دەستپێكی پڕوپاگەندەی هەڵبژارد

دەستپێكی پڕوپاگەندەی هەڵبژارد
هەرچەندە وادەی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، رێك دیاری نەكراوە، بەڵام خەریكە دەزگاكانی راگەیاندن لە كوردستاندا، بە تەواوی دەستیان بە هەڵمەتی راگەیاندن كردووە، لێرە مەبەست ئەوە نییە، دەزگاكانی راگەیاندن بەشداری جیدی لەو هەڵبژاردنە نەكەن، بەڵكو ئەوەی دەمەوێ جەختی لێ بكەمەوە، نابێ راگەیاندن هێندە خۆی بهێنێتە خوارەوە، كە هەمان ئەو قەوانانە لێبدات كە لە ساڵانی نەوەدەكان دەگوترا. ناشبێت دەزگاكانی راگەیاندن فوو لە پشكۆی ژێر خۆڵەمێش بكەن و مەبەستیان بێت دۆخەكە بە جۆرێك گەرم بكرێت كە ئیتر كۆنتڕۆڵكردن لە دەست تەنانەت حكومەتی هەرێمیش دەربچێت. بەداخەوە ئەوەی تا ئێستا تێبینی دەكرێت بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان تێكەڵ و پێكەڵ دەبن . بۆچوونی تەواو لەیەك جیا چەندی زۆر بێت ئەمە یەكێك لەو دەستكەوتە گرنگانەیە كە حكومەتی هەرێم توانیویەتی دابینی بكات و وەدیبهێنێ، بەڵام هەندێك پرانسیپ و بنەمای ئەخلاقی و نیشتمانی هەن پێویستدەكات هەموو لایەكمان لەسەری كۆك بین . ناكرێ جارێكی تر بەرژەوەندییە نیشتمانی و میللییەكانمان گورگان خواردی بكەین و لە پێناو بەرژەوەندی خۆمان هەموو كارێكی نا نیشتمانی قەبووڵ بكەین . گوڵان نەیشاردۆتەوە، بێ لایەن نییەو بێ لایەنیش نابێت لە هەر پرسێكدا كە چارەنووسی خەڵكی پێوە گرێدرابێت.....، بڕوا ناكەین هیچ راگەیاندنێكیش لە كوردستان هەبێت بێ لایەن بێت، وەك دەڵێن هەر یەكەو بە یاری خۆیدا هەڵدەڵێت،بەڵام لە چوارچیوەی پرانسیپە نیشتمانی و ئەخلاقییەكان.
هەڵبژاردنی ئایندەی پەرلەمانی كوردستانیش یەكێكە لەو خاڵە گرنگانەی كە پەیوەندی بە چارەنووسی خەڵكی خۆمانەوەیە، بۆیە هەوڵدەدەین قسەی خۆمان هەبێت و ئامادەی هەموو دیالۆگێكیشین بەڵام دوور لە گفتوگۆیەك كە خەڵك بێزار بكات، بەڵكو ئەم پرسە پێویستی بە گفتوگۆیەك هەیە كە مەعریفە ببەخشێتە خەڵك، عەقڵانە گوزارشت لە خۆی و ركابەرەكەیشی بكات، سەردەمی ناو و ناتۆرە بۆ یەكتری دروستكردن دەبێت بە كۆتا بێت، نابێت جارێكی دیكە ئەم هەموو دەستكەوتانەی وەدەست هاتوون بیانخەینە ژێر پرسیارەوە، پرسیارێك لە نەشتەرگەرییەكی زۆر مەترسیدار بچێت.
گوڵان هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدابووە ئیرادەی گەلی كوردستان یەكگرتووبێت، حكومەتی هەرێم كاری باشتر و جیدی تر بكات، پڕۆژەكان لە كاتی جێبەجێكردنیاندا چاودێری توندتریان لەسەر بێت، بەرپرسەكان كەمتر بتوانن سوودی مادی لە دامەزراوەكەیان وەربگرن و نەتوانن بۆ مەبەستی شەخسی ئیستغلالی بكەن، پێویستە بۆشایی نێوان حكومەت و خەڵك بچووكتر بێتەوە، دەبێت گوێ لە گلەیی خەڵك بگیرێت، ناكرێت خەڵكی بە توانا فەرامۆش بكرێن و خەڵكێكی تەمبەڵی هیچ لەبار نەبوو، شوێنێك داگیر بكات، باشتر وایە هیچ بەرپرسێك ئەوەندە لە شوێنی خۆی نەمێنێتەوە، كە هەست نەكات ئەو شوێنە هی حزب یان هی حكومەتە، بەڵكو ئەوەندە لەمێژە لەو شوێنەیە.... وەكوو ماڵی خۆی لێكردووە، پێویستە زیاتر گفتوگۆ لەسەر سەقافەتی حوكم بكرێت، هەڵەیە حكومەتی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ حوكمڕانێتی شەخسی نێچیرڤان بارزانی تێكەڵ بكەین، دوو شتی لەیەك جیاوازن، بەڵام كاتێك مالیكی دژی حكومەتی هەرێم دەوەستێ، یان كاتێك سووپای تورك سنووری هەرێمی كوردستان دەبەزێنێ، یان كەسێكی تا سەر ئێسقان تینوو بە خوێنی كورد دژی واقیعی حكومەتی هەرێم قسە دەكات، ناكرێت ئامانجی ئەو دوژمنانە لەگەڵ ئێمەی راگەیاندن یەكبگرێتەوە، كاتێك لیستی حەدبا ئەو هەڵوێستە دوژمنكارانەی هەیە، خۆ بەرامبەر حكومەتی هەرێم نییە، بەڵكو بەرامبەر بە هەموو كوردە، ئەوە نییە دەیانەوێ یەك كوردیش لە ناو ناوەندی پارێزگای موسڵ نەهێڵن، كەچی دەزگای راگەیاندن هەبوو دیماتەی دڵدار هەركی دەكرد بۆ ئەوەی قسە بە حكومەتی هەرێم بڵێ، وتیشی زۆری وت . ئەمە نابێ بكرێتە بنەمایەك بۆ دەستپێكی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئەم دەستپێكە تەواوی كارە باشەكانیش ناشیرین دەكات. ئۆپۆزیسیۆنیش دەبێت بەرنامەی عاقڵانەی خۆی هەبێت، چونكە وا بزانم هەموومان لەوە یەكدەگرینەوە، كە ئامانجمان باشتركردن و كاراكردنی حكومەت و پەرلەمانی كوردستانە، بێگومان ئەو ئامانجە هاوبەشە نەبێت، پێموایە راگەیاندنیش بە ئاراستەی ناجۆردا دەڕوات، كە هیچ مایەی دڵخۆشی نابێت بۆ خەڵكی كوردستان.
Top