو، بەڵكو بە درێژایی ئەو (63) ساڵەی پارتی دیموكراتی كوردستان، یەك رووداوی سیاسی ستراتیژی یا یەك پرسی چارەنووسسازی نەتەوەیی نادۆزیتەوە پارتی مساوەمەی لەسەركردبێت، لەكاتێكدا رۆژێك لە رۆژانیش موزایەدەی بەسەر هیچ هێزو لایەنێكەوە نەكردووە سەرباری ئەم هەموو خەبات و گیانفیدایی و قوربانیدانەی بە درێژایی ئەو (63) ساڵەی رابردوو پێشكەشی كردووە. پارتی ئامادەبووە لەگەڵ بچووكترین و لاوازترین هێزو لایەن (مەبەست لە بچووكترین و لاوازترینەكە پێگەی جەماوەرییە ) هاوپەیمانی بكات و دۆستایەتی بەهێز بكات و هەموو پێكەوە هۆكاری كاریگەر بن بۆ سەرخستنی پڕۆسەی سیاسی، لە هەموو مێژووی پارتی، بەدرێژایی ئەو (63) ساڵە ناتوانی ئەوە بسەلمێنی پارتی لە پێناو بەرژەوەندی حزبایەتی بەرژەوەندییە ستراتیژی و نەتەوەییەكانی وەلاوە نابێت،ئەنجامی بەیەكنەگەیشتنی پارتی و بەعس لە 1974 و ئەنجامی هەڵبژاردنی ساڵی 1992 هەروەها ئێستاش كە دەبینین پارتی چەندە لە خەمی یەكریزی و بەردەوامبوونی هاوپەیمانێتییەو چەندین نموونەی دیكەی زیندوو، تەنها ئەو راستییە دەسەلمێنن كە پارتی هەمیشە لەگەڵ پرسە نەتەوەیی و ستراتیژییەكانی گەلەكەی خۆیدا بووە، بۆیە وێرای هەموو ئەو شەڕە ناجۆرو بەربڵاوانەی بە فیتی دەرەكی و ناوەكی بۆ سەری دەكرێت، بەڵام لە لایەن خەڵكی تێكۆشەری كوردستانەوە پارتی هێمای مانەوەی نەتەوەیەكە بە سەرفرازی، بۆیە هەمیشە لەكاتی هەڵبژاردنەكانیشدا بە روو سووری و بە سەربڵندی لێی دەرچووە.